فەلسەفەی ئیسلامی
Sunday, 14/07/2024, 22:02
ئولریش ڕودۆلف
کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە
- 8 سەقامگیربوونى فەلسەفە لە ئیسپانیا:
ئیبن باجە
ڕەخنەکەی غەزالی شیمانەیەکی دیاری کرد بۆ نواندنی پەرچەکردار لەسەر ئەو پێشنیارە کە ئیبن سینا بۆ زانینومایەکی مێتافیزیکییانەی گشتگیر خستبوویە بەردەم. وەلێ ئەو ڕەخنەیە تاکە بەرپەرچێک نەمایەوە کە لەدژی ئەم ڕێبازەی ئیبن سینا ڕاگەیەنرا، بەڵکو تێڕوانینی دیکەی ڕەخنەیی کە لە ڕوانگەی فەلسەفەییەوە ئەرگومێنتیان دەهێنایەوە، بۆی بوون بە لەبری. ئەم تێڕوانینانەی دوایی بەتایبەتی لە ئیسپانیاوە هاتن. لەوێ لە سەدەی دوازدەیەمدا چەند نووسەرێکی فەلەسەفەیی پایەدار هاوکات کارا بوون. ئەمان هێڵی ترادیسیۆنێکی خۆییان پێکهێنا کە گەرچی پەیوەند بە هزرینیانەوە ڕەسەن بوو، سەرباری ئەوە لە ڕووی بەردەوامییەوە بەزۆریی کاتی بوو. ئاخر جگە لە سەدەی دوازدەیەم بەدەگمەن بەشدارییەکی گرنگ لە فەلسەفەدا دەناسین کە لە خامەی موسڵمانانی ئیبێریاوە کەوتبێتەوە.
باوەجو ئەم گەشانەوەیە بە گۆڕانێک دەرفەتی بۆ ڕەخسێنرا کە پێشتر دەستی پێکردبوو. بەگوێرەی زانیارییەکانمان پێشتر خەلیفەکانی کۆردۆبا کە لە سەدەی دەیەمدا حوکمیان کردبوو، لە دەوڵەتەکەیاندا بایەخیان بە بڵاوکردنەوەی زانستەکان دابوو (ماتماتیک، ئەستێرەناسی و هتد). لەم پرۆسەیەی وەرگرتندا (ڕێسێپسیۆندا) هەروەها تێکستی فەلسەفەیی ناسران، بەتایبەتی بەرهەمی ئەو نووسەرانە کە لە سەدەی دەیەمدا ناوبانگێکی گەورەیان هەبوو، پێش هەموویان ئەڕیستۆتێلیس و فارابی. ئیدی هەر ئەوەندە پێویست بوو کە ئەو فەیلەسوفانە خوێنەریان لەسەر نیمچەدورگەی ئیبێریا بۆ پەیدا ببێت. هەڵبەتە ئەوە لە سەدەی دەیەمدا، تەنانەت لە سەدەی یازدەیەمدا ڕووی نەدا، جا گەرچی گەرەکە ڕەچاوی هەندێک ڕەوشی تایبەتی بکەین، بۆ نموونە ئیبن حازمی یاساوان (1064 مردووە) کە هۆشسام بوو بە لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیس. بە پێچەوانەوە وەرگرتنی ئەم نووسینانە بەئامادەیی بۆ ئیبن باجە (1138 یان 1139 مردووە) هێڵرایەوە کە بە خەریکبوون پێیانەوە گۆڕانی بە فەلسەفە دا لە ئیسپانیای ئیسلامیدا.
ئەم پاشخانە مێژووییە کەمێک جۆری لێهزرینەکانی ئیبن باجە ڕووندەکاتەوە. ئاخر گەرچی ئەو لە یەکەم چارەکی سەدەی دوازدەیەمدا بەرنامەی نووسینی بەرهەمەکانی دانا، وەلێ نووسینەکانی ئاستی ئەو دانوستاندنەیان نەپەرچاند کە ئەو دەمە هزرڤانان لە ناوچەی دیکەی جیهانی ئیسلامیدا پێی گەیشتبوون. بەئاشکرا دیارە کە هێشتا نووسینەکانی ئیبن سینا لە بەردەم ئەودا نەبوون. هەروەها پێشبینییەکانی غەزالی کە ڕاستییەکەی خێرا لەسەر نیمچەدورگەی ئیبێریا ناسران، بە ڕادەیەکی کەم چوونە نێو لێهزرینەکانییەوە. لەبریی ئەوە ئیبن باجە بەزۆریی پشتی بەو پرسیارانە بەست کە لە سەدەی دەیەمدا پێشینەیی بوون و فارابی و نووسەرانی دیکەی مەدرەسەی بەغداد بنیاتیان نابوون.
ئێمە ئەم ڕەوشەمان بۆ خویا دەبێت گەر دیدێکی کورت ئاڕاستەی نووسینە باش پارێزراوەکانی ئیبن باجە بکەین. نووسینەکان یەکسەر ئەو هەڤرایەڵە دەپەرچێنن کە ناومان برد. کتێبەکەی بە ناونیشانی "دەروون" پارافرازی تیۆرییە ترادیسیۆنییەکەی دەروونە لای ئەڕیستۆتێلیس، ئەوە بێگومان لەو شێوەیەدا کە ئەم تیۆرییەی ئەڕیستۆتێلیس جارێ بە ڕاڤەکەی ئیبن سینا کاری تێنەکرابوو. ئەوجا نووسینەکەى بە ناونیشانى "تێبینى لەبارەی لۆگیک" پشت بە داڕشتنەکانى فارابی دەبەستێت. هەروەها نووسینی "ڕاڤەی فیزیک" تێهەڵچوونەوەی تێمایەکە کە ئیبن ئەلسەمح لە دەوری وەرچەرخانی ئەو هەزارەیەدا لە بەغداد نووسینێکی بۆ تەرخان کردبوو. ڕاستییەکەی ئیبن باجە لە دوو نووسیندا وەک هزرڤان بە پرۆفایلی خۆییەوە پێمان دەگات: "پەیوەندیى زەین بە مرۆڤەوە" و "شێوە ژیانى تاکیتەنیایەک / گۆشەگیرێک". وەلێ ئەم نووسینانەش لەنێو چێوەی ئاڕاستەکارییە فەلسەفەییەکەی فارابیدا دەبزوێن، هێندە نەبێت کە لە سەرئەنجامەکانیاندا بەئاشکرا لەو چێوەیە دەردەچن.
نووسینى "پەیوەندیی زەین بە مرۆڤەوە" پرسیار دەکات لەبارەی باڵاترین ئامانجى مەئریفە (واتا ئێپیستێمۆلۆگى) و کردارمان (واتا ئێتیک). ناونیشانى ئەم نووسینە هەر لە بەراییدا وەڵامەکەى پێشان دەدات: ئامانجی کۆششى ئێمە گەرەکە بریتی بێت لە پەیوەندی بە زەینى چالاکەوە. گەر ئەم پەیوەندییە بەدیبهێنرێت، ئیدی مرۆڤ بە بەختیارى دەگات. ئاخر ئیبن باجە جەخت لەوە دەکات، کە بەم ڕەوشە باڵاترین پلەى بوون بەدیهێنراوە، ئەوە بێگومان تا ئەو ڕادەیە کە بۆ ئێمە شیاوى پێگەیشتن بێت. ئەو ئامانجى دیکە، بۆ نموونە ئیدێى یەکانگیربوونی مرۆڤان بە خودا، بە وێڵبوون دادەنێت – ئێمە گەرەکە لەم تێڕوانینە ڕەخنەى ئاشکرا لە ڕێبازانى سۆفییەکان (و هەروەها غەزالى) تێبگەین.
وەک چاوەڕوانکراو بوو، ڕێگەى ڕووەو کامیلبوون بەسەر مەئریفەی ئاوەزمەندانەدا ڕەت دەبێت. ئیبن باجە هاوشێوەى فارابى وەسفی ئەم مەئریفەیە دەکات: مەئریفەکە سازاندنی تێگەی گشتێنراو (ئەبستراکسیۆن) و تێگەیشتنە، لەم ڕەوتەشدا زەینى شیمانەیى (پۆتێنسیەلى) مرۆڤ خۆی ڕیالیزە دەکات و دەبێت بە زەینێکى کردەکى (ئەکتوێل). وەلێ ئیبن باجە لە دوو ڕووەوە لەو تێزانە تێدەپەڕێت کە فارابی سەبارەت بەم بابەتە دەریبڕیبوون. ئاخر ئەم دەخوازێت ئەو فۆرمە هۆشەکییانە جیابکاتەوە کە مرۆڤ دەیانناسێت و ئەوجا لە جیاوازییاندا ڕاڤەیان بکات (فۆرمەکانى زەینە گەردوونییە باڵاترەکان؛ فۆرمى زەینى چالاک؛ فۆرمەکانى ماتەری؛ فۆرمەکانى دەروون). لە لایەکى دیکەوە ئیبن باجە گۆتەیەک سەبارەت بە پرۆسەی مەئریفە دەردەبڕێت کە پاش خۆی کاریگەریی قووڵ دەنوێنێت: گەر بۆ مرۆڤان بلوێت پەیوەندییەک لەتەک زەینى چالاکدا بهێننە گۆڕێ، گەر دەروونی ڕاسیۆنالیان ببێت بە زەینى کردەکی و ئەوانیش بە بەختیارى بگەن، ئەوسا بە دیدی ئیبن باجە ئەوان بە ڕەوشێک گەیشتوون کە تێیدا چیدى جیاوازی لە نێوان دەروونە تاکەکەسییەکاندا نامێنێت، بە پێچەوانەوە پێکڕا هەمان کامیلێتییان دەبێت و لە پەیوەندییەکى چڕدا پێکەوە لەگۆڕێ دەبن. بەڵى تەنانەت دەتوانین لە ڕوویەکی تایبەتییەوە ببێژین: زەینە بەکردەکیکراوەکانى مرۆڤان وەک "یەک" زەین لە ئەودنیادا بەردەوامی بە هەبوونیان دەدەن.
ئەم تێزە کاریگەریى خۆی لەسەر ئێپیستێمۆلۆگیی سەردەمی درەنگتر نواند. ئێمە پاشان دەبینین تێزەکە بەتایبەتى سەرنجى ئیبن ڕوشدى ڕاکێشا و لێوەى زانینومای یەکانەى زەینى شیمانەیى دەرئەنجاماند. وەلێ ئیبن باجە هەروەها کاریگەریى لەسەر ئەو لێهزرینە فەلسەفەییانە نواند کە لەبارەی سیاسەت ئەنجام دەدران، ئەمەش بەتایبەتى بەڕێى ئەو نووسینەوە کە ناونیشانى "شێوە ژیانى تاکیتەنیایەک"ى پێداوە.
ئەم نووسینەش بە لێدوانی ئەوتۆ دەستپێدەکات کە تەواو هاوشێوە لاى فارابی دەیبینین. ئیبن باجە هاوشێوەى فارابى دەبێژێت: دەوڵەتێکى فەزیلەمەند و کامیل کە فەیلەسوفێک لە ترۆپکی حوکمدارییەکەیدایە، فۆرمی ئیدیالی پێکەوەژیانى مرۆڤانە. باوەجو ئەوها دەنوێنێت کە هزرڤانە ئیسپانییەکەى سەدەى دوازدەیەم چیدى متمانە بەو ئیدیالە نەکات کە فارابى لە سەدەى دەیەمدا (خۆگرێداو بە دابی پلاتۆنییەوە) پرۆپاگەندەى بۆ کردبوو. ئاخر دواى ئەوەى ئیبن باجە نەخشەى دەوڵەتى کامیل دەکێشێت، ئیدی بەفراوانى وەسفى شێوەکانى ئەو بەدجۆربوونە (دێگێنێڕاسیۆنە) دەکات کە دەشێت لە دەوڵەتێکدا دەربکەون. لێرەدا هەستێکی ئەوتۆ لای ئێمە چێنابێت هەروەک ئیبن باجە تێڕوانینەکانى هزرڤانانى پێش خۆى سەبارەت بەم تێمایە دووپات بکاتەوە، بە پێچەوانەوە ئەوها دەنوێنێت کە ڕەخنەکەى بەزۆریى ڕیالیستی و پابەندی سەردەم بێت، هۆی ئەمەش پێدەچێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەزموونانە کە خودی ئیبن باجە لە پۆستە باڵا سیاسییەکاندا کردبوونی. باوەجو بەدووی ئەوەدا کێشەیەک دێتە ئاراوە و واتایەکی گەورەی بۆ لەخۆتێگەیشتنی فەیلەسوفەکە هەیە. ئاخر کاتێک ئەو دەیدرکێنێت کە ئیدێکانى هیچ کاریگەرییەک لەسەر جڤاک نانوێنن، ئەوا دەبێت لێرەدا دەرفەت بدات پرسیاری لێبکرێت کە داخۆ لێهزرینەکانی، هەروەها سەرجەم مۆدێلەکەی بۆ ژیان، چە ئاکامێکیان هەبێت. ئیبن باجە بە ئەلتەرناتیڤێک وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە: یان دەبێت فەیلەسوفەکان هەوڵ بدەن وەک "گیاکەڵە" لە دەوڵەتەکانیاندا کارا ببن و بەم شێوەیە گۆڕانکاریى ئەوتۆ ببزوێنن کە ڕەنگە لە ئایندەدا چاکسازیى جڤاک بشێنن، یاخود بەتەواوی لە ژیانى سیاسى بکشێنەوە و ببن بە کەسانى نامۆ لەم جیهانەدا، ئەوجا "لە هۆشدا گەشت بکەن بۆ ماڵانی دی کە بۆ ئەوان ئێستا نیشتمانن".
ئەمە بنبڕانە زرنگەیەکى ڕەشبینانەترى هەیە وەک لاى فارابى. ئاخر گەرچی فارابی بە هەمان شێوە فۆرمە جیاوازەکانى دەوڵەتانی گەندەڵی داڕشت، هێشتا هەر پابەند مایەوە بە هەڵوێستى خۆیەوە: جەختکردن لە ئیدیال و "پرنسیپەکانى تێڕوانینى دانیشتوانى دەوڵەتى فاخیر". وەلێ ئێستا ئەم پرسە لاى ئیبن باجە جیاوازە. پێدەچێت دەوڵەتى کامیل بۆ ئەو تەنیا هیوایەک بێت دوور لە کەتوار. بۆیە ئەو چیدی هەوڵ نادات بەختیاریی مرۆڤ بەو ڕێیەوە مسۆگەر بکات کە لە کۆمەڵى ئیدیالی سیاسیدا بەشداریی پێبکات. ئیبن باجە چارەسەری ئەم کێشەیە لای تاکەکەس دەبینێت، ئەمەش بەو دوو نووسینەدا خویا دەبێت کە لە سەرەوە ناومان بردن. هەردووکیان تەواوکەری یەکدین و هەمان ئامۆژگاری بە هەموو ئەو کەسانە دەدەن کە گفتی زۆر لە فەلسەفە دەبینن: ئەوان گەرەکە "شێوە ژیانى تاکیتەنیایەک" هەڵببژێرن و ئەوجا هەوڵ بدەن ئامانجێک بەدیبهێنن: "گرێدانى زەین بە مرۆڤەوە".
- 9 هەوڵدان بۆ سینتێزێک:
ئیبن توفەیل
ئەو نووسەرانە کە دوای ئیبن باجە هاتن، ئامۆژگارییەکەی ئەویان بەهەند وەرگرت. ئەمە لاى ئەو فەیلەسوفە دەبینین کە دوای ئەو لەسەر نیمچەدورگەى ئیبێریا پێمان دەگات: ئەبو بەکر ئیبن توفەیل (1185 مردووە). ڕاستییەکەی ئەو هیچ هۆیەکى نەبوو گازەندە لە پەیوەندییە سیاسییەکانى وڵاتەکەی بکات (واتا لە دەسەڵاتداریى ئەلمووەحیدون کە بەسەر مەغریب و بەشانى فراوانى ئیسپانیادا تەنیبووەوە). ئاخر ئیبن توفەیل بەدرێژایى ژیانى سوودى لەو پەیوەندییانە وەرگرت: سەرەتا وەک پزیشک و سکرتێر لە گرانادا، پاشان بە هەمان پۆست لە سەبتە و تەنجە، لە کۆتایشدا تەنانەت وەک پزیشکى تایبەتی سوڵتانى مەڕاکیش. سەرباری ئەوە ئیبن توفەیل ئامادە نەبوو لە گەڕانی مرۆڤدا بۆ بەختیاری رۆڵێکى گرنگ بە دەوڵەت بدات، بە پێچەوانەوە لە لێهزرینەکانیدا ڕەهەندێک بەهێزتر دەبێت: جیاکردنەوەى ڕێگەى ژیانى فەیلەسوفان لە ژیانى نێو جڤاک. ئاخر کاتێک ئیبن باجە تەنیا گۆتبووی، کە مرۆڤ گەرەکە لە سەردەمە گرفتارەکان یان لە دەوڵەتى گەندەڵدا خۆى لە سیاسەت بەدوور بگرێت، ئەوا ئێستا ئیبن توفەیل دەبێژێت کە کشانەوە لە ژیانى سیاسى و جڤاکی ئیدیالێکە کە لە پرنسیپەوە شایانى تەقەلابۆدانە.
ئەمە بەئاشکرا لەو تاکە نووسینەدا خویا دەبێت کە لە ئیبن توفەیلەوە پێمان گەیشتووە. مەبەست لە ڕۆمانە کورت و زۆر خوێنراوەکەیەتی بە ناونیشانى "زیندووى کوڕى بێدار" (حەى ئیبن یەقزان). ئیبن توفەیل بەڕوونى چیرۆکى مرۆڤێک بەناوى حەى ئیبن یەقزان دەگێڕێتەوە کە لە زارۆکییەوە بەتەنیا لەسەر دورگەیەکى تڕۆپی پێدەگات. لێرەدا گەلێک تێڕوانین (تەنانەت هینی پسیکۆلۆگی و پێداگۆگیش) دێنە دەربڕین کە مەرج نییە مرۆڤ لە کارێکی فەلسەفەییدا چاوەڕوانیى بکات. باوەجو ئیبن توفەیل بە تێکستەکەى ئامانجێکى هەیە کە بەڕوونى پێناسەی کردووە: ئەو دەیەوێت ئۆتۆنۆمیى زەینى مرۆڤ بسەلمێنێت. هەر لەم مەغزایەدا وەسفی ئەوە دەکات کە چۆن حەى ئیبن یەقزان هەنگاو بە هەنگاو – بەبێ ڕێبەریى مامۆستایەک یان پێغەمبەرێک – لە جیهانی دەوری تێدەگات و لە کۆتاییدا بە باڵاترینى ئەو مەئریفانە دەگات کە بۆ مرۆڤێک شیاوی پێگەیشتنن.
داڕشتنەکە تێکڕا ماوەیەکی پەنجا ساڵى لەخۆ دەگرێت. وەلێ ئیبن توفەیل داڕشتنی ڕۆمانەکە دادەبەشێنێت: ئەو لە گۆڕانى پاڵەوانەکەیدا هەر جارە حەوت ساڵ (یان چواردە ساڵ) پوخت دەکاتەوە و ئاوەڵابوونێکی تایبەتیى مەئریفە دەداتە پاڵ هەر بەشێک. ئاشکراکردنى زارۆکیانە بەتەواوی مۆرکی حەوت ساڵی سەرەتایە. لەم ماوەیەدا ئاسکێک کە وەک بەخێوکەر ئەوى گرتووەتە خۆ، فێرى دەکات چۆن گۆڕان بە شئورى تایبەتى (هۆگرى و سۆڵیدارێتى) و ستراتیژییەکانى خۆهێشتنەوە (گەڕان بەدووى خۆراک و بەرگریکردن لە خۆ) بدات. لە دووەم قۆناغدا (تا تەمەنى بیستویەک ساڵى) هەل بۆ حەى دەڕەخسێت بە مەئریفە خۆییەکانى بگات، وەلێ ئەم مەئریفانە بەزۆریى پراکتیکین (دروستکردنى ئەشکەوتێک، ئاشکراکردنى ئاگر). وەلێ هەر لەم قۆناغەدا یەکەمین تێڕوانینە تیۆرییەکانیش لای ئەو سەرهەڵدەدەن. بۆ نموونە دواى مردنى ئاسکەکە بۆى دەردەکەوێت کە زیندەوەران تەنیا لەشیان نییە، بەڵکو هەروەها هۆش-دارن (لە واتاى پنۆیمادا) کە لەکاتى مردندا بەجێیان دەهێڵێت. سێیەم بەشى ژیان تا تەمەنى بیستوهەشت ساڵى دەخایەنێت. ئەم بەشە لەژێر کاریگەریى لۆگیک و فیزیکدایە. ئێستا حەى فێردەبێت، تاک لە جۆر، فۆرم لە کەرەسە (ماتەری) و ئەنجام لە هۆ جیابکاتەوە، بەمەش ڕێگەیەک بۆ دوو ئاشکراکردنی مەزن خۆش دەبێت: تێگەى فۆرم دەیگەیەنێت بە کۆنسێپتى دەروون، هەروەها ئاشکراکردنى هۆئەنجامی دەیگەیەنێت بە وادانانێک کە بەو پێیە سەرجەم سروشتى دەوردەرى ئەو بەندە بە باڵاترین هۆیەکەوە. حەى دەتوانێت لەسەر ئەم بناغەیە لە بەشەکەى دیکەى ژیانیدا (تا تەمەنى سیوپێنج ساڵى) خودا بناسێت، بۆ ئەمەش کۆسمۆلۆگى یارمەتیی دەدات: ڕوانین لە تەنەکانى ئاسمان فێری دەکات تێبگات، کە دەبێت سەرجەم ئەم ڕێکخراوە مەزنانە هۆیەکی قادیر و گشتزان و میهرەبانیان هەبێت. حەى دواى ئەم تێڕوانینە تەنیا یەک ئامانجى هەیە: دەیەوێت لەو باڵاترین بوونەوەرە کە ئاسمان و زەمینى ئافراندووە، نزیکتر بکەوێتەوە، بۆیە لە قۆناغەکەى دیکەى ژیانیدا (تا تەمەنى پەنجا ساڵى) هەوڵ دەدات بە ڕاهێنانى ڕەوانی (سپیریتوێل) خۆى لە پابەندییەکەى بە جیهانى دەرکییەوە بەربدات و ئەمەشى بۆ دەلوێت، چونکە لە کۆتاییدا دەتوانێت لەوە بڕوانێت "کە هیچ چاوێک نەیبینیوە، هیچ گوێیەک نەیبیستووە و هەرگیز هیچ دڵێکى مرۆڤ دەرکى پێنەکردووە" (ئیبن توفەیل ئەمەی وەک سیتاتی حەدیسێکى پێغەمبەر داناوە؛ بڕوانە: Korinther 2,9 1). حەی بەم ئەزموونە گەشکە دەیگرێت، لە ئێستا بەدوواوە دەیەوێت خۆى تەنیا بۆ نەزەرى خودا تەرخان بکات و چیدى لەم ڕەوشەى بەختیارى دوورنەکەوێتەوە.
لە بنەڕەتدا دەشیا لەم جێیەدا ڕۆمانەکە تەواو ببێت. وەلێ ئیبن توفەیل بەم ڕوانگە هیوابەخشە بەرمان نادات، بەڵکو پاشگۆتنێک بە داڕشتنەکەیەوە دەلکێنێت. ئێستا کۆمەڵێکى ئیماندار (واتا موسڵمان) لەسەر دورگەیەکى دراوسێى دورگەکەى حەى دەژى. لەنێوان ئەم کۆمەڵە و حەیدا، کە ئێستا تەمەنى پەنجا ساڵانە و بە ستاتۆی مەئریفەی کامیل گەیشتووە، پەیوەندى سەرهەڵدەدات. حەى شادمان دەبێت بەم بەیەکگەیشتنە چاوەڕواننەکراوە و یەکسەر لەتەکیاندا دەکەوێتە دانوستاندن لەبارەى ئەو پرسیارانە کە ماوەیەکى درێژخایەن پێیانەوە هۆشقاڵ بوو، ئێستاش لە ڕەوتى دانوستاندنەکاندا بۆى خویا دەبێت کە دانیشتوانى سەر دورگەى دراوسێ لە هەموو ئەو پنتانەدا (هەبوونى خودا، ئافرێنراویى جیهان، قەدەرى مرۆڤ) لەتەک ئەو مەئریفانەدا یەکدەگرنەوە کە ئەو خۆى بەتەنیا بەدییهێنابوون، بێگومان هێندە نەبێت کە یەکگرتنەوەیان وردە جیاوازییەکان ناشارێتەوە. ئاخر حەى بەبێ ڕووپۆش ئەو ڕاستییەی ناسی بوو کە ئەو خۆی لێی دەدوا، بە پێچەوانەشەوە ئەو کۆمەڵە ئیماندارە تەنیا بەڕێى ئەو ڕێنوما و سیمبۆلانەوە بە زانینى خۆى گەیشتبوو کە سەردەمێک لەوەوبەر پێغەمبەرێک بەوانى ڕاگەیاندبوو. بۆیە دوایەمین پەیامى ڕۆمانەکە ئەوەیە کە چەند ڕێگەیەکى جیاواز ڕووەو خەڵاس هەن، چونکە دەبێت مرۆڤان بەگوێرەی ئەوە جیاوازى بکرێن کە داخۆ ئەوان چە شیمانەیەکیان بۆ تێگەیشتن هەبێت. زۆرینەى مرۆڤان هیچ گرنگییەک بە سپێکولاسیۆن نادەن. ئەو جۆرە مرۆڤانە ڕەزامەندن بەو داڕشتنە وێنەییانە کە نەریتی ئایینى دەیخاتە بەردەمیان. بە پێچەوانەی ئەوانەوە ژمارەیەکی کەم مرۆڤان هەن کە دوای ئەوەی ڕاستیی پەتی دەناسن، ئیدی بە ئارامیی دەروون دەگەن.
بەم ئەنجامە بازنەکە دادەخرێت. لێرەدا لێهزرینى ئەوتۆ ڕادەگەیەنرێن کە ئێمە لە نووسەرانى دێرینەوە دەیانناسین. ئێمە دەتوانین ببێژین، کە ڕۆمانى "زیندووى کوڕى بێدار"، سەربارى ڕەسەنێتى لە فۆرمەکەیدا، لە زۆر ڕووەوە تێکستێکى ترادیسیۆنیانەى فەلسەفەییە، ئەمەش نەک تەنیا ئەو تێگانە دەگرێتەوە کە دەستوێژی ئەرگومێنتهێنانەوەی ئیبن توفەیلن (تاکەکەس، جۆر، فۆرم، ماتەری، دەروون، زەین، یەکەمین هۆ و هتد). تێگەکان بەبێ هیچ گومانێک لەو زەخیرە باوە وەرگیراون کە لە واژە ئەڕیستۆتێلى و نوێپلاتۆنییەکان پێکهێنرابوو. ئەمە هەروەها زۆرینەى ئەو تێزانە دەگرێتەوە کە ئیبن توفەیل پشتیوانییان لێدەکات: فەلسەفە وەک زانستى دێمۆنستراتیڤ (بورهانی)، ئایین وەک گوزارشتی سیمبۆلى و هتد. تێزەکانى ئیبن توفەیل تەواو سانا دەگەڕێنەوە بۆ ئەو بڕوایانە کە گەرەکە لەکاتى فارابى بەدوواوە بە میراتى فەلسەفەیى نێو جیهانى ئیسلامی دابنرێن.
سەربارى ئەوە ناتوانین تێکستەکە دابەزێنین بۆ سەر ئاستى پابەندبوون بە کارە کۆنەکانەوە، چونکە گەرچی ئەم تێکستە زۆر تێڕوانینى ناسراو دەداتەوە، هێشتا هەر هاوکات پەیامێک لە خۆ دەگرێت کە هیچ کام لە فەیلەسوفانى ڕابوردوو پەیڕەوییان نەکردبوو. ئەم پەیامە لە بنەڕەتدا پنتی نێوەندیی ڕۆمانەکە دەگرێتەوە، واتا ڕۆچوونی بەختەوەرانەى حەی بۆ نێو باڵاترین مەئریفە و ئیبن توفەیل بە چەشنێک دایدەڕێژێت کە لە دابی فەلسەفەییەوە (یان نەک تەنیا لێرەوە) ڕوونناکرێتەوە، بەڵکو ئێمە لێی تێدەگەین گەر لە سۆفیزمەوە (هەروەها تا ڕادەیەک لە تیۆلۆگییەوە) پێشبینییان بهێنینە نێوییەوە.
ئێمە دەتوانین ئەم ساغکردنەوەیە بەوردی دەستنیشان بکەین. ئاخر ئیبن توفەیل ڕێبەرییەکی کورتى بۆ ڕۆمانەکەى نووسى و تێیدا تێڕوانینەکانی خۆى خستە نێو هەڤرایەڵێکی هۆشەکى-مێژووییەوە. ئەو لەم ڕێبەرییەدا، لەپاڵ هەندێک کێشەى دیکەدا، هەروەها ئاماژە بۆ ئەم پرسە دەدات: گەر ئەو لە ڕۆمانەکەیدا وەسفی نەزەری خودا بکات، ئەوا وەسفکردنەکەی پشت بە ئیبن باجە نابەستێت، ئەو هاوکات ئەڕیستۆتێلیس وەک دەرچە دانانێت، یان فارابی کە پەیوەست بەم تێمەوە گوزارشتی دژبێژى دانابوو. نەخێر، ئیبن توفەیل دەبێژێت، کە دوو نووسەرى دیکە دەرچەى ئەون: ئیبن سینا و غەزالى. وەک ئەو دەبێژێت، هەردووکیان سەربارى ئەو ڕا جیاوازانە کە لەبارەیان بڵاوبوونەتەوە، لە کۆتاییدا هەمان ئامانجیان هەبووە و هەردووکیشیان بە دۆخى باڵاترین مەئریفە گەیشتوون.
بۆ پێشاندانی ئەو تێزە ئیبن توفەیل ڕۆمانەکەى نووسى. دەربڕینەکانی ئەو لەبارەی ئەزموونە پێغەمبەرییەکەى حەى بەئاشکرا بەڵگەن بۆ ئەم تێروانینە، چونکە دەربڕینەکانی گرێدانێک ئەنجام دەدەن لە نێوان: زانینوماکەی ئیبن سینا لەمەڕ دەروونى ڕاسیۆنال (واتا خودئاگایى وەک دەرچەى مەئریفە، ڕاسیۆنالێتیى ڕێگەى مەئریفە، کامیلاندنى دەروونى تاکەکەسى) و ئەو توخمە بەرنامەییانە کە دەگەڕێنەوە بۆ غەزالى (ڕاهێنانى ڕەوانی وەک ئامادەکارى بۆ باڵاترین مەئریفە، یەکگرتن لەتەک خودادا نەک لەتەک زەینى چالاکدا، "چێژتن" وەک فۆرمى تەواوکراوی مەئریفە). بێگومان ئەو پرسە وەلاوە دەنێین کە داخۆ ئەم دەستپێکە ماقوڵ بێت، سەرباری ئەوە دەستپێکەکە هەوڵێکى جددییە بۆ چوونە نێو دانوستانە فەلسەفەییە هاوچەرخەکانەوە. ئاخر ئەوەى ئیبن توفەیل لە کۆتاییدا خستییە بەردەم، پێشنیارێکى دیکە بوو بۆ نواندنی پەرچەکردار لەسەر فەلسەفەى ئیبن سینا: ئیبن توفەیل نەیویست وەک غەزالى ڕەخنە لە ئیبن سینا بگرێت، ئەو هەروەها نەیویست وەک ئیبن باجە بگەڕێتەوە بۆ فارابى، بەڵکو بەزۆریى یەقینی هەبوو کە زۆر دەشێت بە هەندێک نیازباشی سینتێزێک لە خواستەکانی ئیبن سینا و غەزالییەوە بهێنرێتە ئاراوە.
Ulrich Rudolf: Islamische Philosophie. München 2004.
هەڤرایەڵ: کۆنتێکست
ئیدیال: نموونەی باڵا
پارافراز: دانەوەی تێکستێک بە وشەی خۆیی.
پنۆیما: (گریکی) هەناسە، هۆش، هەوا. پرنسیپێکی سروشت یان ژیانە کە وەک هەوا وەردەگیرێت و ژیان دەشێنێت.
سپێکولاسیۆن: هزرینی تێپەڕیو لە کردەکێتی کە هەوڵ دەدات کرۆکی شتەکان دیاری بکات. ئەمە زۆر تایبەت شێوازی هزرینی مێتافیزیکییە.
ترۆپی: ناوچەی گەرم کە دەکەوێتە ژوروو و ژێرووی نزیکی هێڵی ئیستیواوە.
تێما: مەسەلە، بابەتی یان پرسی دانراو بۆ لێتوێژینەوەی هزری، زانستی، یان داڕشتنی هونەری.
زەینى شیمانەیى و کردەکى: زەینى شیمانەیى (بە لاتینی: پۆتێنسیەل، بە گریکی: دینامیس) توانستی سروشتیی مرۆڤە بۆ هزرین، وەلێ جارێ ئاوەڵا نەبووە. زەینی کردەکی (بە لاتینی: ئەکتوێل، بە گریکی: ئێنێرجێیا) ئەو زەینەیە کە نەک تەنیا لە تێگە ئاپریۆرییە بنەڕەتییەکان (بوون، شیمانە، گەوهەر، زەروورە و هتد) تێگەیشتووە، بەڵکو هەروەها لە تێگە لێکدراوەکان و بەڵگە و هتد. بڕوانە هەمان وەرگێڕ: ئولریش ڕودۆلف. پارادیگمایەکی نوێ. ئیبن سینا. کوردستانپۆست / کوردڕاوم / دەنگەکان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست