ناکۆکی لەسەر دەسەڵات لە دنیای ئیسلامدا بەشی (٢)

Friday, 21/06/2024, 12:04


خەلیفەکانی ڕاشدین،

قۆناغی خەلیفەکانی ڕاشدین، قۆناغی ڕاستەوخۆی دوای مردنی پێغەمبەری ئیسلامە. بەهەزاران نووسەری عەرەب، باسی مێژووی ئیسلامیان کردووە، هەندێک لەو نووسراوانە کراون بە فلیمی سینما، درامای تەلەفزیۆنی و بە زنجیرە لە کەناڵە تەلەفزیۆنیە عەرەبیەکاندا هەمیشە پەخش  کراون. ئەوان نەیانتوانیوە خۆیان لەو ڕاستییە بدزنەوە، کە لەنێو دنیای ئیسلامدا ناکۆکی هەبووە لەسەر گرتنە دەستی دەسەڵات، تا ئەو ڕادەیەی کوڕ باوکی کوشتووە بۆ ئەوەی بێتە دەسەڵات، وەک جەعفەر ئەلمتەوەکل عەلەل ئەڵا (٨٤٧-٨٦٢)ز، کوڕەکەی کوشتی بۆ ئەوەی شوێنی بگرێتەوە. زەیدی معاویەی کوڕی ئەبو سفیان، ئامۆزای باوکی کە حوسێن عەلی ئەبو تالیبە دەکوژێت بۆ دەسەڵات. بە زمانی کوردیی بە دەگمەن سەرچاوە دەست دەکەوێت کە قامکی بۆ ئەو ڕاستیانە درێژ کردبێت، بەڵام لە دنیای میدیای بیانی و بەتایبەتی  عەرەبی و فارسیدا، بەبێ سڵمینەوە هەموو ئەو ڕاستیانەیان بە دۆکیۆمێنت بڵاو کردۆتەوە، بە هەزاران لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو ڕووداوە مێژوویانە ئەنجام داوە، بەهەزاران شێکردنەوە و توێژینەوەیان دەربارەی ئەو بابەتە کردووە، کە ئەو شەڕ و ناتەبایە لە پێناو خوددا نەبووە، ئەوەندەی بۆ دەسەڵاتی سیاسی و دەستکەوتی ئابووریی بووە، خاڵی سەرەکیی هاندانی ڕەشوڕووتی عەرەب بۆ چوون بۆ جەنگ مەسەلەی تاڵانی بووە. 
 لە دنیای عەرەبیدا ئەو بابەتانە هەمیشە تاوتوێ دەکرێن، لەبەرئەوەی بمانەوێت یان نا، عەرەب ئەو مێژووە بەهی خۆی دەزانێت و جێگەی شانازییانە. ئەو مێژووە گۆڕانکاریەکی ئێجگار مەزنی لە مێژووی ژیانی سیاسیی، ئاینیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی عەرەب کردووە. ئەو مێژووە بیناغەی دامەزراندنی ئیمپراتوریەتی عەرەب بووە، بەڵام تورک و فارس وەک نەتەوەکانی دی ناوچەکە نەچوونەتە ژێر ئەو بارە، واتە ئەگەر سەرنج بدەینە ڕووداوە مێژوویەکان، بۆمان دەردەکەوێت کە فارس و تورک دواتر لەژیر دروشمی ئیسلامەوە ئیمپراتۆریەتیان لە عەرەب سەندۆتەوە.  باسی ئەو مێژووە لە هەندێک میمبەری ئاینی بە تایبەتی لە میسر، هەمیشە جێگەی گفتوگۆ بووە، ئەوەی ئەو باسانە دەخاتە ڕوو بۆ نەوەی تازە، بە کافر و مولحد تاوانبار ناکرێت، لەبەرئەوەی ئەمانە هەموو ڕووداوی مێژووی بوونە، بەڵام پیاوە ئاینیەکانی کورد و مەلا و شێخ، لە میمبەری مزگەوتەکانی کوردستاندا، لە بابەتی بێ سەروبەرو بێ مانا بەولاوە، کەس پەنجە بۆ ئەو ڕاستیانە درێژ ناکات، بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ نەوەی تازە ڕۆشەن بکات کە کوێرانە دوای ئەم ئیسلامی سیاسیی ئەفغانی، ئەو ئیسلامی سیاسیی داعشی و عەرەبی و تورکیی و پاکستانی نەکەوێت، نەبێتە نۆکەر و لەژێر دروشمی ئاینیدا، وڵاتەکەی تەسلیم بە تورک و عەرەب و فارس نەکات!
 دوای مردنی پێخەمبەر، ناکۆکیی دەکەوێتە نێوان ئەوانەی لە دەسەڵاتدا بوون لەگەڵ پێخەمبەر. دوو هەڵوێست سەرهەڵدەدات، عەباسی مامی پێخەمبەر و عەلی ئەبی تاڵیبی کوڕی مامی دەڵێن، ئێمە میراتگری پێخەمبەرین و دەبێت دەسەڵات بگرینە دەست و هەموو سەرمایەی سیاسیی و ئابووریی و ئاینیی پێخەمبەر بۆ ئێمە بێت، بەڵام ئەبوبەکری سەدیق و هاوڕێکانی پشتیوانی لەو بۆچوونە ناکەن و دەڵێن، دەبێت خەلیفە لەنێو موسڵمانان هەڵبژێردرێت، واتە بە دەنگددان دەبێت یەکێک هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی ببێت بە خەلیفە و لەسەر کورسی دەسەڵات دابنیشێت. لەو ڕۆژەوە تۆی دووبەرەکیی دەچێندرێت، نواتی زمینەی جەنگی مەدەنی لەنێو موسڵمانندا دەڕەخسێت.  گەلێک سەرچاوە هەیە کە ئاماژە بەوە دەکات، کە پێخەمبەری ئیسلام کاتێک کە لە ژیاندا بووە، خوێندنەوەی هەبووە بۆ واقیعەکە، دەرکی بەوە کردووە کە تیروهۆزە عەرەبەکان و ئەسحابەکان ناتەبان، دوای ئەو لەسەر گرتنە دەستی دەسەڵات ناکۆکی لەنێو ئەسحابەکاندا دەتەقێتەوە و پێشبینی ئەوەی کردووە، کە خەلیفەکانی ڕاشدین زۆربەیان دەکوژرێن. بۆ نمونە دەڵێن، ئەو بە عەلی بن ئەبی تالیبی گوتوە، دوای نەمانی من دژایەتی دەکرێت، یەکێک بە شمشێر لە تەپڵی سەرت دەدا و ڕیشت لە خوێندا نووقم دەبێت. 

  نەسەبی بنەماڵەی پێخەمبەری ئیسلام

بەگوێرەی ئەوەی بوخاری دەگێرێتەوە دەڵێت، کاتێک کە پێخەمبەر نەخۆش دەکەوێت و لەسەرە مەرگدا دەبێت، عەباسی مامی پێخەمبەر بە عەلی ئەبو تالیبی کوڕی مامی پێغەمبەر دەڵێت، با لە پێخەمبەر بپرسین، کە دوای خۆی میراتی سیاسی واتە خەلافەت، بۆ کێ دەبێت و کام لە خزمەکان هەڵدەبژێرێت بۆ ئەو پۆستە. عەلی ئەبی تاڵیب دڵنیا نابێت، لەوەی کە پێخەمبەر لە وەسیەتەکەیدا ئەوان پێشنیار بکات، کە دوای خۆی دەسەڵات وەربگرن، بۆیە لە وەڵامدا دەڵێت، باشتر وایە لێی نەپرسین، چونکە ئەگەر ئەو هەر کەسێک دەستنیشان بکات، ئەوا دوای خۆی، خەڵک گوێڕایەڵی وەسیەتەکەی ئەو دەبن و گوێ لە ئێمە ناگرن.
لە سەرەتادا خزمەکانی پێغەمبەر یەکگرتوو دەبن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی بیرۆکەی هەڵبژاردن دژی ئەبوبەکری سەدیق و خەلیفەکانی ڕاشدین، بەڵام دواتر لەسەر دەسەڵات وەرگرتن درزیان تێدەکەوێت. دوای مردنی پێخەمبەر، عەباسی مامی پێخەمبەر و عەلی بن ئەبی تاڵیب و خزمەکانی دیان، ڕێکخراوی "ئەلسادە" یان شورای "ئەلسادە" پێک دەهێنن، هەوڵدەدن لاینگر لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە بۆ دژایەتی کردنی ئەبوبەکر، عومر، عوسمان واتە دژایەتی کردنی بیرۆکەی هەڵبژاردن بۆ دەستنیشان کردنی خەلیفە. لەو قۆناغەدا خەلیفەکانی ڕاشدین کە پێک دێن لە ( ئەبوبەکر، عومر بن ختاب، عوسمان بن عفان و عەلی ئەبی تالیب) یەک لە دوای یەکدا دەسەڵات وەردەگرن، ئەبوبەکری لێ دەرچێت هەموویان لە ئەنجامی ناتەبایی و جەنگ بۆ دەسەڵات تیرۆر دەکرێن.  
دەوڵەتی خەلیفەکانی ڕاشدین، لەژێر دروشمی فتوحاتی ئیسلامی هەوڵدەدەن سنووری جوگرافیای دەسەڵاتیان فرەوان بکەن، بەتایبەتی لە دەورانی حوکمی عومەر بن خەتاب، بەو مەبەستە هێڕش دەکەن سەر وڵاتانی دەوروبەریان، لە ماوەی ٢٠ ساڵدا  کویت، عیراق، ئیران، ئوردن، ئازەربایجان، ترکیا، شام، تورکمانستان،جورجیا، مسر، باکووری سودان، لیبیا و باشووری تونس و قبرس داگیر دەکەن. هێشتا لە گورستان خەریکی ناشتنی ئەبوبەکر دەبن، کاتێک کە عومەر بن خەتاب داوا لە موسڵمانان دەکات، کە بێنە پێش بۆ دامەزراندنی لەشکرێک بۆ هەڵکوتانە سەر ڕۆم و عەجەم. 
کۆنتڕۆڵ کردنی عیراق لەلایەن خەلیفەکانی ڕاشدین، تەنیا مەبەست کۆنتڕۆل کردنی ئەو وڵاتە نەبووە، ئەوەندەی مەبەست لە کۆکردنەوەی خەڵک بووە بۆ هەڵکوتانە سەر ئیران، واتە هەر لە قۆناغی دەسەڵاتی ئەبوبکریشدا، هەندێک وردە تێکهەڵکێشان لەنێوان موسڵمانان و ئیرانیەکان ڕوودەدا. لەگەڵ فرەوان بوونی دەسەڵات و دەستکەوتی ئابووریی، کێشەی نێوان مسوڵمانان لە هەڵکشان دەبێت، بەتایبەتی لەنێوان ئامۆزاکانی پێخەمبەری ئیسلام، هەروها دەنگی ناڕەزا لەنێو میللەتانی داگیرکراو بەرز دەبێتەوە، هەندێک هەوڵی بەرەنگاری بوونەوەی داگیر کردنی وڵاتیان دەدەن بەڵام سەرکەوتوو نابن، بڕێکی کە سوور دەبەن کە واز لە ئاینی باب و باپیرانیان نەهێنن، هەندێک هەست بە چەوسانەوە دەکەن، بڕێکی دی گیانی تۆڵەسەندنەوەیان لا دروست دەبێت و بە هەزاران هۆی سیاسی و ئابووریی دی دەنگی ناڕەزا بەرەو هەڵکشان دەچێت. 
ئەبوبەکر سەدیق بە هەڵبژاردن دەبێت بە خەلیفە، بۆ ماوەی شەش مانگ عەلی بن ئەبی تالیب بەیعەی پێ نابەخشێت، تا لە پرسەی فاتیمەی خێزانیدا بڕیار دەدا کە بەیعە بدات بە ئەبوبەکر، واتە لە دڵی گران دەبێت، کە خلافەت لە بنەماڵەکەی ئەواندا دەربچێت، کە خۆیان بە میراتگری سیاسیی و ئابووریی پێغەمبەر دەزانن. ئەبوبەکری سەدیق لە ساڵانی( ٦٣٤-٦٣٢ )ز حوکمی کردووە و بە نەخۆشی مردوە. دوای خۆی وەسیەتی کردووە کە عومەر بن ختاب، ببێت بە خەلیفەی موسڵمانان. 
عومەر بن خطاب لە نێوان ساڵانی (٦٤٤-٦٣٤)ز حوکمی کردووە و حەدیسەکانی پێخەمبەری کۆ کردۆتەوە. ئەو ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبووە، لە نزیک کردنەوەی تیر و هۆزە عەرەبەکان لە یەکدی، بۆ  پێکهێنانی لەشکرێکی مەزن و ئامادە کردنیان بۆ جەنگ دژی ڕۆم و عەجەم. لە نێوان ساڵانی ٦٣٢-٦٥٤ز خەلیفەکانی ڕاشدین گەورەترین ئیمپراتۆریەتی ساسانیەکان دەڕوخێنن، کە لە مێژوودا ناسراوە بە (فەتحی ئیسلام بۆ وڵاتانی فارس) یان (فەتحی عەرەب بۆ وڵاتانی فارس)، کە کۆتایی بە ئاینی زەردەشتی دەهێنن و ئیران داگیر دەکەن.
 لەگەڵ فرەوان بوونی دەسەڵاتی حوکمڕانی خەلیفەکانی ئیسلام، بەگوێرەی ئەوە ناکۆکیی نێوان ئەسحابەکان لە هەڵکشان دەبێت بۆ گەیشتن بە کورسی دەسەڵات. فەیروز نەهاوەندی ناسراو بە ئەبولوئلوئە، لە کاتی نوێژدا بە چەقۆیەکی ژەهراوی عومەر بن خەتاب دەکوژێت.

گومەتی ئەبولوئلوئە لە ئیران

سونەکان دەڵین ئەبولوئلوئە کابرایەکی ئاگر پەرست بووە، نەبۆتە موسڵمان، تاوانبارێکی مەزن بووە، لە خۆشەویستی بۆ ئاینی خۆی و تۆڵە لەوەی کە وڵاتەکەی داگیر دەکرێت، خاک و سامانی نیشتمانەکەی بە تاڵان دەبردرێت، پەیمان دەدا کە تۆڵە بکاتەوە و خەلیفە بکوژێت. 
لەنێو موسڵمانە شیعەکاندا، دوو بۆچوونی جیا هەیە، هەندێک لە شیعەکان ئەبو لوئلوئە بە ئاگر پەرست و تاوانباری گەورە لە قەڵەم دەدەن، بەڵام برێکی دیان دەڵێن، شیعەیەکی ئازا بووە، زۆر بڕوای بە ئیمام عەلی هەبووە و دڵسۆزی بووە، بۆیە عومەر بن خەتابی کوشتووە، بۆ ئەوەی ئەو بێتە دەسەڵات. هەندێک سەرچاوە دەڵێن، دوای کوشتنی خەلیفە، فەیروز دەستگیر کراوە و لە مەدینە
سەریان پەڕاندوە، ئەو گومەتەی کە نزارگەی ئەبو لوئلوئەیە لە ئیران، دوورە لە ڕاستی، بەڵام شیعەکان دەڵێن، دوای کوشتنی خەلیفە، فەیروز ڕادەکات، دەچێتە شاری قاشقانی ئیران و لەوێ دەمرێت ئەو گومەتەش مەزارگەی ئەوە.
عومەر بن خەتاب لەسەرە مەرگدا وەسیەتی شەش کەس دەکات بۆ بوون بە خەلیفە، عوسمان بن عەفان، زوبیر بن عەوام، تەڵحە ئیبن عوبیدئەلا، سعد بن ئەبی وەقاس، عبدولرحمان بن ئەبو عوف، عەلی بن ئەبی تاڵیب. لەنێوان موسڵماناندا هەڵبژاردن دەکرێت، چوار کەس لەو شەشە لە خۆ کاندید کردن دەکشێنەوە، هاڤرکێ دەکەوێتە نێوان عوسمان بن عەفان و ئیمامی عەلی، ئەمە دەیسەلمێنێت کە عەلی بن ئەبی تاڵیب، لە دوای مردنی پێخەبەر تا ئەو کاتە، نەزعەی گرتنە دەستی دەسەڵاتی لە ناخیدا خولاوەتەوە، کاری بۆ ئەوە کردووە کە پۆزشنی خەلیفە وەربگرێت، لە ئەنجامدا موسڵمانان دەنگ دەدەن بە عوسمان بن عەفان و هەڵدەبژێردرێت بۆ بوون بە خەلیفە و عەلی ئەبو تالیب دەدۆڕێت. 

سەرچاوە:

الزینە فی الکلمات الاسلامیە ( ص ٣٠٥) لابی حاتم الرازی
ابن قتيبة، الإمامة والسياسة (المعروف بتاريخ الخلفاء)،
ابن سبأ حقيقة لا خيال - سعدي بن مهدي الهاشمي 
عبد الله بن سبأ وأساطير أخرى
 سعدی بن مهدی الهاشمی)1]  ( الفتنة الكبرى ) طه حسين ( فصل ابن سبأ تحت عنوان : ابن السوداء : ج 1 - ص 131
الجمل و مسیر عائیشە و علی، سیف  بن ابو عمر التمیمی
 الطوسي، مصباح المتهجد
اثبات الوصيه مسعودى
قورئان

ئەو بابەتە درێژەی دەبێت


تێبینی:

 ئەو زنجیرە وتارانە پەنجە بۆ فتوحاتی ئیسلامی درێژ ناکات، بەڵکو تەنیا باسی ناکۆکییەکانی نێوەخۆی موسڵمانان و ئەسحابەکان دەکات، بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە