دەبێت سەری کێ بپەڕێنین؟

Monday, 15/07/2024, 22:12

2668 بینراوە


ئامێڕی گیۆتین، لە سەردەمی شۆڕشی فەرەنسیدا لەلایەن دکتۆر (گیۆتین) ی فەرەنسییەوە داهێنرا بۆ سەرپەڕاندن بە شێوەیەکی خێرا و بە بێ ئازار بۆ تاوانبارەکە و لە ھەمان کاتیشدا بۆ سەرپەڕێنەکەش. لە ڕابوردودا بە تەور سەری خەڵکیان دەپەڕاند وەک چۆن موسڵمانان ھاتا ئەم سەردەمش ئەو شێوازە پراتیزە دەکەن.
چیرۆکی ژنێک دەگێڕنەوە لە فەرەنسا لە سەدەکانی ناوەڕاستا، کاتێک کابرا سەری بە تەور دەپەڕێنێت، بەر شانی دەکەوێت، ژنەکە تەورەکە دەداتەوە دەست کابرا و دوعای خێری بۆ دەکات، چونکا دەزانێت کابرای سەرپەڕێنەر ڕۆژێک بە ئاگا دێتەوە و مۆتەکەی ئەو ئازارە دەیخنکێنێت. سەرپەڕاندنی مرۆڤێک هەروا ئاسان نییە، بۆیە کابرای سەرپەڕێنەر هەندێک جار شەرابی دەخواردەوە هەتا بتوانێت بەو کارە هەستێت، نازییەکان بەهەمان شێوە، تەنها ئیسلامییەکان نەبێت بە بێ دەستلەرزین توانای سەرپەڕاندنی مرۆڤێکیان هەیە بە بێ بەزەییانەو هاوار دەکەن : 
ئەڵلاهو ئەکبەر.
سوبحانڵا لە هێز و توانای بێ بەزەییانەی ئیمانداران !
چەند سەردەمێک لەمەوبەر لەسەر ئەنتەرنێت گیۆتینێکی ڤیرتوێڵیان دانابوو بۆ سەرپەڕاندی مولتی ناسیۆنالەکانی جیهان وەک هەڵمەتێکی شۆڕشگێرانە و بۆ وەبیرهێنانەوەی شۆڕشی فەرەنسی. 
ئەمڕۆ ئەگەر لە کوردستان شۆڕشێک بەرپا بکرێت دەبێت سەری کێ بپەڕێنین ؟
من دژی سەرپەڕاندنم، دەبێت دادگایەکی دادپەروەرانە  بکرێن، دوو جار داداگایی بکرێن ؛ یەکەمیان بە دزینی سەروەت و سامانی کوردستان بۆ خۆیان، دووهەمیان بە فرۆشتنی کوردستان بە دوژمنانی کوردان،  وابزانم تاوانباران هێندە زۆرن، دەبێت  هۆڵی پەرلەمانیش بکەن بە شوێنی دادگایی کردنی ئەوان.
 ئەو ڕۆژە دەبێتە ڕۆژی حەشر. نابێت بێ هیوابین !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە