ئەمەشمان بۆ بخەنە سەر مێژووی خەباتی پارتییەکان

Sunday, 18/08/2024, 18:40

1303 بینراوە


لە چەند نووسینێکی پێشووترمدا باسی ئەوەم کردووە، کە چۆن کاتی خۆی کوردستانم جێهێشت و لە رۆژی 23/ 12/ 1981 گەیشتمە سوید، کە دوو هاوڕێم (موحەمەد حەفید و حەمە زیاد) لە فڕۆکەخانە چاوەڕێیان دەکردین. ئەو سەردەمە دەستوری خۆتەسلیمکردنیش وابوو، تا لێکۆڵینەوە دەکرا، دەبوو شەوێک لە زینداندا بمێنیتەوە، ئەو برادەرانە خێزان و کوڕەکەمیان بردە شوێنێک کە ژووری قوتابیانی ناوخۆی زانکۆ بوو، بۆ رۆژی دوایی منیشیان بەردا و بردیانمە ئەوێ. تا دوای سەری ساڵ لەوێ ماینەوە، چونکە زۆربەی قوتابییەکان بە بۆنەی کۆتایی ساڵ و هاتنی ساڵی نوێوە چووبوونەوە بۆ سەردانی کەسوکاریان. لەوێ چەند ژوورێکی دیکەی تێدا بوو، کە چەند ماڵی پەنابەریان وەک ئێمە تێکردبوو، یەکێک لەو ماڵانە (حەسەن حسێن) ناوێک بوو، کە دوایی گەڕایەوە، لە شەڕی ناوخۆی نێوان پارتیی و یەکێتیی لە هەڵەبجە وەکو چەکدارێکی پارتیی کوژرا. هەروەها چەند خێزانێکی کوردی دیکە لەوێ نیشتەجێ بوون، ناوەکانیانم لە بیر نەماوە.
بۆ بەیانییەکەی ئەو خێزانە کوردانە هاتن و بەخیرهاتنیان کردین، هەندێکیان رووداو و قسەی سەیریان دەگێڕایەوە یەکێک لەوانە گێڕایەوە وتی: پێش ئێرە هەفتەیەک لە ئوتێلدا بووین، خاولی و سەرچەفی ئۆتێلەکانمان لەگەڵ خۆماندا هێناوە (واتا دزیبوویان)، کە هەمووی لۆگۆ و ناوی ئوتێلەکەی لەسەر بوو، یەکێکی دیکە وتی: لە ماڵی مامە چووین و سێ هەزار کڕۆنیان پێ دابوویین، دوای دوو رۆژ چووینەوە وتمان پارەکەمان لێدزراوە، بڕوایان پێکردین و ئەوەندەی دیکەیان بۆ سەرفکردینەوە. 
بۆ لای ئێوارە (حەسەن حسێن) لە دەرگای ژوورەکەمانی دا وتی: بۆ لێرە بە تەنیا دانیشتووی، وەرە... چەند برادەرێک لە لامانن تۆش وەرە دانیشە. منیش بە قسەییم کرد، کە سەرم کرد بە ژووردا بینیم چەند کەسێک دانیشتوون خەریکی پۆکەر و قومار کردن بوون. لەبەرم هەڵسان و تەوقەیان لەگەڵمدا کرد، دوایی وتیان فەرمو وەرە ریزەوە، یاریمان لەگەڵدا بکە، منیش سوپاسم کردن و وتم ببورن ئەو یارییە نازانم و حەزم لێی نییە.
بە بێ دەنگی دانیشتم و سەیرم دەکردن، لە ناکاو لە دەرگا درا، برادەرێکی کۆنی خۆم، کە زانیبووی من گەیشتوومەتە سوید هاتبوو سەردانم بکات. برادەرکەم ناوی (ش. ف.ع) بوو کەسێکی ناسراوی سلێمانی بوو. سەرێکی هێنایە ژوورەوە، منیش لە بەری هەڵسام و چوومە دەرێ نزیکەی نیوکاتژمێر پێکەوە لە دەرەوە ماینەوە، کاتمان دانا بۆ بەیانی یەکتر ببینینەوە. ئیتر گەڕامەوە بۆلای ئەوان تا پێیان بڵێم : بە یارمەتی خۆتان ماندووم و بەجێتان دەهێڵم. یەکێک لەو قومارچییانە (سەلام عەبدوڵڵا) بوو، ئەوە بوو دوایی گەڕایەوە بوو بە پارتیی و ئیستا سەرنووسەری رۆژنامەی خەباتە. پرسی:
- ئەرێ ئەو کوڕە فڵان کەس نەبوو؟ وتم:
- بەڵێ! ئینجا وتی:
- ئاها... دەزانیت ئەوە خشتە، لە ترسی من نەهاتە ژوورێ، چونکە کاتی خۆی وام لێکردووە؟
بەمە تێکچووم و بە روویدا تەقیمەوە، وتم:
- ئەو کوڕە هەموو سلێمانی دیناسێت، کە بنەماڵەیەکی ناوداری شارن و خاوەنی رەوشتی بەرزن، چۆن ئەو ناماقوڵییە دەکەیت، ئەگەر راست دەکەیت وا من بەیانی پێی دەڵێم.
ئیتر هەموو ئەوانەی کە لەوێ بوون هەستان و کەوتنە پاڕانەوە، بەتایبەتی حەسەن حسێن، داوای لێکردم واز بێنم و پێی نەڵێم، بەڵام بەقسەی کەسیانم نەکرد، بۆ بەیانییەکەی برادەرەکەم دیتەوە، یەکسەر بۆم باسکرد، ئەویش وتی:
- ئەو خوێڕییە بۆ منی دانێ چارەی دەکەم.
دوو رۆژ دوای ئەوە بیستمەوە، کە دارکارییەکی باشی کردبوو، هەموو دەموچاوی پڕکردبوو لە خوێن بۆ چەند رۆژێک لە خەستەخانە خستبوویان، بەڵام لای پۆلیس باسی نەکردبوو کە کێ لێی داوە و لەسەرچی ئەو تێهەڵدانەی خواردووە. تا دەموو چاوی چاک نەبووەوە لە ماڵیشەوە نەدەهاتە دەرێ. چەند کەسێک سەردانیان کردبوو، لە وەڵامدا وتبووی لە پاسکیل  کەوتوومەتە خوارێ.
 پاش چەند ساڵێک سەلام عەبدوڵڵا گەڕایەوە بۆ کوردستان و مەسعود بارزانی لە لقی چواری پارتی داینا، کردی بە جێگری پارێزگاری سلێمانی، دوایی بوو بە سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات.
 لە پەنجەمۆر و باڵۆنەکەی رەنج سەنگاوییددا ئەم بەڕیزە باسی ژیان و خەباتی سیاسیی خۆی دەکات، ئەم رووداوەی لە بیرچووبوو، کە بیگێڕێتەوە، ىۆیە بەم کورتە نووسینە بە پێویستمزانی بە بیری بهێنمەوە، تا بارەگای بارزانی شاباشی ئەم تێکۆشانەشی بکات.

پەنجەمۆر:

لە باڵۆنەکەی رەنج سەنگاوی:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە