14ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان تێدەپەڕی
Wednesday, 08/05/2024, 19:48
ئەوە مردن نییە مرۆڤ دەبێ لێی بترسێت،بەڵکوو پێویستە لەوەی بترسێت کە هەرگیز ژیان دەست پێنەکات...مرۆڤ هەتا لە مردن بترسێت ناتوانێت خاوەنی هیچ شتێک بێت.بۆیە من پێم باشە مرۆڤ مردنێکی ماناداری هەبێت،هەتا ئەوەی بۆ ژیانێکی بێ مانا تێبکۆشێت.
تیرۆری سەردەشت عووسمان زۆر جیاوازە لەوەی ئێمەی کورد لەو سەردەمەدا تەنیا بە مەرگێکی ئاسایی چاوی لێبکەین.ئەمرۆ دوای چواردە ساڵ ئێستا وشەکان و هەست و قەڵەمەکەی شەهید سەردەشت عوسمان زیندوویە،قەڵەمێک کە بەهەموو شێوەیەکی بەگژ گەندەڵی و خیانەت و ستەمکاری خێڵ و حیزب و بنەماڵەیدا دەچۆوە..دەبێ کارێک بکەین هەموو ساڵێک یاد و ناوی شەهید قەڵەم "سەردەشت عوسمان"زیندوو ڕابگرین و بۆ نەوەکانی داهاتووی ڕوونبکەینەوە کە ئەوە ئێستا کەسێک لە ژێر ئەم خاکەدا خەوتووە،بۆ هەمیشە بڕیاری دابوو،دوا رۆژێکی گەشتر وژیانێکی بەختەوەرانە بۆ خەڵکی خۆی دابین بکات و دژکردەوەی هەبێت لەدژی ستەم و ستەمکاری و خیانەت و ملهوڕی خێڵ و حیزب لە کوردستاندا..تیرۆری سەردەشت عوسمان کۆتایی تیرۆری قەڵەمە بوێرەکان نابێت لە کوردستاندا،هەتا ئەو کاتەی ستەم و گەندەڵی و خیانەتی نەتەوەیی ونیشتیمانی هەبێت لە خێڵستانی کوردیدا..
خۆشبەختن ئەوانەی فڕینیان بە هیچ قەفەسێک نەگیرا،هیچ دەستێک نەیتووانی فڕینەکەیان ڕابگرێت.هەرگیز ماڵئاوایی لە شەهیدانی قەڵەم ناکەین.
ئێمە دەمانەوێت هەریەکێکمان سێبەری شەهیدێک بین لەسەر زەوی هەتا ئەگەر هەوایەک بەسەرماندا هەڵبکات،سەما بکەین؛ئەگەر خۆری ئازادی بەسەرماندا بدرەوشێتەوە، دەفڕین،دەمانەوێت درێژە بە ڕێگای شەهیدانی قەڵەم بدەین.
کەیسی سەردەشت عوسمان لەلای ئێمە ئێستاش بەکراوەیی ماوەتەوە و هەتا ئەو ڕۆژەی دەستی چەپەڵی خیانەتکارانی حیزب و خێڵ ئاشکرا نەکرێت،ناهێڵین ئەو قەڵەمە لە نووسین بکەوێت..تیرۆری سەردەشت عوسمان شکاندنی ئاوێنەی دواڕۆژی ئازادی بەیان و دیمۆکراسی بوو لە وڵاتەدا کە ناوی لێکراوە هەرێمی کوردستان..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست