ئازادی ڕادەربڕین یەکێ لە مافە هەرە گرێنگەکان مافەکانی مرۆڤە
Tuesday, 30/07/2024, 11:45
سێ، چوار ساڵ لەمەوبەر[ پێش]، پاپا فەرانسیس سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
هاوکات تەمرێکی سەمبوولیکی پۆستی بە وێنەی پاپا فەرانسیس و دوورەوێنەی نەخشەی کوردستانی گەورە لە چاپ درا.
دوابەدوای بڵاو بوونەوەی ئەو تەمرە سەمبوولیکە، تورکیا و ئێران دەستیان کرد بە قاو و قیژ و هەرەشە و گوڕەشە.
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەک ئەوەی تووشی شۆک بووبێت، بە پەلە ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم دەستی لەو کارە نەبووە و چاپی ئەو تەمرە نایاساییە و بەخێرا کۆی دەکاتەوە.
هەر لەم بارەوە منیش لە کورتە وتارێک و لە پۆستێکی فەیسبووکی وەک ڕەخنەیەک لە پاشەکشەی حکومەتی هەرێم، لە سێ گریمانە ئەوەم خستە بەر باس؛
گریمانەی١؛
گرێنگی سەردانەکەی پاپا فەرانسیس بووەتە هۆکارێک، تاوەکو تورکیا و گێرەشێوێنەکانی بە پێک هێنان و زەق کردنەوەی ئەو جۆرە کارانە، لە وەها کاتێک سەرنجی ڕای جیهانی کە ئێستاکە لە سەر کورد و کوردستانە، کەم بکەنەوە
گریمانەی٢؛
کاری چاپ و بڵاو کردنەوەی ئەو تەمرە سەمبوولیکە نە کاری حکومەتی هەرێم بووە و نەیش هەواڵگری تورکیا دەستی تێیدا بووە، بەڵکوو هەر وەکوو حکومەتی هەرێمیش گوتوویە، ئەو تەمرە لە لایەن بەشێکی ناحکومی لەچاپ دراوە و بڵاو بووەتەوە.
گریمانەی٣؛
حکومەت خۆی ئاگاداری ڕەسم و چاپی تەمرەکە بووە و هەر وەک گوتراوە، ئەو تەمرە لە لایەن وەزارەتخانەیەکی حکومەتی هەرێم چاپ کراوە. ئێستا پرسیار ئەوەیە، بۆچی حکومەت ئەوەندە لەو هەراوبەزمە ترساوە و بۆچی لە بەرانبەر هەڕەشەی تورکیا و ئێران پاشەکشەی کردووە و بە پەلە تەمرە سەمبوولیکەکەی کۆ کردووەتەوە ؟
دوابەدوای ئەو پۆستەی من، بەشێک لە لاینگرانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە دەرەوەی وڵات، به هەستێکی لایەنگرانەی بەدوور لە هەر مەنتیقێک، بە سەدان کۆمێنتی پڕ لە جنێو و تومەت و فەزیحەک هێرشیان کردە سرم [ وەک ئەوەی ئێستای شاپەرستەکان کە بە سەری ڕەخنەگرانی ڕەزا پەهلەوی دەیهێنن].
ئەو برادەرانە ئەوەک سووکایەتی بوو پێمیان کرد و تەنانەت لە من، واتە کەسێک کە پتر لە دە ساڵ لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە بووە،
وەک جاشی ئێران و جاشی بەرەی مقاومەت و جاشی پەکەکە و... ناوین دەبرد !
من ناچار کرام ئەو پۆستانە بسڕمەوە، هەر چەند ڕەنگە لە کتێبەکان ئەوانە بهێنمەوە.
بەڵام ئەوانەش هەر دەرس و وانەیەک بوو کە لە دێموکراسی فێر بووین !
***************************
لێرە مەبەستم کولاندنەوەی زام و برینی دڵ، و یان گلەیی و مناشت و دڵ ئێشاندنی ئەو هاوڕێیانە نییە کە لەو کاتە بە گەڵە کۆمە هێرشیان کرد، یان بە وتەی هەندێکیان ڕەخنەیان لە چۆنیەتی ڕەخنە گرتنەکەم گرتبوو، بەڵکوو تەنیا ئەوە دەڵێم، بریا تێبینی و هەڵویستی ئەو کاتەی منیان، وەک تێڕوانین و هەڵویستەکانی ئەوڕۆی خۆیان ڕەچاو بکردایە. هەر ئەوە.
***
لەو کاتە [لە ١٥ی مارچی ٢٠٢١] لە وڵامی جنێو و تومەت لێدان و سووکایەتی کردنەکانی ئەو برادەرانە، ئەوەی خوارم نووسی کە لێرەوە دێت:
ئازادی ڕادەربڕین یەکێ لە مافە هەرە گرێنگەکان و لە سەرەکیترینی مافەکانی مرۆڤە. ڕێز گرتن لەو مافە بەواتایەک پیشاندەری باوەڕمەندی بە پرێنسیپە سەرەکییەکانی دێموکراسیەت و دێموکراتیەتە.
هەر چەشنە ڕێگری کردنێک لە دەربڕینی بیروڕا جیاوازەکان، بە هەر شێوەیک لە شێوەکان، و هەر چەشنە
کوسپ و تەگەرە نانەوەیک لە سەر ڕێگای ئەو مافە، وەکوو دژایەتی و دەستدرێزی کردنە بە سەر مافەکانی مرۆڤ.
من وەکوو ڕۆژنامەوانێک مافی ئەوەم هەیە شرۆڤە و بیرو ڕای خۆم سەبارەت بە هەڕ ڕووداوێک و هەر چەشنە مژارێک بە بێ قەدەغە و تەگەرە نانەوە و لێپرسینەوە بهێنمە سەر لێنووس.
بەڵام ئەوەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوو دیتم و هەستم پێکرد، دوور کەوتوویی دەیان ساڵەی ئێمەمان بوو لە سەرکی ترین مافەکانی مرۆڤ و نەناسینی سەرەتایی ترین مافی تاکەیی و مرۆیی و مافی ڕادەربڕین.
زۆر بە داخم بەوەی دەبێ ئەو راستییە قبوڵ بکین، تەوەری هزر و بیر و بڕوای سیاسییەکانمان نەک هەر هیچ گەشەی نکردووە، بەڵکوو هەر لە ساڵەکانی پەنجاکان ماوەتەوە و ڕەنگە پاشەکشەیشی کردوو بێت.
ئازادی خوازی و دێموکراسی خوازی بڕوامەندانە و باوەڕ بە پرێنسیپە دێموکراتییەکان خۆ تەنیا بەخۆ لکاندنی ئەو چەند وشەیە بەدی نایەت و بە هەڵکردنی ئاڵا و دروشم دانەوەش دەستەبەر نابن.
کەسانێ کە خۆیان بە دێموکراسی خواز پێناسە دەکەن و داواکاری دێموکراسی و ئازادی و مافی مرۆفن بۆ خەڵک و گەلی کوردستان، یان داوای مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەی ستەملێکراوی کورد دەکەن.
ئاخۆ چۆن خەڵکی بڕوایان پێیەوە بکەن وەکوو دابینکەر و پارێزەری ئەو مافانە، کاتێک لە هەر ڕەخنە و گازندەیک لە دەسەڵات بەدەستانی ئێستای هەرێمی کوردستان، تووڕە دەبن و بە جنێو و بوختان و تانە و تومەتی نەشیاو هەڵدەکوتنە سەر ڕەخنەگرەکان !؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست