ده‌سه‌ڵات، خولیایه‌کی ڕه‌سه‌نی ده‌روون که ده‌بێ ڕام بکرێت
Thursday, 29/02/2024, 21:28
ده‌سه‌ڵات یا (سه‌پاندنی ئیراده‌ی که‌سێک به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا/ ماکس ڤێبێر)، خولیا ڕه‌سه‌نه‌کەی، مایه‌ی جه‌نگ و ڕژانی خوێنه‌که‌ی سه‌ره‌تای ده‌ستپێکی ژیان تا کۆتایی، خواسته هه‌رگیز نه‌مره‌که‌ی، خۆ حهشارداوهکهی ناو قوڵایی ده‌روونی مرۆڤ. ئێستا ده‌سه‌ڵات په‌یداکردن به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ردا، بۆته کارێکی رۆژانه و له‌ناو جه‌رگه‌ی خێزانه‌وه هێدی هێدی په‌روه‌رده ده‌بێت و ده‌رژێته ناو جاده و سنووری هاوسێیه‌تی و خزمایه‌تی و نه‌ته‌وه‌کان دهبهزینێ و به سه‌دان کتیبی بۆ نووسراوه و تیۆری بۆ دارێژراوه و هونه‌ر و ئامڕازی نوێی تیدا به‌کار دێ، تا گه‌یشتۆته راده‌ی کوشتنی به کۆمه‌ڵ و کوشتنی سه‌رجه‌می میلله‌تێک (هندییه سووره‌کان، که خوێنی ڕژاویان کرایه پێپیلکه‌ی به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی سپییه ئه‌وروپاییه‌کانی تازه ئه‌مێریکایی) یان کوشتنی به‌شێکی گه‌وره له نه‌ته‌وه‌یه‌ک ( ئه‌نفالکردنی به‌شێک له نه‌ته‌وه‌ی کورد، هه‌ر جاره‌ی له پارچه‌یه‌کی کوردستاندا).
ساده بیرن ئه‌وانه‌ی پێیان وایه، ده‌سه‌ڵات: به‌رهه‌می سامان و موڵکه و تا سنووری زه‌وییه‌که‌ی من فراوانتر بێت، مه‌ودای حوکمی ده‌سه‌ڵاتیشم فراوانتر، بێ ئاگا له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک نه‌بێت به‌هه‌موو داموده‌زگای قورسی کوشتنه‌وه، پاریزگاری له سنووره‌کانی زه‌وییه‌که‌م بکات هه‌ر مسکێنی خۆم چاوم ده‌ردێنن!!. هه‌ر لەو کاته‌وه، به‌کرێدانی موڵک دروست بوو و به یاساش پشتگیری لێ‌کرا، ئەم بەرەنگاربوونەوەیە زیاتر تیژ بۆوە. لاپه‌ره‌کانی مێژووی خویناویی مرۆڤ، شه‌پۆل ده‌ده‌ن له میری سه‌ربڕی بێسامان، که پاش گه‌یشتن به لوتکه‌ی هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵات نه‌ک هه‌ر بووه خاوه‌ن سامان به‌ڵکه بووه خاوه‌نی هه‌موو ( هه‌ستی و نیستی ) مرۆڤه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیشی و مخابن ده‌زگا هه‌ره زه‌به‌لاحه‌کانی دنیای پڕ له بێدادیش تا ئەو کاتەی به‌رژه‌وه‌ندییان بخوازێت، ئه‌م سه‌ربڕینه‌ی لێ ده‌سه‌لمینن!!.
ده‌سه‌ڵاتدار وه‌ک مرۆڤی تریاکی وایه تێر بوونی بۆ نییه، بۆیه له‌گه‌ڵ ڕۆنیشتنی له‌سه‌ر لوتکه‌ی هه‌ره‌م، ئێدی نیاز، پێویستی، خولیا، ئاره‌زوو و هه‌وه‌سه‌کانی ده‌گۆڕێن و له‌سه‌ر لوتکه‌ی هه‌ره‌می خۆیه‌وه، ده‌ڕوانێته لوتکه‌ی هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتدارانی تر به نیازی فراوانکردنی قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی، جۆرێک شێتبوون و تووشبوون به ماخۆلانی خۆ به‌زل زانین. مانه‌وەی دەسەڵاتدار له لوتکه‌ی ههرهمدا پێویستی به خزمه‌تکاران و ڕاوێژکاران هه‌یه. دهسهڵاتدارکام که‌سانه بکاته وه‌زیری ده‌سته چه‌پ و ده‌سته ڕاستی خۆی؟ ئه‌و که‌سانه‌ی ژیر و ڕاستگۆن؟ ئاخر ئه‌مانه به حوکمی ژیرێتی و عه‌قڵ و ڕاسگۆییان، هه‌موو قسه‌یه‌کی لێ ناسه‌لمێنن و به‌باسکردنی ڕاستییه‌کان ژیانی لێ تاڵ ده‌که‌ن، که‌واته نا ( گه‌جه‌ر و گوجه‌ر) بێ تواناترین خه‌ڵک، ئه‌وانه‌ی درهروون گرێیاوی و هه‌لپه‌رستن، ئه‌وانه باشترین به‌ڕێوه‌به‌رن بۆ ڕامکردن، شکاندن و زه‌بوون کردنی هه‌موو ژیر و عاقڵێک، کار به‌وان ده‌سپێرێ و ئیتر بۆخۆی ئاسوده‌ی ئاسووده. ڕیاکارانیش جگه له ستایش و پیاهه‌ڵدانی درۆینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار گۆرانییه‌کی دی نازانن، چ له‌و گۆرانییه‌ش خۆشتره له گوێی ده‌سه‌ڵاتداردا که باس له‌و توانا‌و خه‌سڵه‌ته بێهاوتایانه بکه‌ن، که نییه‌تی؟!
ئیتر مه‌ودای نێوان ده‌سه‌ڵاتدار له لوتکه‌ی ههرهمدا و خه‌ڵک له بنی ههرهمدا، ته‌نیا به ناوی شکۆدار و خه‌سڵه‌تی ئاسمانی ده‌سه‌ڵاتدار و خوێنی ڕژاوی هه‌رکه‌سێ که جگه له خۆشه‌ویستی و عیشقی دهسهڵاتدارعێشقێکی تر به دڵیدا گوزه‌ربکات،
پڕده‌بێته‌وه. بەڵام مه‌ترسییه‌که له‌وێدایه که خۆشه‌ویستی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌بێته په‌تایه‌ک، زۆر جاران سنوری ده‌ربار ده‌بڕێت و تووشی عه‌قڵ و ژیرێتی بیریاران و ڕۆشنبیرانی کۆمه‌ڵیش ده‌بێت و ئێدی بۆ ئازادیی خۆیان که کۆیله‌یی و ژێر ده‌ستییه گۆرانی ده‌چڕن و قه‌ڵه‌م ده‌خه‌نه کار و ده‌یکه‌نه هاڤڕکێ - کێبه‌ركێ - که چ که‌سێک جوانترین و ئاسمانیترین شیعر به باڵای ده‌سه‌ڵاتدا بیژێ ئه‌مه ئه‌و حاڵه‌ته‌یه ( سته‌مکار ئه‌وکاته سه‌رکه‌وتووه که وا له کۆیله‌کان بکا خۆیان به ئازاد بزانن / مۆنتسکیۆ ).
تۆ
هێنده میهره‌بانی
ده‌ست ڕاده‌گری
چۆله‌که دێن
له‌سه‌ر له‌پی
ده‌سته‌کانت
ئاو ده‌خۆنه‌وه....) کۆپله‌یه‌ک له شیعرێکی نه‌زار قه‌بانی له په‌سه‌نی خه‌سڵه‌ته بێهاوتاکانی سه‌ددام حوسه‌یندا، میهرەجانی مربد ساڵەکانی ١٩٨٠.
به که‌مێ وه‌ستان، وورد بوونه‌وه بۆمان ڕوونده‌بێته‌وه، که نزیکه‌ی سه‌رله‌به‌ری بیر‌و باوه‌ڕه داهێنرا و نامۆکان بۆ مه‌به‌ستی، گه‌یشتن به ده‌سەڵات بووه - گه‌یشتنه لوتکه‌ی هه‌ره‌م – جا ئه‌و خواسته له ڕێگای کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکه‌وه بووبێت یاخوود ناوی جۆر
به جۆر وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی چینێکی کۆمه‌ڵ ( به حوکمی جه‌بری مێژوو ) به‌سه‌ر چینه‌کانی تردا ( حیزبه کۆمۆنیسته‌کان)، یا له ڕێگای دروستکردنی گرووپی مافیاییه‌وه، له ناو ئه‌م گروپ و ده‌ستانه‌شدا به‌پێی ڕه‌خسانی بار و دۆخ و لێزانین، که‌سێک هه‌ڵده‌که‌وێ ئامبازی پشتی ئه‌سپه‌که ده‌بێت و ئه‌و سوار و پێڕهوانیش پیاده‌ی خۆ به سوار زانیوو، شوێنی ده‌که‌ون. سوار ده‌زانێ بۆ ئه‌وه‌ی به سواری بمێنیته‌وه ده‌بێ بێژێ، باس له خه‌یاڵی به‌رزه فڕین و خه‌ونه‌کانی ( ده‌سه‌ڵاتخوازیی ) پێڕه‌وانی بکات و ڕاوی سۆز و ناهوشیارییان بکات، بۆ بزواندن له ته‌لی سۆزیان بدات، نه‌ک ژیرێتیان ( یه‌کیک له ڕازه‌کانی سه‌رکه‌وتنی فاشیزم ئه‌وه بوو که ده‌بوو گه‌ل هه‌میشه ئاماده بێت). جا که سۆز به‌سه‌ر ژیرێتی و لۆژیکدا زاڵ بوو، که گه‌ل ئازادیی خۆی له قاره‌مانه‌کانیدا بینییه‌وه، ئێدی خۆی بهسهرکردهکهی ده‌سپێرێ و واز له ئازادی خۆی دێنێ ته‌نانه‌ت ( ئازادی) لێده‌بێته به‌ڵایه‌ک که ده‌یه‌وێ به‌هه‌ر نرخێک بووه له کۆڵ خۆی بکاته‌وه، زۆرینه‌ی مرۆڤ بۆ په‌له‌ی ژیان و خۆشگوزه‌رانی* زوو خوو به ده‌سه‌ڵات و گوێرایهڵبوونهوه ده‌گرن و ده‌بنه به‌شێک له مه‌کینه‌ی سته‌م و ئازادی دوا شته که به دڵیان‌دا گوزه‌ر ده‌کات.
بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تاکه فه‌رمانڕان به‌رده‌وام بێت ده‌بێ خه‌ڵک له نه‌زانین و خورافه‌دا نوقم بکرێن، بەڵام هیچ سه‌رمایه‌دارێک نایه‌وێ کرێکاره‌کانی مرۆی نه‌زان بن و به ( حوکمی سوود ویستنی زیاتر) نوێترین ئامیری به‌رهه‌مهێنان ده‌خاته کارخانهکهیهوه، که چی له لایه‌کی تره‌وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی تاکه فه‌رمانڕان و تاکه حیزبی پێشڕه‌و و تاکه چین (که ده‌ڵین هه‌مووی جه‌بری مێژووه) ده‌بێته هۆی په‌روه‌رده‌کردنی میلله‌تی گێل و بێ ئیراده و ترسنۆک، که تاکه سه‌رکرده و تاکه حیزب و تاکه چینیش مرد، ئیتر کۆمه‌ڵگا له گرێژه‌نه ده‌چێت و کۆمه‌ڵیش سه‌رلێشێواو، پاشاگه‌ردانیی هه‌موو پره‌نسیپه ئینسانییه‌کان، ده‌بێته سه‌روه‌ری ژیانی خه‌ڵک.
هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌ی که باسکرا هیچیان پاکانه بۆ هیچیان ناکه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رمایه‌دار له خراپترین حاڵه‌تدا به‌شێک له نانی کرێکار ده‌بات، ئه‌وا تاکه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌م نانی، هه‌م ژیانی و هه‌م چاره‌نوسیشی ده‌بات، ئه‌گه‌ر کرێکاری کن سه‌رمایه‌دار، ئه‌و بواره‌ی هه‌بێت که ڕه‌نگه رۆژێک هه‌ست به نامۆیی بکات و ده‌ست بخاته سه‌ر زامه‌که‌ی، خۆ کۆیله‌ی تاکه ده‌سه‌ڵات ئه‌و بواره‌شی نییه و به قه‌وڵی بیریاریک ( "کۆیله زنجیره‌کانی ده‌ست و پێی ماچ ده‌کات و له کۆیلایه‌تی خۆی شانازی دروست ده‌کات"). به‌ڵام چ شانازییه‌ک؟ شانازی دابڕانی له مرۆڤایه‌تی و خاوه‌ن نه‌بوونی ئابڕووی مرۆڤ بوونیشی، چونکه کۆیله خۆی و بوونی و خیزانیشی به قاره‌مان و سه‌رکرده و حیزب به خشیوه و له خه‌یاڵی خۆشی‌دا ( "حزب باوکی منداڵێکه که بێ باوکه، حیزب لانکه‌ی منداڵێکه که بێ لانکه" ...موزه‌فه‌ر ئه‌لنه‌واب، له په‌سه‌نی حیزبی کۆمۆنیستی عێراقدا) ئیدی تا بێ‌کۆتایی خۆته‌فره‌دان و ته‌فره‌دران و...
ئه‌گه‌ر هه‌موو که‌س ئه‌و غه‌ریزه ره‌سه‌نه‌ی ناخی – خولیای ده‌سه‌ڵات – ی تێدا ده‌رناکه‌وێت، له باشییه‌وه نییه به‌ڵکو له گونجان یا نه‌گونجانی بارودۆخهکهوهیه، ده‌نا به گوفتی ئیمام موحه‌ممه‌دی غه‌زالی (" له‌ناخی هه‌موو مرۆڤێکدا هه‌ر ئه‌و خواستانه هه‌یه که له ناخی فیرعه‌وندا هه‌بوون"). زۆر جاریش ئه‌م خواسته دهرنهکهوتووانهی دهسهڵاتزهده ( ژێر ده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵات)، له ئایدیاڵه‌که‌یدا، سه‌رکرده یان قارهمانهکهیدا ره‌نگ ده‌داته‌وه و ئیدی ژێرده‌سته ده‌بیێته سیبه‌ری قسه و ڕه‌فتاری سه‌رکرده‌که‌ی، وه‌کی ئه‌و ده‌ڵێ و ده‌پۆشی و ته‌نانه‌ت خه‌ونی ئه‌و ده‌بێنیت، جۆرێک له خه‌ونی هیپنۆتیزمیانه، ئیتر له‌م حاڵه‌ته‌دا مرۆڤه‌که پێویستی به حه‌ب و تریاک نییه تا له هۆش خۆی بچێت، به بچوکترین بزاوندنی سۆزی درۆزنانه، دهمارگییرییهکی گوڵ ده‌کات و کۆ له‌هیچ پراسیپێکی ئینسانیانه ناکاته‌وه، لێره‌دایه ده‌که‌وینه بیری ئه‌وه ( "که دیکتاتۆر ده‌توانێ هه‌ر به‌سه‌ر دیکتاتۆره‌کاندا حوکمڕانی بکات" ) له عێراقدا سه‌ددامێک هه‌بوو، بەڵام به هه‌زاران سه‌ددامی بچووکتر وەک ئەو و لەویش خراپتر ڕەفتاریان دەکرد، هەریەک لە بازنەی دەسەڵاتەکەی خۆیدا. خۆدانه ده‌ست هه‌ر دسهڵاتێکهوه، به‌هه‌ر ناوێکه‌وه بێت، دۆڕاندنی ئازادی خۆیه و شکاندن و به‌زاندنی سنووری مرۆڤ بوونی کەسەکە.
به‌ڵام بۆچی ئه‌م مرۆڤه سه‌روه‌ره ده‌بێته پارێزهرو زۆر جار به خوێن و ژیانی خۆی، به‌دیهێنه‌ری خه‌ونه‌کانی ده‌سه‌ڵاتخواز؟!
ترس، گومان، خووپێوه‌گرتن و نەداری، که ڕه‌گیان وا له هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه و هه‌ر سه‌رده‌م و قۆناغێکیش له ژیانی تاک و کۆمه‌ڵدا به جۆرێک خۆ پیشان ده‌ده‌ن که ڕه‌نگه زۆر جاران یه‌کێکیان ببێته هۆی سه‌ره‌کی بینراو و هه‌ستپێکراو که هێزو توانای له‌وانی دی وه‌رده‌گرێت و خۆ رهپێشدهخات وه‌ک هۆی یه‌که‌مینی به‌ره‌و داوینی قاره‌مان یا ده‌سه‌ڵات چوون، به دنه‌دان و هاندانی که‌مایه‌سییه‌کانی تره‌وه.
به‌ڵام ترس له كێ و له چی؟
ترس له وه‌ی له بیابانی ژیاندا به ته‌نیا و له‌گه‌ل ئازادی‌دا، جێی بێڵن، تاکو له قوتابخانه‌ی ته‌مه‌نیدا ئه‌و به‌رپرسیاریانه‌ی مرۆڤ بوونی پێی به‌خشیوون، به پراکتیک پله به پله بۆ تێگه‌یشتن و پێگه‌یشتن هه‌نگاو بنێ. شایسته بوونی خۆی وه‌ک مرۆڤ به‌به‌ڵگه‌ی دانهخزیان بۆ هیچ مه‌به‌ستێ به‌لای ناحه‌قدا، بسه‌لمینێ، به‌ڵام ئه‌فسوس مرۆڤ دره‌نگانێک ده‌گاته ئه‌م وشیارییه و ڕه‌نگه به دڵی شکاو و ده‌روونی پڕ گرێ و هومێدی ووردکراوهوه، که هه‌موویان مرۆڤه‌که‌یان کردۆته مرۆیه‌کی بێ ئیراده و سڵکه‌ره‌وه و ترسا‌و، پێ بنێته ئه‌م قۆناغه‌ی ژیانه‌وه، به‌ده‌گمه‌نیش وا ده‌بێ بیری بنج به‌ستوو، خولیای ئه‌وه‌نده ساڵی ته‌مه‌ن، له ناکاو بگۆڕێن و مرۆڤه‌که بتوانێ په‌تی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه بپچڕێت که بوونه‌ته هۆی زه‌بوونی و ڕێگه‌ی خۆ هه‌ڵواسین به داوێنی دهسهڵاتهوهیان بۆ خۆشکردووه.
ئه‌ی گومان له چی؟
گومان له‌و هێزه شاردراوه خودا دادیانهی که له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنیدا، وه‌ک مرۆڤ له ناخیدا چێنرا به‌ڵام په‌روه‌رده‌کردن، گه‌شه‌کردن، خه‌مڵاندن و چۆنێتی به‌کار هێنانیان به‌ویستی خۆی، خرایه ئه‌ستۆی مرۆڤه‌که، پاشان ده‌وروبه‌ره‌که‌ی که دیسان ئه‌فسوس،
باوه‌ڕ نه‌کردن به‌و هێزانه و له‌گه‌ڵ یه‌که‌م بروسکه‌ی ترس له ڕۆحی‌دا ( ترس له ماڵه‌وه، له سه‌ر جاده، له قوتابخانه...هتد) یه‌کەم هه‌نگاوی کوێرکردنه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ش ده‌ست پێده‌کات، که به له‌ده‌ستدانی ئازادی مرۆڤه‌که که یه‌کسانه به به‌رپرسیارێتی کۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤه‌که‌ش کۆتایی دێت. به‌ڵام چلۆن زینده‌وه‌ری وا هه‌ڵبژارده و ده‌ستچن ملکه‌چ ده‌بێ و خۆ ده‌هاوێته ناو ئازادییه‌کی له‌سه‌ر کۆیلایه‌تی بنیاتنراو؟! چونکه ئیدی ترس و گومان کاری خۆیان کردوه و ملکه‌چیی و گوێڕایه‌ڵیی بوونه‌ته خوویه‌کی به خه‌وش نه‌زانراو، به‌هۆی ئه‌وه‌ش که مرۆڤه‌که خۆی به به‌شێک له ده‌سه‌ڵات ده‌زانێ یان قاره‌مان و فه‌رمانڕان به پارێزه‌ری ئازادییه‌ک که له‌ڕاستیدا کۆیلایه‌تیه، ده‌زانێت، بۆیه مل که‌چی فه‌رمانه و گوێرایه‌ڵ بوون و په‌یڕه‌وی کردن له ده‌سه‌ڵات ده‌بنه خوویه‌ک که سیمای کۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤه‌که ته‌واو ده‌که‌ن. زۆر جاران کۆیلایه‌تی ده‌بێته میرات له باوانه‌وه بۆ نه‌وه‌کانی، که نه‌وه‌کان ئه‌م میراته ده‌پارێزن و به کۆت و زنجیری له باوان به جێماوهوه، خۆ ده‌کوتن بۆ ژێر سێبه‌ری داوێنی ده‌سه‌ڵاتداری نوێ، که پاش باوکی هه‌ر له پڕێ بووه کوڕێ و خۆی له لوتکه‌ی هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتدا بینییه‌وه. جا کۆیله نوێکان به گیانیکی پڕ لهوزهی کۆیلایه‌تی به ده‌ستوری باوانیان، زنجیری ده‌ست و پێیان ماچ ده‌که‌ن و له کۆیلایه‌تی سه‌رده‌می نوێ شانازی نوێ دروست ده‌که‌ن، به نیشانه‌ی گوێڕایه‌ڵ بوون بۆ ده‌سه‌ڵاتی نوێ.
که‌واته بۆمان ڕوون بوویه‌وه، ئه‌گه‌ر نه‌داری به کۆیله‌بوون بگۆڕدرێت به دارابوون، ئه‌وا ته‌نیا ئه‌و که‌سانه ملی له‌به‌ر ده‌نێن، که خوو خده‌ی کۆیلایه‌تی ژیرێتی کوێر کردوونه‌وه و ڕۆحی شێواندوون، ده‌نا ده‌کرێ و کراویشه که هه‌ر شتێ تۆزقاڵێک له پله‌ی مرۆڤ بوونی دابه‌زاند، ده‌بێ که‌شکۆڵی ده‌روێشی بۆ له شان بکرێت، تا پارێزگاری له پاکیزه‌یی ڕۆحی مرۆ بکرێ و سنووری یه‌زدانیی مرۆڤ بوون بپارێزرێ و نهشکیندرێ.
ئایا ئه‌و هه‌موو شتانه‌ی که باسکران، جێگایه‌کیان بۆ هومێد له دڵ و ڕۆح‌دا جێ هێشتووه، که مرۆڤ تروسکاییه‌ک شک به‌رێ، هانای بۆ ببات و بیخهمڵینێ تا سه‌رتاپێی ژیانی به‌ره‌و ڕه‌هابوون و ئازادی به مانا مرۆڤانه‌که‌ی وه‌رچه‌رخێنێ؟!
به‌ڵێ، په‌روه‌رده‌یه‌کی دروست، که‌هه‌ر له ته‌مه‌نی زووه‌وه منداڵ فێر بکات به دوو باڵی خۆی له ئاسمانی ئه‌ندێشه و هه‌ستکردن به نرخی مرۆڤ بوونی خۆیدا باڵبگرێت و ڕاهێنانیان که هه‌موو شتێک به به‌ڵگه‌وه قه‌بووڵ بکه‌ن نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ( مامۆستا وای گوتووه)، په‌روه‌رده‌کردنی ئه‌و مرۆڤه مه‌زنه‌ی له ناخی بچکۆلانه و له‌شی لاوازی منداڵدایه و مامه‌ڵه کردنی وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مرۆیه‌کی ته‌واو ئازادی خاوه‌ن ئه‌زموون مامه‌ڵه ده‌کرێت، ئاخر دنیای ناسکی منداڵه‌کانمان پڕپڕن له ئه‌زمونی وردیله‌ی قووڵ، که ئێمه‌ی گه‌وره، ده‌مێکه فه‌رامۆشمان کردوون. سیمۆن دی بۆڤوا ده‌ڵیت: (" نه‌گبه‌تی منداڵ له‌وه‌دایه که به منداڵی له‌دایک ده‌بێت").
به ڕاهێنانی مندڵان بۆ درێژه‌دان به جوانییه‌کانی ژیان، له پێناو سه‌رخستنی زۆرینه‌ی خه‌ڵک به‌سه‌ر که‌مینه‌ی سته‌مکاردا،
به گێڕانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی له کیس چوو بۆ خاوه‌نه‌که‌ی، واته گێڕانه‌وه و سپاردنی ده‌سه‌ڵات به خه‌ڵک بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگای چاندنی ئازادی له ناخیاندا و به سنووردارکردنی مه‌ودای ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕان به قازانجی خه‌ڵک و ڕێگه گرتن له دروست بوونی
(ناوه‌نده‌کانی خراپه) چونکه کۆبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له چه‌ند ناوه‌ندی دیاریکراودا که هه‌ر زوو به زووش ئه‌م ناوه‌ندانه له ده‌سه‌ڵاتی تاکێک یا حیزبێکی پێشڕه‌ودا خه‌ست ده‌بنه‌وه و ده‌سه‌ڵات ده‌کرێته ئامێری سه‌ربڕینی زووربه...هه‌وڵدان بۆ خهڵقسالاریی ده‌بێت وانه‌یه‌کی بنه‌ره‌تی ژیانمان بێت که میلله‌ت لێوه‌ی بڕوانێته مانای ده‌سه‌ڵات و به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سنووردار بۆ ئاسان کردنی ژیانی ڕۆژانه و میکانیزمی په‌یوندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و ده‌زگا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. لێره‌وه بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه که له جه‌نگ و کێشمه کێشی، ڕه‌ها کردن یا سنووردارکردنی ده‌سه‌ڵات و مه‌زنکردنی خه‌ڵق سالاریدا، ڕۆڵ و ئه‌رکی ( ڕۆشنبیری به‌ڕه‌فتار) چه‌نده گه‌وره، خه‌ته‌رناک و به تالوکه‌یه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر (کاکی / خوشکی، رۆشنبیر خۆی)، هه‌وای ده‌سه‌ڵاتخوازیی له که‌له‌ی نه‌دا و نه‌بێته یه‌کێکی له ڕیزی پێشه‌وه‌ی پێڕه‌وانی پیاده‌ی دوای سواره که‌وتوو!! که ئه‌گه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه به‌م ئاراسته‌یه ته‌شه‌نه بکا، ئێدی کاره‌سات ده‌قه‌ومێ و گۆڕهه‌ڵکه‌نه ( فه‌رمانڕانی ده‌سه‌ڵاتداری ڕه‌ها) چنگ و ددان له جه‌رگی هه‌موو ئازادییه‌کان گیر ده‌کات و نوزه له هه‌موو هاوارێک ده‌بڕێت، که باس له شانوشکۆ و پیرۆزیی ئاسمانیی ئه‌و نه‌کات، بڕوانه ژیانی سه‌رجه‌م دکتاتۆره‌کانی مێژوو، که به‌ڕاستی مێژوو بۆته باسوخوازیی ژیانی ئەوان.
له کۆتایدا ده‌ڵیین، نه‌فره‌ت کردن له ده‌سه‌ڵات هیچ له هێز و توانای سه‌ربڕینی بێ لێپرسینه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار ناگۆڕێ:( " ئه‌گه‌ر ده‌توانی، ڕێگای خلۆربوونه‌وه‌ی به‌ره و لوتکه‌ی هه‌ره‌می لێببهسته" / بیریاری کورد مه‌سعوود محه‌ممه‌د )**، چونکه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه مرۆڤ به به‌خشینی ئازادیی خۆی به ده‌سه‌ڵاتدار و قاره‌مان په‌رستیی، رێگه‌ی به‌ره‌و لوتکه‌ی هه‌ره‌م چوونی بۆ سته‌مکار خۆشکرد و چالاکانه مه‌کینه‌ی زه‌به‌لاحی سته‌می چه‌رخاند و به به‌هانه‌ی گوزه‌ران و ژیانی ئاسوده و ناچار بوون، بوویه ئامێر و ئامرازی سه‌ربڕین و وێرانکردن، به‌ڵام هه‌روه‌کو ده‌رکه‌وت ، مرۆڤ تا له ده‌سه‌ڵاتدار و ناوه‌نده‌کانی خراپه نزیکتر بێته‌وه، زیاتر و زیاتر له ئارامی دوور ده‌که‌وێته‌وه و ئه‌وه‌ی بۆی زیاد ده‌بێت، ته‌نیا و ته‌نیا زنجیری نوێیه که ده‌بێ ماچیان کات و وه‌ک سیمبۆلی ئازادییه‌کی کۆیله‌کراو شانازیان لێ دروست بکات.
ده‌ست دانان له‌سه‌ر ئه‌م زامانه‌ی خه‌ڵک و وه‌بیرهینانه‌وه‌ی به‌رپرسیاری گەل به‌رانبه‌ر به ڕۆنیشتنی سته‌مکار له‌سه‌ر لوتکه‌ی هه‌ره‌م، به‌گرنگ زانینی خه‌ڵکه و باسکردن له‌وه‌ی که خه‌ڵک قوربانیانی بێگوناحی ده‌ستی سته‌من، به‌سووک ته‌ماشاکردنی خه‌ڵکه.
ئازادیخواز بیری یه‌که‌میان ده‌کاته‌وه وسیاسهتبازیش ڕێگه‌ی دووه‌میان هه‌ڵده‌بژێرێ .
-------------------
سەرنج /
* یەکێک لەو دەربڕینانەی کە ئێستا، بە هە ق و ناهەق، زانا و کەمزان، سیاسەتباز و ئابووریناس، رۆژنامەنووس و رۆژنامەخوێن، لە کەناڵەکانی تێ ڤێ و لە رادیۆکانەوە، هاواری بۆ دەکرێت دەربڕینی (خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک) ە.
من دەڵێم خۆشگوزەرانیی، مرۆڤ بەتاڵ دەکاتەوە و ڕۆحی پووچ دەکاتەوە و تووشی کێشەی دەکات، چوونکە مەسەلەکە تەنیا،
یەک لایەنی نییە، نابێت وەک لایەنێکی ئابووری ڕووت تەماشای بکڕێت. ئەم خۆشگوزەرانییە کلتووری لێپرسراوە حیزبییەکان و ماڵباتی سەرکردەیەتی و سیاسی و شتی وایە، ئەوان ئێستا لەسەر شانی خەڵکی ستەمدیدەی باشوور خۆشی دەگوزەرێنن!!.
مرۆڤ دەبێت (چاک گوزەرانی هەڵبژێرێ و فێری بێت و فێری بکرێت) لە هەموو (چاک گوزەرانییەکدا ) هەستکردن بە خۆشی دەروونیی و ئارامیی و شادمانیی ویژدان هەیە، بەڵام مەرج نییە ( لە هەموو خۆشگوزەرانییەکدا ) چاکەی تێدا بێت، بۆ نموونە:
بۆ هەندێ کەس ( مەستی و بەومەستی خۆشە، بەڵام هەموومان بەڵا و ماکەکانی مەستی و بەومەستیمان بینیوە)، کەواتە چاکی بگوزەرێنین چاکترە لەوەی خۆشی بگوزەرێنین. چاک گووزەراندن لە ئێستادا بریتییە لە وشیاربوونەوە و هاوبەشی خەباتی ئازادبوون و تێکۆشان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی یاسایییە، کە لەوێدا ژیانی تاک پارێزراو، هێمنی کۆمەڵگا دەستەبەرکراو، شکۆی مرۆڤ بوون ڕێزلێگیراو دەبێت و دڵنیا بن ئەم سیستەمەش، بە سەرکردەیەتی حیزبی خێڵ و ماڵبات و عەشیرەت بەدەست نایە، ئەگەر نەود و نۆ ساڵی تریش، فەرمانڕانتان بن.
** لە وتارێکا ئەم ڕێنماییە فەلسەفییەی مامۆستا و بیرمەندی گەورەمانم بەکار هێنا بوو، وەک ئاگادارکردنەوەی زۆرینەی لاوانی کورد بەتایبەت لە باشووردا، هێژایەک لە کۆمێنتێکدا بۆی نووسی بووم: ئەوە هەڵەیە، خلۆربوونەوە بۆ شتێک بەکار دێت کە بەرەوخوار بێت. وەڵامەکە ئەوەیە مامۆستا باس لەو دەسەڵاتە دەکات، کە کابرای بەدەسەڵات گەیشتوو بێ ئەرک و ماندووبوون هەر لە پڕێ دەگاتە لووتکەی هەرەمی دەسەڵات. کە مەبەست، بەمیرات بۆمانەوەی دەسەڵاتە و گەیشتنە لووتکەکەیە، بەو ڕێگا زۆرانەی کە لە وتارەکەدا باسم لێوەکردوون.
*** ڕامکردن، کەوی کردن، لە سڵی دەست هەڵگرتن. لە دنیای نوێ و مۆدێرنی ئەمڕۆدا، ڕامکردنی دەسەڵات بەو یاسا و ڕێسا زۆرانە و پەروەردەیەکی بەرایی، دەکرێت کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی فەرمانڕانەکان ڕێکیانخستووە و جگە لە مانەش مێدیا و زانکۆ و ڕۆشنبیرە بوێرەکان، چاودێرییەکی لەسەر هەستن بۆ مەودا و چۆنێتی بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن کاربەدەستانەوە، بەڵام هێشتا لە بەشێکی فراوانی جیهاندا، دەسەڵاتی تاکە فەرمانڕان و تاکە ئاین و تاکە بیروباوەڕ و ئایدۆلۆجیا، تەنیا کەسی فەرمانڕان سنووری دەسەڵاتەکەی دیاری دەکات، کە بێگوومان ئەویش هیچ جڵەوێکی بۆ دەسەڵاتڕانیی خۆی نییە، باشووری نیشتمان ئێستا تاقیگەیەکی لەبارە بۆ ڕمبازێنی دەسەڵاتی: حیزب و کەسی یەکەمی حیزب، ئاین و پیاوەکانی ئاین، عەشیرەتی چەکدار و.....هتد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست