هەموو کازیوەیەک، بێریتان دێتەوە و پێمان دەڵێ
Friday, 02/08/2024, 22:25
زۆرینەی ئەو بە ناو ڕوناکبیرانەی (عەرەب) کە باسی ئەو کوشتارانەی سەرکردەیەتییەکانی دەستە و تاقمە عەرەبییەکان دەکەن، دەڵێن نەتەنیاهۆ(لە ئیسرائیل بە بیبی ناوزەدی دەکەن) بۆیە بەردەوامە لە درێژەدان بەکوشتنی سەرکردەی تاقم و دەستەکاندا، چوونکە دەیەوێ لە پلەکەیدا وەک سەرۆک وەزیران بمێنێتەوە و دەزانێ ئەگەر شەڕ بوەستێنێ، دادگایی دەکرێت!!!.
ـ سەرەک وەزیرانێک، بەگفتی ئەوان، لە دادگایی کردن دەترسێ، ئەم قسەیە چ مانایەک دەدات؟!.
• ئیسرائیل وڵاتێکی دیمۆکراتیی خاوەن دامەزراوەکانە، کە لەوێ هیچ کەس لە بان "یاسا"وە نییە، هەموو کەس بەپێی هەڵەکانی دادگایی دەکرێت.
١- بەرپرسی ئیسرائیلی، بەرانبەر بەپاراستنی خەڵکەکەی خۆی لێپرسراوە و خیانەتیان پێ ناکات و لە پێناوی مانەوە و
گەشەکردنیاندا، تێدەکۆشێ و هەوڵ دەدات.
٢- پارە و خەزنەی نیشتمانەکەی لەم لاولای دنیا قایم ناکات و خەڵکەکەی خۆی برسی ناکات.
٣- دەستی دوژمنانی میللەتەکەی ناگرێت بۆ سەر دڵی نەتەوەکەی، بەڵکو لە دوورترین خاڵی جیهانیشدا بێت، دەستیان دەبڕێ و
تۆڵەیان لێ دەکاتەوە.
٤- دوای دەیان و سەدان ساڵ خەباتی خوێناوی، بە نەتەوەکەی ناڵێت، بڕۆنەوە بۆ ماڵی خۆتان و ئیتر ئاش بەتاڵ، بەڵکو دانە دانە،
هەر کەسێک خیانەتی لە میللەتی جوو کردبێ، لێپرسینەوەی توندی لێ دەکات. هتد…و…….هتد…و……..هتد.
باشە ئێوە و خوداتان، کامەیان شەریفتر، نیشتمانپەروەرانەترە، دڵسۆزتر و شارستانەتیترن؟!.
حافز ئەسەد ٤٠ ساڵ سووریا و سوورییەکانی لێخوڕی، دوای مردنی کەسیان دەست نەکەوت بەشاری کوڕی نەبێ:
ئەویش ئەوە بیست ساڵە، سووریا و سوورییەکان لێ ئەخوڕێ!!.
بورقێبە پەنجا ساڵ سەرۆک بوو، موبارەک سی ساڵ و مرخیشی لێ خۆشکردبوو کە جەمالی کوڕی بکات بە سەرۆک!!.
کاک عەلی عەبدوڵا ساڵح: چل ساڵ لە یەمەن لێخووڕینی بوو، ئۆردوگان ئەوە بیست ساڵە تورکیا و توورکەکان لێ ئەخوڕێ!!…
ئاخووندەکانی لە مرۆڤ نەچوو، ئەوە چل و دووساڵە، ئێرانی کۆرشی کەبیر و داستانە خەیاڵییەکانی( کە لێیان بۆتە ڕاستی) ڕۆستەم و زۆراب و پێرژییەن...پێرژییەن لێدەخووڕن!!.
پاشا و ئەمیر و گزیر و وەزیر و …لیستەکە بە کەس پڕ نابێتەوە...
کابرای لەمەڕ خۆمان، سی و چوارساڵە کورد و کوردستان لێدەخوڕێ……
کەس لە مانەی پرسییەوە:
بۆ وا ئەکەن؟
بۆ ئەدزن؟
ئەبڕن؟
ئەکوژن و
ئەفرۆشن و
وێران ئەکەن؟!!!.
حاشا !
دەی ئێوە و خواکەتان، ئەم پیاوە ( ئەم بیبی) یە جوامێرتر و شەریفتر و وڵاتپارێزی خەڵکی خۆیەتی، یا ئەو سپڵی لاورگانەی، کە بە خۆیان و ژن و منداڵەکانیانەوە( بەوەی لەمەڕ خۆشمانەوە)، بەر بوونەتە گیانی خەڵکەکەی خۆیان؟!!.
گیانەکانم:
خەڵک وڵاتپارێزیی و گەلویستی و نیشتمانپەروەریی و خەمخۆریی دەکات، خۆ بە هەوانتە سوێند بۆ گەلی خۆی ناخوات، کە لە پێناویاندا سەری خۆی پێشکەش دەکات…. ئاوایە ڕێگای ڕزگاریی و بنیاتنانی نیشتمانێک...
ئێمەی کورد، بە هەڵکەوت و بەڕێکەوت، جوامێرێکی گەوهەرینمان تێدا هەڵکەوت
وتی: ئەگەر من دڵسۆزیی بۆ خۆم بکەم و بۆ گەلەکەمی نەکەم،
نامەردییە و
سپڵەیی و
خیانەتە
بۆیە ئەوە بیست و حەوت ساڵە، لەپشت هەزار دەرگای قوفڵ کراوەوە، لە چاوی ئێمەیان شاردۆتەوە،
کەچی هەموو بەیانییەک لە خەو ڕادەبین،
" بێریتان"ێکی پەروەردەی هزری ئەم "جوامێر"ەمان،
داستانێکی نوێ
دەخوڵقێنێ….
ئەگەر بە خوێنی خوێشی بێ..
چکێ "ئازادیی" بەرهەمدێنێ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست