ئەو بیرۆکەیەی کە گوایە جووەکان دەیانەوێت دەست بەسەر جیهاندا بگرن .

Tuesday, 02/04/2024, 17:55

7037 بینراوە


مێژوی رق و کینە دژی جوو،  لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە ئەوان ئاینی یەکتاپەرستیان هەڵبژارد، پاشان کەنیسەی مەسیحیەکان بەوە تاوانباریان دەکردن کە گوایە بەهۆی ئەوانەوە عیسا لە خاچ دراوە. هەندێک جار ئەمەیان بەهەل دەزانی و بەم هۆیەوە کەنیسە جووەکانیان دەگرتن و دەریان دەکردن و کەلوپەلە گرانبەهاکانیان لێ زەوت ئەکردن.
لە سەدەی ناوەڕاستا جووەکان بۆیان نەبو لە فەرەنسا هەموو کارێک بکەن، ئەو کارانەیان ئەدانێ کە پەیوەندی بە پارە و قازانجەوە هەبوو، بەم هۆیەوە هەندێک خێزانی جوو لەوانە ڕۆتچیلد توانیان خۆیان دەولەمەند بکەن بەلام زۆر لە جووەکانی ئەوروپای ڕۆژهەلات هەژار بوون. لە دوای شۆڕشی فەرەنسیەوە  ئەو مافە درا بە جوو کە بتوانن هەموو کارێک بکەن لە فەرەنسا.
هەریەکەو بیانویەکی جیاواز  دهێنێتەوە بۆ دژایەتیکردنیان ؛  چەپەکان وایان باوەڕە کە جووەکان لەگەڵ کاپیتالیسمدا بەرەیەکیان دروستکردوە  دژی میللەت،  بەڵام بەرەی ڕاست وایان باوەرە کە جووەکان هەمیشە کەسانی شۆڕشگێڕن و دەیانەوێت کۆمەڵگە بگۆڕن، هەر ئەوانیش بوون کە شۆڕشی فەرەنسایان هەڵگیرساند.  پاشان شۆڕشی بەلشەفیکەکان بوە پاڵنەرێکی گەورە بۆ ئەم فکرەیە ،لەبەر ئەوەی کە زۆر لە سەرکردەکانیان وەک تروتسکی و مارکس و لینین جو بوون، بۆیە ئیتر وتیان جووەکان دەیانەوێت جیهان بخەنە ژێر دەستی خۆیان.
بەرەی ئیسلامیش دەورێکی گرنگیان هەبوە لە گەورەکردنی ئەم فکرەیە بەهۆی شەڕی فەلەستین و ئیسرائیلەوە، ئیتر لەمەوە فکرەی ئەنتی سێمیتیسم هەموو جیهانی گرتەوە.
 زۆر شوێن هەن لە فەرەنساو بەتایبەتی لە دەوروبەری پاریس وەک شوێنی شایەتحاڵی کە چۆن جووەکانی فەرەنسا لەسەردەمی نازیدا گواستراونەتەوە بۆ ئەڵمانیا. ئەم هەفتەیە چوم بۆ مێمۆرییالی جووەکان لە ناوەڕاستی شاری پاریسدا، میمۆریالەکە زۆر جوان کراوە، ڕۆژێک بەس نەبوو بۆ بینینی. بیرم لە مێمۆرێیالی هەڵەبجە دەکردەوە کە ئاخۆ چۆن بێت ؟  
لە دەرەوەی مێمۆرێالەکە کۆلانێکی تیایە  ناوی کۆلانی دادپەروەرانە، لەم کؤلانەدا ناوی ئەو فەرەنسیانەی لەسەر نوسراون کە لە سەردەمی نازیدا ژیانی خۆیان خستۆتە مەترسیەوە بۆ شاردنەوەی جووەکان. لە ناو مێنۆنتەکەدا هەموو مێژوی ئەنتی سێمیتیسم دەبینی. هەرچەندە شارەزاییەکی زۆرم هەیە لەسەر شۆوا  و وتارم زۆر خوێندۆتەوە لەو بارەیەوە ، بەلام لەم مێمۆریالەدا شتی نوێم هەر دەبینی.
ئەو کەسەی مێمۆرێالەکەت بۆ روندەکاتەوە کەسێکی مێژوناسی بێ هاوتایەو وەلامی هەموو پرسیارێکت ئەداتەوە. ئەوەی سەرنجی راکێشام شایەتحالەکان بون، کەسانی نازی یان جوو کە باسی ئەو سەردەمەیان دەکرد. یەکێک لە نازیەکان باسی ئەوەی دەکرد کە چۆن دەیان بردن بۆ ئاوشویتز لە ئەڵمانیاو دەیان کوشتن، دەی وت کە ئەوان  ئەیان ویست شتەکان بە هێمنی بڕوات بەریوە، بۆیە  ئاوشویتز لە شکڵی کارگەیەکدا بوو، کاتێک دەگەشتن ئەیان بینی کە ئەوە کارگەیەو دەچن کاری تێدا دەکەن، بۆ ئەوەی مندالە بچوک و ساواکان نە قیژێنن و نەبێتە حاڵەتی پانیک، لەدایکیان جیا نەدەکردنەوە هەر لەگەڵ دیکیانا دەیان بردن بۆ ژوری گاز، بەلام کاتێک قژی ژنەکانیان دەبڕی، لەو کاتەدا دەیان وت ئەگەر ئەوان دەچن بۆ کارگە بۆ کارکردن بۆچی قژیان دەبڕن، وردە وردە هەستیا پێ دەکرد کەبەرەو مردن دەیان بەن. ئەفسەرە ئەڵمانیەکە دەی وت کە ئەوان هەرگیز لە ژنانیان نەداوە تەنها لەبەردەم ژوری گازدا نەبێت کاتێک دەیان زانی دەچن بۆ مردن. نزیکەی شەش ملوێن جوو لە سەردەمی نازیدا کوژراون .
کە منداڵ بووین لە کوردستان، یاریمان بە لیرە ئاڵتونەکانی دایکمان دەکرد، دایکم فێڕی دەکردین کە چۆن لیرەی جوو و لیرەی ئیسلام بناسینەوە؛ کاتێک دەمان کیێشا بە زەویدا، لیرەی جووەکان دەزرنگایەوە بەلام لیرەی موسڵمان تەپەی دەهات، ئەمەش ئەیسەلماند کە لیرەی موسڵمان غەشی تیا کرابوو لەبەر ئەوەی تێکەل کرابوو لەگەل شتی تردا و لیرەی جوو پوختە بوو بۆیە لیرەی جووەکان بەناوبانگ بوون و باهیان زیاتر بوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە