بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە


٢٥ ی ٧ ، یادی هەڵگیرساندنی مۆمێکی خامۆش بوو

Friday, 02/08/2024, 19:11


٢٥ ی ٧ ی ٢٠٢٤ ، پانزە ساڵ تێپەڕ دەبێت بە سەر دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان دا بەسەرکردایەتی نەوشیروان مستەفا جێگری ئەوکاتی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی و بە هاریکاری کەسانێکی زۆری تر لە ڕەخنەگر و ناڕازی حیزبەکانی تر و کەسە سەربەخۆ و تەکنۆکراتەکان .
ئەو بزوتنەوەیەی گەرچی لە بەرئەنجامی نادادی و نەبوونی خزمەتگوزاری و ڕەخنەگرتن لە کارە قێزەون و دوور لە مرۆڤدۆستانەکانی دەسەڵات و حساب نەکردن بۆ دەنگ و ڕەنگی خەڵکی بەشمەینەت و ناڕازی سەر شەقام و بوونی ترس و برسێتی و گەندەڵی یەکی زۆر سەری هەڵدا و مۆمێکی هەڵگیرساند لەهەناوی ئەو قۆناغە شەوە زەنگەی کە ڕووبەڕووی هاوڵاتیان کرابۆوە کە بۆ ئەو کات وەک شۆڕشێکی مەدەنی بێهاوتا لێک ئەدرایەوە .
هەمووان بەتاسەوە ئاواتەخوازبووین کە ئەم دەرفەتە ئاڵتونیە ببێتە دەرچەیەک بۆ کرانەوە و گەشانەوەی بەختی ئەو میللەتەی کە ساڵانێکی زۆرە بەدەستی پارتی و یەکێتی بڕستی لێبڕاوە و بەردەوام نائومێدکراوە . سا بەڵکو ئەو دوو حیزبە ناچار بە تەسلیم بوون بن بە سیستمێکی مۆدێرنە و دیمۆکراسی و ڕوو لەخەڵک و پشت لە دوژمن . ئەمەش بەفشاری هێزی لەڕادەبەدەری بزوتنەوەیەک کە پڕچەک بوو بە ئەزموونی سەرکردە پیرەکان و توانای گەنجەکان و کەسانی ئەکادیمی و تەکنۆکرات و خاوەن پێگە لەمسەری ئیسلامیەوە بۆ ئەوسەری عەلمانی . تاکە بزوتنەوەی فرە دەنگ و ڕەنگ بوو کە لە مێژووی کۆن و تازەی کورد دا دروست بووبێت و بووبێتە مەترسیەکی جددی بۆسەر پێگەی پارتی و یەکێتی، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەو هێزە بێوێنەیە وەک بەفری هاوینی لێهات . هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن ئەپوکایەوە  نەیتوانی لەئاست ئەو بەرپرسیارێتیە مێژووییەدابێت و ناوی خۆی وەک ڕەمزێک بهێڵێتەوە بەهۆکاری نزیک بوونەوە لە سەوز و زەرد و توانەوە تیایاندا . خراپتر لەوەش ، بوو بە کانگای نائومێدی بۆ خەڵک ، کە تائێستاش هەربەردەوامە وە کاریگەریەکەی تا ساڵانێکی زۆر لە هەناو و خەیاڵی میللەت دا ئەمێنێتەوە .
من ئێستا گومان ئەکەم کە بزوتنەوەی گۆڕان هەر ئەوکات وەک فریادڕەس و دەستبارێک بۆ دەسەڵات دروست بووبێت وەک ئێستا ئەیکات و هیچ شەرمیش ناکات لە دەرخستنی ئەو ڕاستیە . وە ڕێکەوتنێکی ژێربەژێریان هەبووبێت تا دەنگە ناڕازیە جددی و مرۆڤدۆستەکان لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە تا وەک ئیسفەنجێک هەڵیان لووشێ بۆ ئەوەی ئەو نائومێدیە لەناو خەڵکدا دروست بکەن کە ئێستا لە ئەو پەڕیدایە . چەندین پڕۆژەی لێک تێگەیشتنی یەکێتی و گۆڕان لەئێستادا بۆ یەکگرتنەوەی ئەو دوو لایەنە و بەردەوام بە پارتی بوونی هەندێکی تر لە سەرکردە و پەرلەمانتارەکانیان زیاتر ئەو گومانە ئەکات بە واقع کەلە سەردەمی نەوشیروانەوە تا ئێستا هەر بەردەوامە . گردەکە ئێستا بەجۆرێکە بووە بە کارگەی بەرهەمهێنانی کادێری پارتی دەرەجە یەک. 
وتەیەک هەیە ئەڵێ ، مناڵەکان بە گاڵتەوە بەردیان لە چۆلەکان ئەگرت بەڵام ئەوان بە ڕاستی مردن!
گۆڕانیش بە یاریەکی سیاسی و گاڵتەجاڕانە و جوڵاندنی سۆزی خەڵک و سواربوونی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان ،  ویستی خەڵک هۆشیاربکاتەوە لە بوونی ئەو هەموو زوڵم و نادادی و برسی و گەندەڵی و ترسەی کە هەیە تاوەک کارتی فشار بەکاریان بهێنێ دژی دەسەڵات بۆ ئیمتیازاتی دوورمەودای خۆی لەوانە داگیرکردنی گردێک لەناوجەرگەی شاری سلێمانی و بەخێزانی کردنی بزوتنەوەکە و خزاندنی کۆمەڵێک مشەخۆر بۆ کێکی دەسەڵات کە تا ئێستاش پەڵەیەکی ڕەشی خیانەتن بۆ خودی خۆیان و ناوی بزوتنەوەکەش .
بەڵام وادەرئەکەوێت کە هەر بەو هۆشیاربونەوەیە میللەت ئەمجارە لە قۆناغی داهاتووی هەڵبژاردندا ، دوا بسمار لەتابوتی خودی بزوتنەوەی گردەکە بدات لەپای تەسلیم کردنی نزیکەی نیو ملیۆن دەنگ لەسەر سینیەکی ئاڵتون بە پارتی و یەکێتی و پەرتەوازەکردن و خیانەت کردن لە ئەو هەموو هێزە پاک و لێبڕاو و توانا گەنجانەی کە لەناو هەر حیزبێکی تر بوونایە دەوڵەتی پێ چێ ئەکرد و ژێرخان و سەرخان و هێزی مرۆیی وڵاتەکەی پێ بەهێز ئەکرد .
جێگەی پێکەنینە ، بەرپرسانی ئێستای ئەو بزوتنەوە گردنشینە وائەزانن ئێستاش ساڵی ٢٠٠٩ یە بەدیار شەوقی کزی مۆمێکەوە دانیشتوون خەریکی خوێندنەوەی شیعر و شانامەی بەتاڵن بۆ ئێمەی ماران گەستە ، بەئومێدی ئەوەی گوایە با چیتر ئەو هێزە لەوە ڕەزیلتر نەبێت و ببێتەوە بە جێگەی  ئومێدی گۆڕانکاری .
ئێستا گۆڕان وەک زەلکاوێک ئەبینم لەپاڵ زەلکاوەکەی پارتی و یەکێتی ، لە مێش و مەگەز زیاتر چاوەڕوانی هیچ بەرهەمێکی تری لێناکرێت .
داوا لەخەڵکە چەوساوە و دەربەدەرکراو و نانبڕاو مارانگەستەکەی گۆڕان ئەکەم کە ئەمجارە بە جۆرێک سزای ئەو گردە بدەن تا ببێتە دەرسێک بۆ هەموو ئەو فیکرە ژەهراویانەی تر کە بەنیازن یاری بە دەنگ و کەرامەت و سۆزی خەڵک بکەن بۆ هێشتنەوەی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان و دوایش کە شوێنی خۆیان گرت بێ منەتی خۆیان دەرببڕن لە دەنگ و سەنگی خەڵک تا هەڵبژاردن و ئیشێکی تر . ئیتر بەم جۆرە بەردەوامی بەم یاری و گاڵتەکردنە بدەن تا بەردەوام ئاشیان بگەڕێ !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە