چارەنووسی پارتی دوای بایکۆت
Tuesday, 02/04/2024, 16:43
هەڵەی یەکەمی مەسعود بارزانی ریفراندۆمە شوومەکەی ساڵی ٢٠١٧ بوو کە بووە هۆی لەدەستدانی ٥١% خاکی هەرێمی کوردستان ، ئەمجارەش هەڵەی دووەمی کردەوە بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان . هەردوو هەڵەکەشی لەنەتیجەی عینادی عەشایەرانەو نەخوێندەوەی واقیعی سیاسی عیراق وناوچەکەوەیە . هەڵبەت لەناو پارتیشدا کەسێک جورئەتی ئەوەی نیە بە سەرۆکەکەی بڵێ ئەمانەی ئەیکەی هەڵەی گەورەو کوشندەن ، چونکە لەناو پارتی تەنها قسەی بنەماڵەو لەناو بنەماڵەشدا تا کاک مەسعود لەژیاندا بێت هەر قسەی ئەو ئەیخوات .
زۆر کەس نیگەرانن لەبایکۆتی پارتی و پێیان وایە پارتی بە تەمای تەقاندنی قونبەلەیەکی ئەتۆمییەو کوردستان سەراوبن ئەکات . هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوە ئەچن گوایە سوپای تورکیا ئەهێنێتە سەر هەرێمی کوردستان ، یا دوو ئیدارەیی رائەگەیەنێ ، یاخود لانیکەم ناهێلێت هەڵبژاردن لەپاریزگاکانی هەولێرو دهۆکدا بکرێت . هەموو ئەم لێکدانەوانەش ئەگەر واقییعیانە بیر بکەینەوە بەڕای من هەڵەن و هیچیان روونادات ، ئەوپەڕەکەی لەکۆتاییدا پارتی بە جۆرێک لەچارەسەرییەکان ناچار ئەبێ ملبداتە هەڵبژاردنەکە ، ئەگەر نەشیکرد هەڵبژاردنەکە هەر ئەکرێ .
ئەم بۆچوونانەم لەخۆڕا نیە ، بەڵکو لەخوێندنەوەی واقیعی سیاسی عیراق و کوردستانەوەیە . فەرموون با بۆتان شیبکەمەوە .
١- موقتەدا سەدر بە هەڵبژاردنێکی پاکو بێگەرد ٧٣ کورسی پەرلەمانی عیراقی بەدەستهێنا ، نە کەس هەڕەشەی لێکردو نە کەسیش بە سەرکەوتنەکەی نیگەران بوو. بە بڕیاری خۆی ئەندامەکانی لەپەرلەمان کشاندەوەو لەپرۆسەی سیاسی دوور کەوتەوە . رۆیشتنی پەرلەمانتارانی سەدر عیراقی وێران نەکردو پرۆسەی سیاسی بەبێ ئەویش بەردەوام بوو . لەبیریشمان نەچێ موقتەدا سەدر بە یەک فیکە ئەیتوانێ دوو ملیۆن کەس بێنێتە سەر شەقامەکان بەڵام ئەوەی نەکردو لەگۆشەگییریدا مایەوە .
٢- محمد حەلبوسی کە دیارترین وگەورەترین سەرکردەی سوننەکانی عیراقە بە بڕیاڕێک لەسەرۆکایەتی پەرلەمان دوور خرایەوەو دونیاش کاول نەبوو ، پرۆسەی سیاسی بەردەوام بوو .
٣- خەونی ئەوەی تورکیا سوپای خۆی دەهێنێتە سەر هەولێرو هەموو حزبەکان دەردەکاو وەکو ٣١ ئاب دەسەڵات تەسلیم بە پارتی دەکاتەوە ، ئەویش خەونێکە مەحاڵە بێتەدی . چونکە تورکیا مامەڵە لەگەڵ عیراقدا وەکو دەوڵەت ئەکات ، ئەسڵەن ئەو خۆی دژی هەر حکومەتێکی کوردیە لەناوچەکەدا ، بۆچی خۆی دەخاتە ناو زەلکاوی شەڕێکی ئیقلیمییەوە لەبەر خاتری دەسەڵاتی پارتی . ئەو بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ عیراقە وەکو دەوڵەت چی پێویستی بە هەرێمی کوردستانە کە تەنانەت نەوتەکەشی یاساغ کراوەو خەریکە گومرەگەکانیش لەبەردەستی پارتی دەردەهێنرێ .
٤- داواکارییەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هیچیان واقیعی نین . چونکە بەپێی ئەو داواکارییانە دەبێ مەحکەمەی ئیتحادی کۆمەڵێک بڕیاری خۆی هەڵوەشێنێتەوە هەر لەبڕیارەکانی هەمواری یاسای هەڵبژاردنو کۆتاوە تا هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆن وپەرلەمان وئەنجومەنی پارێزگاکانی کوردستان، ئەگەر ئەمەش روویدا کەواتە رێگەدانە بە تەزویرو ساختەکانی پارتی و گێڕانەوەی ١١ کورسسییەکەی کۆتا بۆ باخەڵی پارتی ، ئەمانەش بەگشتی مەحاڵەو لەژێر هیچ فشارێکدا نە مەحکەمەی ئیتحادی نە دەسەڵاتدارانی بەغداش رێگە نادەن بڕیارەکانی مەحکەمەکە بخرێتە ژێر پێیەکانی پارتییەوە .
٥- پارتی ئەگەر سوور بێت لەسەر بایکۆت ، یان ئەبێ وەکو موقتەدا سەدر دانیشێت و هیچ جووڵەیەک نەکات ، یان ئەو تۆزە شەرعییەتی دەسەڵاتەکەی لەحکومەت لەدەست دەدات . چونکە ناتوانێ بەبێ بوونی ئەندامی لەناو پەرلەمان بەشداری لەحکومەتی داهاتوودا بکات ، ئەگەر نەیهێشت لەهەولێرو دهۆکیش هەڵبژاردن بکرێ ، بێگومان بەغداش دەستەوەستان ناوەستێ بە بڕیارێکی مەحکەمەی ئیتحادی حزبەکەش هەڵدەوەشێنێتەوەو دووریش نیە وەکو ١٦ ئۆکتۆبەر جوڵەیەکی عەسکەریش بکات لەدژی پارتی .
هەموو ئاماژەکان بەڕەو ئەوە ئەچن کەوا بەغداو مەحکەمەی ئیتحادی و حکومەتی عیراقیش رێگە نەدەن هیچ کام لەم پەرچەکردارانەی پارتی رووبدەن . بۆیە تەنها ئیحتمالێک مابێت ئەوەیە پارتی لە بایکۆت پەشیمان ببێتەوەو دەرچەیەک بۆ هاتنەوەی بۆ ناو پرۆسەکە بدۆزرێتەوە .
بێگومان پارتی وەکو عەقلییەتی کێخوایی و خۆبەزلزانی نایەوێ ئابررووی سیاسی بچێت کاتێک لەهەڵبژاردنی داهاتوودا بەهۆی ئەم هەموو زوڵمەی لەمیللەتەکەی خۆی کردووە بەتایبەتیش زوڵمی قووتی خەڵک ژمارەی کورسییەکانی دابەزێ و لەهەمان کاتیشدا لەدەستچوونی یانزە کورسی کۆتاو ، سەرپەرشتی کۆمسیۆنی عیراق کە رێگە نادات هیچ تەزویرو ساختەیەک بکرێ و، لەدەستدانی دەیان هەزار دەنگدەری تورک و سوری وئێرانی ، ئەمانە بەگشتی هۆکارن بۆ دابەزینی کورسیەکانی ئەمەش زەبرێکە کە پارتی نە تەحەمولی ئەکات و نە ئەشتوانی هەزمی بکات . بۆیەشە ئەیەوێ بایکۆت بکات .
دابەزینی کورسیەکانی پارتی بۆ خوار ٣٠ کورسی مەترسی ئەوەشی هەیە دوای هەڵبژاردن نەتوانێ حکومەتەیش تەشکیل بکات ، ئەوسا نەیارەکانی بە هاوپەیمانی لەگەڵ یەکتر حکومەت دائەمەزرێنن و پارتی ئاوت ئەکرێ ، ئەمەش گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر بونیادی پارتی چونکە ئەو بەبێ دەسەڵات ناژی و ئەوەندە خراپەکاری کردووە ترسی لەمحاسەبەکردنی هەیە لەسەر هەڵەکانی ، ئەمەش باجێکی زۆر گەورەیە بۆ پارتی .
لەم لاوازی پارتی و ئەو هەڕەشانەی مەحکەمەی ئیتحادی و ناڕەزایی ورقی جەماوەرەکەی خۆشمان هەموویان ئەبێ پارتی بەخەبەر بێننەوەو واز لەم عینادی وسەرکێشییە بهێنی و بەهەر شێوەیەک بێت بێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن و وڵاتەکەمان لەمە زیاتر تێک نەدات ومیللەتەکەشی تووشی چارنووسێکی نادیار نەکات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست