بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە


هەموو کازیوەیەک، بێریتان دێتەوە و پێمان دەڵێ

Friday, 02/08/2024, 22:25


زۆرینەی ئەو بە ناو ڕوناکبیرانەی (عەرەب) کە باسی ئەو کوشتارانەی سەرکردەیەتییەکانی دەستە و تاقمە عەرەبییەکان دەکەن، دەڵێن  نەتەنیاهۆ(لە ئیسرائیل بە بیبی ناوزەدی دەکەن) بۆیە بەردەوامە لە درێژەدان بەکوشتنی سەرکردەی تاقم و دەستەکاندا، چوونکە دەیەوێ لە پلەکەیدا وەک سەرۆک وەزیران بمێنێتەوە و دەزانێ ئەگەر شەڕ بوەستێنێ، دادگایی دەکرێت!!!.
ـ سەرەک وەزیرانێک، بەگفتی ئەوان، لە دادگایی کردن دەترسێ، ئەم قسەیە چ مانایەک دەدات؟!.
ئیسرائیل وڵاتێکی دیمۆکراتیی خاوەن دامەزراوەکانە، کە لەوێ هیچ کەس لە بان "یاسا"وە نییە، هەموو کەس بەپێی هەڵەکانی دادگایی دەکرێت.
١-  بەرپرسی ئیسرائیلی، بەرانبەر بەپاراستنی خەڵکەکەی خۆی لێپرسراوە و خیانەتیان پێ ناکات و لە پێناوی مانەوە و 
     گەشەکردنیاندا، تێدەکۆشێ و هەوڵ دەدات.
٢-  پارە و خەزنەی نیشتمانەکەی لەم لاولای دنیا قایم ناکات و خەڵکەکەی خۆی برسی ناکات.
٣-  دەستی دوژمنانی میللەتەکەی ناگرێت بۆ سەر دڵی نەتەوەکەی، بەڵکو لە دوورترین خاڵی جیهانیشدا بێت، دەستیان دەبڕێ و
     تۆڵەیان لێ دەکاتەوە.
٤-  دوای دەیان و سەدان ساڵ خەباتی خوێناوی، بە نەتەوەکەی ناڵێت، بڕۆنەوە بۆ ماڵی خۆتان و ئیتر ئاش بەتاڵ، بەڵکو دانە دانە،
    هەر کەسێک خیانەتی لە میللەتی جوو کردبێ، لێپرسینەوەی توندی لێ دەکات. هتد…و…….هتد…و……..هتد.  
باشە ئێوە و خوداتان، کامەیان شەریفتر، نیشتمانپەروەرانەترە، دڵسۆزتر و شارستانەتیترن؟!.
حافز ئەسەد ٤٠ ساڵ سووریا و سوورییەکانی لێخوڕی، دوای مردنی کەسیان دەست نەکەوت بەشاری کوڕی نەبێ: 
ئەویش ئەوە بیست ساڵە، سووریا و سوورییەکان لێ ئەخوڕێ!!.
بورقێبە پەنجا ساڵ سەرۆک بوو، موبارەک سی ساڵ و مرخیشی لێ خۆشکردبوو کە جەمالی کوڕی بکات بە سەرۆک!!.
کاک عەلی عەبدوڵا ساڵح: چل ساڵ لە یەمەن لێخووڕینی بوو، ئۆردوگان ئەوە بیست ساڵە تورکیا و توورکەکان لێ ئەخوڕێ!!…
ئاخووندەکانی لە مرۆڤ نەچوو، ئەوە چل و دووساڵە، ئێرانی کۆرشی کەبیر و داستانە خەیاڵییەکانی( کە لێیان بۆتە ڕاستی) ڕۆستەم و زۆراب و پێرژییەن...پێرژییەن لێدەخووڕن!!.
پاشا و ئەمیر و گزیر و وەزیر و …لیستەکە بە کەس پڕ نابێتەوە... 
کابرای لەمەڕ خۆمان، سی و چوارساڵە کورد و کوردستان لێدەخوڕێ……
کەس لە مانەی پرسییەوە: 
بۆ وا ئەکەن؟ 
بۆ ئەدزن؟ 
ئەبڕن؟ 
ئەکوژن و 
ئەفرۆشن و 
وێران ئەکەن؟!!!.
حاشا !
دەی ئێوە و خواکەتان، ئەم پیاوە ( ئەم بیبی) یە جوامێرتر و شەریفتر و وڵاتپارێزی خەڵکی خۆیەتی، یا ئەو سپڵی لاورگانەی، کە بە خۆیان و ژن و منداڵەکانیانەوە( بەوەی لەمەڕ خۆشمانەوە)، بەر بوونەتە گیانی خەڵکەکەی خۆیان؟!!.
گیانەکانم: 
خەڵک وڵاتپارێزیی و گەلویستی و نیشتمانپەروەریی و خەمخۆریی دەکات، خۆ بە هەوانتە سوێند بۆ گەلی خۆی ناخوات، کە لە پێناویاندا سەری خۆی پێشکەش دەکات…. ئاوایە ڕێگای ڕزگاریی و بنیاتنانی نیشتمانێک...
ئێمەی کورد، بە هەڵکەوت و بەڕێکەوت، جوامێرێکی گەوهەرینمان تێدا هەڵکەوت 
وتی: ئەگەر من دڵسۆزیی بۆ خۆم بکەم و بۆ گەلەکەمی نەکەم، 
نامەردییە و  
سپڵەیی و 
خیانەتە 
بۆیە ئەوە بیست و حەوت ساڵە، لەپشت هەزار دەرگای قوفڵ کراوەوە، لە چاوی ئێمەیان شاردۆتەوە، 
کەچی هەموو بەیانییەک لە خەو ڕادەبین، 
" بێریتان"ێکی پەروەردەی هزری ئەم "جوامێر"ەمان، 
داستانێکی نوێ 
دەخوڵقێنێ….
ئەگەر بە خوێنی خوێشی بێ..
چکێ "ئازادیی" بەرهەمدێنێ...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە