بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە


ئەرێ مەسعود بارزانی بە چ ڕویەکەوە باسی جینۆسایدی ئەزیدیەکان دەکات؟

Tuesday, 06/08/2024, 20:39


لای هەمووان ئاشکرایە کە ئەو کارەساتەتەی دەساڵ لەمەوبەر بەسەر ئەزیدیەکاندا هات لەدەڤەری شەنگال،بەپلەی یەک لە ئەستۆی پارتیدایە و ئەو حیزبە بەرپرس و ڕێگەخۆشکەربوو بۆ ڕوودانی.
گەر ئەو چەند هەزارچەکدارەی پارتی کە لەدەڤەرەکەبوون سووکە مقاوەمەیەکیان بکردایە ،ئەوە بەدڵنیاییەوە بەوجۆرە ڕووینەدەدا کەدیتمان.
چەکدارانی پارتی خەڵکەکەیان بەجێهێشت بۆ دڕندەکانی داعش ،ئەوانیش کەوتنە جینۆسایدکردنیان .کردەکە هێندە سەخت و پڕتراژیدیا بوو ویژدانی جیهانی بزوان، تەنها پارتیەکان نەبێت.
خۆگەر گەریلاو شەڕڤانان بەهانایانەوە نەچوونایە ،لەوانەبوو کەسیان بەزیندوویی دەرباز نەبوایە.
واچاوەڕوان دەکرا وەک پرەنسیپی ئەخلاقی و سەربازی ،سەرکردایەتی پارتی شەفافانە لێکۆڵینەوەی لە کارەساتەکە بکردایە و سەبەبکارانی سزابدایە،بەڵام ئەوە ڕووینەدا ،هەموو لێکۆڵینەوەو سزادان بریتی بوو لە بانگهێشتکردنی بەرپرسانی ئەودەمەی حیزبی و سەربازی شەنگال بۆسەری ڕەش و دڵنیاکردنەوەیان لە سزانەدانیان .ئیدی پارتی کەسی سزانەداو لێکۆڵینەوەی جددیش هەرگیز  لەو بارەوە نەکرا.
بەمەش پارتی چۆنیەتی ڕودانی کارەساتێکی نەتەوەیی خەفەکرد و بەردێکی مەزنی نایە سەری .
بەڕای من هۆکاری ئەو بێدەنگیەی پارتی دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی ڕاستەوخۆی خودی مەسعود بارزانی بەو کارەساتەوە،چونکە پێدەچێت  مەسعود  خۆی فەرمانی کشانەوەی دەرکردبێت و ئەوانەی خوارەوەش جێبەجێیان کردبێت ،هەر ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی کە سزانەدانی بەرپرسانی سەربازی و حیزبی دەڤەرەکە لەبەر ئەم هۆیە بووە.
قەوارەی تاوانەکە هێندە سەختە هێندە قووڵە گەر لەهەر شوێنێکی دیکەی جیهان ڕوویبدایە ،وەک کارەساتێکی مەزنی  مرۆیی مامەڵەی لەتەک دەکرا و حکومەت و دەسەڵاتی پێ دەکەوت و تێوەگلاوانیش قوورسترین سزایان وەردەگرت.
بەهۆی نەبوونی یاساو بێدەسەڵاتی دەزگاکانی دادوەری ،کەس جورئەتی ئەوەی نەبوو سکاڵا لە سەبەبکاران تۆماربکات کە سەرانی پارتین.
چاوەڕێ دەکرا لەیادی ئەو تاوانەدا پارتیەکان بێدەنگبن و سەری شەرمەزاری دابخەن،کەچی هێندە بێ ئابڕوون  هێندە بێ مۆراڵن ،هێندە ڕووقایمن ،دێن قسەی زلی بێ ناوەڕۆک فڕێدەدەن.
ئەوەتا مەسعود بارزانی بەوبۆنەوە دەڵێت:[پێویستە ئەو دۆخە نائاساییەی بەسەر شەنگالدا سەپێنراوە کۆتایی بێت ]،یا دەڵێت {با لایه‌نه‌كان ئازاره‌كانی شه‌نگال بۆ خۆسه‌پاندن به‌كارنه‌هێنن}،لەهەمووی ناخۆشتر و پڕئازاتر ئەم قسەیەتی کەدەڵێت:{ جینۆسایدی ئێزیدییەكان برینێكە لەجەستەی گەلی كوردستان}.
ئایا وا بەخێرایی لەبیری چوو کە هۆکاری برینەکە و خولقێنەری ئەو جینۆسایدە خودی خۆی و حیزبەکەیەتی؟ئەو قسەیە دەلالەتە لە ترۆپکی بێشەرمی و بێ ئەخلاقی،سوکایەتی کردنە بە شەهیدانی ئێزیدی وسەرجەم ئەزیدیەکان،هەوڵدانە بۆ  چەواشەکاری خۆڵکردنە چاوی خەڵک، خۆدوورخستنەوەیە لە بەرپرسیاریەتی .
جینۆسایدی ئەزیدیەکان پەڵەیەکی ڕەشە بەنێوچەوانی مەسعود و حیزبەکەیەوە کە هەرگیز ناسڕێتەوە،کارەساتی شەنگال مۆتەکەی بێزاری و مەرگە بەدوویانەوە.
گەرەکە هەتا ماون شەرمەزارو سەرشۆڕبن لە ئاست ئەو تاوانەدا کەبەسەر ئەزیدیەکاندا هێنایان ،بەهۆیەوە ناویان چووە لاپەڕەکانی مێژوەوە ،لاپەڕەکانی خیانەتکاری. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە