تورکمانەکانی کوردستان، گۆشتیان بۆ تورکیا و ئیسقانیان بۆ خۆیان!
Monday, 04/03/2024, 10:50
وەکو کوردێكی کەرکوك، ئەتوانم بڵێم کەس وەکو کەرکوکییەکان، لە تورکمان نەگەیشتووە. تەنانەت تورکمانەکانی کەرکوكیش، جیاواز لە تورکمانەکانی کفری و هەولێر، نە تواونەتەوە لە نێو بۆتەی کۆمەڵگای کوردی لە کەرکوک و نە تایبەتمەندی کولتوری و زمانەوانی و کۆمەڵایەتی تورکمانی خۆیان لە دەست داوە. بەڵام گەر تەماشای تورکمانی هەولێر یان کفری بکەیت، بە دەگمەن لە کوردیان جیادەکەیتەوە، مەگەر خۆیانت لێ ئاشکرا بکەن. ئەمەش وا ئەکات کاری لە یەک گەیشتنی کورد و تورکمانە کەرکووکییەکان گرنگتر و جیاوازتر بێت لەوانەی دیکە.
ئەوەی لەم ساڵانەی دواتر بۆم دەرکەوتووە ئەوەیە کە ئەو تورکمانەی لە هەشتاکان و لە تەمەنی مناڵی و هەرزەکاری خۆمدا بینیومن، زۆر جیاوازن لە زۆرێک لە تورکمانەکانی ئێستا. چونکە بەشێک لە تورکمانەکانی ئەمڕۆ لە سیاسەتێکی چەوتەوە گلاون. ئەمڕۆ بە نزیکی هەموو سیاسییە تورکمانەکان و حزبە تورکمانییەکان و بەشێکی هاوڵاتیانی تورکمانیش کە کادر و ئەندامی حزبەکانی خۆیانن، تەنها و تەنها ئاو ئەکەنە ئاشی تورکیاوە. تەنها و تەنها هێلکەکانی خۆیان خستۆتە ناو سەبەتەکەی تورکیاوە. تورکیاش جگە لە بەرژەوەندی وڵات و میللەتی تورکی خۆی، سواری سەری هەموو تورکمانەکانی کوردستان بووە و بە ڕاست و چەپدا، مەسەلەی ڕەوای تورکمان بۆ بەرژەوەندی و جەنگە ناڕەواکانی خۆی بەکاردەهێنێت. گەر تەماشایەکی جەنگە ناڕەواکانی تورکیا بکەین، لە دژی کوردانی ڕۆژئاوا بە نموونە، ئەوا دەردەکەوێت کە لە سەددان ئەندامی نێو ئەو گرووپانەی کە لە دژی ئەزموونی ڕۆژاڤا لەلایەن تورکیاوە دروست کرابوون، (تەنانەت لە نێو داعشیشدا) کەسانی سەر بە گەلی ئۆزبەکی و ئۆیگوری بوون. گەر بە تایبەتی لە ئۆیگوورییەکان بڕوانین؛ ئەو گەلە بە ڕەچەڵەک تورکەن کە لە دژی وڵاتی چین وەستاونەتەوە و داوای جیابوونەوە لە چین ئەکەن. ئاخۆ تورکمانەکانی کوردستان هەرگیز لە خۆیان پرسیوە بۆچی ئۆیگورییەک، مەسەلە ڕەواکەی خۆی لە چین فەرامۆش بکات و شەڕی بە وەکالەتی گەلێکی وەکو کورد بکات؟ شەڕی گەلێک بکات کە نە مێژوو و نە جوگرافیا بە یەکیان نابەستێتەوە! هەر بە وێنەی ئۆیگوورییەکان، ئەمڕۆ تورکیا زۆر بە باشی یاری بە وەتەرەکانی تورکمانەکانی کوردستان ئەکات. تورکیا لە لایەک فتیلەی فیتنەی قەومەچێتی گڕ دەدات، لە نێوان تورکمان و کوردی لە کوردستان و بە تایبەتیش لە کەرکوکدا. لە لایەکیش تورکمانەکانی کوردستان دژی گەرێلاکانی پەکەکە تەیار دەکات. ئەو گەرێلایانەی، ئەوێ ڕۆژێ لە کەرکوک، بەرگرییان لە کورد و تورکمان و عەرەبیش، لە دژی داعش، بە یەکسانی دەکرد. دەپرسم ئاخۆ گەرێلایەکی پەکەکە چ زیانێکی بۆ تورکمانی کوردستان هەبووبێ تا سیاسی و حزبییەکانی تورکمانەکانی کوردستان ئەم هەموو توخمی ڕقانەیان، دژ بە ئەوان، تیا بچێنرێت!؟
تەنانەت جاری واشە گوومان دەکەم کە ئاخۆ چۆن سیاسەت و کاریگەری هەرێمایەتی و تەنانەت هەندێکی ناوخۆییش، دەتوانن سەر لە وەها گەلێکی ستەملێکراو بشێوێنن، بە جۆرێک ڕاست و چەپی بەرژەوەندی نەتەوەیی و کولتوری خۆیان بۆ لێک جیانەکرێتەوە؟
بۆ وەڵامدانەوە زۆرێک لەم پرسیارانە دەبێت خودی تورکمانەکان وەڵامی خۆیان بدەنەوە. خۆ ئەگەر کوردێکی تورکمانی زان یان تورکمانێکی کوردی زان، ئەم وتارە وەربگێڕێت بۆ زمانی تورکمانی، دەستەکانی دەگووشم، ئەگەر بێت بەم پرسیارانە لە گەلی تورکمانی، کوردستانیی، خۆشەویست بانگەوازیان لێ بکات:
ئێوە وەکو تروکمانێک وەڵامی ئەو پرسیانەی خوارەوەتان لایە کە ئاخۆ:
-بۆچی ئێمە کەوتووینەتە نێو ئەجێندای تورکیاوە؟
-ئاخۆ ڕێککەوتن لە گەڵ کوردی هاو تەبعیس کراو و هاو تەعریب کراو و هاو زەوی داگیرکراو و هاو چارەنووسی پێکەوە گرێدراو و هاو شار و هاو خاک و هاو خەبات باشترە یاخود دوورکەوتنەوە لەم هاوشاری و هاو وڵاتی خۆمەوە و تورکیا بە هاو چارەنووسی خۆم بزانم، لە کاتێکدا کە تورکیا بەدرێژایی سەردەمی ڕژێمی بەعس نقەی لە خۆی بڕیبوو لەو هەموو ستەمەی لە پاڵ کورددا لە تورکمان کراوە.
من بە تەمەنی خۆم لە هەشتاکاندا کەمترین تورکمانی بەعیسیم بینیوە. کەمترین ئەمن و ئیستخباراتی تورکمانی بینیوە. تورکمانەکانی کەرکووک هەمیشە هاوگەڕەک و دراوسێ گەڕەکی کورد بوون نەک عەرب. تورکمانەکان بە وێنەی کورد هەڵاتووی سەربازی بوون و کەمترینیان لە گەڵ بەعس هاوسۆز هاو خەبات بوون. دەیان گوندی تورکمان لە پاڵ گوندە کوردییەکان تەعریب کران و ڕووخێنران و گوندییەکانیان دەربەدەر کران. زەوییەکانیان داگیرکران. ئەگەر کورد چیاکانی هەبووبن بۆ خۆقووتارکردن لە ستەمی بەعس، تورکمانەکان ئەوەشیان نەبووە.
سەیرە کە تورکمان و کورد لە کەرکوک هاوتەریب قوربانی دەستی بەعس و عەرەب بووبن، بەڵام تورکمان هێندەی لە بەرەی عەرەبی هاوردەن هێندە لە بەرەی کورد نین؟ هێندە ئامادەی هاوکارین لە گەڵ عەرەب بۆ وەدەرنانی کورد هێندە مکوڕ نین بە هاوکاری کورد مافەکانی خۆیان لە ناوچە جێ ناکۆکەکان دەستەبەر بکەن. سەیرە کە ئەکادیمییەک و سیاسییەکی حەکیمی تورکمان هەڵنەکەوێت تا چاوی گەلی تورکمان بکاتەوە بەوەی کە بەڵێ شانسی ئێمە بۆ بوژانەوەی هەستی کولتوری و نەتەوەیی و وەرگرتنەوەی مافی زەوتکراو و هاوبەشی کردن لە دەسەڵات و داهات زیاترە تا لە گەڵ عەرەبدا. حەکیمێک کە بڵێت، گەر عەرەب جارێک زاڵ بێت بە سەر کورددا و بتوانێ مافەکانیان لێ زەوت بکات و ستەمیان لێ بکات ئەوا هەمووئەوانەی زۆر بە ئاسانی لە گەڵ تورکماندا بۆ دەچێتە سەر.
بەڕای من چارسەرکردنی کێشەی زەوی و زاری تورکمان لە گەڵ ناوەنددا و دەستەبەرکردنی تەواوی مافە دەستوری و کولتوری و نەتەوایەتی و کۆمەڵاتییەکانیان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوویان و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی تورکمان لە پارلەمانی عێراق و کوردستان و حکومەتە خۆجێییەکاندا ئامانجی پیرۆز و بەرزی گەلی تورکمانە لە کوردستان و عێراقدا. بەڵام لە جێگەی هەموو ئەمانە ئامانجی سەرەکی زۆرینەی سیاسییەکانی تورکمان گرێدراوە بە ئەجێندای تورکیا و بەشێکیشیان بە ئەجێندای شیعە و بەشێکی دیکەشیان بە ئەجێندای پارتییەوە.
من دڵنیان ئەو هیوایەی تورکمانەکان بە تورکیا و ئەردۆغانیان بەستووە هەر هێندەی هیوای ئیخوانەکان بەو دووانە دێنە دی. تورکیا ساڵانێکە سواری شەپۆلی ئیخوانی جیهانی بووە و بە سەر شانی ئەوانەوە ئامانجی نەتەوەیی بۆ خۆی دەستەبەر کردووە و ئێستاش بۆ تەوقەیەک لە گەڵ سیسی میسردا ئەردۆغان نەفیر عامی بڕیارداوە، بۆ داخستنی ئۆفیسی ئیخوانەکان و دەرکردنیان لە تورکیا.
ئاخۆ کەی بێ وتورکمانەکانی کەرکووک دۆست و دوژمنی خۆیان لە یەک جیابکەوە و گۆشتی خۆیان لە سەر سوفرەی تورک دانەنێنن و خۆشیان تەنها ئێسقانیان بەر بکەوێت؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست