پێنچ ساڵیتر لە ناو ترس و برسێتی و زیندانیکردن و قەرزاری دا

Sunday, 14/07/2024, 21:58


10ـی 7ـی 2024 ، پێنچ ساڵ تێپەڕئەبێت بەسەر سوێندخواردنی سەرۆکی بەناو کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە پەرلەمانێکی لاواز و بەبێ هەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە ، بەبێ بوونی ئەندامانێکی ئەزموندار و شارەزا لە بواری یاسا مرۆیی و سیاسیەکاندا ، متمانەی پێدرا.

ئاشکرایە لەدوای راپەڕینی بەهاری ساڵی 1992، تا ئێستا پێنچ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.

یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 19ی ئایاری 1992 بەڕێوەچوو . کە وا بڕیاڕە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ شەشەمین خولی بە هەبوونی گومانێکی زۆرەوە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت . ئەگەر ئەنجام درا ئەوا یەکەمین خولی پەرلەمان دەبێت کە ژمارەی ئەندامانی لە ١٠٠ ئەندام پێک هاتبێت .

لەو هەڵبژاردنانەدا لیستی جیاواز بەشدارییان تێداکردوە و دەنگی لیستە گەورەکانیش کە خۆیان بە خاوەنی یەکەم و کۆتایی ئەم خاک و حوکمڕانیە زانیوە بەردەوام لە کەمبوونەوەدابووە .

ئەم کەمبونەوانە لە ڕێژەی دەنگدەری حیزبە گەورەکان هەم ئاماژە و پەیامی هۆشیاربوونەوەی هاوڵاتیان ئەگەیەنێت، لە لایەکی ترەوە شایەنی هەڵوێستە لەسەرکردنیشە ! کە بۆچی لەگەڵ بوونی ئەم هەمووە لە دەنگی ناڕازی هاوڵاتیان و خۆپێشاندان و چالاکیە مەدەنیانەدا کەچی ئەم کابینە شڕ و لەرزۆک و بەبنەماڵەکراوانە هەر بەردەوامن و دووبارە هەڵئەبژێردرێنەوە و جارێکیتر تاجی پاشایەتیان لەسەر ئەکرێتەوە ؟! کە ئەم دژیەکیە لە شیکردنەوەی سیاسەت و کۆمەڵناسیدا بوونی ترس و تۆقاندن و برسیکردن و بە سەربازگەکردن و حوکمێکی شمولی و بەکۆیلەکردنی کۆمەڵگە لێک ئەدرێتەوە .

گومانی تیانیە ، هیچ هەڵبژاردنێکی گشتی چ پەرلەمانی بوبێت یان شارەوانیەکان و حکومەتە ناوخۆییەکان لەکاتی خۆیدا ئەنجام نەدراوە ! هەر خولێکی پەڕلەمانی بەگشتی لانی کەم ٥ تا ٦ ساڵ بەردەوام بووە ئەمە لە کاتێکدا هاوڵاتی متمانەی خۆی بە نوێنەرەکانی ئەدات تەنها بۆ ماوەی ٤ ساڵ !

هیچ کابینەیەک نەبووە لەکاتی خۆیدا متمانەی پێ درابێت و لەکاتی خۆیدا کەبە چوار ساڵ دیاریکراوە کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنابێت !
 
پەندێکی عەرەبی هەیە ئەڵێ ( ما بنى على باطل فهو باطل ) هەرکارێک لەسەر بنەمای هیچ دروست بووبێت ئەوە بۆشە .

کەواتە هەر کارێک کە سەرەتاکەی بە کەم و کوڕی یاسایی دەست پێ بکات . یان لەسەر بنەمای هەڕەشە و چاوسورکردنەوە و نانبڕین و درۆ و چەواشەکاری و کوشتن و تەزویر دروست بووبێت بێگومان چارەنوسی باش نابێت و خێری بۆ هاوڵاتیانیشی نابێت . ئەگەر بەردەوامیش بێت ئەوا زیاتر بە تۆبزیە نەک بوونی متمانەی هاوڵاتیان .

ئەوانە بە هێندەی درێژی حوکمداریان بونەتە مایەی بەڵاو سەرئێشە بۆ هاوڵاتیان .

بۆنمونە کابینەکەی مەسرور بارزانی کە لە هەناوی دەزگایەکی سیخوڕ و تی/ۆرەوە سەرچاوەی گرتووە و بە کابینەی نۆ دێتە هەژمارکردن . لەساتی نوسینی ئەم بابەتەدا ٥ ساڵ تێپەڕبووە بەسەر دەستبەکاربوونیدا و تا ئێستاش بەردەوامە و پێ ئەچێ تا ماوەیەکی زیاتریش هەر بەڕدەوام بێت ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانان بەڵایەکی لێبەسەر نەهێنن و پەتی سەبریان نەپچڕێنن لەگەڵیدا بەحوکمی ئەوەی بەردەوام و تا ئێستا چوار جار وادەی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی دیاریکراوە بە مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێم ، کەچی تا ئێستاش دیار نیە مانگی ١٠ ی ئەمساڵ ئەکرێت یان نا لەبەر بوونی ترسێکی زۆری پارتی و یەکێتی لە دۆڕان و شکستێکی حەتمی . 

ئەم کابینە بێخێر و پڕترس و پڕبرسیکردنە لەگەڵ ئەوەی کە کێشە و قەرز و نەبوونی خزمەتگوزاریەکانی کابینەکانی تری درێژە پێدا و زیاتر و قوڵتریشی کردنەوە و ئەرکی سەرشانی هاوڵاتیانی قورسترکرد . ئەوا دەنگە ناڕازی و ئازا و ئازادەکانیشی زیاتر سەرکوتکرد و ڕۆژنامەنوس و نوخبەکانی کۆمەڵگەی خزاندە کونجی زیندانەکانەوە و سیناریۆی قێزەون و سواوی بۆ هەڵبەستن و لەدادگای حیزبدا حوکم ئەدران کە تا ئێستاش هەربەردەوامە . ئەمە لەکاتێکدایە کە بەردەوام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئەمنستی ئینتەرناشناڵ هۆشداریان داوەتە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە و داوای چاکسازیکردن ئەکەن لە ژیانی هاوڵاتیان و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژنامەنوس و دەنگە ناڕازی و ڕەخنەگرەکاندا . بەڵام تا ئێستاش حکومەتە پۆلیسیەکەی مەسرور بارزانی ئەو تۆمەتان ڕەد ئەکاتەوە و ئامادەنیە دانی پێدابنێ . 

وەک نەعامە سەریان کردووە بە ناو زەویدا وەک وابێت ئێستاش سەردەمی شاخ بێت چیان بوێ بیکەن بۆیان بچێتە سەر و کەس پێی نەزانێت . ئەوان ئێستاش لەو خەوی غەفڵەتە بەئاگا نەهاتونەتەوە کە دونیا بووە بە گوندێکی بچکۆلانە و هیچ کارێک بەئاسانی و بە نهێنی نامێنێتەوە .

مەسرور بارزانی کاتی خۆی لە مەراسیمی سوێندخواردنی لە پەڕلەمان هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی راگەیاند و لە بەشێکی وتارەکەیدا گوتی: خواستی یەکەمم لەم کابینەیەدا رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە .

کەچی ئێستا گەندەڵی چۆتە هەناو و جەستەی حکومەتەوە و پنت بە پنتی گرتۆتەوە ، بەئەگەری زۆرەوە لەوانەیە ببێتە سەرەخۆرەی ئەم قەوارەیە و هەڵوەشانەوەی ئەو حکومەتەی کە خۆیان وتەنی ڕوبارێک خوێنی بۆ ڕژاوە ، بە هۆکاری بوونی ئەم فشارانە لەسەری :

» فشاری ناوخۆیی و قورس بوونی گوزەرانی هاوڵاتیان و بوونی هەڕەشەی ترس و برسیێتی .
» فشاری بەغدا و دەرهێنانی سەرچاوەکانی داهات لەژێردەستی حکومەتی هەرێم .
» فشاری نێودەوڵەتی و بچوککردنەوەی پێگەکەی و ناڕەزایەتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ .

نەژاد عوسمان



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە