کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


سزای یاسایی رێگریکردن لەهەڵبژاردن

Friday, 19/04/2024, 19:06


سەرەرای ئەوەی هیچ  کەسو لایەنێک فشاری لەسەر پارتی نەکردووە بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات و بریارەکە تایبەت بە خۆیانەوەیە ، بەڵام ئێستا نیگەرانییەکی زۆر لەلای هاوڵاتیانەوە دروستبووە سەبارەت بەڕێوەچوونی پرۆسەکەو ، دیعایەکی زۆریش دەکرێ گوایە دەسەڵاتی پارتی لەزۆنەکەی خۆیدا ناهێلێ صندوقی دەنگدان دابنرێت وپرۆسەکە بە سانایی بەڕێوەبچێت .
سەرباری ئەوەی تاچەند داواکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان رەواو مەنتیقییە یاخود پێچەوانەکەیەتی، ئەوەی لێرەدا پێویستە باسی بکەین ئەو پرسیارەیە کە ئایا پارتی دەتوانێ رێگری بکات لە بەڕێوەچوون پرۆسەکە بە بێ کێشەو گرفت ؟ . ئایا لەرووی یاساییەوە چ گرەنتییەک هەیە بۆ ئەوەی ئەمە روونەدات ؟. 
جارێ پێش هەمووشتێک دەبێ ئەوە بووترێ کە تاکو ئێستا نەمانزانیوەو نەمانبیستووە لەهیچ وڵاتێکی دونیادا کاری لەمشێوەیە روویدابێت حزبێک لەبەر ترسی دۆڕاندن رێگری کردبێت لەبەڕێوە چوونی هیچ هەڵبژاردنێک . رەنگە ئاسایی بێت کاندیدێک دوای ئەوەی بۆی دەرئەکەوێ کەوا شەعبیەتی نیەو ناتوانێ رکابەری مونافیسەکانی بکات لەهەڵبژاردن بکشێتەوە ، بەڵام ئەوەی ئێستا لەهەرێمی کوردستان هەیە حزبێکی گەورەی دەسەڵاتداری وەکو پارتی کشانەوەی راگەیاندووە ئەمەش جێگەی پرسیارێکی گەورەیە . لەویش گەورەتر ئەو دەنگۆیانەیە کەوا پارتی ناهێڵێ لە هەولێرو دهۆک و ناوچەکانیان صندوقی دەنگدان دابنرێت وپرۆسەکە ئاشتیانە بەڕیوە بچێت .
جارێ نازانین کێ لەپشتی ئەو دەنگۆیانەوەیە کە بێگومان مەبەست لێی ساردکردنەوەی دەنگدەری کوردو شکستهێنانە بەو پرۆسەیە ، بەڵام لێرەدا پێویستە ئاماژە بەو ئیجرائاته یاساییانە بدەین کە یاساکانی عیراق وکوردستانیش رێگە نادەن هیچ کەس و حیزب ولایەنێک بەمکارە هەڵسێت .
لە مادەی (٢٠) ی دەستووری عیراقدا هاتووە :المادة (٢٠) للمواطنين رجالاً ونساءً ، حق المشاركة في الشؤون العامة، والتمتع بالحقوق السياسية بما فيها حق التصويت والانتخاب والترشيح .
واتا مافی دەنگدانو کاندیدبوون وهەڵبژاردن بۆ هەموو هاوڵاتیانی عیراقی بەپێی ئەم دەستوورە زامنکراوە .
کەواتا هەر رێگرییەک لەمافی دەنگدان بکرێت پێچەوانەی دەستوورە . مەحکەمەی ئیتیحادی کە بەرپرسە لەزامنکردنی مافەکانی هاوڵاتیان بۆی هەیە ئیجرائاتی یاسایی دژ بەو کەسو لایەنانە بگرێتەبەر کە رێگری لەو مافە دەستوورییە دەکەن .
لەماددەی ( ١١٩ )ی یاسای سزادانی عیراقی ژمارە ١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ دا هاتووە : يعاقب بالسجن من حاول بالقوة أو بالتهديد احتلال شيء من الاملاك او المباني العامة او المخصصة للمصالح او الدوائر الحكومية او المرافق او المؤسسات العامة او استولى بأية طريقة من الطرق على شيء من ذلك او حال دون استعماله للغرض المعد له. واذا وقعت الجريمة من عصابة مسلحة تكون العقوبة السجن المؤبد او المؤقت لافرادها .
واتا هەر کەسێک لەرێگەی هێز یاخود هەڕەشەوە دەستبگرێت بەسەر موڵکێکی گشتی کە تەرخانکراوە بۆ بەرژەوەندی گشتی یاخود بۆ فەرمانگەیەکی حکومی یاخود رێگری بکات لەبەرکاهێنانی ، حوکم دەدرێت بە زیندانی کردن . ئەگەر تاوانەکەش لەلایەن کۆمەڵیکی چەکدارەوە ئەنجامدرا حوکمی زیندانی هەتا هەتا ئەدرێت .
بێگومان صندوقی دەنگدانیش موڵکی گشتییەو بۆ بەرژەوەندی گشتی دادەنرێت ، کەواتە حوکمی ئەم ماددەیە بەسەرى تاوانباردا دەسەپێنرێت .
تەنانەت لەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان ژمارە )(١) ساڵی ١٩٩٢ شدا هاتووە :
الباب السادس: الجرائم الانتخابية
المادة السابعة والخمسون: يعاقب بالحبس كل من:ـ1- أغرى الناخبين بالمال أو استعمل طرق الاحتيال أو العنف لانتخاب أحد أو منع انتخاب أحد. 2- سرق الصندوق أو غصبه أو أتلفه أو فعل ذلك بالبطاقات الانتخابية أو ارتكب جرما بسبب التصدي له يقع تحت طائلة قانون العقوبات.6- منع أحد الناخبين من التصويت بأي وسيلة كانت.7- منع إجراء الانتخابات أو عرقل سيرها.
واتا بەپێی ماددەى(٥٧) لەیاساکە بەتاوانی هەڵبژاردن حسێب دەکرێ ئەم حاڵەتانەی خوارەوە :
برگەی (١) هەر کەسێک لەرێگەی پارە یاخود فێلکردن یا تووندوتیژی رێگری بکات لەهەڵبژاردنی هەر کەسێک .
برگەی (٢) : هەر کەسێک صندوقی هەڵبژاردن بدزێ یاخود دەستی بەسەردا بگرێ یاخود تێکی بدات .
برگەی (٦) هەر کەسێک رێگری بکات لەدەنگدانی دەنگدەر بەهەر شێوەیەک بێت .
برگەی (٧) هەر کەسێک رێگری بکات لەئەنجامدانی هەڵبژاردن یاخود رێگری لێبکات .
بەپێێ ئەم برگە یاساییانە کە لەدەستوورو یاساکانی عیراق و کوردستاندا هاتووە هیچ کەس و لایەنێک بۆی نیە رێگری بکات لەبەڕێوەچوونی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سزای یاسایی بۆ داناوە . 
سەرباری ئەم هەموو کۆتو بەندانەش گومان لەوەدا نیە کە هەرێمی کوردستان ئێستا شەرعییەتی کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە بەتایبەتی دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان وئەنجومەنی پارێزگاکان ، ئەگەر هەڵبژاردنیش نەکرێت ئەوە ئەو شەرعییىەتە کەمەی ماویەتی ئەویش لەدەستئەدات بەمەش هەرێمی کوردستان ئەکەوێتە بۆشاییەکی یاسایی ودەستووری زۆر قووڵەوەو هیچ دوور نیە تەواوی دامودەزگاکانی هەرێم بکەونە مەترسی هەڵوەشاندنەوەوە کە ئەمەش ئاواتی هیچ کوردێکی دڵسۆز نیە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە