ئەو قوڕەی دەسەڵات هەر ئەو تۆزەی لێ هەڵئەسێ !

Sunday, 18/08/2024, 20:48

453 بینراوە


بەدرێژایی زیاتر لە سێ دەیەی حوکمی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ . ئەوانەی دەسەڵاتی شارەکانیان گرتە دەست پاش ئەوەی بە عەقڵێکی شاخاویەوە دابەزین .
 ناگەڕێمەوە بۆ ساڵەکانی ١٩٦٣ و بەدوا ، کەبەڕەسمی حیزبەکان شەڕی یەکتریان ڕاگەیاند و بڕیاڕیاندا کە کوردستان وەک میراتی باوانیان سەیربکەن و بەشی هاوڵاتیانی زۆرینە ئاسایی تیانەبێت . 
باسی مێژووی پێش ئەو ساڵانەش ناکەم ، بەڵکو تەنها باسی ئەو سێ دەیەیە ئەکەم کە هەل و مەرجێکی سیاسی ناوچەیی وای خواست کە هەرێمێک هەبێت بەناوی هەرێمی کوردستان و ئەوان ببنە حوکمڕانی .
بەدرێژایی ئەو ماوەیە ، هاوڵاتیانی ئەو هەرێمە زۆر زیاتر لەڕژێمە داگیرکەرەکان ، شەکەت و ماندوو و برسی و چاوترسێنکران لەسایەی دەسەڵاتی خۆماڵی و کەسانی حیزبی و بەرەبابەکانەوە .
جا هاوڵاتی بەبێگەڕان و کێوماڵێکی ورد و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی جیاواز ، تەنها بۆئەوەی تروسکاییەک لە ئومێدی ژیانکردنێکی شایستە بە مرۆڤ بوونی خۆی بدۆزێتەوە تا کۆتایی بەئەو تەمەنە پڕ چاوەڕوانیەی بهێنێت و ئاهێکی خۆشی هەڵکێشێ کەچی بە هەمان نەفەسی کۆن و بیرکردنەوەی سۆزیارانە ڕێگە هەڵەکەی گرتەوەبەر . 
دەیانجار ، بە وەعدی درۆ ، بە سێڵفی گرتن و خۆ بە سادە و بێفیز نیشاندانی کەسە دیارەکانی حیزب و بنەماڵە لە شوێنە گشتیەکان ، بە پەنجەڕاوەشانی سیاسیانە لە یەکتری و لەسەر سەرشاشەکان ، هاوڵاتیان بەگشتی بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بەڕێکرانەوە و دیسانەوە هەمان ئەو دەم و چاوە قێزەونانەیان هەڵبژاردەوە کە پاش چوار پێنچ ساڵێک و تەنها بۆ بەرژەوەندی مانەوەی خۆیان دەرئەکەون نەک وەک فریادڕەس و مرۆڤدۆستێک .
ئەوانی سیاسی کردەوە و ڕووە گورگ ئاساکانیان بە پێست و خوری مەڕ دائەپۆشن و بانگەوازی ئەوە ئەکەن کە ئیتر ئێمە لەمەودوا گیاخۆرین نەک گۆشت خۆر !
بەردەوام ، لێرەولەوێ ئەبیستین کە ئەگەر فڵان کەس ببێتەوە بەسەرۆک وەزیران ، فیسار حیزب ببێتە یەکەمی هەڵبژاردنەکان، فڵان سەرکردە بێتە مەیدان ئەوا مووچە و بژێوی و ڕێگەوبان و پەروەردە و ئەمن و گوزەرانی خەڵک بەرەوباشی ئەبەین .
ئەم خەونە ئەرخەوانیانە نیشانی هاوڵاتی ئەدەنەوە وەک وابێت پێشترئەوان دەسەڵاتدار نەبووبێتن و مەیتەر یان چایچیەکی بارەگای حیزب بووبێتن .
من وەک هاوڵاتی یەکی ناڕازی و ڕەخنەگر و نوسەرێک داوا لە هاوڵاتیان ئەکەم کەوا هیچ چارەیەکی تریان نیە جگە لە هۆشیاربوونەوە تا چیتر نەبنەوە بە خواردنی قولاپی ماسیگرەکان . ئەوانێک بە سی و سێ ساڵ نەیانتوانیبێت ژیانێکی خۆشگوزەران لەسایەی ئەو هەموو سەرچاوە سروشتی و عەقڵە وەبەرهێن و دەستی کاری ناوخۆیی و جیهانی عەولەمەوە بۆ تۆیەک بڕەخسێنن، بەدەیان ساڵی تریش ناتوانن.
بۆیە تا ئەکرێت ئەبێت بیرلە ڕوخاندنیان بکرێتەوە و سەرتاپای سیستمە بۆگەنەکە لەبنەڕەتەوە هەڵتەکێنرێت و جارێکیتر و بە شێوازێکی مۆدێرنە بونیادبنرێتەوە بەجۆرێک کە مرۆڤ بوون بکرێتە سەنتەری بڕیاڕەکان لەو سیستمە نوێیەدا نەک مەزاجی شێواوی تاکی حیزب و بنەماڵەکان. 
بەنیازی ئەوە مەبە ئەوان واز لەو ناز نیعمەتە بهێنن کە بە میراتی خۆیان ئەزانن ئەو قوڕە هەر ئەو تۆزەی لێ هەڵدەستێ . تا ئێستا چیان کردبێت هەر ئەوەیە.
 هیچ نەبێت با بەم خەباتە مەدەنیەی تێکدان و دروستکردنەوەیە ئەو شانازی و کەلتوری ڕەدکردنەوەی زوڵمە بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازینەوە و خۆیشمان بەئاسوودەیی ویژدانەوە کۆتا ڕۆژەکانی ئەم ژیانە کورتە بەڕێبکەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە