سێ سەرنجی تایبەت لە سێ بابەت
Sunday, 18/08/2024, 20:53
سەرەتا دوو ڕاسپاردە و ڕێنمایی گرنگ لە بیرمەندی مەزن مامۆستا مەسعوودەوە:
- " کورد لە بارێکدایە ئەگەر لە تەشبیهدا نموونەیەکی مەیلە و خۆشکەلانەی بۆ بهێنینەوە، وەک کاروانێکە ڕێگر دەستی بەسەردا گرتبێت: بۆ دەربازبوون، هەرچی بیڵێ و بیکا لە چاک و بەد و ڕەوا و ناڕەوا نەک هەر دروستە بەڵکو "واجیبە" و نەکردنی دەبێتە ڕووڕەشی"...
- " شەڕی "بەرگری" شەرەفێکی گەورەیە و ئەوەشی دەخەمە سەر کە "وەرگرتنەوەی زەویی داگیرکراو" شەرەفێکی گەورەترە"...
• بەشێک لە نیشتمان، وەک کۆلۆنی ئینگلیزەکان، لە پاشاندا هەموو نیشتمان وەک کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتی:
برایانی موسڵمانی ڕۆم، عەجەم و تازی
دەمەوێت، باسێک و بەرواردێکی نیشتمانەکەم بکەم، وەک کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتی، کە بەشی باشووری کۆلۆنی ئینگلیزەکان بوو، پاشان هەموو نیشتمان کرایە چوار کۆلۆنی و پێشکەش کرا بە برایانی موسوڵمانی ڕۆم و عەجەم و تازی!
چەند قینمە لەو کەسەی
وانەی یەکەمی مێژووی فێرکردم
سەلاحەدیین کورد بوو
کاتێ سەرکەوت، وتیان عەرەوە
ئەگەر ژێرکەوتبا، دەیانگووت
سیخوڕێکی کورد بوو
ئەمە کۆپلە شیعرێکی شاعیری فەلەستینی، مرۆڤ دۆست "مەعین بەسیسو"یە، کە لەو چەند دێڕەدا باس لە خەسڵەتێکی دەروونی مرۆڤگەلی یان هۆزگەلی تازی دەکات، کە هەمیشە شتە باشەکان، سەرکەوتنەکان لە جەنگدا و دەسکەوتەکان بەهی خۆیان دەزانن. ناتەواوی، لاری و خراپەکانیش بەهی کەسانی دی. ئەم شاعیرە لەم کۆپلە شیعرییەدا، وێنەیەکی نەنووسراوەی ڕاستەقینەی مێژوومان بۆ دەکات، کە زۆرینەی مێژووەکان بە پێچەوانەی ڕاستییەکانەوە نووسراوون، ئاوەژوو کراونەتەوە و بەدڵی پاشا، سوڵتان، خەلیفە و فەرمانڕانەکانی براوە و ڕوانینی نەتەوەی سەردەست نووسراوەنەتەوە. زانایانی مێژوونووسی ویژدانزیندوش، لە بازنەی دەسەڵاتی پاڵشا، سوڵتان و خەلیفەکاندا جێگایان نەبۆتەوە و ئەشکەنجەدراون، بەندکراون و سووتێنراویشن، لە پەلاماریشیاندا بۆسەر ماڵەکانیان، کتێبخانەکانیان لەناوبراون، یا دەربەدەر و ئاوارەکراون و ئەوەی هەیان بووە داویانە بە کۆڵیاندا و لەم نامۆبوون و سەری خۆ هەڵگرتنەدا، نووسینە مێژووییە ڕاستەقینەکانیان تێدا چوون، ئەم ڕەوتە بە جۆرە مۆدێرنەکەی لە بەشێکی زۆری ئەم گۆی زەوییەدا، تاکو ئێستا بەردەوامە، لە نموونەی زەقی لەبەر چاوان حاڵی کوردە لە نیشتمانی خۆیدا.
نیشتمانی ئێمە فراوان و دەوڵەمەندی سروشت و کانزاکان و جێگایەکی سیاسی بەنرخی هەیە، کە ئاوی لەدەمی زۆر لە پاشا، خەلیفە و سەرۆکە سەرسەریەکانی مێژوو تێزاوە.
بەهۆی هێزە زلەکانەوە لە ناویاندا بەریتانیا، نیشتمانی ئێمە کراوەتە چوار کۆلۆنی بچووک و پێشکەش بە دەوڵەتنەتەوەکانی توورک، فارس و عەرەب کراون. لەو بەشەیدا کە بە باشووری کوردستانی گەورە ناودەبرێت، ئینگلیز خۆی سەرپەرشتی کۆلۆنییەکەی کردووە، چوونکە هەموو عێراق کە باشووری کوردستان دەکەوێتە باکوری ئەو وڵاتەوە، لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی بەریتانیادا بووە، بەم هۆیەوە ئینگلیزەکان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەو بەشە لە نەتەوەکە بووە لە باشووریدا.
خەسڵەتەکانی کۆلۆنیالیستی ئینگلیز
- ئاوەدانکردنەوە
ئینگلیزەکان کۆلۆنیالیستێکی ئاوەدان بوون و ئاوەدانیشیان کردۆتەوە: کارگە، قوتابخانە، نەخۆشخانە، ڕێگاوبان، ڕێگای شەمەندەفەر و خانوبەرە و...هتد، لە کارەکانی کۆلۆنیالیستی ئینگلیزبوون لە عێراق و لەو بەشەی کوردستان کە لکێنراوبوو بە عێراقەوە.
لە شاری سلێمانی، قوتابخانە، نەخۆشخانە، خانووی زۆر گونجاو و مۆدێرن بۆ چینە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا بە تایبەت، فەرمانبەرانی تەندروستی، پەروەردە و شارەوانی و پۆلیس و لە شکر، خانوو گەلێک کە تائێستایش خانوو بەو کوالێتیە بەرزە لە عێراقدا نەهاتۆتە دروستکردن، گەڕەکی ئیسکان، بە هەردوو بەشەکەیەوە کە بە ئیسکانی کۆن و ئیسکانی تازە، ئەو سەردەمە ناوزەد دەکرابوون و لە پاشاندا ناوەکەی گۆڕڕا بۆ گەڕەکی ئەزمڕ، هاوسێی زانکۆی سلێمانی بوو، ناوەندێکی خەباتی کوردستانی بوو لە شاری سلێمانیدا.
خانووەکانی گەڕەکی ئەزمڕ، بە پێی باروودۆخی سروشتی و کەش و هەوای سلێمانی دروستکرابوون، من نازانم کە ئایا وێنەی نەخشەی ئەو خانوانە لە شارەکانی بریتانیا و لۆندۆن هەبوون یان نا؟! ئەوەندەی کە خێزانی ئێمە لەو خانووەدا ژیاین، هەر چەندە منداڵیش بووم، بەڵام جۆری مەتریاڵ و ڕەنگە جوانەکانی دیواری هاڵ، ژوورەکانی نووستن، بلۆکی دیوارەکانی نێوان ماڵە هاوسێکان، گەرماوە بچووکە یەک کەسییەکەی، چێشتخانەکەی کە زۆر مۆدێرن و لە بەردی مەڕمەڕبوون، دابەشکردنی سیستەمی ئاو، ئەلەتریک
(عەلەتریک)*پلیکانە ٣٤ تا ٣٥ پلەییەکەی کە پەیکەرەکەی لە ئاسن بوو، جێپێکانی لە تەختەیەکی ڕەش بوون، کە هەرگیز بەرانبەر بە بەفر، باران و ڕەشەبای سلێمانی تێک نەچوون و خۆڕاگربوون، ئەوانە نیشانە بوون بۆ چاودێرییەکی توندی مەرجەکانی کوالیتی، بەرێوەبردن، لێپرسینەوە و بە دواداچوونی بەردەوام. هەڵبەتە ئەوسا کەس ئەم باسانەی نەدەکرد و ڕەنگە کەس هەر نەشی زانیبێت. ئەو فەرمانبەرانەی کەئەم خانوانەیان پێدەرا، هەر مانگە لە مووچەکەیان، بڕێکی سیمبۆلیک دەشکێنرا و لە کۆی نرخی دیاریکراوی خانووەکان کەم دەکرایەوە، ئەو بڕە پارەیە بە جۆرێک ڕیکخرابوو کە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەدەکردە سەر بژێووی خێزانەکان وپاش چەند ساڵێک تاپۆی خاوەندارێتی خانووەکان دەدران بەو خێزانانە و دەبوونە خاوەن خانووی خۆیان. ئێستا کە بیری لێدەکەمەوە، نهێنییەکانم بۆ ئاشکرا دەبن، بەداخەوە مرۆڤ پاش ساڵانێکی زۆر بە ڕاستییە تاڵەکان دەگات، زەمانێک کە ڕەنگە تەمەن زۆری نەمابێت و زۆرینەی مرۆڤەکان بە دڵی شکاو و ڕۆحێکی وردبووەوە، درک بەم ڕاستیانە بکەن، کە ئێدی ڕابووردوون و هەڵەکان لەسەر یەکدی کەڵەکە بوون، بۆیە مێژوو گرنگە کە بنووسرێتەوە و ئێستا باس بکرێن و وەک دەفتەرێکی کراوە وانە و پەندی لێ هەڵهێنجرێن، خۆ ئێستامان لەو سامان بێ سەروبەرتر و لێکرازاوتر و بە تالووکە ترن!..
گەڕەکی ئیسکان، یا ئەزمڕ، بەپێی بارودۆخی جوگرافیایی ئەوسا دەکەوتە قەدپاڵی شاخی گوێژە و لوتکەی شاخی ئەزمڕەوە، لەو نێوانەدا، دەشتاییەکی بەرین بوو، تانکییەکی گەورەی ئاوی لێ دروست کرابوو، کە ئاوی خواردنەوەی بۆ ماڵەکانی گەڕەکی ئەزمڕ دابیندەکرد، خانوویەکی چیمەتۆی لێ بوو کە پییان دەوت میراو، لەوێدا ئەو ئاوەی لەو تانکییەوە دەهات بەروخوار، پاکژدەکرایەوە، بە ماددەی کلۆر، کە دڵۆپ دڵۆپ دەڕژایە ناو ئاوەکەوە، پاسەوانێکی هەبوو، مرۆڤێکی سادەی نەخوێندەوار بوو، ئێمە چەند منداڵیک هەمیشە دەچووین و گوێمان لە هاژەی ئاوەکە دەگرت و دڵۆپەکانی ئەو کلۆرەمان دەدیتن، کە دەڕژانە ناو ئاوەکەوە، سەرنجی زۆری ڕادەکێشاین و پاش ماوەیەک، پاسەوانەکە دەهات و دەیگووت: ئیتر درەنگە بڕۆنەوە لە ماڵەوە چاوەڕوانتان دەکەن، ئێمەش، لۆژ لۆژ دادەگەڕاینەوە بۆ ماڵەوە و باسی کلۆر و ئاوەکەمان دەکرد. دووخانووی گڵین لە نێوان گەڕەکی ئەزمڕ و شاخی گوێژەدا هەبوون، کە بە خانووەکانی " قالە تەگەرانی" ناسرابوون، قەت نەمانزانی ئەو ماڵە چی تێدایە و بۆچی بەکار دێت؟! منداڵان بە سروشتیان زۆر لە شتان دەکۆڵنەوە و پرسیار دەکەن، بەڵام لەو سەردەمەی منداڵی ئێمەدا، زۆرینەی پرسیارەکانمان بێ وەڵام دەمانەوە و هەموویان دەبوونە، خاڵێکی دەسپێک بۆ فانتازیای بیرکردنەوەمان، هەر منداڵەی بە پێی ئەو بەهرەیەی لە باوانییەوە، وەریگرتبوو، یا لە ژیانەوە وەدەستی هێنابوو.
کەسێک لەو سەردەمەدا، سەرنجی ئێمەی ڕاکێشابوو، ئەویش ئەندازیارێکی کورد بوو بە ناوی
(وشیاربابان)، ئەوەی لە ڕەفتاری ئینسانی و کوردستانی خۆی، زیاتر سەرنجی ئێمەی ڕاکێشابوو، ئۆتۆمۆبیلە ڤۆلڤۆکەی بوو، زۆر جار بەو ئۆتۆمۆبیلە دەگەڕا بەسەر خانووە تەواو نەکراوەکاندا و دەزگای پێوانەکردنی ئەندازەیی، ڕاستە و مەترە و شتی وای زۆری لە سندووقی ئۆتۆمۆبیلەکەدا هەبوون، کە ئێمە وەک هەنگ و ئەو شتە عاجباتیانەش وەک گوڵستانێک، لەدەوری کۆ دەبووینەوە، یادی هەزاران جار بەخێر، وەک مامۆستایەکی پشوودرێژ، لە لێزمەی پرسیارەکانی ئێمە هەراسان نەدەبوو، بە زمانێکی سادە، شتەکانی بۆ ڕوون دەکردینەوە و بیرمە هەموو جارێک دەیگووت: ئێوە کە دەچنە دانشگا، چۆنێتی بەکارهێنانی ئەم دەزگایانە فێردەبن، بۆیە گرنگە کە کاتی تەواوی خۆتان بۆ خوێندن تەرخان بکەن، ئێوە ئەندازیارانی داهاتووی کوردن، کە دەبێت نیشتمان ئاوەدان بکەنەوە.
هەوای هاوین گەرم بوو، ئەو ئەندازیارە تەرمۆزەیەکی فلینی هەبوو لە سندوقی ئۆتۆمۆبیلەکەیدا، جارجار ئاوی ساردمان لێ دەخواردەوە، هێندە ڕەفتاری پێداگۆگی و کوردانە بوو، بۆئەوەی متمانەمان لەلا پەروەردە بکات، کە دەچووە نووسینگەکەی، هەرگیز سندوقی ئۆتۆمۆبیلەکەی دانەدەخست، نەکا تینوومان بێت و دەیویست فێرمان بکات، کە شتێک ئەگەر هی خۆمان نەبوو، بێ مۆڵەتی خاوەنەکەی دەسکاریی نەکەین، ڕەنگی ئۆتۆمۆبیلەکەی شینێکی ئاسمانی بوو، ستەیشن بوو ئەوەی لە سوێد پێی دەڵین کۆمبی(Kombi) کە هاتمە سوێد، ئەو وشەیە فێربووم و لەو ئۆتۆمۆبیلەم گەلێک بینی و ئەوی ئەو ئەندازیارە کوردستانییە، هەمیشە لە خەیاڵمدا بوو، هەموو جارێک لەگەڵ بینینی ئۆتۆمۆبیلێکی لەو مۆدێلە، کاک وشیار، قسە بەنرخەکانی و ئۆتۆمۆبیلەکەی یەکسەر دێنەوە ناو زەینم، ئێستا ئەو مۆدێلەی ڤۆلڤۆ دانسقەیە و وەک نایابێک کەسانێک هەیە کە پاراستوویانە و ساڵی جارێک، لە فێستیڤاڵی ئۆتۆمۆبیلە کۆنەکاندا، پیشانی خەڵکی دەدەن، کەسیش نەیدەزانی لە پشتی ڕوانینی منەوە بۆ ئەو مۆدێلەی ڤۆلڤۆ چیرۆکێکی منداڵیی من هەیە، بەڵام دڵنیام ئەو سوێدیانەی کە ئەو مۆدێلەی ڤۆڵڤۆیەیان هەیە، ئەوانیش یادگار و سەربووردەی تریان هەیە، بەڵام چیرۆکی من چیرۆکی منداڵێکی کوردە، لە نیشتمانێکی بە کۆلۆنی کراودا، کە پاش دەیان ساڵ، لەو وڵاتەی ڤۆڵڤۆی لێ بەرهەم دێت، ئەم بەیانییە بێداری کردمەوە.
لەم سەربووردەیەی خۆمەوە، کە چێرۆکێک بوو، ساڵانێکی زۆر لە پێچهەڵپێچە زۆرەکانی ناو ژوورە شاراوەکانی مێشک و ڕۆحمدا هەڵگیرابوون، دەتانبەم بۆ ئەو بابەتەی ئەو پرسیارەی ژیاندوە، یا بووە هۆی درووستبوونی، ئەویش ئەو پرسیارەیە کە:
• ئایا کامیان باشتر بوو، هیچ نەبێت بۆ ئەو بەشە لەنەتەوەی کورد لە باشووریدا، کە وەک کۆلۆنییەکی کۆلۆنیالیستی بریتانیا ماباینەوە، یا ئەوەی کە کراینە کۆلۆنییەکی برا موسڵمانەکانمان کە لەو بەشەی باشووریدا، برا موسڵمانە عارەوەکانمانن؟!.. ئایا لە ڕووی ژین و ژیارەوە، ئینگلیزەکان خزمەتیان بە باشوور زیاتر بوو، یا برا عەرەوە موسڵمانەکانمان؟!..
وەک لە سەرەوە باسم کرد، ئینگلیزەکان پڕۆژەی ژیانیی زۆریان لە باشووری کوردستان ئەنجامدا و پێوە بوون کە زیاتریش پەرە بە پڕۆژەی ژێرخانیی بدەن، بەتایبەت هێڵی شەمەندەفەر، ڕێگاوبانی ئەسفەڵت(قیر)، قوتابخانە، نەخۆشخانە، ڕێگاکانی نێوان شارەکانی کوردستان، وەک کەرکووک – سلێمانی، پڕۆژەی ئاو، بەکارهێنانی جەنەرەیەتەری بەرهەمهێنانی ئەلەکتریک بۆ ڕۆشنکردنەوە، دامەزراندنی دەزگای تەلەفۆن و تەلەگراف، دروستکردنی بازاڕی مۆدێرن
( قەیسەری)، بڕواننە ئەو نەخشە جوان و مۆدێرن و کارایی(Functionality) بازاڕەکەی سەرچنار، کە وەک پاکێجێک لەگەڵ کارخانەی چیمەنتۆی سەرچنار، خانووی فەرمانبەران، کرێکارەکان، خەستەخانە و قوتابخانەیەک، ئینگلیزەکان هەموویان پێکەوە ئەنجام دابوو. بەمجۆرە کارکردن تەنیا لە سیستەمی ئەورووپادا ڕەچاوکراوە و ئینگلیزەکان بەهەمان (مێتۆدی کارکردن) ئەو پڕۆژانەیان ئەنجامداوە، لەهەموو پڕۆژە ئاوەدانییەکاندا، بایەخی تایبەتیان داوە بە ڕووبەری سەوزایی و پاراستنی ژینگە.
ساڵی ١٩٥٨ بە چاولێکەری لە شۆڕشی ئەفسەرە ئازادەکانی مصر، کە لە پێشەنگیانەوە جەمال عەبدول ناسر بوو، هەروەها پەڕگرتنی هێرشی چەپگەرایی خۆشخەیاڵ و درووستبوونی لقەکانی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەت لە وڵاتانی عەرەبیدا، کە عێراقیش یەکێک بوو لەو وڵاتانە، ڕژێمی پاشایەتی (مۆنارکی) عێراقیان ڕووخاند و هەر لەم هەرایەدا بوو کە "سەعید قەزازی" کوردپەروەر و کوردستانییان، لە سێدارە دا، وەک بەرکوڵێک بۆ ئەو قوڕەخەستەی کە بۆ کوردی باشووریی گیرایەوە و ئەنفالەکان، بۆردمانی قەڵادزێ، بۆمبارانی کیمیایی هەڵەبجە، فرمانەکانی ئێزیدییەکان و هەزاران هەزار کوژراو و لە سێدارەدراوی کوردی بە دوادا هات لە لایەن کۆلۆنیالیستی برا موسڵمانە عارەوەکانمانەوە. لە سێ پارچە کۆلۆنی کراوەکەی دیش، کە کۆلۆنیالیستی ڕۆم، عەجەم و تازی بەرێوەیان دەبەن، مێژوویەکی خوێناویان تۆمارکردوە و ئێدی نە وێنەیەک دەبینین لە کارخانەی پیشەسازیی، هێڵی شەمەندەفەر، ئاوەدانی ژیان، پاراستنی ژینگە و.....هتد، ئەو وێنەیەی کە بە زۆری دێتە بەرچاومان وێنەی پەت و سێدارەیە.
لێرەدا بۆ دووەم جار لە نووسراوەکانمدا، ئەو ڕێنماییە گرنگ و بەنرخەی بیرمەندی کورد مامۆستا (ڕەفیق حیلمی) دێنمە بەر چاوی وردبینی خوێندەوارنێک کە کوردستانی و کوردستانپەروەرن و لە "دوێنێ" وەک دایکی "ئەمڕۆ" و لە ئەمڕۆش وەک دایکی "سبەی" دەڕوانن.
بەیانییەکی زووی شاری سلێمانییە، حوکمداری کوردستان* هێشتا نەخەوتووە و میوانی هەیە، کە بریتی بوون لە: سمکۆی شکاک، تایەر ئەفەندی** و ئەو ئەفسەرە توورکانەی کە لە ژوورەکەی تەنیشت حوکمدار دانیشتبوون، ئەم ئەفسەرانە لەلایەن "ئۆزدەمیر" ی توورکەوە ڕەوانەکرابوون بۆ سلێمانی و بۆلای شێخ مەحموود، حوکمدار باسی حاڵی خۆی دەکات و بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە داواکارییەکانی ئینگلیز کە داوایان دەکرد شێخ مەحموود، تورکەکانیان لە کوردستانی باشوور بۆ دەرپەڕینێ ، دەیگووت ئەوان گفتی دروستکردنی حوکوومەتی کوردیان پێداوم بەڵام هیچیان دیار نییە و هەر لە باری گفت پێداندا ماوەتەوە. بە دوور و درێژی حوکمدار ڕوانینی خۆی بۆ بارودۆخەکە بۆ مامۆستا ڕەفیق حیلمی ڕووندەکاتەوە، مامۆستاش بەگوێی دڵ، قسەکانی دەبییەت و تا حوکمدار لە وتەکانی دەبێتەوە هیچ ناڵێت، دوای ئەوەش کە تەواو دەبێت، مامۆستا هەر قسە ناکات، تا ئەو کاتەی حوکمدار فەرمان دەکات بە "تایەر ئەفەندی" کە بچیت بۆلای میوانەکان، واتە ئەفسەرە توورکەکان، دوای ڕۆیشتنی "تایەر" حوکمدار بە مامۆستا دەڵێت: قسە بکە!!.
مامۆستا دەست بە قسان دەکات:........." بەڵام تەنیا شتێک هەیە کە لە ڕووی خۆشەویستی و پەیوەندیم بە جەنابتەوە ئەمەوێت بیخەمە بەر چاو، ئێوە ئیمڕۆ لە بەینی تورک و ئیگلیزدا ماونەوە، هەر یەکە لە مانە بە هەموو جۆرێک خەریکە جەنابت بەلای خۆیا ڕابکێشیت ڕەنگە قسە و پەیمانی لایەک لەم دوانە (فریو) ی زیاتر بێت بەلام نابێ ئنسان تەنیا بە قسە فریو بخوا، پێویستە خۆیشی لە شت باش ورد بێتەوە و بیخاتە ( سەنگی مەحەک) و لە ڕابوردو دەرس وەرگریت، بیر لە مێژو بکاتەوە، رەوشی سیاسی دەوڵەتەکان بێنێتەوە بەرچاو و بەپێی ئەوە نرخ بدات بەو قسانەی ئەیبییەت. بە تایبەتی ئەبێت ئەوەشی لە بیربێت کە ئامانجی خۆی چی یە و ئەیەوێ بە چی بگات........... ئینجا بە بیری من وایە کە بناغەی گفتووگۆی جەنابتان لەگەڵ تورک و انگلیز چی ئەبێ ببێ، راستی ئەوەیە کە ئامانجی کورد لەگەڵ مەسلەحەتی تورک و سیاسەتی حکومەتی تورکا رێک ناکەوێت و یەک ناگرێتەوە، چونکە حکومەتی تورک حکومەتێکی عەسکەری یە، چوبێتە هەر وڵاتێک، لەشکرێکی زۆری تیاداناوە و لەو وڵاتەدا بە هێزی لەشکر زیاتر لە سیاسەت ئیشی بردووە بەڕێوە. حکومەتێکی وا بە دەگمەن هەڵئەکەوێت کە وڵاتێک بە دیمۆکراتییەت و سیاسەت ئیدارە بکا. لەبەر ئەمە نایەوێت لە وڵاتەکەدا پیاوی دەسدار هەڵ کەوێت بە تایبەتی پیاوی وا کە بیری گەورە و خەیاڵی حکومەتی سەربەخۆی لە کەڵلەدا بێ. چونکە پیاوێکی وا بە بەرهەڵستێکی گەورە ئەژمێرێت بۆ هێزی عەسکەری خۆی. لەبەر ئەوە بەهەموو جۆرێک بۆ فەوتاندنی ئەو تەرحە پیاوانە هەوڵ ئەدا، یا هیچ نەبێ بۆ بێ هێز کردنیان.
هەرچی وەکو حکومەتی انگلیزە تا سیاسەت راوەستابێ بەهێز و چەک ناکەوێتەکار، تا لە هێمنیدا کۆڵ نەدا رێگەی شەڕ ناگرێت، تا بتوانرێت بە حکومەتی دیموقراطی (شعب) وڵاتێک ببرێت بەڕێوە، بە هێزی عەسکەری نزیک بەڕیوەبردنی ناکەوێتەوە لە گەلێک سەرەوە پێچەوانەی مەسلەحەتی بەریتانیایە کە هێز بەکار بهێنێت و گەنجینەی بەریتانیا بخاتە ژێر مەسرەفی ئەو هێزە کە ئەبێ وڵاتەکەی پێ داگیرکا، هێزی بەریتانیا تەنیا بۆ پاراستنی مەسلەحەتی ئابوری و بازرگانی ئیمپراتۆریەت ئەچێتە شەڕەوە، کە ئەم مەسلەحەتانەی هاتە دی، حوکمی وڵاتی داگیرکراو بە دەس خەلقی خۆیەوە بێ باشترە بۆ ئەو و کەم مەسرەفتر و بێ گێچەڵ ترە. لەبەر ئەمە وا ئەزانم کە جەنابت ناتوانیت لەگەڵ تورک رێک بکەویت و ئەگەر ڕێ کەوتنێکی وا بە بیرا هاتبێ، شکی تیانی یە کە بناغەکەی لەسەر ناراستی دانراوە".***
ئەم قسانەی مامۆستا بۆ حوکمداری کوردستان، بۆ ئەوسا، ئێستا و داهاتوویەکی دووریش راستە و لە لێکدانەوە و شیکارێکی دەروونی قووڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە مامۆستا ڕەفیق حیلمی هەیبووە سەبارەت بە سایکۆلۆجی حوکومەتەکانی تورکیا و تورک بە گشتی.
ئەم شیکارییە گرنگەی مامۆستا تا ڕادەیەکی زۆر، لای من وایە کە وەڵامی " ئایەتی/ ئەرێنی" بەو پرسیارەی کە لە سەرەوە کردم، دەداتەوە، مانای لە بەرژەوەندی کورددا بوو: کە باشووری کوردستان وەک کۆلۆنییەکی ئینگلیز ماباوە تا ئەوەی ببێتە بەشێك لە کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتی کۆلۆنیالیستەکانی برایانی موسڵمانی ڕۆم، عەجەم و تازی!.
• نەخۆشییەکی ترسناک
ئەو نەخۆشییەی کە دەمەوێت دەربارەی قسان بکەم، بەپلەی یەکەم بیرکردنەوەی مرۆڤ داگیردەکات و لە ئەنجامدا، هەموو ڕێڕەوی ژیانی و ڕەفتارەکانی بەرانبەر بە کەسێکی کە وەک "ئەو" بیرناکاتەوە و باوەڕی بەوەی "ئەو" نییە و وەک ئەو ڕەفتار ناکات، دەگۆڕێت. ئێمە دەزانین کە هەر لە سەرەتای زوویی بوونی مرۆڤەوە لەسەر ئەم هەسارەیە، بیرکردنەوەی فەلسەفی لە قاڵبە سادەکاندا، بە مێشکیدا هاتووە و بیری لەوەی کە مانای بوونی " ئەو" لەم ژیانەدا و پاش ساڵانێک مردنی، چییە؟! مێشکی مرۆڤی بە خۆیەوە مژول کردووە. بە دوای وەڵامدا گەڕاوە و بەپێی دەرکی خۆی لە فانتازیادا وەڵام گەلێکی پەیدا کردووە، بۆ ترس و ڕووداوە لێکنەدراوەکان لە ژیانی ڕۆژانەیدا، کە سەرئەنجام بەرە و خوای بردووە، یا خوڵقێنەری یەکەم، جا سەردەمانێک لە خوایەک زیاتری بووە و سەردەمانێک شتی سەیر و سەمەری پەرستووە و لە ترساندا قوربانی بۆ کردووە، تا خوداکەی ڕازی بکات و لە تووڕەیی " ئەو" بیپارێزێ. تا قۆناغەکە گەیشتۆتە ئەو سەردەمانەی کە ئێدی ئاینی یەکتاپەرستی بۆتە ڕەسم و ژیانی خۆی لەسەر ڕاسپاردەکانی ئەو ئاینانە ڕێکخستووە. لەناو ئەو ئاینانەدا ئاینی موسڵمانەتییە، کە بە هەزاران هەزار نووسراوی بچووک و گەورەی لەبارەوە نووسراوە و سەدان و هەزاران لێکدانەوە بۆ ڕاسپاردەکانی خودا کراوە.
بێگوومان هەبوونی بیروباوەڕ بەهەر شتێک و بەهەر خالقێک، مافی هەر کەسێکە، کە لە چوارچێوەی خۆیدا، واتە بۆ خۆی بە ڕاسپاردەکانی ڕەفتار بکات، بەڵام کە سنووری خۆی بڕی و بووە داخوازی لە کەسێکی تر، ئێدی نیشانەی ئەوەیە کە باوەڕدارەکە چۆتە قۆناغێکی نوێوە کە سەرەتای سەپاندن، بەکارهێنانی زۆر، جیاوازیی کردن و بەسووک ڕوانینە، کاتێک لە پانتایی گفتوگۆیی نێوان دوو مرۆڤەوە، تێدەپەڕێ بۆ ناچارکردن بە پەسەندکردنی ئەوەی " ئەو" دەیڵیت و دەیهەوێ.
ئێمەی نەتەوەی کورد، ئەگەر نەڵێم یەکەمین، بەڵام لەو نەتەوە گەورانەنین، کە ئەزموونێکی ئەدەبی مەزنمان لەگەڵ پێشڕەوانی ئاینی کوردستانی خۆماندا هەیە، ئەزمۆنێکی دەوڵەمەند، کە فرە نازدار، شیرین، ڕۆح سووک و پڕپڕە لە خۆشەویستی نیشتمان و نەتەوەکە. ئەو پێشڕەوانەی ئێمە خاوەنی قەڵەمە هەرە باڵاکان، بیرە هەرە قووڵەکان، هەرە جوانییە وتراوەکان و داهێنراوە ئەدەبییە هەرە مرۆدۆستییەکانن، سەرچاوەی ڕێبەریی ژیان مەعنەوی و تێکۆشانە ئازادیخوازییەکەمان بوون، چوونکە ئەوان لە دەستچنە ئازادیخوازەکەی کوردبوون، بە ئازارەکانمان غەمگین و لە خۆشییەکانماندا دەگەشانەوە. وەک ڕووبارێکی درێژبۆوە بە درێژایی نیشتمانی کورددا، بیری یەکبوون و خۆشەویستی و سۆز و ئەڤینیان لە نێوانماندا بڵاودەکردەوە و فیستڤاڵی بۆنە نەتەوەییەکانیان زیندوودەکردنەوە و فێریان دەکردین چۆن لە خۆمان و نەتەوە و نیشتمانەکەمان خاوەن دەرکەوین.
ئەوان پێشەوایانی خوێندنەوەیەکی کوردیانە بوون بۆ ڕاسپاردەکانی یەزدان، لەناو تاریکستانی نووسراوەکانی هەزار و دووسەساڵ لەمەوبەردا وێڵ و سەرگەردان نەبوون، خۆیان هزر و بیرکردنەوە و ڕوانین و لێکدانەوەی قووڵیان هەبوو، داهێنەری بیر و زانیار**** بوون، بۆیە هەمیشە گەشاوە و سەربەرز و جوامێربوون، ملیان بەهیچ زۆر و ستەمێک نەدەدا و هەر شتێک تۆزقاڵێک لە مرۆڤبوونیانی کەل کردبا، کەشکۆڵی دەروێشیان بۆ هەڵدەگرت و بەرەنگار دەبوونەوە.
ئەوان مرۆڤێکی کوردی ئازاد بوون، کە پێشڕەوایەتی بزووتنەوەی کلتووریی کوردییان دەکرد و ئەدەبی کوردیان بردە کەشکەلانی داهێنان و ئەرکی کۆمەڵایەتی کوردبوونی خۆیان بە عیشقەوە گەیاندە ئامانج. کوردبوون بۆ ئەوان: مایەی سەربەرزی و خۆڕانان و خۆشویستن و بەخشین و میهرەبانییەکی فرە باڵا و بەردەوام بوو.
لەم ساڵانەی دوایدا، بە تایبەت دوای ڕاپەڕینی نەتەوەکە لە باشووردا و فەرمانڕانییەتی هەردوو کۆمپانیای سیاسی سەرکردەیەتی قیادەمووەقەتە و جەلالییەکان، شەپۆلێکی لە ناکاوی ئیسلامی سیاسی تەکفیری، پوچ لە ناوەرۆک و زمان درێژ وهیچ لەباردا نەبوو، نزیکەی هەموو چالاکییە مێدیاییەکانی باشووری گرتەوە و بەمۆڵەت و پشتیوانی سەرکردەیەتی قیادە و جەلالییەکان، هەموو خورافەکان زیندووکرانەوە و بارتەقاشیان پێ زیاد کرا. چالاکوانی ئەم مەیدانە بریتین لە هەزاران: ئەوەی پییان دەڵین بانگخوازی لات، مەلای دەمشڕ، لەو جۆرانەی کە کاک ئەحمەدی موفتی زادە دەڵێت: " دەست بخەنە دەستی شەیتانەوە، دەست مەخەنە دەستی زۆرینەی مەلاکانەوە".
چوونکە دەستی شەیتان بەبەراورد لەگەڵ دەستی بانگخواز و زۆرینەی مەلاکان، ئەمینترە، هەر هیچ نەبێت مرۆڤ دەزانێ و دەیناسێتەوە کە ئەوە دەستی شەیتانە، بەڵام تۆ ناتوانی دەستی " مەلا" کان بخوێنییەوە، هەزار و یەک ڕوویان هەیە و لەهەر ڕێگایەکەوە بتهەوێ بەرەو یەزدانی خۆت هەنگاو بنێیت، (ئەهریمەنەمەلایەک) یا (جنۆکەبانگخوازێک) سەرەڕێت لێدەگرێت و بەهەموو هێزیەوە، هەوڵدەدات چەواشە و بەهەڵەتدا بەرێت و ڕێگاکەت لێ ونبکات. بە دەیان کتێبی نەخشینراو بە خورافەی هەموو سەدەکان و نووسراوە بە خوێنی سەدان هەزار خەلقی بێتاوانی خوا، کتێبگەلێک کە ناویان ناوە " دیوانی خوا" و هەموو مرۆڤایەتی لە ئادەمەوە تا خاتەمی پێ دادگایی دەکەن. ئەمانە مرۆڤگەلی نامۆن بە کۆمەڵگا و بیرکردنەوە و ڕەوتی ئاینی کوردی زانایانی ڕۆحی نەتەوەکەی ئێمە و لەگەڵ سەرکردەیەتی قیادەمووەقەتە، جەلالییەکان، دەزگای سیخوڕخانەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، مەرام و خواستە دنیاییەکانیان تێکەڵ کردووە و بەشێکی گرنگ لە بەرنامە و پیلانی ئەو دەزگاو سەرکردەیەتییانە، بەڕێوەدەبەن. بوونەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزانی کوردی و فریودانی کچانی کورد، کە هەروەک ئەو سەرەتایانە، ئەوەڵ لەخۆیانی مارە دەکەن و پاشان دەیانفرۆشنەوە بە جنۆکەبانگخوازێک، یا ئەهریمەنەمەلایەکی گەڕی تر. ئێستا ئەم شەیتانبازاڕەی ئەم دەڵاڵانە بەناوی یەزدان و پیرۆزییە ئاهوراییەکانەوە مامەڵەی تێدا دەکەن، بازاڕێکی زۆر ڕەواجدارە، زۆر لەو نەفسنزم و هاوەڵانەی ئەهریمەن نانیان لە بازاڕی خیانەتەدایە کە بە ئاشکرا لەگەڵ ستەمکاراندا هاوسۆزن. ئەم جۆرە مرۆڤانە کەسانی تەمەڵ، تەوەزل، مشەخۆر و سەرسواڵکەرن و هیچ کارێکیان لێ ناوەشیتەوە و بەناوی عالم و زانای ئاینییەوە، لە حاڵێکدا کە زمانی دایکی خۆیان نەفرین دەکەن و لێی بێبەرین و چوار ڕستەی کوردیان بۆ ڕێکناخرێت، وتنەوەی قسەی ناوکتێبانی خەڵکانی تریان ناو ناوە عیلم و خۆشیان عالم!!!، کلتووری کوردییان وێران کردووە و دژایەتی کوردەواری دەکەن و جوێن بە دایک و خوشکی کورد دەدەن، لە داهاتووی ئازادیی گەلدا، ئەم تاوانبارانە کە بەشێکن لە لەشکردی خیانەتمەندانی دژ بە ئازادی نەتەوەکەمان، وێڕای سەرکردەیەتی قیادەمووەقەتە و جەلالی و هەموو کەس و باڵ و تاقمێک کە زیانییان لە (بوون)ی کورد داوە بەپێی بڕگەکانی (یاسای تاوانی حەسەن خەیری)، لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی وردیان لەگەڵ دەکرێت و بەئاستی تاوانی ئەنجامدراویان، سزای یاسایی خۆیان وەردەگرن.....ئەم نەخۆشییە پیسە کۆمەڵایەتی و عاشقەدوژمنی کوردە، دەبێت لەناو نیشتمانی ئێمەدا پاکبکرێتەوە، بەڵام بڕوای هەر کەسێکی بەڕێز لە قەوارەی کەسێتی مرۆڤەکەدا ڕێزلێگیراوە و بە یاسا ماف و مەرامە پاکوخاوێنەکانی دەپارێزرێت، وەک هەر تاکێکی ئازادی تر.
• سوێندەکەی کۆمەڵەی خۆیبوون
کاتێک ئێمە دەڵێین، حیزبی کلاسیکی باشوور و ڕۆژهەڵات، یا لە شارستانەت و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکە جێماو، یا خێڵ-حیزب، یا عەشیرەت لە کەوڵی حیزبدا و لە کۆتایدا کۆمپانیا و دوکانی سیاسی، ئەوا سەرکردەیەتی دەستە و تاقمەکان، نیگەران دەبن و دەڕەنجێن، بەڵام ئەم ناوانە هەموویان بنەمایان هەیە و ئەوە بە تێکڕایی پەنجاساڵە نەتەوەکە ئەزموونی لەگەڵ سەرکردەیەتی ئەم حیزبانەدا هەیە، کە سەرکردەیەتییەکانیان، کاری دوژمنکارانەی زۆریان بەرانبەر نەتەوەکە ئەنجامداوە، (شەڕی کورد بە کورد).
کوشتنی هەر کوردێک، یا بوونە هۆی کوشتنی هەر کوردێک، یا زەمینە سازیی بۆ گرفتارکردنی هەرکوردێک، یا ڕاستەوخۆ و پەنامەکی هاوکاری یەکێک یا هەرچوار دەوڵەتە کۆلۆنیالیستە داگیرکارەکەی کە نوێنەرایەتی نەتەوەیەکی سەردەست دەکات، لە بوارەکانی: سیاسی، ئابووری، دبلۆماسی، کلتووری، سەربازی، چاند و ئەوەی سەر بە کوردە و لە نیشتمانی کوردا هەیە، خیانەتەێکی نەتەوەیی دێتە ئەژمار و لە دادگای گەلدا لێپرسینەوەی توندی لێدەکرێت بەپێی یاساکانی تاوانی ( حەسەن خەیری).
لە خوارەوە نموونەیەک، لە سوێندەکەی کۆمەڵەی خویبوونتان بۆ دەنووسمەوە، تا وەک پێوانەیەکی نەتەوەیی، ڕەفتاری سەرکردەیەتی حیزبەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات و بەرنامەی ئەو حیزبانەی پێ بپێوون، جا بۆتان ڕوون دەبێتەوە: دڵسۆزیی سیاسییەک بۆ نەتەوەکەی، مەرامی حیزبێک بۆ خەڵکەکەی، خواستی ڕێکخراوێک بۆ بزواندنی بیری تاکەکانی نەتەوەکەی و......هەموو خەسڵەتە مرۆییە بەرزەکانی کەسانێک کە دەیانەوێ نەتەوەکەیان بپارێزن، کۆبکەنەوە، فێریان بکەن، گەشەیان پێبدەن و بەرە و ئامانجێکی ڕوون و زوڵاڵ ئاڕاستەیان بکەن.
• دەقی سوێندە پیرۆزە کوردستانییەکەی " کۆمەڵەی خویبوون"
" بە شەرەف و بە ئاینم سوێند دەخۆم لە ڕۆژی مۆرکردنی ئەم بەڵینەوە تا ماوەی دووساڵ چەک دژی هیچ کوردێک بەکارنەهێنم مەگەر ئەو کوردە هێرش بێنێتە سەر ژیان و نامووسم، یا سەر ژیان و نامووسی ئەوانەی بەپێی ئیلتزاماتی خێزانی یا نەتەوەییەوە من لێیان بەرپرسیارم، هەروەها ماوەی ئەو دوو ساڵە دەست لە هەموو تۆڵەیەکی خوێن وهەموو دوو بەرەکییەکی تر هەلئەگرم و گشت توانای خۆم دەخەمە گەڕ بۆ بەربەستکردنی خوێنڕشتن لە نێوان هەر دوو کوردێکدا لەسەر ناکۆکی تایبەتی خۆیان. هەر کوردێک بە پێچەوانەی ی ئەم بەڵێنەوە ڕەفتار بکات بە غایەنی نەتەوە دائەنرێ، کوشتنی هەموو غایەنێکیش کارێکی پێویستە"****.
سەرکردە کوردستانییەکانی کۆمەڵەی "خویبوون"، بەوەی کە دەردەکەیان دەستنیشان کردبوو، کە ناکۆکی نێوان سەرەک هۆز و خێڵەکان بوون لەسەر بەرژەوەندی تایبەت، کە کوشتاری " تاکی کوردیان" بەڕێدەخست و ئەوەش ببووە هۆی سستکردن و تەنانەت شکستی بزووتنەوە ئازادیخوازەییەکەی و قووڵکردنەوەی ناکۆکی نێوان کورد. ئەوان ویستییان، تاکی نەتەوەکە فێری ڕاهێنان بکەن لەسەر دانبەخۆداگرتن لەسەر بەکارنەهێنانی چەک بەرانبەر بە کوردێکی تر. ویستان زمانی گفتوگۆ و ڕاوێژ بکەنە کلتوور و بەمەش ڕێبگرن لە پەرتەوازەبوونی نەتەوەکە. ئەو سەرکردە کوردستانیانە ویستیان نەتەوەکە یا تایبەتتر ئەندامانی خۆیان لە دەوری " مەبەستێکی نەتەوەیی" کۆبکەنەوە و خەڵکانێک پەروەردە بکەن کە ببنە هۆی بڵاوکردنەوەی تەبایی و کۆک بوون و بایەخدان بە گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان.
ڕەنگە زۆرینەمان، ئاشنا بین بە سەرەتای دروستبوونی حیزبەکانی دوای کۆمەڵەی خویبوون، بە تایبەت لە باشووردا، کە برایم ئەحمەد و مەلا مستەفا ڕۆڵی سەرەکیان بینی لە قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان کورد و کورددا. ئەم دوو کەسایەتییە لە ڕێگای دوو حیزبەوە، بە خەیاڵ مۆدێرن، خواست و مەرام و حەز و هیوا و ئاواتە کەسییەکانی خۆیان، دەردەبڕیی و ئەو دوو حیزبەیان کردە ئامڕازی بە دیهێنانی خواستە دەروونییەکانی خۆیان، کە بوونە هۆی ڕژانی ئۆقیانووسێک لە خوێنی کورد بە دەستی کورد. نەک هەر کاریگەریی نایەتی/ نەرێنی خۆیان لەسەر ئەو بەشە لە نەتەوەکە لە باشووردا هەبوو، بەڵکو بوونە هۆی تەفرەدان و ئاژاوە و لەتکردنی، بیروبڕوای سیاسی، کۆمەڵایەتی سێ بەشە داگیرکراوەکەی تریش.
بە من مەڵێ: بڕوانە ئەم کابرایە لە جیاتی باسی داگیرکەران بکات، هێرش دەکاتە سەر سەرکردە کوردەکان، ئەوە سادەیی و دەچێتە قاڵبی ناوشیارییەوە، چوونکە ئەوەی کە بۆ من گرنگە و بنجی و بنەڕەتی و چارەنووسسازە "پەیوەندی کوردە بە کوردە"وەیە، نەک پەیوەندی کورد بە فارس، کورد بە توورک و کورد بە عەرەبەوە، ئەوانە پەیوەندی داگیرکەر و داگیرکراوە، نەتەوەی سەردەست و نەتەوەی بن دەستە و ئەو دوو کەسایەتییە نیشانەیان لەو بڕوا بنچینەیی، چارەنووسساز، گرنگ و بنەڕەتییە گرتەوە و.... کوشتیان!.
ڕێک بە پێچەوانەی هەوڵە کوردستانییەکانی، سەرکردەیەتی و ئەندامەکانی کۆمەڵەی کوردستانی " خۆیبوون" وە.
کەمتان خوێندۆتەوە، ژنەفتووە لەو دوو کەسایەتییە، کە دوژمنی سەرەکی ئێمە جەلالییەکانن، یا لاکەی تر: دوژمنی سەرەکی ئێمە مەلاییەکانن؟!....
کۆمەڵەی خۆیبوون، ئەو سوێندە کوردستانییەی بە ئەندامەکانی خۆی دەخوارد و ئەو دوو کەسایەتییەش ئەو دەرسەیان فێری ئەندامەکانی خۆیان دەکرد، بۆیە ئەو پەنگەیان دا بە کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی و چارەنووسی نەتەوەکەیان بەو دەردە برد کە بردوویانە و ماکی ئەو هەڵوێستە خیانەتمەندەییەیان تاکو ئێستا وەک خۆرە و برینێکی پیس هەر رۆژە و لەهەر سات و بۆنە و ئاستێکدا، دەکولێتەوە و دەتوانێ خوێنی ڕژاوی نوێ بکاتەوە بە بەرشەڕی کورد بە کورددا.
..................
سەرنجەکان:
*ئەلەتریک،Electricity وشەیەکی ئیگلیزییە تا ماوەیەکی زۆریش پاش ڕۆشتنی ئیگلیزەکان لە سلێمانی خەڵکانێک مابوون کە بۆ وشەی کارەبا بەکاریان دێنا و هەندێ کەس دەیانووت عەلەتریک، یا لە جیاتی پارەی کاغەز دەیان وت بانکەنەوت، Banknote.
**تایەر ئەفەندی، تایەری ئەمینەفەندی...ئەو سیخوڕو تورکچییەیە، کە لە وتاری ئاوێنە بچکۆلەکان بەشی دووەمدا باسم کردووە، یەکێک بوو لەو سێکوچکەیە لە سیخوورەکانی توورک، کە دەوری حوکمداریان دابوو، ڕەمزییە شەل، تایەری ئەمینەفەندی و فەتاحی ئەمینی عەتار کە ژنبرای شێخ مەحموود بوو، بە بڕوای بیرمەندی کورد مامۆستا ڕەفیق حیلمی ئەم سێ تورکچییە، سەریان لە حوکمدار شیواندبوو. هەر بۆیە مامۆستا لەو بەیانییە زووەدا کە حوکمدار بانگی دەکات بۆ ڕاوێژ، هیچ قسەیەک ناکات، چوونکە ئەو تایەرە تورکچییە لای حوکمدار و لە ژوورەکەدا دانیشتبوو، حوکمدار دەزانێ کە مامۆستا ڕەفیق حیلمی، تایەری سیخوڕ دەناسێ، بۆیە بە تایەر دەڵیت، کە بڕوات بۆلای میوانەکان.
***زانیار...وەک "پرسیار" بریتییە لە " تجرید" بە واتای " معرفة " نەک ناوی کارا بە واتای زانا .....مامۆستا مەسعوود محەمەد.
****گۆڤاری ڕەنگین، ژمارە ٨٧ ساڵی ١٩٩٦ لاپەرەی ٧ کەمال مەزهەر/ نموونەی سوێندی کۆمەڵەی خویبوون، لە بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی ئینگلیز، بەمجۆرەیە: بەشی شەشەم فایلی ژمارە ٢٣/ ١٤١٦ وەزارەتی فڕۆکەوانی بریتانیا ناوی فایلەکە " بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە چواردەی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٢٩ وە تاوەکو بیست و چواری مارتی ١٩٣٠" ژمارەی لاپەڕەکانی ١٧٢ لاپەڕەی قەوارە گەورەیە/ فولسکاپ. ئەو بەشەی سوێندەکەی تێدایە بەمجۆرەیە: " ئەفسەری خزمەتە تایبەتییەکان، مووسل، ٢٦ شوباتی ١٩٣٠، نهێنی، نیشانە بە ئای م/٤٢ب بۆ: ئەرکانی هێزی ئاسمانی(ئیستیخبارات)، بنکەی هێزی ئاسمانی سەرکردایەتی عیراق، بنکەی هیندی- سێ دانە. سەرپەرشتکاری پۆلیسی مووسڵ- یەک دانە، سەرپۆلی ژمارە ٣٠ فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی سەر بە هێزی ئاسمانیی مەلەکی (بەریتانی) لە مووسڵ – یەک دانە. بابەت: بزووتنەوەی کوردایەتی، کۆمەڵەی خویبوون، نموونەی سوێندی کۆمەڵەی خویبوون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست