حەسەن پلایس و پەکەکە
Thursday, 25/04/2024, 11:25
باسم عەوادی ووتەبێژی حکومەتی عێراق ئەڵێ؛ نابێ پەکەکە چالاکی سیاسی وسەربازی دژ بە تورکیا ئەنجام بدا و عێراق وەك میوان و پەنابەری سیاسی مامەڵەی لەگەڵدا ،ئەکا.
گەر لەوەی سەرەوە بکۆڵینەوە ئەوا ئەبێ پێش هەموو شتێ ڕووی دەممان بکەینە باسم عەوادی و سەرۆك وەزیرانی عێراق(سودان)ی و سەرۆکی عێراق(شێخ لەتیف رەشید) و بڵێین ئێوە ئەبوایە پێش ئەوەی باس لە پەکەکە بکەن باشتر نە ئەبوو بە ئەردۆگانتان بووتاوە ئەوە ئێوە و جەندرمەکانتان بۆچی خاکی عێراقتان داگیرکردوە و سنوورتان بەزاندوە وچەندین مۆڵگە و بنکەو بارەگا و خاڵی پشکنینتان بە شێوەیەکی نایاسایی دروست کردوە،، بەکام بڕیاری هاوبەشانە هاتوون لێرە داتان کووتاوە و دەیاها کیلۆمەتر هاتوونەتە نیو خاکی عێراق و بە ئارەزووی خۆتان دار ئەبڕنەوە و کێڵگەی جووتیاران ئەسووتێنن و خەڵکی لەسەر ماڵ و زێدی باوو و باپیرانیان ئاوارە و دەربەدەر ئەکەن؟ لێتان پرسی بەچ ڕێسایەکی نێو دەوڵەتی دهۆك و هەولێرتان داگیر کردوە و چەندین ئۆفیسی دەزگای میت بە ئاشکرا هەن و چالاکی سیاسی و کەلتووری و سەربازی و هەواڵگری،بە ئەنجام ئەگەیەنن؟؟~~ لە ئەردۆگان و یاوەرەکەیتان پرسی بۆچی کەناڵی ڕووداو کە سەر بە دەزگای میتە بۆی هەیە ڕووماڵی ڕووداوەکان لەهەر شوێنێ بێ ئەتوانێ بیکا و ڕێگری لێ ناکرێ؟! ئەی لێتان پرسی بۆچی درۆنەکانی تورکیا بۆی هەیە گشت ئاسمانی عێراق کێو ماڵ بکا و هەر کەسێکی بیەوێ ئەتوانێ تیرۆری بکا و لەناوی بەرێ؟! ئەمانە و چەندین پێشێلکاری تر کە دەوڵەتی تورك دژ نەك هەر بە کورد،بەڵکە گشت دانیشتوانی عێراق کردوونی وەك هەناردەکردنی خۆراکی خراپ و بەسەرچوو ، داوو دەرمانی بێ کەڵک و چەندینی تر.....
لەمەی سەرەوە ئەتوانین بیژین کاتێ عێراق و بەرپرسانی ناتوانن ئەم پرسیارانە لە ئەردۆگان بکەن و وەك داگیرکەرێك نایانەوێ لێی بنواڕن،مانای ئەوەیە ئەو دەوڵەتەی بەناوی (عێراق)ە هیچ مانایەکی بە دەوڵەتبوونی لەخۆی نەگرتوە و دام و دەزگاکانی کارتۆنین. دەوڵەتێك نەتوانێ ڕێگری لەداگیرکەر بکا ئەوا سەروەری یاسایی نیە و مامەڵەی دەوڵەتی بۆ ناکرێ..ئەوەی عێراق سەبارەت بە تورکیا بە بەراوورد لەتەك (پەکەکە)دا لێدووان ئەدەن جێگەی پێکەنین و گەڵتە پێکردنە،،پێڕەوکردنی سیاسەتی بانێکەو دوو هەوایە . فەرشی سوور بۆ داگیرکەران ڕابخەیت و داوا لەهێزی تر بکەی ڕێز لە یاسا و سنووری دەوڵەتان بگرن،،ئەمە لە هیچ شوێنێك جێبەجێ ناکرێ و دواتر وەك بڵقی سەر ئاوی لێدێ.
پەکەکە و قەندیل دوانەیەکی لێك دابڕاوون و یەك بەوی ترەوە جوانە..قەندیل و زاگرۆس و گشت شاخ و چیاکانی کوردستان مێژوویەکی کۆن و دانەبڕاویان لەگەڵماندا هەیە،،ئەوەی داوای لەوە جیاوازتر بکا ئەوا ئەبێ خۆی لەو چیایەدا تاقی بکاتەوە و خوێنی خۆی بەفیڕۆ بدا..زۆر بوون ئەوانەی وویستیان کورد لەو چیایانە داببڕن،لێ شکست و مایەپووچیان ڕاگەیاند.. تورکیا لەساڵی 1983 وە جەنگێکی درێژخایانەی دژ بە کورد ڕاگەیاندوە و گشت هێز و توانای سەربازی و هەواگڕی خۆی تاقی کردۆتەوە و جگە لەنووشت و هەڵهاتن هیچی تری نەچنیوەتەوە..وە لەداهاتووشدا هەر هێزێکی تر بیەوێ جیاواز لەوەی تورکیا ببینێ ئەوا ئەکەوێتە هەڵەیەکی گەورەوە. باشترین بەڵگە هێزەکانی پارتی و یەکێتی بوون لەساڵانی نەوەدەکانی ڕابردوو کە بەشداری هێزی جەندرمەی تورکیان کرد و دواتر زیاتر لە 5 هەزار چەکداری نەخوێندەواریان کردە دیاری بۆ تورکیا ڕەگەزپەرستەکان .
عێراق و وەحشی شەعبی ڕەنگە بە حەسەن پلایس و هێزە شیعەکان بنازن وپێیان وابێ پەکەکە وەك هێزە کلك زەردەکان وان و هەڵدێن! پەکەکە هێزی هەڵهاتوو نین و جگە لە قەندیل گشت میلەتی کورد پشت و پەنایانن، ئەوان هێزی خۆیان لە گەلدا ئاوێتە کردووە و بۆ گەل خەبات ئەکەن، باوەڕی پۆڵایینیان بە خەبات و تێکۆشان و بیرو باوەڕی ئاپۆ هەیە و ئامادەن گیان و کات و ماڵ و داهاتووی خۆیان بکەنە قوربانی گەلەکەیان. لەبەر ئەوە بەدڵ نیاییەوە عێراق و حەسەن پلایسەکانیان ناتوانن خەونی تورکە بۆرەکان بەدی بهێنن. بۆیە لەسەر گەلی کورد پێوستە بەهەموو شێوەیەك پشتگیری لەگەلەکەمان و خەباتە ڕەواکەی دژ بە داگیرکەران بکا و نەیەڵێ پلانی دوژمنان،سەربگرێ. بۆیە پێوستە لەگشت ئازادیخوازانی گەلەکەمان هاوپشتی و تەبایی و یەکێتیمان بپارێزن و بەیەك دەنگ و بەیەك پلان دژ بە گشت داگیرکەران بوەستینەوە و قەندیل بکەینە گۆڕستانی دوژمنان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست