کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


عێراق وڵاتێكی بێ‌ سەروەری ژێر چەپۆكی دراوسێكان !

Wednesday, 03/07/2024, 18:24


هەمو دەوڵەتێك لەسەر سێ‌ پایەی سەرەكی دادەمەزرێ‌،  گەل و هەرێم ودەسەڵاتی سیاسیین، دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەت تایبەتمەندی خۆی هەیە بەوەی خاوەنی سەروەریە بەسەر گەل وهەرێمەكەیدا، بۆ پاراستنیان لەهەر دەستدرێژیەك بكرێتە سەریان، بۆیە هەركاتێك ئەو سەروەریە بێهێز بو یا نەما مانای كۆتایی هاتنی دەوڵەتەكەیە. واتە دەسەڵاتی دەوڵەت دەبێ‌ زاڵ بێ‌ بەسەر هەرێمەكەی خۆیدا لەبەرانبەر هەر دەسەڵاتێكی تر، جا ئەو دەسەڵاتە لەناوخۆ و ناوچەیەكی دەوڵَەت سەری هەڵدابێ‌ یاخود لەدەرەوەی هەرێمی دەوڵەتەوە هەرەشە لە سەروەری دەوڵەتەكە بكا. 
   گرنگترین ئەركی دەوڵەت پاراستنی خاك وگەلەكەیەتی لە دەستدرێژیەكانی دەرەوەی سنورهەروەها لە پشێوی ونائارامیەكانی ناوخۆشدا، سەرەرای ئەوەش  دەوڵەتان لەرێگای پاراستنی دیپلۆماسیەوە (الحمایە الدبلوماسیە) پارێزگاری لەو هاوڵاتیانەی خۆشیان دەكەن كە لەدەرەوەی وڵاتەكەن ولەوڵاتانی تر دەژین.
  دەوڵەتی عێراق لە دوای ساڵی 2003 ەوە تا ئێستا خاوەنی دەسەڵاتێكی بەهێزو سەروەریەكی تۆكمە نیە، هەم لەناوخۆی وڵاتەكە نەیتوانیوە دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێ‌ بەسەر هەمو هەرێمەكەیدا، تا ئێستا هێزگەلێك هەن خۆیان بە دەوڵەتی قووڵ دادەنێن و ركابەری دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق دەكەن، هەمیش لەلایەن  وڵاتانی دراوسێوە بەردەوام سەروەریەكەی بە دەیان شێوە پێشێل دەكرێ‌. كەچی عێراق لەبەرانبەر پێشێلكاریە ناوخۆیی و دەرەكیەكان بێدەنگەو مێش میوانی نیە. لەكاتێكدا دەتوانێ‌ بە زۆر رێگەو شێواز سەروەری خاك وگەلەكەی بپارێزێ‌ .
   ئەمرۆ هاتنە ناوەوەی بۆ ناو خاكی عێراق كە ئەمەجاری یەكەم وكۆتاییی نیە لەساڵی 1991 ەوە بەردەوامە تائێستا، پێشێلكردنی دیباجەو مادەی یەكەمی بەڵگەنامەی نەتەوە یەكگرتوەكانی ساڵی 1945 ە ، هەروەها پێشێلكردنی هەندێ‌ پرنسیپی گرنگن تایبەت بە رێكخستنی پەیوەندی نێوان دەوڵەتان، وەك پرنسیپی رێزگرتنی سەروەری دەوڵەتان، پرنسیپی دەست نەخستنە ناوكاری ناوخۆییی دەوڵەتان، پرنسیپی دراوسێیەتی باشی نێوان دەوڵەتان، پرنسیپی رێزگرتنی مافەكانی مرۆڤ ....هتر. جگە لەوەش دەستدرێژیەكانی توركیا بۆ سەر سەروەری عێراق هەمو سنورێكیان تێپەراندوە، ئەوەتا لەرێی درۆن وبۆمبی چێنراوەوە ئارامی هەرێمی كوردستانی شێواندوەو لەناو شارو شارۆچكەو دێهاتەكان، خەڵكی سڤیل دەكاتە ئامانج، جا ئەو خەڵكانە هاوڵاتی عێراقی بن یا بێگانەبن وبەرێگایەكی یاساییی لێرە نیشتەجێ بوبن. 
     پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق لەبەرانبەر ئەو دەستدرێژیانە بێتە دەنگ،چونكە ئەمە بەدیاریكراوی ئەرك و بەرپرسیارەتی ئەوە، بەپێی برگەی دووەمی مادەی 110 ی دەستوری عێراقی 2005، كە دەڵێت حكومەتی فدراڵی بەحەسری بەرپرسە لە:( دانانی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی وجێبەجێكردنی، بە دروستكردنی هێزی چەكدار و بەرێوەبردنییەوە، بۆ دابینكردنی وپاراستن وزامنكردنی ئاسایشی سنورەكانی عێراق و بەرگریكردن لێیان)، بۆیە لێرەدا پێویستە حكومەتی عێراق بێتە سەرخەت بۆ رووبەرووبونەوەی ئەو دەست درێژیانە، لەپێناو پاراستنی سەروەریەكەی خۆی بەر لەهەر بابەتێكی تر.
بۆ ئەو مەبەستەش ،حكومەتی عێراق دەتوانێ‌ بەرێگای یاسایی رووبەرووی دەوڵەتی توركیا ببێتەوە بە ئاگاداركردنەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكان لەسەر دەستدرێژی ودوژمنكاریەكانی ، ئەویش بەپشت بەستن بە  بەشی حەوتەمی بەڵگەنامەی نەتەوە یەكگرتوەكانی ساڵی 1945 وپەنابردن بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ، كە سەرەتا ئەنجومەن هەوڵ دەدا بە ئاشتی كۆتایی بەو دەستدرێژیانە بێنێ‌، ئەگەر ئەو هەوڵەی سەركەوتو نەبو هەندێ‌ رێوشوێنی تر دەگرێتەبەر وەك سەپاندنی سزای ئابوری ودیبلۆماسی، دواجار ئەنجومەنی ئاسایش پەنا دەباتە بەر بەكارهێنانی هێز بۆ كۆتایی هێنان بە دەستدرێژی و دوژمنكاریەكانی توركیا، بەمەرجی عێراق سوور بێ‌ لەسەر رووبەروبونەوەی داواكەی دژ بە توركیا. 
    سەرەرای ئەوەش عێراق وەك دەوڵەتێك دەتوانێ‌ راستەوخۆ لەبەرانبەر دەستدرێژیەكانی توركیا بوەستێتەوە بەرێگای دیبلۆماسی، وەك بانگردنی سەفیری توركی یا دەركردنی لەعێراق وپچرانی پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ توركیا. هەروەها لەرێگای بەكارهێنانی هێز بۆ پەرپەچدانەوەو راگرتنی ئەو دەستدرێژیانە و پاراستنی سنور و هەرێمی وشكانی و هەوایی عێراق. ئەگینا گەر عێراق بەردەوام بێ‌ لەسەر ئەو بێدەنگی وملكەچكردنەی بۆ دەستدرێژی وڵاتانی دراوسێ‌ وبەتایبەتیش توركیا، مانای ئەوەیە ئەو وڵاتە سەروەریەكەی ناتەواو وتێكشاو وپێشێلكراوە، بەو دۆخەش ناتوانێ‌ وەك دەوڵەتێك ئەرك و پابەندییەكانی خۆی بەجێ‌ بگەیەنێ‌ لەبەرانبەر گەلەكەیدا وپارێزگارییان لێبكا لەسەر هەرێم وخاكەكەیدا، بۆیە دوا رۆژی ئەو دەوڵەتە بەو حاڵەوە بەرەو لەتكردنی خاك وهەرێم و سەروەریەكەی  هەنگاو دەنێ‌ !!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە