ڕەخنەگرتن و ئێرەیی بردن

Tuesday, 30/07/2024, 12:45


ڕۆماننوسی فەرەنسی "میشێل وێلبێک" دەیگووت ئێرەیی بردن دیاردەیەکی ئاساییە و دەبێت بە دڵێکی فراوانەوە تێێ بڕوانین.
 ئێرەیی بردن بە کەسێک مانای وایە کەسەکە توانای لە تۆ زیاترە، ئەوەی تۆ نەتتوانیوە  ئەنجامی بدەیت یان بیدرکێنیت، ئەو لە پێش تۆوە  درکاندویەتی، ئیدی لێرەوە ئێرەیی دەبێتە ڕیخنە، نەک ڕەخنە، چونکا بەرگی ڕق و کینە دەپۆشیت، بە جۆرێک کە کەسی ئێرەییبەر دەکەوێتە هەڵەوە و گشت توانای خۆی لەدەست دەدات، چونکا هەرشتێک بە ڕق و بە ئێرەییەوە ئەنجام بدرێت، بەرهەمێکی لاوازە، لەبەر ئەوەی خۆتت بە لاواز بینیوە لە کن توانای کەسێک لە بوارێکدا کە تۆش ڕامت کردووە. وەک ئەوەی ئەو کەسە هاتبێت ماڵەکەت وێران بکات.  
 ژیل دلوز هەردەم بەرهەمەکانی میشێل فوکۆی بە بەرز دەنرخاند، لەبەر ئەوەی ژیل دلوز خۆی کەسێکی بەرز بوو، خاوەنی بەرهەمێکی فەلسەفی گرنگ بوو، بۆیەکا هەستی بە کەمیی نەدەکرد لە بەردەم میشێل فوکۆدا. ئێمە کاتێک بچوکین  ئێرەیی بە کەسی بەرامبەر دەبەین، کە لە هەمان بواری مندا پێشترایەتی کردووە. خۆ ئەگەر خۆت کەسێکی بەتوانا بیت لە بوارەکەتا ئەوا دەبیتە ڕەخنەگرێکی بەتوانا. ئەگەر لە کوردستان ڕەخنەگری بەتوانامان نییە هۆکاری ئەوەیە کە ڕۆشنبیری بەتوانامان نییە، بۆیەکا زۆر لە وتارەکان بەرهەمی ئێرەیین و دەبنە ڕیخنە. دەنا هەموو تێکست و بۆچوونێک جێگا و کەلێنی ڕەخنەگرتن لە خۆ دەگرێت. هۆکارێکی تریش ئەوەیە کە هێشتا کورد خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە، نەبوونی دەوڵەتیش لە هزری هەموو تاکێکی کوردا هەستی خۆبەسەرۆکزانین دەوروژێنێت لە نەستی تاکەکانیدا؛ کێ مەشخەڵی سەرکەوتن دەگرێت بەدەستیەوە ؟ تۆ بۆت نییە ببیت بە پێشەنگ، ئەوە واز لێ بهێنە بۆ من. 
 هەر چەمکی ئێرەیی بردنە کە ببووە هۆی ناکۆکی نێوان باکور و باشور لە سەردەمی  شارستانییەتی سۆمەریدا. جگە لەوەی کە هەموو بابەت و شکڵێکی نوێ  گۆڕانکاریی بنەڕەتیی دەورووژێنن لە ژیانماندا، بۆیەکا بە بێ پاساودان و بە خۆڕسکانە دژی دەوەستینەوە چونکا بەها کۆنەکان هەردەم ئاسودەمان دەکەن.
هێندەی ڕیخنە و هێرشکردن بۆ سەر سۆران حەمەڕەش کراوە، هەندێ کەس بە کوێرانە بە بێ ئەوەی کتێىەکەشیان خوێندبێتەوە، هێندە هێرش نەکراوەتە سەر تورکیا کە لەم ساتە وەختەدا کە باشوری کوردستانی داگیرکردووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە