ناکۆکی لەسەر دەسەڵات لە دنیای ئیسلامدا بەشی(٥)
Sunday, 14/07/2024, 22:09
دەوڵەتی عەباسی و ئەمەوی، دەوڵەت نەبوونە، بەڵکو ئیمپراتۆریەت بوونە، لە قۆناغی ئەمەویەکاندا دەسەڵاتیان گەیشتۆتە ئەندەلوس و فرەنسا و بەشێک لە چین و تورکیا و بەشێک لە ڕوسیا، بۆیە کاتێک هەرکەسێک و لایەنێک کە تەماحی لە دەسەڵاتدا بووە، جگە لە بوون بە خەلیفە کە پێگەیەکی ئاینی بەرز بوو، لە سیاسەتدا دەسەڵاتی هەرە بەرزی هەبووە شانبەشانی ئەوە ئابووریی ئیمپراتوریەت و خەزێنەکەی دەکەوتە ژێر دەست.
بەهێزترین و زاڵمترین خەلیفەی دەوڵەتی ئەمەوی ژنێک لە خەودا خنکاندی،
بە درێژای حوکمی ئەمەویەکان ١٤ خەلیفە لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشتن. موعاویە ئەبی سفیان ئەلقورەیشی لە زەمانی حوکمی خەلیفەکانی ڕاشدین ٢٠ ساڵ والی شام بوو، دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەمەوی بوو، قۆناغی ئەو سەخترین دووبەرەکیی بوو دژی ئیمام عەلی، دواتر لەگەڵ حەسەن و حوسێنی کوڕی ئیمام عەلی، تا کورسی دەسەڵاتی ساغ کردوە و خۆی بۆ ٢٠ ساڵ لەسەری دانیشت، دەوڵەتی ئەمەوی سەقامگیر کرد، دیمەشقی کرد بە پایەتەخت.
جگە لە هێزی ئۆپۆزسیۆن کە سەری هەڵدا دژی ئەمەویەکان، خەلیفەکان و ئەمیرەکان لەنێو خۆیاندا گرفتیان هەبوو لەسەر دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات، بۆیە چەند کودەتایەکیان دژی یەکدی ئەنجام دا، یەکێک لەو کودەتایانە بە ڕێبەرایەتی، مەڕوان ئیبن حەکەم بوو، کە دوای موعاویەی کوڕی یەزیدی کوڕی معاویەی ئیبن سفیان کە سێ مانگ حوکمڕانی کرد و سازشی لە پۆزشنەکەی کرد و لە مێژوودا هاتووە کە ژەهر خوارد کرا، ئەوجا مەروان ئیبن حەکەم هاتە دەسەڵات، کە بە شەیتانی سیاسەت ناسرا بوو. ئەو گەورەترین جەنگی ناوەخۆی دژی زەحاک ئیبن قەیس کرد، لەبەرئەوەی قەیس داوای دەکرد کە بەیعە بدرێت بە نەوەکانی معاویە، لە جەنگی مەهجەری کە ٢٠ ڕۆژی خایاند، مەڕوان بە هەزاران موسڵمانی بە یەکدی بە کوشتن دا.
مەڕوان خەلیفایەتی لە ئیبن مەئەوی گواستەوە بۆ ئیبن مەڕوان، لە میسریش جەنگی ناوەخۆی کرد دژی عەبدوڵا ئیبن مەسجەدەم کە ڕازی نەبوو بەیعە بدات بە ئەو، لەوێش بەهەزاران موسڵمانی بە یەکدی بە کوشتن دا. لە ئەنجامدا سەرکەوت، کوڕەکەی کە ناوی عەبدول عەزیز بوو، کرد بە والی میسر و خۆی گەڕاوە شام. ئەوجا ڕووی لە کوفە کرد، بە هەزاران موسڵمانی بەدەستی موسڵمان بە کوشتن دا بۆ ئەوەی خۆی لەسەر کورسی دەسەڵاتدا بمێنێت. مەڕوان هەر بەوە نەوەستا، بۆ شکاندنی یەزیدی معاویە، ژنەکەی یەزیدی کە لە دوای ئەو بە بێوەژنی مایەوە و کە دەیکرد دایکی خالیدی کوڕی یەزیدی نەوەی معاویە، لە خۆی مارە کرد. ڕۆژانە ئەو ژنە لە ژیانی ژن و مێردایەتی ڕق و قینی زێتر دەبوو، ڕۆحی توڵە سەندنەوەی لا دروست ببوو، بۆیە شەوێک لە خەودا خنکاندی. لە ئاکامدا زاڵمترین و زۆردارترین خەلیفە بەدەستی ژنێک کوژرا.
ئەم نمونەیەی سەرەوە، تاقە نمونە نییە لە قۆناغی دەسەڵاتی ئەمەویەکان، ئەڵبەتە هەر خەلیفەیەک و ئەمیرێک لەو ئیمپراتۆرەتە هیچی کەمتر نەکردوە لە مەڕوان بۆ ئەوەی بگاتە دەسەڵات. ناتەبایی نێوان ئەمیر و خەلیفەکانی ئەمەوی بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات، هۆی گرنگ بوو، بەتایبەتی دوای مردنی هیشام عەبدول مەلیک، دەوڵەتی ئەمەوی بەرەو لاواز بوون هەنگاوی نا، لە قۆناغی چوار کۆتا خەلیفەکاندا، قۆناغی زێرینی ئەو دەوڵەتە کۆتایی هات.
جگە لە زۆرداری خەلیفە ئەمەویەکان کە زۆربەی گەلانی ژێر دەستی لێ ڕازی نەبوون، پێکهاتەی نێو گەلانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەمەوی، زمینەیەکی لەباری دروست کرد بوو بۆ سەرهەڵدانی ناتەبایی، ڕق و قین دژی دەسەڵات و لەنێو خودی ئەو گەلانەدا. واتە هەستی جیاوازی نەژادی و نەتەوەیی و ناوچەی بەرەو هەڵکشان بوو، عەرەبی قەیسی و عەرەبی یەمەنی دژی یەکدی بوون. عەرەبی عیراقی و شامی کەیفیان بە یەکدی نەدەهات لەسەر مەسەلەی کوشتنی حوسێن. ڕقی نێوان عەرەب و عەجەم و تورک و فارس و نەتەوەکانی دی، هەوێنی دروست بوونی تێکشکان و دابەش بوونی نێوەخۆی کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی ئەمەویەکان بوو.
فارسەکان لە کاتی دەسەڵاتی ئەمەویەکاندا لە دەسەڵات دوور خرابوونەوە، بە شێوەیەکی گشتی ئەو هەلەی بۆ عەرەب هەبوو بۆ نەتەوەکانی دی نەبوو، بۆیە نەتەوەی تورک و عەرەب و فارس ناتەبایەکانی نێوانیان قوڵ ببووە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات. عەباسەیەکان بە سوود ورگرتن لەو زەمینەیە، بەتایبەتی لەنێو فارسەکان دژی دەسەڵاتی ئەمەویەکان خۆیان ڕێک دەخست، لەبەرئەوەی فارسەکان پێیان وابوو کە وڵاتیان و دەسەڵاتی ئیمپراتۆرەتەکەیان، عەرەب لەژێر دروشمی ئاینیدا لەنێوی بردووە، بۆیە ئەوان هەوڵیاندا سوودمەند بن لە ناتەبایی نێو گەلانی ژێر چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەمەوی و بە بەکارهێنانی هەمان دروشم و ئامراز کە گوایە ئەوان لە ئالی بەیتن، هێزێکی چەکداری پتەو، ڕێکخستن و شانەی خەوتوو لەنێو خەڵکدا دروست بکەن، بە ڕێبەرایەتی عەلی ئیبن عەبدوڵا ئیبن عەباس، کە باپیرە گەورەیان عەباس ئیبن عەبدول موتەلیبی باپیرەی پێخەمبەری ئیسلامە، واتە ئامۆزازا بوون لەگەڵ پێغەمبەری ئیسلام و معاویەی ئەبو سفیان.
عەلی ئیبن عەبدوڵا ئیبن عەباس دژایەتی گەورەترین دەسەڵاتی سیاسیی و سەربازیی دەکرد کە دەوڵەتی ئەمەوی بوو، بۆیە بە هەرەمەکی کاری نەدەکرد، بەڵکو خوێندنەوەی وردی هەبوو بۆ دۆخەکە، زیرەکانە شێ کردنەوەی هەبوو بۆ دارشتنی بەرنامەیەک بۆ کار کردن بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئەمەویەکان. ئەو زانیاری هەبوو کە دەنگی ناڕەزا و ڕقی ئەستوری فارسەکان لە خۆرەسان زەمینەیەکی لەباری هەیە کە بڵێسەی شۆڕشەکەی لەوێوە سەرهەڵدات. ئەو بزوتنەوە سیاسیە دوای مردنی ڕێبەرەکەیان کوڕەکەی شوێنی گرتەوە، کە ئیبراهیم ئیمام بوو کە یەکێک بوو لە ڕێبەرانی بزوتنەوەی عەباسیەکان بە نهێنی. لەنێو لایەنگرانی ئیبراهیم کوڕێکی گەنج هەبوو بە ناوی ئەبو موسلیم خۆرەسانی، کە گەنجێکی بە توانا و زیرەک بوو، هەندێ سەرچاوە ئاماژە بەوە دەدەن کە لە نەوەکانی ئیمپراتۆریەتی ساسانیەکان بووە، ڕقی تۆڵەسەندنەوەی لە ئەمەویەکان لە بیروباوەڕیدا هەبوو و تموحی هەبووە بگاتە دەسەڵات و پێگەی تایبەتی سیاسی هەبێت، کە دواتر ئەو بوو بە کلیلی کردنەوەی دەرگەی سەرکەوتن بۆ دەوڵەتی عەباسی.
ئەبو موسلیم خورەسانی لای موسا سەراج لە کوفە کە یەکێک بوو لە ڕێبەرانی عەباسیەکان لە منداڵیەوە کاری کرد بوو، کەوتبووە ژێر کارێگەری و هەژموونی بیرکردنەوەی وەستاکەی، هەروها پێشوتر کوفە پایەتەختی ئیمام عەلی بوو، هێشتا پاشماوەی دۆست و لایەنگرانی ئیمامی لێ مابوو، هەندێک لە خەوارجیەکان و تیر و هۆزی ناحەزی دەوڵەتی ئەمەوی لێ بوو، کە ببوون بە هەوێنی دروست بوون و هەڵکشانی دەنگی ناڕەزا دژی خەلیفەی ئەمەویەکان، واتە ئەو کابرایە لە کتوپڕێکدا سەریهەڵنەدا بوو لەو جۆرە کەشوهەوایە گەورە ببوو. لە ئێراندا ئەبو موسلیم خۆرەسانی ڕێبەرایەتی سوپایەکی فارس نەژادی کرد، جل و ئاڵای بە ڕەنگی ڕەش، کرد بە هێما وەک ڕەنگی جیاوازی ئاڵای حزبەکانی ئەمڕۆ.
موسلیم خورەسانی، کابرایەکی زیرەکی لێهاتوو بووە، توانی بوو کە خۆی لە ئیمام ئیبراهیم نزیک بکات، کە یەکێک بوو لەوانەی ڕێبەرایەتی فیکری عەباسی دەکرد، ئەو ناردی بۆ ناوچەکانی خۆرەسان، بۆ ئەوەی لەنێو خەڵکی هەژار و جوتیاری ئەو ناوچەیە کار بکات، خەڵک ڕێکخات و هاندات دژی دەوڵەتی ئەمەوی. لەگەڵ کاتدا موسلیم توانی لایەنگر و هەوادارێکی زۆر بۆ بزوتنەوەی عەباسیەکان بە ڕێبەرایەتی عەباس ئەلسەفاح و خۆی لە ناوچەکەدا دروست بکات.
جەنگی زابی گەورە، شەڕی براکوژی ٦٠٠٠٠٠ هەزار موسڵمان ئەمەوی کوژران:
سوپای عەباسیەکان بە ڕێبەرایەتی موسلیم خۆرەسانی، دەستیان بە هێڕش کردنە سەر جومگە سەرەکیەکانی دەوڵەتانی ژێر دەستی ئەمەویەکان کرد، لە گەورەترین جەنگدا کە بە شەڕی زابی گەورە لە مێژوودا ناسراوە لە ساڵی ٧٥٠ز، سوپایەکی پێکهاتوو لە ٤٠ هەزار شمشێردار، بە ڕێبەرایەتی ئەبو موسلیم خۆرەسانی ڕووبەڕووی سوپای ئەمەویەکان بوون، کە ژمارەیان لە سەروی ١٠٠ هەزار شمشێردار بوو، بە ڕێبەرایەتی خەلیفە مەڕوانی سێیەم کە کۆتا خەلیفەی ئەمەویەکان بوو، کە بە کودەتا لەسەر خەلیفەی پێش خۆی دەسەڵاتی گرتبووە دەست. لە نزیک زابی گەورە شەڕ گەرم بوو، لە ئاکامدا سوپای عەباسیەکان ئەمەویەکانیان لە گۆڕەپانی جەنگدا بەزاند. خەلیفە هەڵهات بەرەو شام و سوپای عەباسی بەدوای تا لە میسر دەستگیریان کرد و کوشتیان. سوپای عەباسیەکان بەهەر وڵاتێکی ژێر دەستی ئەمەویەکان ڕەت بوون کاولیان کرد، بە سەدان هەزار کەسیان کوشت، تەنیا لە دیمەشق ٧٢هەزار کەسیان کوشت، دەستیان لە ژن و منداڵ و پەککەوتە نەدەپاراست، لە ئەنجامی ڕووخانی ئەمەویەکان و هاتنی عەباسیەکان بۆ دەسەڵات ٦٠٠٠٠٠ هەزار موسڵمان لە ئەمەویەکان کوژران جگە لە عەباسیەکان.
عەباسیەکان هەر بە کوشتنی خەڵک و وەرگرتنی دەسەڵات ڕانەوەستان، بەڵکو ڕوویان کردە گۆرستانەکان، تەرمی خەلیفەکانی ئەمەویان لە گۆڕ دەرهێنا، ئێسکوپرسکیان لە قەبردا نەهێشت، هیشام عەبدولمەلێک تەرمەکەی زۆر تێکنەچوو بوو، لە قەبر تەرمەکەیان دەرهێنا و سێ ڕۆژ بە داریان وەکرد، بە قامچی کەوتنە لێدانی و دواتر سوتاندیان، قەبرەکانیان تێکوپێک دا، وڵات بە وڵات دوای ئاخیر خەلیفەی ئەمەویەکان مەروان ئبن محەمەد کەوتن و لە میسر دەستگیریان کرد، کوشتیان و سەریان بڕی، بەدیاری ناردیان بۆ خەلیفەی عەباسی ئەبو عەباسی ئەلسەفاح.
سەرچاوەی زێتر:
الطبری: تاریخ الامم و الملوک
معاویە بن ابی سفیان، عباس محمود العقاد
ئەو بابەتە درێژەی دەبێت
تێبینی: ئەو چەند وتارە پەنجە بۆ فتوحاتی ئیسلامی درێژ ناکات، بەڵکو تەنیا باسی ناکۆکییەکانی نێوەخۆی موسڵمانان و ئەسحابەکان دەکات بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست