ناکۆکی لەسەر دەسەڵات لە دنیای ئیسلامدا بەشی(٧)

Tuesday, 13/08/2024, 12:59

1972 بینراوە


خەلیفە عەباسیەکان کە بە میراتی سیاسی یەک لە دوای یەکدا، لەسەر کورسی خەلافەت واتە دەسەڵات دانیشتوون، پەیوەندیی خزمایەتی و خوێن لەنێوانیاندا هەبووە، بەڵام ئەوە ڕێگر نەبووە، لەوەی کە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و دانیشتن لەسەر کورسی خەلافەت، پلان بۆ کوشتن و تیرور کردنی یەکدی دانەنێن. ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەی ئەو خەلیفانەی تیرۆر کراون بە دەستی خزمە نزیکەکانیانەوە بووە. خەلیفە هادی بەدەستی خەیزەرانی دایکی هارونە ڕەشید ژەهر خوارد کرا بوو، بەڵام نەمرد بوو لەسەر جێگە کەوتبوو، دواتر خەیزەران فەرمانی بە جاریەکان دابوو کە لەنێو جێگەدا بیخنکێنن، لەبەرئەوەی ویستویەتی دوای خۆی هاڕونی برای نەبێتە خەلیفە و کوڕەکەی بێتە شوێنی. ئەمین و مئمون کوڕی هارونە ڕەشید بوون، ناکۆکیی نێوانیان لەسەر دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات دوای مردنی باوکیان لە گەشەسەندن بوو. لە سەرەتادا ناتەبایەکە بە هێمنی و دیبلوماسی بوو، بەڵام دواتر دووبەرەکی گەیشتە نێو لایەنگرانی هەردووک لا و کاری کردە سەر یەکگرتووی کۆمەڵگەی موسڵمانان. 
خەلیفە ئەمین لایەنگرەکانی عەرەب بوون، بەڵام مەئمون لایەنگرەکانی زێتر فارسەکان بوو. لە کۆتاییدا مەئمون فرسەتی هێنا، کاتێک کە خەلیفە لە عیراق بە گەشتێک دەچێت بۆ خۆرەسان، واتە لە پایەتەخت و سەنتەری دەسەڵات دوور دەبێت، مەئمونی برای کودەتای بەسەردا دەکات. ئەمین کە ئەوە دەزانێت، سوپایەک ڕێک دەخات بەرەو عیراق دەکەوێتە ڕێگە، لە نزیک بەغداد جەنگ ڕوودەدات، لە ئاکامدا خەلیفە ئەمین دەکوژرێت و سەری بە دیاری  بۆ براکەی دەبەن.  بەم جۆرە مەئمون بۆ بیست ساڵ لەسەر کورسی دەسەڵات دادەنیشێت تا مردن. دوای ئەویش چەند جارێکی دی هەمان ئەزموون ڕوودەدات، واتە بە درێژای ٥٠٠ ساڵ کە عەباسیەکان دەسەڵاتیان هەبووە (٧٥٠-١٢٥٨)ز، ٣٧ خەلیفە هاتۆتە دەسەڵات، ئەوەی خواستی بووبێت شەڕی دەسەڵات بکات، ئەوا بەخۆشی بووبێت یان بە ناخۆشی لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دانیشتووە یان کوژراوە.  
ڕێبەری فارسەکان هەمیشە ویستوویانە لەژێر دروشمی ئاینیدا تۆڵەی خۆیان لە عەرەبان بکەنەوە، بەوەی کە وڵاتیان داگیر کردوون، بۆیە ئەگەر خوێندنەوەی ورد بکەین بۆ ڕووداوە مێژوویەکانی ئەو سەردەمە، بۆمان دەردەکەوێت، کە فارسەکان بە هاندەری سەرەکیی کە هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی بووە، لەژێر دروشمی ئاینیدا ویستوویانە دەسەڵاتی خەلافەتی سیاسیی لە عەرەبەکان بستێنن. عەرەبەکانیش هەوڵیانداوە بۆ دژایەتی کردنی دەوڵەتی ئەمەوی، هێزی ئۆپۆزسیۆنی فارس و شیعە وەک ئامرازێک بەکاربهێنن، بۆ ڕووخاندنی ئەمەویەکان، بەڵام بەمەرجی ئەوەی کە خزمەت بە ستراتیژیەتی مانەوەی دەسەڵاتی خەلافەتی سیاسیی لەژێر دەستی عەرەبدا بکات، بۆیە هەموو خەلیفەکانی قۆناغی عەباسی عەرەب بوونە و بنەڕەتیان قوڕەیشی بووە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەوڵەتەکە سیمایەکی فارسی هەبووە و کاردانەوەی فەرهەنگی فارسی پێوە دیار بووە. ئەو دوو ناکۆکییە لە فیکری نەتەوەیی و لە ویستە سیاسیەکاندا بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی حوکمڕانی نیشتمانی و نەتەوەیی، لەنێوان عەرەبان و فارسەکان و تورکەکاندا، هەوێنی ناتەبایی نێو کۆمەڵگەی موسڵمانان بووە، لە هەموو قۆناغەکاندا تا دەگات بە قۆناغی دەوڵەتی عەباسی، داوتر و تا ئەمڕۆ.
 مێژوو پێمان دەڵێت، کە فارسەکان هەمیشە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنیان دژی خەلیفە عەرەبەکان ڕێکخستووە، بۆ ڕووخاندنی خەلیفە پشتیوانیان لە دژەکەی کردووە ئەگەر عەرەبیش بووبێت، لەبەرئەوەی دەرکیان بەوە کردووە کە ناکۆکی ناوەخۆ و دابەش بوونی عەرەبەکان لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی لاواز بوونیان، کە لە ستراتیژیەتی دووردا بۆ فارسەکان، کورت کردنەوەی ڕێگە دەبێت بۆ ڕزگار کردنی وڵاتیان لەژێر دەستی و دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات. بۆ نمونە هێزی ئۆپۆزسیۆن واتە مەئمون لایەنگر و هەواداری زۆری لەنێو فارسەکاندا هەبوو و پشتیوانیان لێ دەکرد بۆ ڕووخاندنی حوکمڕانی براکەی، بەڵام لایەنگر و هەوادارانی خەلیفە ئەمین، زۆربەی عەرەب بوون و لە جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵاتدا بوون. موعتەسم بیلا دژی فارسەکان سوودی لە هێزی تورکەکان وەرگرت، لەبەرئەوی ناکۆکی لەنێو سوپا و لە دامودەزگەی دەسەڵاتدا لەنێوان عەرەبان و فارسەکان لە هەڵکشان بوو، بۆیە ئەوەیش سوودمەند بوو لە ڕق و کینی تورکەکان دژی فارسەکان و عەرەبەکان بۆ گەیشتن و مانەوەی لە دەسەڵاتدا. هێزە سیاسیەکانی ئەو کاتی موسڵمانان وەک ئەمڕۆ بە گوێرەی قۆناغەکان هاوپەیمانیەتیان بەستاوە، لەهەندێک قۆناغدا خەلیفە عەرەبەکان دژی ئۆپۆزسیۆنی فارسەکان هاوپەیمانەتیان لەگەڵ هێزە تورکەکان بەستاوە و بە پێچەوانەوە.   
ئەو کات هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی لای فارسەکان بەهێز بووە، بەڵام لەژێر دروشمی ئاینیدا پەردەپۆشیان کردووە، لە مێژوودا هاتووە کە هەمیشە خۆرەسانی گوتویەتی:

" تا ئیمە خاوەن ئیمپراتۆریەت بووین، عەرەبەکان لە بیابانەکاندا بەپێی پەتی دەخولانەوە، کەچی ئێستا حوکماڕانیمان دەکەن و وڵاتیان داگیر کردووین". 

دەنگی ناڕەزا و هێزی ئۆپۆزسیۆن لەنێو کۆمەڵگەدا لەژێر حوکمڕانی پڕ ستەمی دەسەڵاتی عەباسیەکاندا گەشەی کرد بوو. لە قۆناغی دەسەڵاتی خەلیفەکانی موسڵماناندا بە درێژایی مێژوو، کۆمەڵگەی موسڵمانان چەوسانەتەوە، تیرۆر کراون، زیندانی کراون، ئەشکەنجە دراون یان دوورخراونەتەوە لەسەر ئەوەی کە دژی دەسەڵات بوونە. لە هەموو قۆناغەکاندا وەک ئەمڕۆ، خەلیفەکان دامودەزگەی ترس و تۆقاندنیان هەبووە، دامودەزگەی سیخوریان بەسەر خەڵکەوە هەبووە بۆ نمونە، کاتێک کە عەباسیەکان هاتنە دەسەڵات، لە ڕێگەی سیخورەکانیان، ماڵ بە ماڵی ئەمەوەیەکانیان دەپشکنی خەڵکیان لە کونی ژوورەوە دەردەهێنا و دەیان کوشتن وەک ئەوەی لە کوردستاندا ڕووی دەدا، کە کوردێکی زۆر ببوون بە سیخور و سەر بە دەزگەی ئیستیخبارات و ئیتلاعات و میت بوون و بە پارە کاریان بۆ دەکردن، سیخوریان بەسەر میللەتی کورددا دەکرد، ئەوجا ئەوانەی لە ڕێکخستنە نهێنیەکان بوون، خەریکی خەباتی ژێرزەمینی بوون، زمانیان لێ دەدرا و ئاشکرا دەبوون، دەستگیر دەکران و  ئەشکەنجە دەدران و دەکوژران، واتە مەسەلەکە هیچ پەیوەندی بە ئاین و هەوڵدان و جیهاد کردن لە ڕێگەی خودا نەبووە، ئەوەندەی پەیوەندیی بە گەیشتن بە دەسەڵات و سەرکوت کردنی میللەتان بووە. 
 ڕۆشەنبیر و نووسەری ئەو زەمانە وەک ئەمڕۆ دابەش بوون لەنێو سەنگەری دژە دەسەڵات و لەگەڵ دەسەڵات.  عەباسیەکان هەوڵیان دەدا خوێندەوار و ڕۆشەنبیری ئەو کاتی نێو کۆمەڵگە پشتیوانیان لێ بکەن، پێنووسەکانیان بەکاربهێنن بۆ پەخش کردنی پروپاگەندەی ئەوەی، کە ئەوان مافی خەلافەتیان هەیە لەبەرئەوەی لە ئالی بەیتن. بۆ ئەو مەبەستە دەسەڵاتدارانی عەباسی، داوای پشتیوانیان لە جەعفەر ئیبن محەمەد ئەلساق کرد، کە عەمیدی ئالی بەیت بوو، ئەو کات قوتابخانەیەک بوو، کە گەورە پیاوانی زانست و فەقیهی و ئاینی ڕوویان تێ دەکرد، بەڵام ئەو دەرکیی بەوە کرد بوو، کە ئەو شۆڕشەی کە لە خۆرەسان هەڵگیرساوە و کاری بە ئالی ئەلبەیت نییە. ئەو هەوڵی دا خۆی دوورەپەرێز ڕابگرێت، لەسەر ئەو هەڵوێستەی، عەباسیەکان زیندانیان کرد، چونکە مەترسی ئەوەیان لێ کرد، کە ژێربەژێر شۆڕش لەژێر دروشمی ئەلی ئەلبەیت دژیان بەرپا بکات.

سەرچاوەی زێتر:

الدولە العباسیە محمەد الخضری بک
أبو العباس السفاح | الخليفة العباسي الأول الذي سفك دم الأمويين بلحظة ! ما سبب تسميته ؟ 

تێبینی:

 ئەو چەند وتارە پەنجە بۆ فتوحاتی ئیسلامی درێژ ناکات، بەڵکو تەنیا باسی ناکۆکییەکانی نێوەخۆی موسڵمانان و ئەسحابەکان دەکات بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات. 

ئەو بابەتە درێژەی دەبێت 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە