هەڵبژاردن و خەیاڵ پڵاوی گۆرانكاری!

Saturday, 27/07/2024, 21:35


هەڵبژاردن شێوازێكی یاسایی ئاشتیانەی وەرگرتن ودەستاودەستكردنی دەسەڵاتە لە زەمینەیەكی دیموكراسیدا، چونكە لەوێدا یاسا حاكم و سەروەرە نەك حیزب و میلیشیاو عەشیرەت، تاكەكانی كۆمەڵگاش هێندە هوشیاری سیاسیان هەیە بتوانن خۆیان بریار بدەن، نەكەونە ژێر كاریگەری شێوازی پرۆپاگەندە سەیروسەمەرەكانی حیزب وكاندیدانی.
   خەڵكی كوردستان زۆر بەدلسۆزی بەشداری یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كرد لە 19/5/1992، ریزی سەرەی دەنگدەران لەهەر ناوەندێكی دەنگداندا ئەو سەری دیار نەبو، بەڵام خەونی جەماوەر بۆ پەرلەمانی خۆماڵی زۆری نەبرد، لەگەڵ داهێنانی ئیدارەدانی وڵات بەسستەمی ففتی بەفتی ودواتر هەڵگیرسانی شەری ناوخۆ لەبەهاری 1994 لە بارچوو. بەهۆی ئەوەی لەبنەرەتدا هەڵبژاردن لەژێر ركێفی لولەی تفەنگ و عەقلیەتی شاخ بەرێوەچوو، دوور لە كەش وهەوای ئاشتی ودیموكراسی. بۆیەش تا ئێستا لولەی تفەنگ لەسەرووی دەنگی خەڵك وبەناو نوێنەرەكانیەتی، كلیلی پەرلەمانی كارتۆنیش لای پاشای مەملەكەتە، كەی بیەوێ‌ دایدەخاو سەرۆكەكەشی وەلادەنێ‌.
     ئەو پەرلەمانە پێش 32 ساڵ لەهەمان جێی مەجلیسە تەشریعیە كارتۆنیەكەی بەعس قوتكرایەوە، ئەزمونی ئەو ماوەیەی سەلماندی كە پەرلەمانێكی كارتۆنی بێدەسەڵاتە، چونكە هەرگیز سەربەخۆ نەبوە لە بریاردان بەلكو پاشكۆی ویست و بریاری حیزبە دەسترۆیشتوەكان بوە،  بۆیە نەیتوانی لەو ماوەیە و بە پێنج خولی هەڵبژاردن، سادەترین گۆرانكاری بەسەر شێوازی حوكمرانیەتی ئەو هەرێمەدا بێنێ‌. دەزگا دەستوریەكانی هەرێم بەپەرلەمان وحكومەتەوە، بەتەواوی دامەزراوەی حیزبین نەوەك دامەزراوەی دیموكراتی كەهەلقوڵاوی دەنگی خەڵك بن وگوزارشت لەبەرژەوەندیەكانی بكەن،  ئەو دۆخە تا رادەیەك دامەزراوەی قەزاشی گرتۆتەوە. 
ئێستا كە ساڵی 2024 ە بە هەمان دۆخ وئاوازی ساڵی 1992 بەرەو هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمان هەنگاو دەنێین، بێگومان پێكهاتەو دەسەڵاتی ئەو خولەش لە خولی پێنجەم باشتر نابێ‌، هەروەك چۆن خولەكانی پێشوتر لەیەكەمەوە تا پێنجەم هیچ جیاوازیان نەبوەو داهێنانێكیش لەلایەن خولێكی دیاریكراوەوە نەكراوە، بەپێچەوانەوە بەرهەمی عومری ئەو پەرلەمانە بەهەدەردانی سەروەت وسامانی گشتی ئەو وڵاتەیە بەو بودجە زەبەللاحەی بۆی دیاریكراوە، جگە لەوەی لە هەر خولێكدا كە ماوەكەی چوار ساڵەو پێچی مێزەرێكە سەدوقسور كەسێك بەناشایستە ونایاسایی موچەیەكی موفتەی خانەنشینی بۆخۆیان حەڵال دەكەن، لەكاتێكدا فەرمانبەرانی دەوڵەت پاش خزمەتی 30 ساڵ وزیاتر بە موچەیەكی نەمری ونەژی خانەنشین دەكرێن ؟!
       كەواتە هات وهاواری لیستە بەشداربوەكانی هەڵبژاردن بەناو ورەنگی جیاوازەوە بۆ پەرلەمانێكی كارتۆنی، جا ئەو لیستانە بەرەی گەل بن یا دەسەڵات، گروپی هەڵوێست بن یا بێ‌ هەلوێست، تەنیا بۆ گەرمكردنی بەزمی هەڵبژاردن وگەوجاندنی خەڵك دێنە مەیدان، ئیتر بە: بەرنامەو دروشمی بریقەدار، بەباكردنەوەی كای كۆن ، بەگەرخستنی بەیت بێژەكان، سیناریۆی سەیروسەمەرە دەرهێنان. بەڵام هەمو ئەو بەزمە لەكۆتاییدا بۆ هەریسەكەیە وبەس، دواتر دەبینین كاندیدە دەرچوەكان لەبەر بەرژەوەندی وفەرمانی حیزبەكانیان ئەوەی بیری لێنەكەنەوە خەم و كێشەی ژیانی خەڵكە. 
     بۆیە تا لەو هەرێمە هێزو حیزبی میلیشیایی خاوەنی دەسەڵات بێ‌، مومكین نیە بە سندوقی هەڵبژاردن خەڵك حوكمی خۆی بكا، جارێ‌ زۆرمان ماوە تا پێناسەی دیموكراتی بمانگرێتەوە، هەرگیز گەشبین مەبن بە پرۆپاگەندەی حیزب وكاندیدەكان، گوایە رێژەی زۆری بەشداریكردنی خەڵك لەهەڵبژاردن رۆڵی ئەرێنی دەبینێ‌ لە پەراوێزخستنی ئەو هێزانەی 32 ساڵە خۆیان بەسەر ئەو هەرێمەدا سەپاندوە، من دڵنیام ئەگەر ئەو هێزانە كورسی پەرلەمانیش بەدەست نەهێنن، ئەو وەزعە گۆرانكاری بەسەردا نایەت لەپێناو بەرژەوەندی خەڵك، چونكە كۆی سستەمەكە لەسەر هێز دامەزراوە ئێرەش بەشێكە لە دنیای رۆژهەڵات، ئەو رۆژهەڵاتەی تا ئێستا بەپێی سستەمی دەرەبەگایەتی سەدەكانی ناوەراست بەرێوە دەچێ‌، كێ‌ خاوەنی هێزی میلیشیایی بێ‌ حوكم ودەسەڵات لای ئەو دەبێ‌ و هەر خۆشی دامەزراوە دەستوریەكان ئاراستە دەكا ، دوای نەمان و مردنیشی دەسەڵاتەكەشی وەك مڵك وماڵەكەی بۆ كورەكەی یا نەوەكەی دەمێنێتەوە،دەیان نمونەی زیندوش لێرەو عێراق و وڵاتانی دەوروبەر هەیە جگە لە ئیسرائیل كە بەحەق دیموكراسیە !!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە