بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە


تێرۆری ئیسماعیل هەنییە لە تاران چەند لایەنی هەیە

Friday, 02/08/2024, 22:51


نووسینی: ئەحمەد ئەسکەندەری

١- کەسێک تێرۆر کراوە کە لە مێژ بوو ئیسرائیل خۆی بۆ مات دابوو و بۆ دەرفەتێک دەگەڕا.
٢- کاتی تێرۆرەکە ڕێک یەکەم ڕؤژی دەست بە کاربوونی سەرەککۆماری تازە و ئەو کاتە بوو کە دەزانرا سەرۆکی حەماس دەچێت بۆ تاران
٣ - شوێنەکەی واتە تاران، پایتەختی ئەو وڵاتەیە کە بەردەوام ئیسرائیلی بە دوژمنی ژمارە یەکی خۆی داناوە و هێزی لە چەندین وڵاتی ناوچەکە بۆ ئەو مەبەستە ئامادە و پڕچەک کردووە.
٤ - کەلێنێکی ئاسایش - ئەمنییەتیی گەورە لە دەزگاکانی هەواڵگری ئێراندا دیسان دەرکەوتووە. 
- ساڵی ٢٠٢١ 'یۆنسی' وەزیری پێشووی ئیتلاعات لە دەوڵەتی خاتەمی وتی تۆڕی جاسووسی ئیسرائیل لە ئێران ئەوەندە تەنیوەتەوە کە هەموو بەرپرسانی باڵا دەبێ لە گیانی خۆیان بترسن! بەڵام لەباتی شەر لەگەڵ ئەو جاسووسانە، لایەنەکان کەوتوونەتە گیانی یەکتر.
- ساڵی ٢٠٢٣ ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتلاعاتی ئیبراهیم ڕەئیسی، لە وەڵامی پرسیاری تەلەڤیزیۆنی ئێران کە گرینگترین ئەرکی وەزارەتی ئیتلاعات چییە ، وتی "تێکشکاندنی تۆڕێ جاسووسان و دزەکردنی کەسانی مووساد کە هەر ڕۆژە زانایەک یان بەرپرسێک دەکوژن".
٥ - بەم حەسابە نەک لە ئێران، بەڵکوو لە تارانی پایتەختیش هیچ شوێنێک نییە بۆ پاراستنی ئەو چەشنە کەسانە و ئەمە ئابڕووچونێكی گەورەیە بۆ کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا و پێگەی لاواز دەکات.
٦ - كاربەدەستانی ئێران دوو مانگ پاش کوژرانی سەرەککۆمار و وەزیری دەرەوەی، دانانی سەرۆکێکی تازە - پزشکیان - خۆیان بۆ داڕشتنی سیاسەتێکی جیاواز و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ گیروگرفتی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ... ئامادە دەکرد. هەروەها چاوەڕوانی هەڵبژاردنی ئەمریکا و ئەگەری هاتنە سەرکاتی دۆناڵد ترامپ دەبن! لەوەها کاتێکدا کە شەڕی غەززە بە بنبەستێکی گەورە گەیشتووە و ناتانیاهوویش بە هیوای هاتنە سەرکاری ترامپ، شەلم کوێرم ناپارێزم خەریکی درێژەدان بە سیاسەتی پێشووی خۆیەتی، خامنەیی دەبێ بیر لە چەندین بژاردەی جۆراوجۆر بکاتەوە. 
٧ - نە ئێران نە ئەمریکا لایەنگری ئەوە نین کە شەڕێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ بکات، کە ئەم جارە کۆنتڕۆڵ کردنی زۆر زەحمەت ئەبێت. بەڵام خامنەیی زۆر تووڕەیە و دەیهەوێت بۆ ڕاگرتنی پێگەی خۆی لەناو شوێنکەوتووانی، هەروەها بۆ نیشاندانی هێزی کۆماری سێدارە لە ناوچەکەدا، پێویستی بەوەیە کاردانەوەیەکی توندی هەبێت. کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای حیزبوڵڵا لە بەیرووت، کوژرانی چوار کەسی حەشدی شەعبی لە بابلی عێراق و پێشتریش بۆمباران کردنی بەندەری حودەیدە لە یەمەن، هەموو ئەمانە دەبێتە مایەی سەرشۆڕی بۆ خامنەیی و ڕژیمەکەی ئەگەر کاردانەوەیەکی قورسی نەبێت! بەڵام کاردانەوەی قورس مەترسی زۆر گەورەیشی بەدواوە دەبێت کە لەوانەیە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بخاتە مەترسی تێکشکان و ڕووخان.
٨- خۆزگە ڕێبەرانی سیاسی کوردستان لەم بارودۆخە هەرە ئاڵۆزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە کردەوە نەک بە قسە، بەرژەوەندیی گەلی کورد و دواڕۆژی کوردستانیان دەخستە سەرەوەی کێشەی حیزبایەتی، ڕێبەری من، سەرۆکی من، حیزب و ڕێکخراوی منەوە! کاتی هەستیار و بارودۆخی ئاڵۆزی سیاسی، ڕێبەر و سیاسەتمەداری ژیر، دووربیین، بوێر، لێهاتوو و نەترس دەخوازێ. تۆ بڵێی لە وەڵاتەکەی لەمەڕ خۆمان لەو چەشنە دەست بکەون؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە