ناکۆکی لەسەر دەسەڵات لە دنیای ئیسلامدا بەشی(٦)

Saturday, 27/07/2024, 21:47


لە ئێستا و ڕابردوودا لە دنیای جەنگی دەسەڵات و  سیاسەتدا، هەر کەسێک کە مەترسی لەسەر دەسەڵاتی یەکەم دروست کردبێت، جا ئەو کەسە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندا بوو بێت، یان لەنێو ڕێزەکانی هەمان پارت و لایەن بوو بێت، بۆتە ئامانجی هەموو تیرهاوێژەکانی کە لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دانیشتوون، بۆ نمونە سەدام زۆربەی ئەوانەی لەکاتی خەباتی ژێرزەمینیدا کاریان لەگەڵ کرد بوو بەنهێنی و بەئاشکرا لە نێوی بردن. یەکەم کەس کە سەدام گوشاری بۆ هێنا واز لە کورسی دەسەڵات بێنێت، ئەحمەد حەسەن بەکری هاوڕێی ڕێگەی خەباتی بوو، کە دەریپەڕاند و خۆی لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دانیشت، ئینجا هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە شارەزایان بوو لەنێو ڕێکخستنەکانی حزبی بەعس، کە کەسایەتی بەهێز و خاوەن کاریزما بوون، هەموویانی لەنێو برد یان دووریانی خستەوە.  لە دنیای موسڵماناندا ئەو کات ئەمڕۆ ئاسا هەمان دیاردە هەبووە، ئەبو موسلیم خۆرەسانی، هەموو بەهرەیەکی کە لە کەسایەتییدا هەبوو لە دنیای سیاسەتدا لە هەردوو قۆناغی خەباتی ژێرزەمینی و دوای هاتنی عەباسیەکان بۆ دەسەڵات، بگرە لە کۆکردنەوەی جەماوەر، تا دەگات بەدنیای جەنگ و کوشتندا بەکاری هێنا بۆ سەرکەوتنی عەباسەیەکان تا توانیان دەسەڵاتی ئەمەویەکان بڕوخێنن، بەڵام لە کۆتییدا خەلیفەی موسڵمانان  ئەبو جەعفەری ئەلمەنسور مەترسی لێ نیشت بوو، کە بەهێز بوونی ئەبو موسلیم خۆرەسانی لە ناوچەکانی خۆرەسان، گوێڕایەڵی هێز و سوپای موسڵمانان لەو ناوچەیەدا بۆ موسلیم خۆرەسانی لە بەرژەوەندیی مانەوەی کورسی خەلیفە نییە، بۆیە بڕیاری فەرمی دەرکرد، کە ئەبو موسلیم لەو ناوچەیەدا دوورخاتەوە، بەڵام ئەو دەرکیی بەوە کرد بوو، بۆیە کاتێک کە نامەی فەرمی بۆ هات لە خەلیفەوە، کە خۆرەسان بەجێبهێڵێت و وەک والی بچێت بۆ سوریا و میسر، موسلیم خۆرەسانی، زانی ئەوە تەنیا پلانێکە بۆ دوورخستنەوە و پەلوپۆ کردنی، بۆ ئەوەی دواتر بە ئاسانی بیکوژن، بۆیە فەرمانی خەلیفەی جێبەجێ نەکرد و خۆرەسانی بەجێنەهێشت. 
خەلیفە جەعفەر ئەلمەنسور نیگەرانی و توڕەیی و قینی بەرامبەر بە موسلیم زێتر بوو. بەو هەڵوێستەی ئەو، خەلیفە هەستی کرد کە لەنێو خەڵکدا موسلیم خۆرەسانی لە شکۆمەندی داوە، هەروها دەرکیی بەوە کرد بوو، کە هێزی شمشێرداری خۆرەسان، پشتیوانی لەو دەکەن ئەگەر بڕیاری یاخی بوون بدا دژی خەلیفە، بۆیە دەستی کرد بە کڕینی ئەو کەسانەی کە لە دەوری موسلیم خۆرەسانین و ڕێبەری سەربازیی نێو هێزی چەکداری خۆرەسانن.  خەلیفە کۆمەڵێک کەسی هەڵبژارد کە پەیوەندیی هاورێیەتیان لەگەڵ خۆرەسانی کۆن و باش و نزیک بوون و جێگە متمانەی موسلیم خۆرەسانی بوون، کە دەیانتوانی کارێگەریان هەبێت لە بڕیارەکانی و ڕازی کردنی، بۆ ئەوەی بانگهێشتی خەلیفە قبوڵ بکات، بچێت بۆ دیتنی، گوایە خەلیفە پەیمانی داوە، ئەگەر ئەو فەرمانی نەشکێنێت و بچێت، دواتر دەیکات بە لێپرسراوی یەکەم لە خۆرەسان. 
نیزکترین هاورێی موسلیم کە ئەبی ئەلجەم بوو، خیانەتی لێ کرد، بەو کارە هەستا، موسلیم کەوتە تەڵە، ئەو توانی کارێگەری لەسەر ئەبو موسلیم دابنێت، بۆ ئەوەی بانگهێشتی خەلیفە قبوڵ بکات لە عیراق.
 لەو بانگهێشت کردنەدا پێش ئەوەی موسلیم بچێتە ژوورەوە بۆ دیتنی خەلیفە، لەلایەن پاسەوانی خەلیفەوە چەک کرا، لەو دانیشتنەدا لە ساڵی ٧٥٥ز خەلیفە بڕیاری کوشتنی موسلیمی دا. ئەم جۆرە پلانە لە زۆربەی بزوتنەوە سیاسیەکانی نێو مێژوو و ئێستای میللەتی کورددا بەدی دەکرێت، کە چۆن سەرانی حزبە کوردیەکان، لە هەردوو قۆناغی پێش هاتنە دەسەڵات و دوای، سەدان شێرەپیاویان خستۆتە تەڵە و کوشتویانە، لەبەرئەوەی لە پێگەی جەماوەریی و سەربازیی ترساون،  هەژماریان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان کردووە بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا، وەک ئەو کات کە خەلیفە کردوویەتی بۆ مانەوەی لە دەسەڵات. بەهەر حاڵ لە هەندێک سەرچاوەی مێژووی ئاماژە بەوە دەدەن، کە دوای کوشتنی تەرمی موسلیم فرەدراوەتە ڕووباری دیجلە، بەڵام هەندێکی کە دەڵێن، مەزارگەی خورەسانی لە ئەفغانستانە.  دوای ئەو هەموو ماندوو بوونەی موسلیم ئەوجا دوای کوشتنی خەلیفە لەسەر لاشەکەی ڕاوەستا و گوتی:

"رحمک اللە ابا مسلم، بایعتنا فبایعناک، وعاهدتنا و عاهدناک،و وفیت لنا فوفینا لک، وانا بایعناک علی ان لا یخرج علینا احد فی هذه الایام الا قتلناە، فخرجت علینا فقتلناک، و حکمنا علیک حکمک علی نفسک لنا.  الحمد للە الذي ارانا یومک یا عدو اللە". ‌

مەزارگەی ئەبو موسلیم خورەسانی لە ئەفغانستان
دەنگی ناڕەزا و شۆڕش لەنێو کۆمەڵگەی موسڵمانان دژی دەوڵەتی عەباسی سەریهەڵدا، بۆ نمونە لە قۆناغی دەسەڵاتی ئەبو جەعفەر ئەلمەنسور، لە مەککە و مەدینەدا، بە ڕێبەرایەتی محەمەد زو ئەلنەفس ئەلزەکیە و براکەی کە ناوی ئیبراهیم و کوڕەکانی عەبدوڵای ئیبن موسەنا کە لە ئالی حەسەنی کوڕی ئیمام عەلی بوون، دژی دەوڵەتی عەباسی کەوتنە جموجۆڵ، لەژێر دروشمی ئەوەی کە عەباسیەکان لە ئالی بەیت نین، بۆیە دەبێت دژیان بووەستن و ئەوان بچنە دەسەڵات، بەڵام بەهۆی بوونی سیخوری دەسەڵاتدارانی عەباسی لەنێویاندا، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دی ترس و تۆقاندنی عەباسیەکان لەنێو خەڵکدا، ئەو بزوتنەوەیە زوو ئاشکرا بوو، لەلایەن خەلیفەوە سەرکوت کرا و ڕێبەرەکانیان کوژران.
 زۆربەی ئەو شۆڕش و بزوتنەوە سیاسیانەی کە دژی دەوڵەتی عەباسی بوون، لەنێو فارساندا سەری هەڵدابوو، کە لەژێر دروشمی ئاینییدا هەوڵی وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسیان دەدا، واتە ڕێبەرەکانی نەتەوەیی فارس، دەرکیان بەوە کرد بوو کە لەژێر دروشمی ئاینیدا وڵات و نیشتمانیان لەدەست داوە. زۆربەی ئەو شۆڕشانە هەڵگری تێکەڵیەک لە بیروباوەری ئاینی ئیسلام و ئاینە کۆنەکانی وەک زەردەشت و ئەلخرمیە و ئەلمزدکیە بوون کە پێش ئیسلام  لە ئیراندا هەبوون. بزوتنەوە و شۆڕشەکان بریتی بوون لە شۆڕشی سناز، ئیسحاق ئەلترک، ئەلمەقنع، ئەلرەواندیە و ئەلزنادقە. لە هەموو شۆڕشەکان بەهێزتر شۆڕشی زنجیەکان بوون.  بۆ کوژانەی کڵپەی ئەو شۆڕشانە، بە سەدان هەزار موسڵمان بە دەستی دەوڵەتی عەباسی کوژران. سەرەڕای ئەو شۆڕشانە تیر و هۆزە عەرەباکنیش لەنێو خۆیاندا ناتەبا بوون و هەموویان لەژێر دروشمی لا ئیلاهە ئیلەڵادا یەکدیان دەکوشت. 
شۆڕشی زنجیەکان کە لە نزیک شاری بەسەرە لەنێوان ساڵانی ٨٦٩-٨٨٣زدا هەڵگیرسا. شۆڕشی زنجەکان بە ڕێبەرایەتی "بهبوز" بوو فارس بوو، بەڵام نازناوی عەلی ئیبن محەمەدی عەلەوی بوو، کە ١٤ساڵی خایاند، کە بە بەهێزترین شۆڕش دژی عەباسەیکان ناو دەبرێت لە مێژوودا، بۆیە عەباسیەکان سوپای شمشێرداریان نارد بۆ سەرکوت کردنی، لە ئاکامدا بە سەدان هەزار موسڵمان بە شمشێر یەکدیان کوشت، تا دەسەڵاتدارانی حکومەتی عەباسی، توانیان کڵپەی ئەو شۆڕشە کپ بکەن و لەسەر کورسی دەسەڵات بمێننەوە.

سەرچاوەی زێتر:

حافظ ابن كثير، ترجمة أبي مسلم الخراساني
علایی حسینی، مهدی، ابومسلم از واقعیت تا افسانه، انتشارات آستان قدس رضوی۱۳۷۵
 گودینی، محمد جواد، زارعی، مجتبی، گفتاری در سیاست و قدرت در عصر عباسی، قم، نشر معارف ۱۳۹۹
 (youtube.com) هی میدان طی میدان - دیدار از آرامگاه ابو مسلم خراسانی تاریخ ساز ترین چهره جهان اسلام

ئەو بابەتە درێژەی دەبێت

تێبینی:

 ئەو چەند وتارە پەنجە بۆ فتوحاتی ئیسلامی درێژ ناکات، بەڵکو تەنیا باسی ناکۆکییەکانی نێوەخۆی موسڵمانان و ئەسحابەکان دەکات بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە