بارزانی لە واشنتۆن
Wednesday, 13/03/2024, 18:47
سەردانەکەی مەسرور بارزانی، بۆ ئەمەریکا بە پشتبەستن بە بانگهێشتنامەیەکی فەرمیە، کە لە ئیدارەی جۆ بایدن وەریگرتبوو، پەیامێکی ڕوون و ئاشکرای ئەمەریکایە سەبارەت بە نوێکردنەوەی بەرژەوەندیەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە پەیوەندیەکانی واشنتۆن لەگەڵ بەغدا، ئاماژەی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکایە بۆ ناوچەکە، هەروەها مامەڵەی ئیدارەی بایدنە دەربارەی فشارەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی لەسەر هەرێم، بەڵام بایدن بۆ خۆی چاوپێکەوتنی لەگەڵ مەسروردا نەکرد.
ئیدارەی بایدن هەوڵئەدات ناوچەکە بکاتە ناوەندێکی سەرەکی کێشکردن بۆ نفوزی زیاتری ئەمریکا لە عێراقدا، بە تایبەتی کە حکومەتی عێراق و هێزە میلیشیاکانی سەر بەئێران، لەئێستادا کاردەکەن بۆ کۆتایهێنان بەڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا. سەردانەکە لەژێرڕۆشنایی ئەو مشتومڕە بەردەوامەشدایە، لەسەر کاریگەری لایەنە شیعەکانی نزیک بە ئێران، کە شوێنەکانی هێزەکانی ئەمەریکایان لە سوریا و عێراق کردۆتە ئامانجی هێرشەکانیان.
ئەمەریکا سزای بەسەر زۆرێک لە بانکەکانی عێراقدا سەپاندوە، لەهەمانکاتدا بەسەر کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی لەلایەن بازرگانێکی عێراقیەوە بەڕێوەدەبرێت کە تۆمەتبارە بە نزیکبونەوە لە میلیشیاکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە سوپای پاسدارانی ئێران.
بەردەوامی حکومەتی سودانی، کە "پەیوەندیەکی نزیکی بە پارت و لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێرانەوە هەیە"، لە پرۆسەی دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە لە عێراق، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕۆیشتنی ئەم هێزانە نوێنەرایەتی کەمبوونەوەی کاریگەری ئەمەریکا دەکەن لە عێراقدا بو پاکردنەوەی زیاتری مەیدانەکە بۆ ئێران.
هێزە میلیشیا شیعەکان بەئاشکرا دژایەتی دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکەن، تا هاوسەنگی زیاتر بە قازانجی ئێران و هاوپەیمانەکانی بێت. هەر بۆیە ئەمەریکا هەوڵی زیاتر ئەدات تا لە هەرێمی کوردستان، گۆڕەپانێکی گونجاو بۆ پاراستنی نفوزی خۆی لە عێراقدا جێگیر بکات.
لە چەندساڵی ڕابردوودا بەدەورو دەخالەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناوچەکە زیاتر لەژێر فشاری توندی هێزە شیعە دەسەڵاتدارەکانی عێراقدا ڕاگیراوە، بە ئامانجگرتنێک کە سوپای پاسدارانی ئێران زیاتر لە جارێک بەئاراستەکردنی مووشەکی بالیستی تێوەگلاون، لەلایەکی ترەوە لەڕێگەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیەوە ڕاستەوخۆ حکومەتی عێراق بڕیارەکانی بە ئاراستەی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم هەنگاوی ناوە.
ئەم فشارانە ناسەقامگیری زیاتری خستۆتە بەردەم ئایندەی قەوارەی هەرێم، کە لەمبارەیەوە ئەمەریکا هەڵوێستێکی جدی نیەو ناڕۆشنە چۆن مامەڵەی ئەو دۆخە دەکات، لەهەمانکاتدا کاردانەوەیەکی جدی لەوبارەیەوە نیشان نادات، بۆیە بانگهێشتی واشنتۆن بۆ بارزانی ئاماژەی ئەوەیە ڕێگەیەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخەدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی لە ناوچەکەدا پەیدا بکات، چونکە هەرجۆرە فەرامۆشکردنێکی دەخالەتەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، ئاستی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا، بە پاشەکشەی زیاتری دەوری ئەمەریکا دەشکێتەوە.
هەرچەندە ئامانجی سەردانەکەی مەسرور بارزانی پەنابردنە بۆ ئەمریکا لە بەرامبەر ئەوەی ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بۆتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا کۆبوونەوەکانی بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی بایدن لەباری عەمەلیەوە نەیتوانی ئاسۆیەکی ڕۆشن بخاتەبەردەم ئایندەی پێکهاتەی هەرێم، هەروەها هەوڵدانێک نابینرێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی بەغدا لەسەر هەرێم، کە ئێران و لایەنە شێعەکانی دەسەڵاتدار لە حکومەتی عێراقدا لە هەوڵی جێگیرکردنی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق و بچوکردنەوەی قەوارەی هەرێمدان، لەمبارەیەشەوە ئەمەریکا هیچ هەڵوێستێکی پەرچەکرداری نیشان نەداوە.
بلینکن لە کۆمێنتێکی سەر ئەکاونتی خۆی ئاماژەی بەوەداوە کە "ئەمریکا پشتیوانی له ناوچەیەکی سەقامگیر دەکات وەک بەردی بناغەی پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا". واتە دەبێت هەرێم خۆی لەگەڵ ناوەندا بگونجێنێت، لەلایەکی تریشەوە نابێت بەرەنگاری بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت. بۆیە لەو وتووێژانەی لەنێوان بلینکن و بارزانیدا ئەنجامدراون، سەبارەت بە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەداراییەکان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و ڕێزگرتن له قەوارە دەستووریەکەی هەرێم، پاراستنی مافی پێکهاتەکانی تیاکراوه، جگە لەوەی هەردوولا، مەسرور و بلینکن دەڵێن دەبێت ڕێز لە قەوارەی دەستوری هەرێم و سیستمی فیدراڵی بگیرێت، بەڵام باس لەئەنجامدانی هیچ هەنگاوێکی عەمەلی لەوبارەیەوە نەکراوە، هەروەها هیچ پشتیوانیەکی جدی ئەمەریکا بۆ هەرێم نیشان نەدراوە، هیچ بەڵێنێکیش لەوبارەیەوە نەخراوەتە ڕوو، بەڵکو هەوڵی ئەمەریکا تەنها بۆ پێداچونەوەیە لە چۆنیەتی پاراستنی بەرژەوەندیەکان و مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و ناوچەکەدا.
واتە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە لوتکەی چڕبونەوەی فشارەکان بۆ سەر ناوچەکە، کە دۆخێکی تازە بەخۆیەوە دەبینێ و بە قۆناغێکی گرنگدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی بەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر دانیشتوانی غەززە، ئەمەریکا پێویستی بەوەیە ئاراستەیەکی گونجاو بگرێتەبەر کە چۆن دەتوانێت بەڕێوەبردنی ململانێ و کێشەکانی لە ناوچەکەدا بەسەرکاتەوە، ئەوەی پێشبینی دەکرێت، حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەم ئاڵوگۆڕانەدا، پێگەو جێگاو شوێنێکی وەهایان نەماوە کەڕۆڵیان هەبێت لەنێو هاوکێشە سیاسیەکاندا، بانگهێشتکردنی بارزانی تاقیکردنەوەیە بۆئەوەی تا چەند ئەتوانێ ملکەچی ئەو ئاڵوگۆڕانەبێت و بچێتە ژێر باری قەبوڵکردنی ناوەندبونەوەی عێراقەوە، لەهەمانکاتدا سەرکێشیەک نەکات، کێشە بۆ بونی ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەکەدا دروست بکات.
سەردانەکەی بارزانی بۆ ئەمریکا، بۆ بارزانی ئەو مانایەی لێدەبێتەوە تا چەند ئەتوانێ متمانەو پشتیوانی ئەمریکا بەلای بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتی بارزانی لە هەرێمدا ڕاکێشیت، کە لەمبارەیەوە بەدوای ئەوەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدارڵی لەباری عەمەلیەوە خەریکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەتوانین بڵێین سەردانەکەی بارزانی بۆ ئەمریکا وەک کارێکی ڕۆتینی و بێبەرهەم بۆ هەرێم ئەژمار دەکرێت.
ئەو بەڵێنانەی کە ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا ئەیدات، سیاسەتەکانی نائومێدیەکی گەورە بۆ زۆربەی هاوپەیمانەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا دروست دەکات، چونکە ڕۆڵی خودی ئەمەریکاش لە ناوچەکەدا کەوتۆتە بەر پاشەکشەیەکی زیاتر لە بەرامبەر ململانێی ڕەقیبەکانی لە ووڵاتانی سەرمایەداری زلهێزی دنیادا، بۆیە ناتوانێ پاراستنی هاوسەنگی باڵادەستی ئەمەریکا بەسەر دنیاو ناوچەکەدا دەست پێوە بگرێت.
لەهەمانکاتدا لەسەر ئاستی دارایی ئەمەریکا ئامادە نابێت، یان پێویستی بەوە نیە کە لەم ئاڵوگۆڕانەدا بەردەوام بێت کەقورسایی خەرجی مووچەی پێشمەرگە هەڵگرێت.
ئەتوانین بڵێین قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی لەبەردەم ئایندەی ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانەی بەڕێوەیە، لەسەرو بەندی فشاری سنوردارکردنی پێگەی دەسەڵاتی سیاسیدان، ناچار دەکرێن بکەونە ژێر ئاراستەی قەبوڵکردنی ناوەندبونەوەی حکومەتی عیراق و دەستگرتن بەقەوارەیەکی تەواو لاوازو شکڵیەوە، ئەمەش ئەو ئاکامە دەخاتەڕوو کە یەکەم: پەنابردن بۆ ئەمەریکا و هەر ووڵاتیکی تر بەفریایان ناکەوێت و ناتوانن سەربەخۆیی قەوارەی هەرێم ڕاگرن و لەبەردەم پرۆسەیەکی نزمبونەوەی ئاستی دەسەڵاتەکاندا دەبن، ناچار دەکرێن لە سایەی حکومەتی عێراقدا پەناگایەک پەیدا بکەن. دووەم: نە دووبەرەكی و نە یەکگرتنی بارزانی و تاڵەبانی و هەر لایەنێکی بزوتنەوەی کوردایەتی، فرسەتی ئەوەیان نادات، بتوانن ئاڵوگۆڕێک بە بەرژەوەندی پێگەی قەوارەی حکومەتی هەرێم ببەخشن. سێیەم: لەبەردەم هەڵبژاردنەکاندا بەجۆرێک سنوردار دەبن، کە هەر جۆرە ڕێکەوتنێک لە پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن ناتوانێ ئاکامێکی ئەرێنی بۆ بەڕێوەبردن و دەسەڵاتیان بەدەست بهێنن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست