ناسر حەفید لە سوید کۆمەڵێک کاری هونەریی خۆی نمایش کرد

Tuesday, 13/08/2024, 8:19


رۆژی شەممە دەی ئەم مانگە 10/08/2024 پێشەنگایەک بۆ ژمارەیەک هونەرمەند لە بینای (کۆنسارت و گۆنگرێش هیوس) لە سوید شاری ئۆپسالا رێکخرا، کە لە کاتژمێر ١١ تا کاتژمیرچوار بەردەوام بوو. یەکێک لەو هونەرمەندانە ناسر حەفید بوو. تابلۆکانی ناسر حەفید دووانیان ئەبستراکت بوون. ئەوانی تریان زیاتر میتافۆر، سیمبۆل و گوزارشت بوون لە ئایدیا. یەکێک لەو تابلۆیانە کەلـلە سەرێکە کە لە دەشتێکدا کەوتووە و دوو باڵندە هێلانەیان تێادا کردووە. هونەرمەند لەم بارەیەوە وتی:
"کاتێک رۆژنامەنووسی سویدیی (یواکیم مێدین Joakim Medin) چوو بۆ کوبانێ، کە لەو سەرەوە هاتەوە یەکێک لە وێنەکان کەلـلە سەرێک بوو چەند گولـلەیەکی پێوە بوو. ئەو کات بڕیارم دا، تابلۆیەکی لێ دروست بکەم. لەو شوێنەدا کە ئێمە مرۆڤ مردن دەچێنین دوو باڵندە ژیان لە ناو کاسەسەرەکەدا دەڕوێنن. بۆ نا؟ ئێمە پەڕی ئەوان دەکەین بە سەرین، ئەوان کاسەسەری ئێمە بە ماڵ؟" لە ناو هەموو تابلۆکاندا زیاتر ئەو پیرە ژنە سەرنجی خەڵکی را کێشا، کە ئاوڕی داوەتەوە بۆ رۆژانی خۆشی رابوردوو بە هیوای گەڕانەوە بۆیان. ئەمە لە کاتێکدا کە لە ناکاو ماڵی دەسوتێت و هەڵ دێت. هەڵهاتووەکانیش بەجێیان هێشتووە، بەڵام سەگە بە وەفاکە دانی بە خۆیدا گرتووە جێی ناهێڵێ.
 یەکێکی دی لە وێنەکان کە بە کوردیی رەنگە ناوی "دەعبا" بێت بریتییە لە فیگورێک، کە پێک هاتووە لە کۆبوونەوەی مرۆڤ، باڵندەی گۆشتخۆر، ئاژەڵ، مار و شەمشەمەکوێرە. سیمبۆلی داگیرکارێکی دیکتاتۆرە وڵات وێران دەکات و کات دەوەستێنێت بۆ وڵاتەکە و مرۆڤەکان. 
تابلۆی "خوێنەری سواڵكەر" بریتییە لە کەسێک، کە دانیشتووە سواڵ دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا کتێبێک دەخوێنێتەوە و دەموچاوی خۆی بە شەپقەیەک شاردۆتەوە. مشکێکیش لە کونەکەی هاتۆتە دەرەوە و لوتی بەرز کردۆتەوە بۆ ئەم کابرایەی کە رەنگە پرسی بە مشکە نەکردبێت لە بەردەمی ماڵەکەی ئەمدا وەستا بێت؟
تابلۆیەکی دی بریتییە لە پەپولەیەک کە لە سێوێک هاتۆتە دەرەوە. دەربارەی تابلۆکە هونەرمەند نووسیویەتی: قوربانیدان بۆ لە دایکبوون.
 تابلۆی گەلە گورگێک، کە هونەرمەند ناوی ناوە: "دەنگی سروشت" ژمارەیەک گورگی توڕەن، سەرنجی زۆری راکێشا و قسەی دەربارە کرا. 
تابلۆی "قۆڕیەکە، ئایا کێشەکە گابەردەکەیە یان قۆڕیەکە؟" قسە زۆر رادەکێشێت لێ بە کورتی قوڕییەک دەستی گرتووە بە سەر دەستەڵاتدا، بندیواران و پیسخۆران وەکو کلکی ئاڵایەکیان بۆ هەڵ کردووە و دەیانەوێت شەرعیەتی سیاسیی بدەنێ. ئۆپۆزیسیونیش دەیەوێت پاڵ بنێت بە هەموو دەوڵەتەکەوە بۆ ئەوەی قوڕییەکە بڕوخێت. ئەمە لە جیاتی ئەوەی بەرد بگرێتە قۆڕییەکە. 
تابلۆیەکی تریان "هەنگ و دڵ" کە میتافۆرێکە لە نێوان هەنگ و دڵ لە لایەک و خۆشەویستیی و جیابوونەوە لە لایەکی دی. هۆنراوەیەکی بە سویدیی لەگەڵ بوو.
لە کۆتاییدا کوردستانپۆست دەستخۆشی لە کاک ناسر حەفید دەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە