بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە


کوردستانی سەربەخۆ ئاوادادەمەزرا؟

Friday, 23/08/2024, 18:33


هەرنەتەوەیەک پشووی ئەوەندە درێژ نەبێ کە رەخنە قەبوڵ بکا،وێنەی ئەو حیزب وسازمان وسەرکردانەی بەسەردێ کە بەسەریان هاتووە.هەر حیزبێک دروست بوو،تاقمێکی لە خۆرازی وناشارەزاوخۆبەزلزان دەبنە دەمڕاستیان وتا ئەوجێگایە بۆیان بلوێ سواری شەپۆلەی دەسەڵاتداریەتی دەبن ەبە کەیفی خۆیان ئەسپی مرادیان تاو دەدەن وئەوەی پێیان خۆش بوو دەیکەن.کاتێکیش کە شکستیان خوارد بە سەر بیانی دادێنن ودەڵێن: ئەوان بوونە لەمپەرونەیاهێشت دەوڵەتی کوردیی دامەزرێنن،ئەو سیاسەتە قڕێژەیان سەردەمێک ئاشبەتاڵی پێدەکرێ کە هەزاران کوردیان بە کوشتداوە وماڵی هەزارانیشیان وێران کردوە.کاروانی رزگاریخوازی کرد ئەوەندەی کە بە فێڵو تەڵەکەی دووژمن نەگەیشتۆتە ئامانج،دووئەوەندە حیزب وسەرکردەی نەزانی کورد بووە کە رێگای نەداوە بگاتە ئامانج.
یەکێک لەو تڕاژیدیایانەی کە بەسەر نەتەوەی کورددا سەپاوە ولە بیر ناکرێ،سەردەمی سەرهەڵدانێک بووە کە شێخ مەحموود بەرزەنجی رێبەرایەتی کردوە.نازناوی شێخ بە کەسانێک دەدرێ کە باوەڕیان بە رێبازێک بێ کە لە رووی ئایینییەوە پێوەی بەسترابن.شێخ مەحموود نەیتوانیوە ئاڵوگۆڕی هزریی لە پێگەی جینایەتی خۆی بێنێ،بۆیە تەریقەت وشێخایەتی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی وکوردستانێکی سەر بە خۆی لێ بەدی ناکرێ.بە پێی بۆچونی تاقمێک لە هەوادارومریدی شێخ فتوا دەدەن ودەلێن: بە چاوی خۆمان دیتوومانە کە فیشەک کار لە شێخ مەحموود ناکا!ئەوەی کە بۆتە هۆی ماڵوێرانیی کورد بەشێکە لە دیرۆکمان کە بە ئەفسانەسازی گرێ دراوە،کاتی خۆشی بۆ مەلامستەفایان قاو دابوو ئەو دووجگەرەیەی کە جگەرەی پێدەکێشا،یەکیان جگەرە نییە و دژە تانکە!

مەلیکی کوردستان وسەربەخۆیی:

شێخ مەحموود وایدەزانی راگەیاندنی کوردستانێکی سەربەخۆ،هەڵپێچانی یاپراغە /دۆڵـمە/ کە بە دوو کاتژمێر هەڵی پێچی وبە دووکاتژمێریش بیکولێنی وبە پازدەخولەکیش بیخۆی.بون بە مەلیکی کوردستان بە واژۆی کۆمەڵێک دەرەبەگ وئاغاوسەرۆک عەشیرە سەرناگرێ.لەوەش بترازێ کوردستان تەنیا شاری سلێمانی نییە وجوغڕافیایەکی پان وبەرینە.لە رێگای کام پارڵمان ودامودەزگای بەڕێوەبەریی ویاساویاساناس وئابووریی بەهێزوهەڵبژاردنێکی ئازادو...خۆت دەکەی بە مەلیکی کوردستان؟ کام وڵاتی زلهێز وکام پشتیوانیی ناونەتەوەیی ڕێگای بۆ تۆ خۆش کردوە کە کوردستان بە موڵکی خۆت بزانێ وپێناسەی مەلیک بۆ خۆت بە ڕەوا ببینی.
کۆنگرەی شێخ وئاغاوسەرۆک عەشیرە بۆ راگەیاندنی کوردستانێکی سەربەخۆ:
لە کۆتایی ئەو بابەتەدا،ناوی سەرۆک عەشیرە ودەرەبەگ وشێخ وزەویدار دەنووسم کە لە ماڵی شەخسیی شێخ مەحمووددا کۆ دەبنەوە وواژۆ بۆ ئەوە دەکەن کە شێخ مەحموود ببێتە مەلیکی کوردستان ودەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان رابگەیەنێ.سەرنج بدەنە پێگەی چینایەتی ئەو کەسانە کە لەو کۆنگرەیەدا واژۆ بۆ ئەو کارە کۆ دەکەنەوە.لەو کۆنگرەیەدا سمکۆی شکاکیش تێیدابەشدار بووە.ناوەکانی بەشدار لەو کۆنگرەیەدا بریتین لە:
سمکۆی شکاک ، بابەکرئاغای ، عەباس ئاغآ، ساڵی ئاغا، بایزئاغا،حەمە ئاغای ئەوڕەحمان ئاغا،جەعفەرئاغا،ئەمین مەحموود ئاغا نوێنەری عەشیرەتی هەمەوەند، حامید بەگی مەجید بەگ نوێنەری عەشیرەتی جاف، عەزیزئاغا رەییسی زەنگەنە ، رۆستەم رەییسی جاف ڕۆعەزایی، موحەممەد رەییسی جاف ،فارس ئاغا رەییسی زەند، رۆستەم ئاغا رەییسی پاڵان، رەشید ئاغا رەییسی پاڵان، خەلیل ئاغا رەییسی کاکەیی، مەحموودی ساڵح ئاغاو...چەند کەسی دیکەی سەر بە عەشیرەتەکانی کورد.
هەروەها شێخانی تاڵەبانیش دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی شێخ مەحموود ونوێنەریان ناردە لای.شێخ مەحموودیش لە رۆژی ٤ی تەشرینی ساڵی ١٩٢٢ بە ئامادە بونی سمکۆی شکاک وسەرۆک عەشیرەکانی کورد بە بێ ئامادە بونی نوێنەری بریتانیا وتورکەکان ناوی خۆی ناو / مەلیکی کوردستان ودەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی دامەزراند/.

سەرچاوە:

کتێبی کوردستان وسەرکردە ودەسەڵات وشۆڕشەکان لە ساڵی ١١٦٩ تا ١٩٩٤.
لە نووسینی: نەجم سەنگاوی،لاپەڕەی ٣٥١و٣٥٢.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە