بەراوردی دوو وێنە

Thursday, 20/06/2024, 22:00

1680 بینراوە


کاتێک کاکە بەختیار عەلی دەبینم بەزەییم پێیدا دێتەوە، بە بینینی ئەو دیمەنە تەنگەنەفەس دەبم، وەک ئەوەی کە کاکە بەختیار بیەوێت لەو قەنەفەیە خۆی دەربازبکات و توانای نەبێت. دەمارەکانی ملی ڕەق بوون و دەیەوێت سنگی بەرزبکاتەوە هەتاوەکو یارمەتی بدات ملی وەرگێڕێت، دەستی ڕاستی خستۆتە سەر قۆڵێ قەنەفەکە و چایەکی بە دەستەوەیە، قۆڵی قەنەفەکە هێندە بەرز و قەبەیە ناهاوسەنگیی داوە بە جەستەی بۆیەکا بە قۆڵی چەپی دەیەوێت پارسەنگیی جەستەی بداتەوە، بەڵکو دیمەنێکی ئارامی خۆی نیشانبدات کە چەندە ئاسودەیە لەو جێگەیەدا، بەڵام ملی وەها رەقبووە و دەمارەکانی ملی وەها هەڵئاوساون کە پێچەوانەکەیمان بۆ دەسەلمێنێنن. بێ شک دەبێتە هەوێنی چەند لاپەڕەی ڕۆمانێکی بە ناوی :
"قەنەفەی ماڵی دەوڵەمندە تازەپیاکەوتووەکە "
بێگومان باری نالەبار و شێوازی ناڕازیبوونی کاکە بەختیار بەشێکی زۆری بۆ قەبوقۆڕیی قەنەفەکە دەگەڕێتەوە، بەڵام پێ دەچێت کە ناڕازیش بێت لە گرێبەستەکەش و نازانێت چۆن پاساوی بۆ بهێنێتەوە.
کاکە تەها ڕەسوڵیش لە ماڵی خۆیدایە زیاتر ئارامە، ڕووی وەرگێراوە بەرەوە میوانەکەی و دەستی بە ئارامیی خستۆتە سەر قۆڵی قەنەفەکە و وەها دیارە کە لەسەر پرۆژەی چاپی کتێبی داهاتووی بەختیار بدوێت.
هەردووکیان لە هۆڵێکی ئێچگار گەورەدان، نازانین سەیری چی دەکەن ! سەیری تەلەفزوێن ناکەن چونکا تەلەفزوێنەکە دەبینین لە پشتەوەیان. چەندەها کتێبیش لە کتێبخانەکەی پشتەوەیان دەبینین کە قەبارەیان زۆر گەورەترن لە کتێبەکانی کاکە بەختیار، بەڵام بۆچی بەرامبەر بە ئێمە دایشتون ؟ بۆ فۆتۆگرافی ؟
پێ دەچێت کە کاکە تەها پارەیەکی زۆری دابێت بەو قەنەفانە، یان حەمەی حاجی مەحمود بە دیاری پێی دابێت. دەبێت ئەوە بوترێت کە مۆدێلی ئەو قەنەفانە ئێجگار بەسەرچوون، هێندە مۆدێلەکانیان کۆنن کە لە بازاڕی کۆنەفرۆشەکانی ئەوروپا بە خۆڕایی دەتدەنێ، تەنانەت خێڵی بارزانیش ئەو مۆدێلەیان تێپەڕاندووە، ئەگەر چی لەسەرەتای حوکمڕانیاندا ئەوانیش لەسەر ئەو مۆدێلانە دادەنیشتن.
ئەو کەسانەی ئەم جۆرە قەنەفانە دەکڕن جگە لەوەی مۆدێلی دەوڵەمەندی تازە پیاکەوتوون، لەهەمان کاتا ئەم قەنەفانە بەو پێیەی کە جێگایەکی زۆر دەگرن لە ئێسپاسدا، بۆ ئەو کەسانە دەشێت کە توانایان نییە بەرەنگاری بۆشایی ببنەوە، بۆیەکا بە نەست ئێسپاس بە زۆرترین کەلوپەل پڕدەکەنەوە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە ئەگەر دوو کەس بیانەوێت پێکەوە بدوێن بەتایبەتی دوو ڕۆشنبیر، باشتر نییە کەشوهەوایەکی گونجاو بڕەخسێنین و گوێ نەدەن بە شتی باقوبریق و بێ هودە ؟ یان کاتی ئەوە نەهاتووە کاکە تەها ئەم قەنەفانە بگۆڕێت هەتاوەکو زیاتر مۆدێرنتر بێت لە شێوازی میوانداریی و کۆمۆنیکاسیۆن ؟
وەک لەم وێنەیەی سەرەوەدا دەبینین مەسعود و میوانەکەی لەسەر دوو قەنەفەی زیاتر مۆدێرنترن دانیشتوون، کە زیاتر لەبارن بۆ دوو میوان تا بتوانن پێکەوە روو لەیەکتری بکەن و بە ئارامیی بدوێن، ئەو کەش و هەوایەش بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ مۆدێلی لەباری قەنەفەکان.
وادیارە کە دنیا هەڵەوگێڕاوە؛ دەنا چۆن ڕێی تێدەچێت کەسانی خێڵەکی مۆدیرنتربن لە ڕۆشنبیرەکانمان ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە