ئاوێنەبچکۆلەکان
Friday, 02/08/2024, 18:28
ئاوێنەی دووەم
ڕەنگادانەوەی وێنەی باشوور لە ئاوێنەیەکی بچووکی ڕۆژهەڵاتیدا
ڕووی ئەم ئاوێنە بچووکەم، کە تیشکی وێنەیەکی شێوێنراوی باشوور دەداتەوە بۆ لاوانی کچ و کوڕ و دایکان و باوکانی ڕۆژهەڵاتیمە.
هێژاکانم...دەسپێکی سەرەتای کار ئەوەیە کە دەبێ لە نوێ پێناسە بۆ زاراوەکان، بەسەرهات و کارەساتەکان، پێناسە بۆ شێوەی بەرخۆدان، بزووتن، خواست، هاوپەیمانی، کەسایەتی و ڕێکەوتنەکانمان بکەینەوە. کەسایەتییەکان وەک خۆیان ببینین، ئەو وێنە زەینییەی کە لە پاشخانی بیرکردنەوەماندا هەمیشە ئامادەیی هەیە و بەر چاومان لێڵ دەکات و ئاڕاستەی هەنگاوەکانمان دەگۆڕێت یا سست دەکات، لە وەهم و تراویلکەبوونەوە بکەینە واقیع، مانای هەموو شتێک وەک: بووە، هەیە و بەپێی ئاماژە و نیشانەکانیشی کە لە داهاتووشدا دەبێت، ببینین.
ئەمە بۆ سازدانی زەمینەیەکی قایم و توندوتۆڵە کە لەسەری ڕابووەستین، چالاکییەکانی لەسەر ئەنجام بدەین.
شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، ئەم زەمینە نوێیەی نەبوو( لە وێنە گشتییەکەیدا)، بەڵکو لەسەر زەمینە کۆنەکەوە کە زۆر وەهمی درێژخایەنی لە بیرکردنەوەماندا دروستکردبوو، ڕوویدا، دوو بەش بوو:
• بەشی یەکەمیان ڕەنگدانەوەی وێنەی خەباتی دێرینەی پارت و کەسایەتییەکانی بەر لە شۆڕشەکە بوو( کە بەشێکی بچووک بوو لە ناو وێنە گەورەکەدا).
• بەشی دووەمیان لەو دابڕانەوە هاتبوو، کە کچان و کوڕانی لاو لە ڕۆژهەڵاتدا تێیدا ژیابوون، چالاکی بەرفراوانی پارت و کەسایەتییەکانیان نەبینی بوو، بەڵام تاڕادەیەک لە ژێر کاریگەریی ئەو گێڕانەوەیەدا بوون کە باوانیان بۆیان گێڕابوونەوە سەبارەت بە سەربووردەی ڕووداوەکان و کەسەکان.
کاردانەوەی ئەو پارت و کەسانەی بەشی یەکەم بەرانبەر بە شۆڕشی ژینا، ئەوەیان بۆ ئێمە سەلماند: هەر چەندە شۆڕشەکە توانرا دوابخرێت، بەڵام بووشە هۆی زیندووبوونەوەی ئەو پارت و ڕێکخراوانە، من دڵنیام کە کچان و کوڕانی لاوی ڕۆژهەڵات، لە پێوانەیەکی گەورەدا، ناسیاوییان لەگەڵ ئەو ڕابووردووەدا نەبوو، بەڵکو ئەوان کچان و کوڕانی سەردەمەکەی خۆیان بوون، ئاشنایەتی تەواویان بە ئامڕازەکانی بەرخۆدانی سەردەمەکەی خۆیان هەبوو، تێشیدا سەرکەوتوو بوون، چوونکە دەیانناسی و تا ڕادەیەکی زۆر تێی گەیشتبوون، نامۆ نەبوو بۆیان کە سڵی لێ بکەنەوە، لەو بەشەدا کە کچان و کوڕانی ڕاپەڕیوو ئامڕازەکانی خۆیان بە کارایی دەبردە مەیدانی بەرەنگارییەکانەوە دوژمنیان دەتۆقان و جووڵەکانیان دەوەستان، بەڵام لەو بەشەدا کە ڕووی قسەیان لە گرووپ و کەسایەتییەکان بوو، کەمتر دەیانتوانی سەرکەووتن بەدەست بێنن، پێی نا ئاشنا بوون و نەیاندەناسی، چوونکە ماوەیەکی درێژ لەیەک دابڕابوون، بزووتنەوە ئازادیخوازەکە نەوەستا بوو، بەڵکو گرووپ و کەسایەتییەکانی ڕابووردوو وەستابوون، سست و بێ جوڵە بوون.
ئەو دابڕانە گرووپ و کەسایەتییەکان دروستیان کردبوو، بەڵام کچان وکوڕانی لاوی ڕۆژهەڵاتی، شێواز و فۆڕمگەلی تری بەرخۆدانیان داهێنابوو کە هی خۆیان بوون بۆیە توانای مانۆڕی زیاتری پێدەدان و مەیدانی چالاکییەکانی فروانتر دەکردن. گرووپ و کەسایەتییە کۆنەکان هەم لە ڕووی ژمارەی ساڵەکانی خەباتەوە هەم لە ڕووی بیرکردنەوەوە، پیر ببوون و ئەو وزەیە لەواندا نەبوو/ نییە کە پێ بەپێی کچان و کوڕانی لاوی ڕۆژهەڵاتی بچنە پێشەوە. ئەوەی گەنج و لە مەیدانەکەدا بوو/ هەیە تەنیا پژاکە، کە پشتیوانەیەکی دامەزراو و سەختە و دەتوانێ دڵگەرمیتان پێ ببەخشێت ( ئەمەش بۆ پژاک قۆناغیكی نوێی بەرخۆدانی کوردستانیانەیە، کە دەبێت بە وردی خوێندنەوەی بۆ بکەن، ئەوەشیان لێ چاوەڕوان دەکرێت).
تیشکێک لە باشوورەوە، لە دوای ڕاپەڕینەوە دەیدا لە ڕۆژهەڵات، ئاوێنەگەلێک لە باشوور وێنەی دەسەڵاتی باشووریان بۆ ڕۆژهەڵاتیان دەدایەوە، کە بەهیچ جۆرێک وێنە ڕاستەقینەکەی باشوور نەبوو، سەرکردەیەتی پارت و گرووپ و کەسایەتییەکانی ڕۆژهەڵات ڕۆڵی گەورەیان بینیوە/ دەبینن لە دروستکردنی ئەم وێنە شێواوەدا.
کەس تا ئێستا، چ ڕۆژهەڵاتی چ باشووریی، جا حیزبی بووبێت یا نا حیزبی، ئەوەی بە ئێوە نەوتووە، ئەگەر لە سەردەمی ڕوودانی ڕاپەڕینی باشووردا، باشووریان (پژاک) ێکیان هەبایە، بەهیچ جۆرێک ئاڕاستەی بزووتنەوە ئازادیخوازییەکە لە باشووردا بەو جۆرە و بەو ئاسانییە، لەلایەن سەکردەیەتی خێڵ – حیزبەکانی قیادەمووەقەتە و جەلالییەوە، نە دەگۆڕڕا بۆ بزووتنەوەیەکی دژە کورد، یا ناتەبا لەگەڵ خواستە دەروونییەکەی خۆی کە لە پێناویدا ڕاپەڕینی بەرپا کردبوو!!. بۆیە من پژاک وەک متمانەیەک دەبینم بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵات، ئەمە پڕوپاگەندە نییە بۆ پژاک، بەڵکە بەرواردکردنێکی واقعیی دەسەڵاتی ئێستای باشوورە، لەگەڵ واقعی داهاتووی ڕۆژهەڵات، ئەم خاڵە گرنگە!!.
سەربووردەی مانەوەی خێڵ – حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی قیادە و جەلالیدا، بە بەهانەی پارێزگاریی لە هەرێم، کە لە ڕاستیدا، یارمەتیدەر بوو بۆ مانەوەی سی و چوار ساڵەیی دەسەڵاتی سەرکردەیەتی ئەو دوو خێڵ – حیزبە، کە ناچاربوونێکی ڕەنگە نەخوازراوی ئەندامەکانی ئەو حیزبانەشی تێدا بووبێت، بەڵام وێنە گەورەکەی ئەم کارەساتە( دانیشتن لە ژێر دەسەڵاتی قیادە و جەلالیدا)، هەڵبژاردەیەکی نا درووست، نا ئازادیخوازانە و ناکوردستانیانە بوو، کە بێدەنگییان بوو لەو کارەساتە گەورانەی ئەو دوو خێڵ – حیزبە لە ماوەی فەرمانڕانیاندا بەسەر ئەو بەشەیان لە نەتەوەکە هێنا لە باشووردا، ئەمەش مۆری دروستبوونی ئەو بۆچوونەم دەکات کە لە ڕستەکانی سەرەوەدا نووسیم.
ئێدی ئەوە بووە نەخۆشییەک کە هێز و توانای تەنانەت لە تاکەکانی ڕۆژهەڵاتیش بڕی، کە بە دنیایە خەون و هیواوە دەهاتن بۆ باشوور تا بەو حیزبانەوە پەیوەست بن، ئەمەش زیانی گەورەی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی لە ڕۆژهەڵاتدا دا، زۆری نەبرد ئێدی سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە پلەی جوودا، نزیک و نزیکتر دەکەوتنەوە لە سیاسەتی جێبەجێکراو لە باشووردا و کەوتنە بەرگری لە دەسەڵاتی قیادە و جەلالی، نەک لە سەر زاری سەرکردەیەتییەکانیانەوە، بەڵکو بە شێوازی تر، لەوانە:
• ناردنی کچان بەتایبەتی و کوڕانی ڕۆژهەڵاتی بۆ کارکردن لەو دەزگا مێدیایانەدا، کە ئاڕاستەکراوبوون و مەبەست سڕینەوەی وێنە خوێناوییەکی قیادە بوو، کە لەسەرەتای شۆڕشی باوانی ئێوەدا بۆ ئازادی، پێش لەشکری داگیرکەری پاسداران کەووتن بۆ پاکسازیی شارە کوردستانییەکان لە باوانی ئازادیخوازیی ئێوە. ئەمە ئەو وێنەیە بوو لە دەستەکانی قیادە موەقەتە کە لە زەینی ئەو بەشە و ئەو نەوەیەدا چاپ ببوو/ بووە.
• پیشاندانی بنەماڵەیەک و بە گفتی خۆیان ڕێبازی بنەماڵەیەک وەک نوێنەری مەسەلەی کورد و پێشەنگ بوونی ئەو بنەماڵەیە لەو پرسە و خۆ بە خەمخۆر و دڵسۆزیی یەکەمینی ئەو پرسە زانین.
• ڕاسپاردنی کەسانێکی زۆری لایەنگری خۆیان، بۆ چەواشەکردنی لاوانی( لەمە بەدوا کە دەنووسم لاوان مەبەستم لە کچان و کوڕانی لاوی ڕۆژهەڵاتە) ڕۆژهەڵات و ئاڕاستەکردنیان بە سوودی سەرکردەیەتی قیادە لە باشووردا.
• ڕاسپاردنی کەسانێکی سەر بە خۆیان، لە ماڵپەڕ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، کە بە زاراوەی نا مەفهوم و ئاڵۆزکردنی باسوخوازەکان، ئاڕاستەی گفتوگۆکان بگۆڕن و ئەگەر پێویستیشی کرد، سووکایەتی بەکەسان ولایەنەکانی دی بکەن تا گفتوگۆکان نەگەنە ئامانجی خۆیان و کۆڕ و کۆبوونەوەکان بشێوێنن.
• هەوڵدان بۆ جوودا کردنەوە و دابەشکردنی پرسی کورد بۆ چوار پارچە! هەرچۆن بە فیزیکی نەتەوەکەیان بەسەر خۆیاندا دابەش کردووە.
• دروستکردنی بارودۆخێکی وا کە وا لەلاوان بگەێنن کە پرسی کورد چوار پرسە و چوار شیکار و چوار چارەسەری هەیە!! بۆ لاوەکان، دەبێت ڕۆژهەڵات گرنگ بێت و تەئکیدیشیان لە ئێرانی بوونی پرسی کورد دەکردەوە و دەیانویست/ دەیانەوێ کە کورد لەیەک داببڕن و بە لاوەکان بڵین: تەماشاکەن ئێوە دەبەن لە کۆبانێ دەتاندەن بە کوشت!!!، ئەمە قسەیەکی هێندە قووڵە کە وەک خەنجەرێکی ژەهراوی هەزار تیخ و دەم، بە دڵی نەتەوەکەیدا دەکەن و زۆر بە وشیاریی و لەسەر بنەمای پیلانێکی نەگریس ئەم ژەهرە کوشندەیە بڵاودەکەنەوە.
گرفتی عەقڵیی لای ئێلیتی میللەتی سەردەست.
لاوانی ڕۆژهەڵاتەکەم، ئێمە دەزانین کە نیشتمانی ئێمە دوای جەنگە گەورەکانی جیهان، دابەشکرا بەسەر چوار دەوڵەتی مۆنتاجکراوی نوێی دوای جەنگەکاندا، دابەشکردنەکە هەموو بوارەکانی ژیان و ژیاریی گرتەوە: جوگرافییایی، ڕامیاری، ئیداری، کلتووری، ئابووری ودبلۆماسی، بەهۆی ئەم دابەشکردنەوە مافی خۆنواندن و نوێنەرایەتی کورد لە خۆی و کلتوورەکەی زەووتکرا، هەنگاوی یەکەمی داگیرکردن کلتوورییە، واتە ڕەخساندنی زەمینەی زەینی خەڵکە داگیرکراوەکە بۆ قبووڵکردنی داگیرکارییەکە. هەموو نەتەوەیەک بەچەند ڕایەڵەی گرنگ و بنەرەتی پێکەوەگرێدراوون کە هیچ هێزێک ناتوانێ لێکیان داببڕێ، ئەمە هەم فەرمانڕانانی داگیرکەر و هەم ئێلیتی نەتەوەی سەردەست و هەم خەڵکە داگیرکراوەکە دەیزانن، بەڵام ئەم ڕاسەقینەیە کە میللەتان نامرن، بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی نەچووە بە عەقڵی فەرمانڕانانی دەوڵەتانی داگیرکار و ئێلیتەکەیدا.
هێج گومانم لەوە نییە، بەڵگەش هێندە زۆرە کە لە ژماردن نایەن ئەگەر کەسێک گەرەکی بێت ڕاستییەکان وەدۆزێ، کە نەتەوەی کورد هەر لەو جێگایە و لەم ژینگەیە و لەم جوگرافیایەدا لە دایک بووە، گەشەی کردووە، شەڕی ئەنجامداوە، سەرکەوتووە و تێکیش شکاوە، ئەو میللەتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، لە جوگرافیای دییەوە هاتوون، واتە خەڵکی ئەم نیشتمانە نین کە ناوی کوردستانە، ئەم ترسە لە نەبوونی پاشخانێکی قووڵ لەسەر ئەم زەوییە گەورەیە، وای لێکردوون کە پەلامار بدەن، قۆپی بکەن لە مێژوو و کلتووری خۆیاندا، چوونکە کەسێک کە خۆی خاوەنی داهێنانێک بێت، ترسی لەوە نییە کە داهێنانەکەی بە ئاکام نەگات، بۆیە دەبینی کورد هەر بەردەوام بوو لە گەشەکردندا، داگیرکارەکانیشی کە هەڵگری کلتۆورێکی ناڕەسن و هاوردەبوون، هەمیشە ئەو ترسەیان بووە، کە داهێنراوە کلتوورییە بنەڕەتییەکە، سەرهەڵبداتەوە و ڕاستییەکان ئاشکرا بێت و مەملەکەتەکەی ئەوان بلەرزێنێ، لە نموونەی ئەمە ئەو قسەیەی نوێنەرایەتی فاشستی تورک ئۆردۆگان بوو کە وتی: زمانەکەی تۆ، وڵاتەکەی من دەلەرزێنێ!!، ئاپێی ئازادیخوازیی کوردیش مووسا عەنتەر وەک ڕەسەنایەتییەکی کوردی وەڵامێکی زۆر لۆجیکی و سەردەمیانەی دایەوە و وتی:" ئەگەر زمانەکەی من وڵاتەکەی تۆ دەلەرزێنێ، مانای وایە تۆ دەسەڵاتەکەت لەسەر نیشتمانی من بنیاتناوە".
ئەم لێکدانەوە کوردییە بە عەقڵی فاشزمی تورکی، فارسی وعەرەبیدا ناچێت، بۆیە پەنا بۆ تیرۆرکردن، پەلاماردان و وێرانکردن دەبەن و تیرۆری ئاپێی مە مووسا عەنتەر نموونەیەکی زیندووی ئەم ڕاستییانەیە، کە ئێلیتی بیر فاشستیی ئەو نەتەوە سەردەستانە، هەرگیز نایانەوێ ڕاستییەکان بیبیستن و بیبینن.
ئەگەر تاقەتی خوێندنەوەت هەبێت بۆ خوێندنەوەی ئەو وتارانەی کە تا ئێستا لەم سەکۆ کوردستانییەدا( کوردستانپۆست)دا بڵاوم کردوونەوە، زۆر جاران ئاماژەم بەوە کردووە کە: من وەک مرۆڤێکی ئازادیخوازیی کورد، دەتوانم لەگەڵ کرێکارێک و جوتکارێکی تورک، فارس و عەرەب لە ڕووی مرۆڤ بوونەوە هەڵسووکەوت بکەم و نانێکی لەگەڵدا بەش بکەم، بەڵام زۆر سەخت و دژوارە بتوانم هەمان ڕەفتارم لەگەڵ کەسێک لە ئێلیتەکانی ئەو نەتەوە داگیرکەرانە هەبێت، چوونکە بەدرێژایی ئەو مێژووە لە داگیرکردن، پێشداوەریی، ڕەفتاری لووتبەرزیی، دزینی کلتووریی و بێدەنگیم لەو ئێلیتانە بینیووە سەبارەت بەو تاوانانەی سپای داگیرکەری ئەو نەتەوە سەردەستانە لە نیشتمانی من ئەنجامیان داوە، بۆیە من بەرهەم و ڕەفتاری ئەو ئێلیتانەیان بە بەشێک لە پرۆسەی داگیرکردن، لە ناوبردن و شیواندنی کلتووری خۆم دەبینم، هەرگیز قسە و نووسینیان لای من تەرازووی ڕەفتاریان نەبووە/ نابێت. لێرەوە دەتبەم بۆ ناو کتێبخانەکەی ماڵەوەتان و بەو کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامانەدا گەشتێک دەکەین تا هێڵێکی بیرکردنەوە و وشیاری بۆ خۆمان دیاری بکەین و بزانین لەکام خاڵەوە دەبێت دەستپێبکەین.
نموونەیەکت دەدەمێ لەسەر ئەو کتێبە قەبە و زلەی ناو کتێبخانەکەتدا کە سەبارەت بە یاسای (ئەرکەکان و مافەکان)ی هاونیشتمانیانی ئێرانی نووسراوە. بە چەند خاڵ پوختەیەکی دەنووسمەوە:
- بە زمانێک نووسراوە کە زمانی دایکی من نییە.
- باسی ئەرکی پێش ماف خستووە، کە بە ملێۆنان لاوی وەک تۆ هەیە لە نیشتمانی مندا کە تەمەنیان هی ئەوە نییە کە ئەرکیان لێ داوابکرێت، بەڵکو دەبێت مافەکانیان بە کوالیتی بەرز بۆ دابین بکرێت.
- پارچەیەکی گەورە لە نیشتمانی ئێمەی وەک بەشێک، لە نیشتمانی خۆی پێناسەکردووە، یاسایەکی تێدا نییە سەبارەت بەو نەتەوانەی کە دەسەڵاتی دەوڵەتەکەی ئەوان داگیریان کردووە.
- منی وەک ئێرانی ناساندووە، لە کاتێکدا من کوردم و ئێرانی نیم، ناشێ و ناتوانم و نەگونجاوە کە ناسنامەی بوونی خۆم بگۆڕم، باسی نەتەوەکەی منی تێدا دیاری نەکراوە کە لە ڕووی یاساییەوە چۆن پێناسەم دەکات و سنووری دەسەڵاتی خۆی سەبارەت بە من تا کوێیە و لە چیدا کۆدەبێتەوە و هەڵوێستی خۆی دیاری نەکردووە سەبارەت بە زمانی دایکی من، کلتووری جودای من، نەرێتە نەتەوەییەکانی من؟!!
- باسی یاساکانی ئازادی ڕادەربڕین، نووسین بە کوردی، مافی خۆڕێخستنی من، چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی نەکردووە...... .
کەواتە ئەمە خاڵی دەستپێکی بزووتنەوەیەکی نوێیە بۆ تۆ و من کە لێوەی بڕوانینە هەڵوێستە یاسایی و کلتوورییەکانی ئەوی داگیرکەر، کە بەسڕینەوەی "کتێبخانەی مێشکمان" دەست پێدەکات، لە خڵتەی(کلتووری داگیرکردن) کە ئەوەش لە سەرەتاوە بەم پوختەیەی خوارەوە دەستی پێکردوە:
- لەو سەرەتایانەوە هەوڵدەترێت، کە زۆرترین کورد، ئێلیتی کورد، لەناو حیزبە سەرتاسەرییەکانی نەتەوەی سەردەستدا ڕێک بخرێن بۆ نموونەیان: حیزبی توودەی ئێران، حیزبی شیووعی عیراق و.... هتد.
- لە ڕێگەی ئەو ئێلیتانەی کوردەوە، چوونکە ناسراو، خۆشناو و پێگەیەکی کۆمەڵایەتیان لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا بووە، زمانی نەتەوەی سەردەست شیرین و خۆشەویست دەکرێت، واتە لە سەرەتاوە ئێلیتەکە لە ڕووی سیاسییەوە ئاسمیلە دەکرێن و پاشان ئەوان خۆیان دەبنە ئامڕازی ئاسمیلەکردنی لاوانی نەتەوەکەی خۆیان، لە نموونەی ئێرانی: محەمەدی قازی، ئیبراهیمی یوونسی، لە نموونەی توورکییان: یەشار کەمال و ئیبرایم تاتڵی ساز، لە خۆرئاوای کوردستان، سەلیم بەرەکات.....
- دەتوانم بە چەند پرسیار ئەو مەسەلەیەی سەرەوە باشتر بەرجەستە – و ڕوون بکەمەوە، هۆی چی بوو حەسەن زیرەک، مەزهەری خالقی، حەمەی ماملێ، سەی ئەسکەر* بە فارسی گۆرانییان نەوت بەڵام شەهرام نازری و سەرەتای کامکارەکان بە فارسی وتییان؟! محەمەدی قازی و ئیبراهیم یونسی، بە فارسی نووسیان و سەدان کتێبیان بۆ خستنە سەر زمانی فارسی، تۆ بێنە بەر زەینی خۆت محەمەدی قازی ڕۆمانی دۆن کیشۆتی بە کوردی وەرگێڕابا، چ زمانێکی دادەهێنا، چەند وشەی کوردی دەپاراست و زمانی کوردی بە چ ئاراستەیەک دەبرد؟! ئەی ئەگەر یەشار کەمال ئەفسانەی چییای ئاگری و حەمەدۆکی بە کوردی نووسیبان؟! چ شۆڕشێک لەم زمانەدا ڕووی دەدا، چەند لاوی کوردی بەکوردی پەروەردە دەکردن؟! بڕۆن وەرگێراوەکانی مامۆستا شووکور مستەفا بۆ نووسینەکانی یەشار کەمال وەخوێنن جا بڕوانن چۆن زمانی کوردی لە باریدایە کە باس لە خۆیی، لە مەسەلە ئینسانییە مەزنەکەی و توانای داهێنانەکانی بکات؟!
- بۆ ئەوەی لە ئەمڕۆ تێبگەین، دەبێت دوێنێ بخوێنینەوە، بۆ ئەوەش سبەی بناسین دەبێت ئەمڕۆ شیکار بکەین بۆ پەروەردەکردن، کە پەروەردەکردنیش بنیاتنانی عەقڵی خەڵکە بە هەموو ڕێگاکانی پەروەردەکردن، کە ئامڕازێکی ئەم پەروەردەکردنە بە پلەی یەکەم قوتابخانەکانن، ئەگەر قوتابخانەکانی ئێمە زمانی پەروەردە تێیدا زمانی داگیرکاریی، ڕەتکردنەوە و مێژوویەکی ئاوەژوو کراو بێت، چۆن دەبنە ناوەندی بەرهەمهێنانی تاکی ئازادی پرسیارکەر؟!. ئەگەر نموونەیەکی زیندووی ئەمڕۆیی وەربگرین: لە ئێراندا کەس لە سەر فێربوون و فێرکردنی زمانی فارسی یا تورکی لە تورکیا، لێپرسینەوەی لێناکرێت، زیندانی ناکرێت و سووکایەتی پێناکرێت، بەڵکو هاندەدرێت و خەڵاتیش دەکرێت، بەڵام کوردێک ئەم کارە بکات، لێپرسینەوەی توندی لێ دەکرێت و تەنانەت تیرۆر دەکرێت، نموونەکەی ئاپێ مووسا عەنتەرە لە باکووری کوردستان.....کە لە پەرەگرافەکەی سەرەوەدا باسم کرد.
- باوانی کورد نابێت ڕێگە خۆشکەربن بۆ لاوەکانیان کە پەیوەندی بکەن بەو حیزبە کلاسیکییە لەکاروانی سەردەم جێماوانەی باشوور و ڕۆژهەڵاتەوە، تۆی لاوی کوردستانی لە ناو خێڵ-حیزبی باشووری و ڕۆژهەڵاتیدا، ئەگەری زۆری هەیە ببیتە خۆراکی گرفتی نێوان سەرکردەیەتی حیزبەکان، کەی بیانەوێ دەتوانن بتکوژن... ئەمە ئەزموونە من بۆتی باس دەکەم.
- لە ناو خێڵ – حیزبی باشووری و ڕۆژهەڵاتیدا، ئەگەری زۆرە و ئاسانە کە ژیان، کەسێتی خۆت و خێزانت، ئابڕووی مرۆڤ بوونت، خۆشناویت، توانا و وزەکانت، هەر ساتێک و لەسەر هەر ڕەخنەیەک و سەرپێچییەک لە سەرکردەیەتی حیزبەکەت، بکەویتە مەترسییەوە و بکەویتە بەر هێرشی سووکایەتی و گاڵتە و جەفەنگ، تا ڕادەی تیرۆرکردن و کوشتنت، ئەم حاڵەتانە لە ناو خێڵ – حیزبەکانی باشووردا، وەک ئەوەیە جامێ ئاو بخۆیتەوە، خۆت دەیان کارەساتت بیستووە، لەناو خێڵ – حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیشدا، بەپێی دەسەڵاتی ئێستایان کەمتەرخەم نەبوون لە کوشتنی لاوی کوردی ڕۆژهەڵاتدا!!....بۆیە گرنگە کە وشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتیت زیاد بکەیت و زەینت ڕوونبکەیتەوە، چوونکە مانەوەی تۆ بۆ ئایندەی نەتەوەکە فرە فرە گرنگە. من وەک داهاتوویەکی بنیاتنەر و داهێنەر لە تۆ دەڕوانم و دەزانم کە دەتوانیت بنیاتنەری کۆمەڵگایەکی یەکسان و دادپەروەر بیت و توانای لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیاریی مرۆڤ بوون و کورد بوونت لە ئاستێکی زۆر بەرز دایە، نابێت ڕێگە بدەین ببیتە خۆراکی ناکۆکییە یەک لە دوای یەکەکانی سەرکردەیەتی خێڵ – حیزبی کوردی.
- زۆرجار دەبیستین کە شڕەخۆرانی خێڵ – حیزبی کوردی، بە نووسەرانی ئازادیخوازیی کوردستانی دەڵێن: لە ئەورووپاوە (نوسخە بۆ خەڵک) مەپێچنەوە، ئەوە هەشتا ساڵە سەرکردەیەتی خێڵ – حیزبی کوردی لە باشوور و ڕۆژهەڵات ( نووسخەی خوێناوی و ژاراوی) بۆ لاوانی کورد دەپێچنەوە بە خەبات و کوردایەتیش بە نەتەوەکەی دەفرۆشنەوە؟!
- سەرکردیەتی خێڵ – حیزبی کوردی لە خەمخۆرییەوە نییە بۆگیانی لاوانی کورد، کە ئەم قسەیە دەکەن، بەڵکو ترسیان لەو قەڵەمانەیە کە زەینی لاوانی کورد دەبزوێنێ و وێنە ڕاستەقینەکەی سەرکردەیەتی خێڵ – حیزبی کوردی پیشانی لاوانی کورد دەدات و بازرگانییەکەیان لە قاو دەدەن، بەڵێ ئەوە ئەرکی کوردستانی ئێمەیە کە لەسەر چڵەگیایەکی کوردستان، هەناسەی منداڵێکی کورد و داهاتووی لاوانی نیشتمانەکەمان خاوەن دەرکەوین و وشیاری نەتەوەیی و کوردستانیان بۆ ڕوون بکەینەوە. ئەمە نە مێژووی بنەماڵە، نە چیرۆکی خێل، نە سەربووردەی جل و جامەنە و نە رێبازی کەسێک نییە، ئەمە مێژوویەکی نوێی ژنی دلێری کورد، کوڕی داهێنەر و بنیاتنەری کورد و کچی ڕاپەڕیووی نیشتمانی زەوتکراوی نەتەوەیەکە، بە چاوێکی تر، بە لێکدانەوەیەکی تر و بە تێگەیشتنێکی ترەوە خۆیان ڕێکدەخەن و هەنگاو دەنێن و هەموو بزووتنێکیان کوردستانییە، بە ئەندازەی فراوانی خاکی نیشتمانەکەیان.
دەمەوێ سەبارەت بە باشوور پوختەیەکت بۆ باس بکەم، بە تایبەت لەدوای سەرنگوون بوونی ڕژێمی فاشستی سەددامەوە.
ئەو بەشە داگیرکراوە لە نەتەوەی کورد لە باشووردا، ڕێگەی خەبات نەما نەی پێوێ و جۆری بەرەنگاری نەما تاقی نەکاتەوە، چوونکە وەک هەموو تاکێکی تری ئەم نەتەوەیە لە کوردستانی گەورەدا، خەمێک، حەسرەتێک، خواستێک و هیوایەکی دێرینی هەبوو کە داینەمۆی بزووتنی ژیانی بوو، ئەویش ئازادی کوردستان بوو، ئەم خواستە نەتەوەییە پاڵی پێوە دەنا بۆ بەخشینی هەرچی شتێک لە ژیانیدا خۆشەویستە لەو پێناوەدا، تا بەختکردنی گیان و ژیانی خۆشی. تاگەیشتە ئەوەی کە بڕیاری ڕاپەڕینی دا و ڕاشپەڕی و سەریش کەوت. لە کاتی ڕاپەڕینی ئەمدا لە شارەکان، بە چیاکانیشەوە، کچان و کوڕانی ساڵانێک بوو دژ بە مەکینەی ستەمی داگیرکەری بەعس لە جەنگێکی خوێناویدا بوون، کە ئەگەر سەرکردەیەتییەکی کوردستانی دڵسۆزی نەتەوەکەیان هەبایە، ئەو هێزەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی/ ئێران، تەنانەت ژمارەیەکی زۆری ناو قیادەموەقەتەش، دەتوانرا بناغەیەکی زۆر پتەوی سپایەکی ئازادیخوازیی کوردستانیی لێ بەرهەم بهاتبایە**.
ڕاپەڕین سەرکەوت، کوردستان لە داگیرکەران پاک بوویەوە، ئەم ئازادییە خواستراوە دێرینەی خەڵک، دەتوانم بڵێم کە خەڵکی مەستی مەست کرد، بە جۆرێک کە "نە ئاوڕی لە دوێنێ دایەوە، نە ئەمڕۆی بینی و نە پلانێکی بو سبەی هەبوو"، بۆیە کەوتە ناو گێژاوی ناکۆکییە دێرینەکانی سەرکردەیەتی قیادەموەقەتەکان و جەلالییەکانەوە، لەماوەی چەند ساڵی کەمی دابەزینیان ئەوان لە کەرەجەوە و ئەمان لە پیرەمەگروونەوە بۆ ناو سێ شار و لەتەکەی باشوور، بە ئەندازەی هەموو ساڵەکانی ناکۆکی نێوانیان، کچ و کوڕی کوردییان لەیەکتر کوشت، ئەمجارە ئێدی خێزانی ئەو کوڕو کچە کوژراوانەشیان تێوەگلان، کۆمەڵگاین دابەشکرد، بوونی کوردیان دابەشکرد، ئەوەی کە سەددام فریا نەکەوت ئەنجامی بدات، ئەمان وەک ڕێچەکەگر و دڵسۆزێ ئەو ڕیبازەی سەددام، بۆیان تەواوکرد و لەویشیان تێپەڕاند.
لە کوردیدا وتەیەک هەیە دەڵیت: فڵانە شتی لەسەر سینییەکی زێر پێشکەش کرد، هەر بەو جۆرە عێراقێکی وێرانی دەوڵەمەندی، بێخاوەنی، بەرەڵاو حەرەڵا لە لایەن ئەمێریکاوە لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکەش بە سەرکردەیەتی خێڵەکی قیادەموەقەتە و جەلالی کرا، ئەمانیش وەک وەفادارییەک بۆ دوژمنانی دێرینەی کورد، بردیان بۆ تاران و ئەنقەرە و وتیان: فەرموون ئێوە ڕێگامان نیشان بدەن!.
لاوانی ڕۆژهەڵاتەکەم: باری کورد لە باشووری لکێنراو بە عێراقەوە، هەر لە زووەوە لە زەمانی ئینگلیز و سەردەمی پاشایەتی و سەردەمی سەرەتایی کۆمارییەوە، بەتایبەت لە باری کلتوورییەوە لەسێ پارچە داگیرکراوەکانی تر جوودا بوو: من کە بووم بە شەش ساڵ و یەکەم ڕۆژ منیان برد بۆ قوتابخانە، تەنیا شتێک نیگەرانی کردم دوورکەتنەوەم بوو لە دایکم و بیری دایکم دەکرد، قوتابخانەکەمان( قوتابخانەی سەرەتایی ئەمین زەکی بەگ/ مێژوونووسێکی کورد) کە سەد مەتر لە ماڵەکەمانەوە دوور بوو، هێندە دوور کەوتبۆوە، لای من مەوداکە بە عەقڵی ئەو سەردەمی شەش ساڵییەم، ببووە مەودای نێوان سلێمانی و سەرچنار، چوونکە تا ئەو کاتە سەرچنار دوورترین جێگا بوو کە منیان بۆ بردبوو، ئەمە دەڵێم کە ئیتر نیگەرانی ترم نەبوو، منداڵەکانی تر هەموو منداڵانی هاوسێکانمان بوون، مامۆستا ئەحمەد مامۆستای هەموو وانەکانمان بوو، کورد بوو بەر لەو ڕۆژە دەیان جار بینیبووم، پیاوێکی قسە خۆش و لە شێوە و هەیئەت و جلوبەرگیدا، شتێکی وای جوودا نەبوو، لەگەڵ باوکە ڕەنجدەرەکانی ئێمەدا. کتێبێکی جوانی " ئەلف بێ" ی کوردی پێدام و دەفتەرێک و قەڵەمێک و لاستیکێک و قەڵەم دایەنێک، هەموو منداڵەکان تریش وەک من ئەوانەیان وەرگرت، یەکەم ڕۆژی قوتابخانەم بە کوردی بوو تا دوازدە ساڵی ئامادەیم کە تەواوکرد هەر کوردی بوو، من کیمیک، فیزیک، زیندەوەرزانی، ڕووەکزانی، ماتماتیک، ئەندازە، جەبر، مێژوو، جوگرافیا، ئاین، وەرزش و هونەرم هەر بە کوردی خوێند، مامۆستاکانی زمانی ئینگلیزی و عەربیشم هەر کورد بوون، ئەمما چ کوردێک، کوردێکی شەرافەتمەندی دڵسۆزی منداڵانی کوردستان، بەڕاستی کوردستانپەروەر بوون.
ئەمانەم بۆ باسکردی، تا بتبەم بۆ ناو باری سیاسی کۆمەڵگای کوردی ئەوسا لە باشووردا و فیتنەی نەبڕاوەی قیادەموەقەتە و جەلالییەکان، لەو عێراقەی ئەوسادا، هیچ خوشکێکی ئێمە وەک "زارا"ی خوشکمان لەلای ئێوە لەسەر وتنەوەی زمانی کوردی زیندانی نەکرا، دەرسی کوردیان لە ئێمە قەدەغە نەکرد، چوونکە لە یاسای بنەڕەتی عێراقدا، وڵاتی عێراق لە دوو نەتەوەی گەورەی کورد و عەرەب دروستبووە، ئەمە گرنگ بوو کە هیچ سیاسییەکی کورد نەیتوانی/ نەیویست/ نەیزانی لەسەر ئەم بنەڕەتەوە کاربکات!!.
ڕاستە ڕەگەزەپەرستی کوێرانە زۆر عەقڵی پووچ کردبۆوە، بەڵام هەر ئەوە یەکەم و دوا هۆی ئەو کارەساتانە نەبوون کە بەسەر کورددا هات، نەبوونی عەقڵێکی کوردیی پاک و بێخەوش کە خۆیی و ژیانی بۆ بە ئامانج گەیشتنی نەتەوەکە تەرخانکردبێ، لەناو سەرکردەیەتی جوڵانەوەی سیاسی باشووری کوردستاندا نەبوو، ئەو دڵسۆز و زانایانەش کە ناچاریی گرێی دابوون بەم سەرکردەیەتییانەوە، هەر لە بەرایی شۆڕشەکانی کورددا لە باشوور، گیانیان دەبەخشی و زۆرینەیان بە کارەساتی ناڕوون و تەماویی کۆتایی بە ژیانیان دەهێنرا و تا ئێستا کەس نازانێ (کاک ئارام) چۆن و بۆ بە تاقی تەنیا لە گوندێکی ئەو باشوورە درایە دەست دوژمنەوە؟! کێ هەواڵی گەڕانەوەی کاک فوئاد سوڵتانی لە نێوان بانە و مەریواندا گەیاندە چەمران؟!! دادگای لێپرسینەوە لە تاوانەکانی سەرکردەیەتی کورد بەرانبەر بە نەتەوەی کورد، وا پێدەچێت لە سەدساڵ زیاتر بەردەوام بێت لەبەر زۆریی تاوانەکان و ئاڵۆزییان.
سێر هێنری دۆبس نوێنەری باڵای ئینگلیز ڕۆژی هەژدەی نۆڤەمبەری ١٩٢٦، نامەیەک دەنووسێ بۆ مەلیک فەیسەڵی یەکەم کە دەبێت: لەناو دروشمی ڕژێمی پاشایی عێراقدا نیشانەیەک بۆ کورد هەبێت و بەتالێۆنێک لە پاساوانەکانی کۆشکی کۆماریش بە جلی کوردییەوە بۆ پاسەوانەکان زیاد بکات***.
ئایا لەناو عەرەبی عێراقدا دژەکورد هەبوون؟!
بەڵێ، کوێرە رەگەزپەرستی وایان تێدا بووە/ هەیە کە چاویان کوردی نەدەبینی/ نابینێ، بەڵام وەک باسم کرد نیشانەگەلێکی بنەڕەتی و دامەزراویش هەبوون کە دەتوانرا کاری لەسەر بکرێت، بەڵام سیاسەتبازانی کورد لەو باروحاڵەدا نەبوون کە بیر لە ئاماژەی وا بکەنەوە و دەرفەتگەلی "بچووک" گەورە بکەن و دەنگی "نزم"ی وا بکەن بەهاوار، مەلیک فەیسەڵ خۆی گەلی کوردی وەک گەلێکی سەربەخۆ سەیرکردووە.
ئەوە بۆتە واقعێکی سەپێنرا و کە هەر بەشێک لە کوردستان، واقعێکی تایبەتی لەلایەن دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەستەوە لە ڕووی کلتووری، ئابووری، ڕامیاری و بوارەکانی ژیان و ژیارەوە بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کە ئێمە وەک تاک و وەک تاکێک لەناو کۆمەڵگەدا خۆ بدەینە دەستی ئەو واقیعەوە کە هەڵبژاردەی خۆمان نەبووە و وەک ڕوونم کردەوە، خۆشمان بەشدار بووین لە قایمکردن و دڕێژەدان بەو واقیعە سەپێنراوەدا، کە لە بەشی باشووریدا دەتوانرا زۆر کاری گەورەی بنەڕەتی کوردستانی تێدا بەرهەم بێت، کە ڕەوت و ئاڕاستەی هەموو بزووتنەوەکەی بە ئاقارێکی تردا ببردایە و کاریگەریی ئایەتی لەسەر هەموو بزووتنە ئازادیخوازییەکە بکردبایە، ئەو هەوڵە بەردەوامەی کە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی لە باکووردا چەندین ساڵە بە خوێن، ئارەق، چنگە کڕێ و بەرخۆدانی شایستە، تێکۆشانی بۆ دەکات. لە هەمان کاتدا ئێمە دەبێت چەند سەرەتا هەیە کە لێی غافڵ نەبین:
- بەپێی توانا و لێکۆڵینەوەی ورد، لەهەموو دەرفەتەکان، بچووک و گەورە، سوود وەربگرین.
- هیچ کەس و هیچ ڕێبازێک پیرۆز نین، ئەوەی کە شایستەی ڕێز و پاراستن و ئاگا لێبوونە، مرۆڤی کوردە، کە دەبێت تا ئەوپەڕی توانامان بۆ مانەوە و پێشخستن و پەرەوەردەکردنی هەوڵ بدەین، بە بزواندنی هزر و پێ سپاردنی بەرپرسیارێتی بۆ بەڕێوەبردنی خۆیی و بەشێک لە کۆمەڵگا، ڕەخساندنی ژینگەیەک کە گەشەی زەینی و دەروونی تێدا بکات.
- نە خۆمان بکەینە پاڵەوانی شەڕە دۆڕاوەکان، نەیش دەستپاچەیی و خۆ بەکەم زانین بکەینە شێوەی ژیانی بێدەربەستییمان.
- دەبێ بۆ خۆمان و بۆ کۆمەڵگاکەمان، نەک باش و باشتر، بەڵکو باشترینەکان بخوازین و بۆ بەرهەمهێنانی هەوڵ بدەین.
- ئەوەمان لە یاد بێت، هیچ کۆمەڵگایەکی مرۆیی وەک کورد، پێویستی بە ئارامیی و ئاشتی نییە، بۆ بنیاتنانەوەی خۆیی و مانەوەی.
- شەڕ نە ئامانج، نە خواست و نە ویستی ئێمە نەبووە- و نییە - و ناش بێت، کە ئێخەشی پێگرتین، دەبێت هەمیشە ئامادەیی ئەوەمان هەبێت کە بە سوودی خۆمان و مانەوەمان مانۆڕی تێدا بکەین.
- لەگەڵ خەڵکی خۆمان، وەک ئاوی زوڵاڵ و ڕوون بین، هەر دەستەیەکی کوردستانیش دەبێت سیاسەت و مەرام و تێکۆشانەکەی ڕوونترین و زوڵاترین بێت، ئەندامەکانی چاکترین بن، دەنا مێژووی بازرگانی کردن بە مەسەلەی کوردەوە، ئێدی خاڵی کۆتایی بۆ دانراوە و مەرج و شێواز و ڕەفتارەکانی بۆ گەل ئاشکرا و ڕوونن(ڕووی قسەم هەم لەگەلە هەم لە پژاکە، هەم لە تۆیە).
- ڕاستە ئێستا کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی، ئەوروپا، ئەمێریکا و ئەو وڵاتانەی هەموو ئازادییەکانیان بۆ تاک ڕەخساندووە بە هەنگاوی زۆر مەزن، کە مرۆڤ بەگشتی فریای ناکەوێت، بەرەو کردنەوەی هەموو کۆدەکانی ژیان و ژیار دەچنە بەرەوە، بەڵام ئەمە بۆ ئێمەی دابەشکرا و نەک دەرگایەکی بۆ نەکردینەوە، بەڵکو باری داگیکارییەکەی قورستر کردووین، ئەوەش نەک لەبەر ئەوەی کە ئێمە وەک یەکێک لە کۆمەڵگا مرۆییەکانی دنیا، نامانەوێت یا ناتوانین ڕۆڵی خۆمان هەبێت لەم پرۆسە ئاڵۆزەدا، بەڵکو لەبەر ئەوەی داگیرکارەکانمان و ئێلیتەکەی، دڕتر، درۆزنتر و سەرسەریتر بوون و بەرهەمی تەکنیکی ئەو شارستانەتە، وەک لێزمەی باران بەسەر ژینگە و دایک و منداڵی کوردا دەبارێنن، میللەتان و شارستانەتەکەشیان، لەبەر جەمسەرگەریی سیاسی و بەرژەوەندی ئابوورییان، ئەم کارەساتە مرۆیی و ژینگەییە نابینین و بۆیان نەبۆتە نیگەرانییەکی مرۆیی کە خەمی لێ بخۆن، بۆیە ئەم هۆیانە هاوارمان لێدەکات کە لەهەر کات وشیارتر، دڵسۆزتر و فراوانتر لەیەک نزیک ببینەوە و پشتیوانی لە بزووتنەوە ئازادیخوازەکەمان بەرینە باڵاترین ئاست و ئەگەر پێویستی کرد، سنوورەدەسکردەکان بخەینە ژێرپێمانەوە بۆ بەهاناوە چوونی، ژینگەی نیشتمان، منداڵانی کورد و پشتیوانی لە بزووتنەوە ئازادیخوازەکەمان، ئەمەش پارچە، زاراوە، هۆز و خێڵ ناناسێت و دەبێت لە پانتایی نەتەوەیەکدا و نیشتمانەکەیدا خۆی بنوێنێ، تا قورساییەکەشی بەرجەستەتر دەرکەوێ، لەگەڵ ئەو بنەڕەتەدا کە خۆمان نەکەینە پاڵەوانی شەڕە دۆڕاوەکان!!.
پیشەی جلخواریی لە باشووری کوردستاندا
پشەیەکە: لە باشووری کوردستان، کوردانی کوردستانپەروەر ساڵی ١٩٢٢، وەک ناوناتۆرە لەو کوردانەیان نابوو کە سەر بە توورک و مەرامی توورک بوون، سێکوچکەیەک لەم جلخوارانە دەوری حوکمداری کوردستانییان دابوو، پاش هێنانەوەی لەلایەن ئینگلیزەوە بۆ سلێمانی، ئەم سێکوچکەیە بریتی بوون لە: ڕەمزی بەگ( طوپاڵ رەمزی- رەمزییە شەل)، تایەری ئەمینەفەندی و فەتاحی ئەمینی عەتار کە ژنبرای شێخ مەحموود، یوزباشی بوو لە تورکیا، ئەمانە پروپاگەندەچی توورک بوون و سەریان لە حوکمدار شیواندبوو هەوڵیان دەدا کە لە ئینگلیز دووری بخەنەوە و لە توورکەکانی نزیک بکەنەوە، دەستیان هەبووە لە تیرۆری منەوەران و ڕۆشنبیرانی ئەوە سەردەمە لە سلێمانی وەک شەهیدی قەڵەم ( جەمال عیرفان)، بە تایبەت کە سمکۆی شوکاک هات بۆسلێمانی و وەک قارەمانێکی میللی لە شاری سلێمانی پێشوازییەکی شاهانەی لێکرا، ترسی خستە دەروونی تورکەکانەوە، چوونکە ئینگلیزەکان بە ئومێدی ئەوەی کە سمکۆ کاریگەری لەسەر حوکمدار هەبێت بۆ دوورخستنەوەی لە توورکەکان، ڕێگەیان دا کە ئەو پڵنگەی کوردستان
(نازناوی سمکۆ بوو لە سلێمانی) بێت بۆ سلێمانی و بچێتە لای حوکمدار. پیشەی جلخواریی لە باشووری کوردستان، لە دوای نەمانی دەسەڵاتی شێخ مەحموودەوە تۆویی بڕابوو، تا هاتنەوەی سەرکردەیەتی قیادەموەقەتە و سواربوونیان لە فەرمانڕانیی دوای ڕاپەڕین بە دەستپێشخەری تاڵەبانی، دیسانەوە وەک ڕەمزییە شەل و تایەری ئەمینە فەندی و فەتاحی ئەمینی عەتار، باوک و کوڕ و برازا، لە پێناوی دەسەڵات و پارە و ژن و خۆشییەکانی دنیادا، فەرشی سووریان بۆ لەشکری داگیرکەری توورک ڕاخست و ڕینمایی چەکمەی جەندرمەکانی توورکیان کرد بۆسەر دڵی نەتەوەکە لە باشووری کوردستاندا و پێشڕەویی هێرشەکانیان بۆ سەر سپای ڕزگاریی کوردستان لە قەندیل. دیسانەوە پیشەی جلخواریی لە باشووری کوردستاندا زیندووکرایەوە زۆر لە جاران خراپتر، نەگریستر و خیانەتمەندانەتر.
زمانەکەت
زمان تەنیا ئامڕازی پەیوەندیت نییە بە کەسوکار و هاوڕێ و هاو زمانەکانتەوە، بەڵکو هێز، وزە، هونەر و داهێنانە، توانای مەزن بە مرۆڤ دەدات کە خۆی ڕوون بکاتەوە و خۆی دەرببڕێ، دەتوانێ بەرەو باڵا هەڵکشێت و ئازادیی و یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ بەرجەستە بکات، یا لە زەلکاودا بچەقێ و بیری ڕەگەزپەرستی، داگیرکردن و کوشتنی ژینگە و سەربڕینی مرۆڤ بنوێنێ.
بۆیە گرنگە کە زمانی ئاخاوتن، نووسین، بەرگریکردن و دەربڕینت بە زمانی دایکت لە پلە باڵاکەیدا بێت، بیری جوان و فراوان بە ئەندازەی ئەندێشەی مرۆڤ، پێویستی بە زمانێکی پاراو و باڵا هەیە تا خۆی پێ بنوێنێ...دەتوانم هەندێک کتێب و نووسەرانت بۆ پێشنیاز بکەم کە پانۆرامای مێژوو، ڕامیاری و توانای مانۆریی زمانەکەت بەهێزتر دەکەن:
لە بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد: مرۆڤ و دەروبەر، گەشتی ژیانم، پەرژینی بێدەنگی، لێکۆڵینەوەکای لە حاجی قادر، بۆ ئەمیری حەسەن پوور لە هەرکوێیەک بێت، گوڵزاری نالی، زمانی کورد... .
یادداشەتەکانی بیرمەندی کورد مامۆستا ڕەفیق حیلمی.
لێکۆڵینەوە کۆمەڵناسی/سیاسییەکانی د. جەمال نەبەز.
نووسین و وەرگێڕاوەکانی مامۆستا عەزیز گەردی.
ڕۆمانەکانی حسەین عارف، عەتا نەهایی.
پەخشان و هۆنراوەکانی سوارە و مامۆستا هێمن و جەلالی مەلەک شا.
وەرگێڕاوەکانی شووکور مستەفا.
دانراوەکانی د. کەمال مەزهەر.
هونەری شیعریی و ئەزموونی زمانیی لای مەولەوی و مەحوی.
هوونەری باڵای شیعریی لای شێرکۆ بێکەس ( وەک وێنەی شیعریی و کۆگای وشە و توانای بەکارهێنانیان).
ئەمانە ڕاسپاردەیەک بوون بۆ سازدانی زەمینەیەکی پتەو کە پانۆرامای مێژوو، سیاسەتت بۆ ڕوون بکاتەوە و زمانەکەت بکاتە هێز، وزە و توانا تا بڕیارەکانت عەقڵی، لۆجیکی وهی خۆت بن.... . وەک دەبینی لەم سەکۆ ئەلکترۆنییە کوردستانییەدا، چەند ژنی دلێری رۆژهەڵات بەردەوام و جاروبار هەندێ لە کوڕانی ڕۆژهەڵاتیش، بەرهەمی فکریی خۆیان لە فۆرمی جودادا لەم پێگەیەوە بڵاودەکەنەوە، تۆش پەیوەست بە بە هاوڕێکانتەوە، ڕامان، تێگەیشتن و شیکارییەکانت بۆ کوردستانپۆست ڕەوانە بکە، ڕەخنەیان لێبگرە داوا بکە باشترین و زوڵاڵترین بن، تۆش باشترین و دڵسۆزترین بە بۆیان، با پشتیوانی لە بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەمان بەرینە باڵاترین ئاست.....
.........
سەرنجەکان/
*سەی ئەسکەر- ناوە کوردییە جوانەکەی هونەرمەندی باڵا سەید عەلی ئەسغەری کوردستانییە، لە باشووری نیشتمان لە زۆر کەسم بیستووە کە یادی بەخێری ئەو هونەرمەندە مەزنەی کوردیان بەو جۆرە کردۆتەوە، باوکم هەمیشە بەو ناوەوە باسی دەکرد.
**سکرتێری پارتی سوشیالیستی کورد/ پاسۆک کاک ئازاد مستەفا، ڕای وا بووە لەسەر پێشمەرگەکانی ی ن ک، کوڕەکەی لە پەیامێکدا ئەوەی بۆ نووسیم.
***د.کەمال مەزهەر دەڵیت: نامەیەکی نهێنی سێر هێنری دۆبس نوێنەری باڵای بەریتانیام لایە ڕۆژی هەژدەی ئۆکتۆبەری ١٩٢٦ دەربارەی کورد ناردوویە بۆ مەلیک فەیسەڵی یەکەم، حەوت لاپەرەی قەوارە گەورەیە/ فولسکاپ A4-، لەو نامەیدا دۆبس چەند پێشنیاری خستۆتە بەردەم ( خاوەن شکۆ) ئەو دەتوانێ ڕۆڵێکی گەورە لە ڕاگرتنی دڵی کوردا ببینێ و بەو جۆر ببێتە هۆی پتەوکردنی یەکیەتی کورد و عەرەب، هەروەک چۆن کاتی خۆی، مەلیکەی بەریتانیا (ڤیکتۆریا ) بووە فاکتەری سەرەکی پتەوکردنی بناغەی یەکیەتی نێوان هەردوو گەلی ئینگلیز و سکۆچ لە وڵاتەکەیدا. بەو بۆنەیەوە دۆبس لە نامەکەیدا داوای لە مەلیک فەیسەڵ کردووە، کۆمەڵەیەکی تایبەت دابمەزرێنێ بۆ پەرەپێدانی دۆستایەتی نێوان کورد و عەرەب و دوو لقی بۆ بکاتەوە یەکێکیان لە مووسڵ و یەکێکیان لە کەرکووک، هەروەها ڕابگەینێ کە "دوو ئەستێرەکەی" ناو ئاڵای عێراق ڕەمزی یەکێتی هەردوو گەلی برای عەرەب و کوردن. ئینجا پێشنیاری کردووە مەلیک فەیسەڵ هەموو ساڵیک گەرمای هاوین لە "شەقڵاوە" لەناو کورددا بەرێتە سەر وهەوڵ بدات فێری زمانی کوردی بێت و بەتالێۆنێکی تایبەتی بە جلوبەرگی کوردییەوە بخاتە سەر حەرەسی کۆشک. گۆڤاری ڕەنگین/ ژمارە ٨٦/ ١٩٩٥، ئەوەی جێی سەرنجە ئەم قسانە لە کاتێکدا بڵاوکراونەتەوە کە هێستا ڕژێمی سەددام فەرمانڕانیی دەکرد، هەروەها سەرنجێکی تر ئەوەیە کە ئەوە رای ئینگلیزەکان بووە سەبارەت بە کورد کە لەو ساڵاندا بووە کە شێخ مەحموود حوکمداری کوردستانی پێدراوە لەلایەن ئینگلیزەکانەوە، بۆیە خوێندنەوەی یاداشتەکانی بیرمەندی کورد مامۆستا ڕەفیق حیلمی زۆر گرنگە تا لە بیروڕای حوکمداری کوردستان تێبگەین، کە لە کۆتایدا سیاسەتی خۆی بەلای تورکەکاندا شکاندەوە، خوێندنەوەی ئەو یادداشتانەی مامۆستا
ڕەفیق حلمی گرنگە...گرنگە...گرنگە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست