کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە خەو هەستن گەلی باشوری کوردستان

Wednesday, 27/03/2024, 21:57


بارودۆخی باشوری کوردستان ئەمەندە تێک چووە بەسەریەکدا لەدوای داگیرکارییە نا شارستانییە
 نا یاساییە نا دیموکراسییەکەی شانزدەی ئۆکتۆبەر, مرۆڤ نازانێت کام چەمکی بگرێت ، لەو بڕوایەدام جێی خۆیەتی ووچانێک بگریین وە بیرێک لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی بەناو دادگای فیدرالی عێراق بکەینەوە کە درێژەی پلانێکی درێژ خایەنی شەن و کەو کراوی ووردی ئاخوندە لەخودا ترسەکانی ئێرانی دراوسێمانە بە چاوساغی و ڕێبەری کوردە شۆڕشگێڕە دڵسۆزەکانمان، بە هەراو هوریای کاسەلێسەکان و وون بووە تابڵێی زمان درێژەکانانیان وە لەژێر چەتری یاساو دادپەروەریە بەناوبانگەکەی !؟!؟؟حکومەتی عێراقی مەزهەبی حەشدی شەعبی فاشیستی خاکی کوردستان داگیر کردوو...
هەی کوردی سەر لێشێواوی نەگبەت!! ئەمەندە نا هۆشیاری لەجیاتی ئەوەی هەوڵ بدەی چارەیەک بۆ قوڕاوەکەی هەرێمی کوردستان بدۆزیتەوە کەچی دەچیت لەگەڵ ڕێزمدا بە دەستی خۆت، خۆت فڕێ دەدەیتە ناو گواوە بۆگەناوییەکەی بەغدای حەشدی شەعبی مەزهەبی گەندەڵی فاشیستی دژە کورد!؟؟؟
پێشینان ڕاستیان گوتووە کە دەڵێن.  .      . .       . 
( لەجیاتی چاوی بڕێژێ کوێری کرد)؟!؟
 هەتا حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ دەسەڵات تر  بێت سەنگ و ڕێزت لای بەغدای حەشدی شەعبی مەزهەبی کەمتر دەبێت وە مافە ڕەواکانت کەمتر بەرجەستە دەبێت...ئەگەر تا ئێستا ئێمەی کوردی باشور لەم هاوکێشە ئاسان و ڕونە تێ نەگەیشتوین نازانم کەی تێدەگەین ؟؟!!
ئەمە پەیوەندی بەوەوە نییە حکومەتی هەرێمت بەدڵە یان نا ... ئەمە پێ دەڵێن ستراتیجییەت.
پێت خۆش بێت یان نا، تێدەگەیت لە سیاسەت، ستراتیجیەت، سەنگ یان نا.
تورکیا، ئێران، عێراق،سوریا وەهەروەها ئەوروپاو ئەمەریکاش  وە هەر هەموو جیهانیش بەئەندازەو قورسایی پێگەی هەرێمی کوردستان کێش و نرخت بۆ دادەنێن، ئەمە زۆر بە چاکی بیخەرە مێشکتەوە، ئەوانەی لە باشوری کوردستاندا دەیانەوێت لەم کاتەدا هەرێمی کوردستان سزا بدەن، بێ دەسەڵاتی بکەن لەبەر هەچ هۆیەک بێت یان دەبەنگن یان بەکرێگیراو.
هیچ گومانم نییە کە هەموو شادمانین چارەیەکی ڕیشەیی بۆ کێشە دروستکراو و درێژکراوەکەی موچەی فەرمانبەران بدۆزرێتەوە، وە هیوادارم ئەم کێشەیە لەمە زیاتر درێژە نەکێشی، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم بڕیارە بەستایڵی عێراقییانە دراوە هێشتا هیچ ڕون و ئاشکرا نیە کە ئەم بڕیارەی بەناو دادگا لەڕوی سیاسی و تەکنیکییەوە  !؟ هەروا بەئاسانی دەکەوێتە بواری جێ بەجێکردنەوە، وە ئایە هەر بە بەردەوامی دەمێنێتەوە؟؟لە ووڵاتێکدا کە تە نها شتێک هەمیشە بە بەردەوامی دەمێنێتەوە  نا ڕەوایی و نا دادپەروەرییە .
ڕابوردوو و ئێستاشمان ئەمەندە  تاڵ و تفتە لەگەڵ هەموو حکومەتە فاشیستە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقدا کە نەتوانین بەهیچ جۆرێک بڕوا بە حکومەتی عێراق بکەین وە دڵمان خۆش بێت یان گومانمان نەبێت بە بڕیارەکانی، ئەگەر واز لەڕابوردوش بهێنین، ئەی ئەوە ئێستا هەر حکومەتی عێراق نییە بەزەبری پۆستاڵی حەشدی شەعبی مەزهەبی فاشیست زیاتر لە سەدا پەنجای باشوری کوردستانی داگیر کردووە؟هێشتا تەعریب بەردەوامە؟!دە ساڵە بودجەت بۆ نا نێرێت !؟مادەی ۱٤٠ نازانین ماوە، نەماوە !؟یاسای نەوتی هەرێم لەناو دەبات؟؟!مووچەی هاوڵاتییان بە هەزار شەڕەشەق دەنێرێ!؟ بۆمبا بارانی هەرێم بووە بە چالاکی ڕۆژانەی دراوسێ موسڵمانە داد پەروەرە لە خودا ترسەکانمان کە هەندێکیان لە ناوجەرگەی خودی عێراق خۆیەوە ڕەوانە دەکرێن بەڵام بەغدای دادپەروەری مافپەروەره هیچ مێش میوانی نییە!؟؟باشە نا بێت بپرسین بۆچی تا ئێستا ئەم فەریاد ڕەسە لە خودا ترسانەی عێراق کە تا ئەمڕۆشی لەسەر بێت  تەنانەت یەک پێشنیاریشیان  پێشکەش نەکردووە بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشە و گرفتانە !؟
حکومەتی عێراق زۆر چاک دەزانێ کە هەرێمی کوردستان چاوی نەبڕیوەتە بستێک خاک و سامانی دەرەوەی خاکی باشوری کوردستان، وە خۆشیان باش دەزانن ئەو خاکەش کە ئێستا لەسەری دەژین و ئەم هەموو بڕیارە پلان بۆ دانراوانەی لێدەردەکەن ڕۆژێک لەڕۆژان خاکی کوردستان بووە و کوردی تێدا ژیاوە!؟؟  کەواتە بۆمان ڕون ناکەنەوە ئەم هەموو فشارو و تاوان و ڕق و بەربەست دروستکردن و زۆردارییە لە پای چی !؟!؟ 
هەڵوێست و ستراتیجیەتمان دەبێت زۆر جیاواز بێت کاتێک ڕوبەڕوی کێشە دەبینەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەراورد بە حکومەتی عێراق.
هەموو بێزارین لە بارودۆخی باشوری کوردستان، لە گەندەڵی لە نادادپەروەری، لە هێزی چەکداری نایاسایی، لە هەڵکوتانە سەر هاوڵاتییان، لە سەرانەوەرگرتن، لە دوو زۆنی، دوو لەشکری، دوو فەرمانڕەوایی هتد .. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەێنێ کە تۆ بە نەفامی و نەزانی خۆت تەڕ و ووشک بسوتێنی!؟
هەوڵ و کۆششی مرۆڤ بۆ باشکردنی ژیانێتی نەک بۆ خرابتر کردنی ژیانی!؟ مەگەر سەر لێشێواو بیت. پێویستە کێشە و گیرو گرفتەکانمان لە ناو خودی هەرێمی کوردستاندا  یەکلایی بکەینەوە نەک لەو عێراقەی کە زۆر ڕون و ئاشکرایە لەکوێوە سەرچاوە دەگرێ نیازی. نەک هەر مافە بەڵکو ئەرکە کە هەموو تاکێکمان بۆ بەرەوپێش چونی باشوری کوردستان ڕەخنەی تا سەر ئێسک بگرین تا مافەکانمان فەراهەم بکرێن لەلایەن فەرمان ڕەواکانی هەرێمی کوردستان بەڵام  پێویستە  بە شێوازێکی ژیرانە و دانایانە بێت، وەکاتێکیش ڕەخنە دەگرین زۆر پێویستە بگەڕێین بۆ بنج و بنەوانی کێشەکان.
 لە باشوری کوردستاندا ڕەگ و ڕیشەی هەموو کێشەکان بوونی هێزی چەکدارییە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی سیاسیدا، تا هێزی پێشمەرگە و ئاسایش بە نیشتیمانی نەکرێن  ئەستەمە دوو زۆنی، خراپ بەکارهێنانی هێزی چەکداری، قۆرغکردنی بازاڕ، موچە... هتد کۆتایی پێ بێت، من تێناگەم ئەم هەموو ساڵە بۆ تا ئێستا یەک خۆپیشاندانمان نەدیوە بۆ یەکلاکردنەوەی بەنیشتیمانی گردنی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش!؟! لە دوو ووتاری پێشومدا هەوڵم داوە تیشک بخەمە سەر ئەم کێشە گرنگە وەچۆنێتی هەوڵ دان بۆ چارەسەرکردنی.
بە هەموو لۆژیکێک چەرەسەرکردنی ئەم کێشەیە واتە یەکاڵاکردنەوەی ئەو گرێ کوێرەیەی کە  پەیوەستە بە زۆرینەی کێشەکانی هەرێمەوە.
بونی هێزی چەکدار لە ژێر دەسەڵاتی پارتی سیاسیدا واتە نا سەقامگیری، نا دادپەروەری، نا یەکسانی، نا دیمۆکراسی، ترس، زەبر، قۆرخ کردنی بازاڕ و ئابوری.
سەبارەت بە عێراقی بەناو فیدرالیش ،  کاتێک بیر لە عێراق دەکەمەوە تەنها شتێک کە دێتە خەیاڵم کۆپلەیەکە لە شیعرێکی مامۆستا هەردی شاعیر کاتێک دەڵێت: 
تروسکەی تیا بەدی ناکەم، سەرنجم چەندە لێداوە
لە تاپۆی نامورادیم و تەمی ناسۆری بەولاوە
دەتوانین بڵێین تا هەرێمی کوردستان سەربەخۆ و بەهێزتر بێت واتە عێراقێکی باشترو هەمەڕەنگترو دیموکراسیتر  بەڵام بونی عێراقێکی بەهێزتر واتە نەمانی هەرێمی کوردستان وەعێراقێکی دیکتاتۆری یەک ڕەنگ و یەک تا.
هەر بۆیە ڕوبەڕوبونەوەی حکومەتی عێراق چەندێک لەبەرژەوەندی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە ئەوەندەش لەبەرژەوەندی هاوڵاتییانی عێراقە.
 هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئەم هەموو ساڵە جگە لەچەند گردبونەوەیکی بچوک لێرەو لەوێ دژی هەڵوێستی نا مەردانەی حکومەتی عێراق بەرامبەر هەرێم هیچ جۆرە هەڵوێستێکی توندمان نەبووە بەرامبەریان، بۆ نمونە هۆکار چییە بۆ خۆپیشاندان  نەکرا کە بودجە بڕا ؟؟ کە مادەی ۱٤٠ جێ بەجێنەکرا !؟؟؟کە ۱٦ ی ئۆکتۆبەر ڕویدا وە زیاتر لە نیوەی هەرێمی کوردستانیان  نامەردانە بە پۆستاڵی حەشدی مەزهەبی فاشیست داگیر کرد؟؟ کە موچەیان بڕی؟؟  کە پارەی جوتیارانیان نەدەنارد؟من تێناگەم ئەم لێ بوردەییە سەیر و سەمەرە و ناشیرینە لە پای چی !؟؟
( ئەمە بێ گومان هەر دەبێت (ستۆکهۆڵم سیندروم بێت!؟؟ ئەگین ئەمە چۆن شی دەکەیتەوە !؟؟؟؟!
چەند ڕۆژێک لەمەوپێش چاو پێکەوتنێکی بەڕێز سۆران عومەر ئەندام پەرلەمانی عێراقم  بینی لەسەر پێشهاتەکان و هۆکارەکانی ئەم  هەڵس و کەوتە نادادپەروەرانەی حکومەتی عێراق بەرامبەر هاوڵاتیان و حکومەتی هەرێم سەبارەت بەنەناردنی موچەی هاوڵاتیانی هەرێم، ئەو بەڕێزە  هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە کار بەدەستانی حکومەتی هەرێم لە ڕابوردودا زۆر  لەخۆیان بایی بوون وە زۆر گاڵتەیان بە حکومەتی عێراق کردووە، ئێستا بۆیە بەم شێوەیە سزای هەرێمی کوردستان دەدەن ؟؟؟!  پرسیارەکەم بۆ بەڕێز سۆران عومەر ئەمەیە، بە چ پێوانەیەکی یاسایی و دادپەروەری ووڵاتێک موچە و قوتی هاوڵاتییان دەبڕێت لە پای گاڵتە و خۆ بەزل زانینی کاربەدەستەکانییدا ؟!
چۆن دەکرێت ئەم دوو هەڵوێستە هاوتا بکرێت؟!؟ئەمە چ جۆرە فەرمان ڕەواییەکە چ جۆرە لۆژیکێک!؟
  دە بێت لە جێی هەر بەردێک دەیگرینە هەرێم بۆ نا داد پەروەری ، سەد بەرد بگرینە عێراقی دار دەست بۆ هەوڵدانی بێ وچانی بۆ بێ هێز کردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان وە بڕینی قوتی هاوڵاتییان.
لە کۆتاییدا ووتەیەکی بەریتانی هەیە کە دەڵێت
  .، .(شەیتان لەوردەکاریەکەیدایە)
واتە بەڕوکەش دەتوانین بڵێین ئەمە بڕیارێکی یاساییەو دادگای فیدراڵ دەریکردووە ، بەڵام لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە وە ڕەگ و ڕیشاڵەکانی بۆ کوێ دەچێ، ئەمە جێگای گومان و چەندین پرسیارە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە