رانگوڕ، کوڕی رۆژگارە سەختەکان

Tuesday, 02/04/2024, 17:00

10939 بینراوە


کاک فاروق هۆمەر کاتێک دەدوێت  من دیوێکی تری  نوسین دەرک پێدەکەم  هیوادارم کات بوارتان بدات بۆ خوێندنەوەی ، چونکە منی ئاسودەکرد  و پێی ووتم  کە چیرۆکەکانم شتێکیان هەیە  بۆ ووتن . دەستانخۆش هاوڕێ و برا  جوانەکەم . 

رانگوڕ، کوڕی رۆژگارە سەختەکان

من بەرلەوەی رزگار رانگۆڕ لەنزیکەوە بناسم، کۆمەڵێک کورتە چیرۆکیم لێرەولەوێی تۆڕە کۆمەڵایێتییەکان خوێندبۆوە و سەرنجیان راکێشابووم. راستە نوسینەکانی سادەبوون، بەڵام پڕی ئەزمونێکی قووڵ و بۆنی ژیانێکی سەخت و پڕ چەرمەسەرییان لێوە دەهات. 
کەسێک ناتوانێ ئاوها مانادار و رۆشن و پڕ حیکمەت بنوسێ، گەر ماندوبوون و گەرمی و ساردی رۆژگار دەست و گیان و قاچەکانی نەتەزاندبێ. هەر بەو سادەییەش بۆم نەدەکرا رزگارم خۆشنەوێ. لەڕێی نوسینەکانییەوە، دەمزانی ئەو لەدەمی رۆژگاری هەرزەکارییەوە بۆته پێشمەرگە و لە خێزانێکی کوردپەروەر و پڕ شکۆدا گەورەبووە. نوسینەکان پێیان دەگوتم ئەو گەنجە زۆر زوو فێری خۆشویستنی نیشتمان و تێگەیشتن لە گرفتەکانی میللەت و عاشقی خەڵکەکەی خۆی بووە و لەپێناویان چۆتە شەڕی ئەژدیهاکانەوە. نابێ خۆمان لەو هەقیقەتە بشارینەوە کە ئامادەیی زۆرێک لە لاوەکانی کورد بەوپەڕی سادەیی بیر و سادەیی ژیانیانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی رزگاری نیشتیمان شوێنی شانازی گەورەیە. ئەمڕۆ گەرچی زۆرێک لەوانە لەو پرۆسەی شۆرشەدا لەبارچوون و ئەو ئامادەییە شێوانی گەورەی بەخۆوە دیوە، بەڵام هێشتا نابێ بەرز و بڵند تەماشا نەکرێن. 
بەڕێکەوت لە سلێمانی بەهۆی هاوڕێی ئازیزم ئەمین ئەڵماسەوە، رانگۆرم ناسی. نایشارمەوە بۆ من خەون بوو. گەرچی مانەوەی ئەو کەمی مابوو، دەبوو بگەڕایتەوە بۆ ئەوروپا، هەرچۆنێکبوو بۆ چەند کاتژمێرێکی کەم یێکدیمان دی. زۆرێک هەبوو لێی بپرسم و لێیبکۆڵمەوە و ئەو گرفتەش کە گرفتی کوردانە و پێیدەڵێن، میواندۆستی کوردانە هەر دەبوو لە چێشتخانەکانەوە دەستپێبکات. من دەزانم ئەویش و منیش هەردوکمان لەو نەریتە بێزاربووین، بەڵام نە ئەو و نەمنیش لێی دەرباز نەبووین. قەدەری ئەو یێکناسینە بەو جۆرەبوو، بەو جۆرەش کورت و ناجۆر کۆتایی هات. 
ئەو سەرقاڵی ئەوە بوو سێ کتێبی خۆی چاپبکات، من درەنگ پێم زانی و چارەنوسی کتێبەکانیشی بەهۆی بێرەحمی بازاری کتێبەوە زۆر خراپ لەچاپخانەوە هاتبوونەدەرێ. گەر کاتێکی باشتر هەبووا بڕوام دەکرد بۆم بکرایە رێگریی لەو هەڵە گەورەیە بکەم و سێ کتێبەکەی بەباشترین شێوە بگەیشتنایە بە خوێنەری کورد، کە دڵنیام رۆشناییەکی گەورە دەبوون بۆ نەوەی تازەی ئەمڕۆ. ئەزمونی پێشمەرگەیێک، کە گۆڕانکارییەکانی رۆژگار گەوهەری نەگۆڕیبوو. رزگار هەر رۆحی پێشمەرگەیێکی خاوەن ویژدان و زیندووی هەڵگرتبوو، بەوجۆرە بیری دەکردەوە کە نیشتیمان داخوازی لێدەکات.
من ناچارم بەو جۆرە باس لە رزگار بکەم کە لە سەرەتاوە چۆن بەری کەوتووم، نەک لەو سێ کتێبەیەوە. 
چارەنوسی دایکێک کە دوو کوڕی پێکەوە شەهید دەبن و یێکێکیان پێشمەرگە و ئەوی دییان جاش. ئەو دەبێ وەک دایکێک بۆ کامیان بگری؟ پرسیارێکی گەوهەری قووڵە، ئاخر هەردوکیان رۆڵەی ئەون و وەک یێک شیری لەزار ناون. چۆن دایکێک بۆی دەکرێ بۆ هەردوکیان نەگری، ئیدی شکۆی کوڕەکان و هەقیقەتی بوونیشیان بەجۆرێکی دی لای ئێمە دەکەونەوە کە یێکیان جاش بێ و ئەوی دییان پێشمەرگە.
بەرەنگاربوونەوەی شەرێک لەنێوان جاش و پێشمەرگەدا. هەرچی پێشمەرگەکەیە بەسروشتی، خۆی بە ئازادیخواز و جەنگاوەری نیشتیمان دەزانێ و جاشەکەش بە خۆفرۆش. بەڵام لەراستی دا ئەوە روانینی ئێمەیە، روانینی جاشەکە شتێکی دیمان پێدەڵێ. جاشێک کە راستە بەکرێگیراوی دوژمنەکەیێتی و دژ بە هازمانەکەی شەڕ دەکات، بەڵام ئەو لەپاڵ دوژمنێک دا وەستاوە کە لەگەڵی هاوماڵە. هێشتا دەتوانێ بەخۆی بڵێ کە ئەو پارێزگاری لە نیشتیمانەکەی دەکات، نیشتیمانێک کە هاوزمانەکەی دوژمنێکی دەرەکی هێناوەتە سەر. دوو چەک بەدەست دواجار هەردوکیان جاشی نەتەوەیێکی دین. 
یێکێک لەو چیرۆکانەی کە ئەودەم تەواوێک منی گرفتار کردبوو"تەرمی پێشمەرگەیێک لەناو شووشەدا" بوو. تا ئیستاش تارماییەکانی ئەو چیرۆکە خەمگینە لەناو مێشکم  کاڵنەبونەتەوە. بیرلەوە بکەرەوە کەسێکی ماندوو، رەنجەڕۆ بە ئەزمونی پێشمارگایێتییەوە لەدووی راپەڕین، لە گرفتەکانی نیشتمانەکەی خۆی هەڵدێت و لەناو جەرگەی ئەوروپادا جارێکی دی دەکەوێتەوە بەردەم  ئازاری پێشمەرگەیێکی رەنجەڕۆی بەشێکی تری کوردستانەکەی. بۆ هەر شوێنێک دەڕۆی، قەدری کوردبوون لێت نابێتەوە.
بەیانییەک لەخەو هەڵدەستێ و لە نەخۆشخانەیێکەوە بانگدەکرێ و کارتۆنێکی دەدەنێ و پێی دەڵێن هاوڕێیەکت ئەو ئەمانەتەی بۆ تۆ جێهێشتووە. کارتۆن پاشماوەی خۆڵەمێشی، گیانی سوتاوی پێشمەرگەیێکی دورە وڵاتی هاوڕێیەتی، کە لە غەریبی بەهۆی نەخۆشی ژێرپەنجەوە دەمرێ و نایەوێ ئاوەکی بکەوێ و بۆ هەمیشە گۆڕ غەریب بێ. گەڕانەوە بۆ نیشتمان لە شووشەدا قەدەری کوردێکی خەوبینە بە رزگارییەوە. 
من بیرم لە رزگار دەکردەوە، ئەو پیاوە ماندووە کاتێک دەگاتە ناو جەرگەی ئەوروپا، دڵنیام بەخەمی ئەوەوە هاتووە هەر بۆ قەدەرێکی کورتیش بێ، کەمێک گرفتی کوردبوون لێی بگەڕێ و هەناسەیێکی دڵنیایی هەڵبمژێت.
کەچی هێشتا قومێک ئاوی سازگاری ئەوێی نەخواردۆتەوە و سنگی پڕ هەوای پاکی ئەوێ نەکردووە، هەر لەو چرکەساتانەی سەرەتا بەر پیاوێک دەکەوێ کوردبوون لە بێخەوە هەلاهەلای کردووە. ئەوە چ قەدەرێکە کورد لەم دونیا دۆزەخییەدا بۆ ژیانێکی ئاوا پڕ لە کولەمەرگی سازابێ. 
لەبەرخۆمەوە دەڵێم، تۆ بڵێی رزگار لاشەی پیرۆزی ئەو پێشمەرگەیە چی لێبکات کە لەناو شووشەیێکا پێیان بەخشیوە، تا هەرچی زووە وەک داخوازییەکی پیرۆز کە هەرگیز ناکرێ جێبەجێ نەکرێ، بگەڕێنرێتەوە باوەشی نیشتمان.
رزگار لە تاریکایی نیشتمان و لە ژیانی رابڕدووی پێشمەرگایێتی خۆیدا دەبێ چەند پێشمەرگەی شەهیدی بە کۆڵەوە گرتبێ و ئیستاش لەم غوربەته و لەناو جەرگەی ئەم ئەوروپا پڕ لە رۆشناییەدا، تۆ بڵێی بۆ ئەوه هاتبێ لاشەی پێشمەرگەیێکی دی بەکۆڵەوە بگرێ؟
ئەم نوسینانەی رزگار گەرچی لە شوێنێکا نوسراون، کە ژیانی پێشمەرگایێتی کۆتایی هاتووە، بۆ کاتێک سوودی نییە کە تێپەڕیووە، بەڵام کۆڵنەدان لە خودنوسینەوە  و لە خۆپرسینەوە و هەڵسەنگاندنی هەڵەکانی ژیان هیچکات کۆتایی نایەت. زۆر بیرکردنەوەی قووڵ هەن کە دەکرێ مرۆڤ لە هەردەمێک بێ فێریان بێ. گەر بۆ خودی خۆشی کەڵکیان لێ وەرنەگرێ، ئەوا بۆ کەسانێکی دی دەشێ ببن بە رۆشنایی و لێوەی ئاسودەیی ببینن. 
ئەم جێگەیانە لە بیرکردنەوەی رزگار بۆ من شوێن سەرنجبوون:
(بیرمە جارێک ویستم بتڵێک خوێن بدەم بە هاوڕێیەکم ئەگەر چیش دوای ئەوەش هەر شەهیدبوو، دکتۆرەکە لێی پرسیم"خوێنەکەت چییە؟"
من دۆشدامام و گوتم"نازانم" 
هۆکاری ئەم کەمایێسێتیانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێمە هەرگیز بڕوامان بەسەرکەوتن نەبوو.)
(کەمترین روداوی شەڕی جاشەکانم گێڕاوەتەوە، چونکە تا ئیستاش ئێمە گەلێکین رێز لە خائینەکانمان دەگرین. کاتێکیش دەمرن و پێش مردنیشیان لێیان دەبورین)
(هیچکاتێک ئەزمونەکانی شەڕ و روداوەکان تۆمارنەکراون، یان نەبوونەتە وانە و گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و دەوڵەمەند بکرێن. شکستەکان ببنە وانە و پەندیان لێ وەربگیرێن تاوەکو دوبارە نەکرێنەوە)
(هەر کەسێک کە رووی لەچیا دەکرد و دەبووە پێشمەرگە هیچ شتێکی فێرنەدەکرا. من بۆ خۆم لە گوندی چەرمەگا، لە ماڵی جوتیارێک فێری کردنەوەی تفەنگ و داخستنی بووم)
(هیچ کۆرسێکی سەربازی نەدەبراین، بێئاگابووین لەوەی کە دوژمن کامە چەک بەکاردەهێنێ، چۆن خۆمان بپارێزین لە چەکەکانی دوژمن)
(کە شەڕی بەرەیی دروستبوو، رژێمی بەعس دەستی کردە کیمیابارانکردنی ناوچەکان هیچ کەسێک ئەزمونی خۆپاراستنی نەدەزانی)
(پێشمەرگە کەمترینیان شوفێری دەزانی، گەر کەرتێک سی چل پێشمەرگە بوایە بەدەگمەن شوفێرێکی تێدا بوو، ئەوجا ماتۆڕسواری، شاخەوانی، ئەسپسواری، مەلەکردن، برینپێچی)
(کاتێکیش دەکەوتینە شەڕەوە کەمجار دکتۆرێکمان لەگەڵبوو. بریندارەکان دەبوونە بار و گواستنەوەیان گرفتی گەورەبوو)
فاروق هۆمەر

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە