کوردستانێکی پڕقەیرانکراو و، نەتەوەیەکی بێچار!
Monday, 12/02/2024, 20:33
سەرەتا:
کاتێک هۆش و فکر لەناوەندێکی ئازاددا گەشە نەکات و پەروەردەیەکی تەندروستی نەبێت، هەرگیز ناتوانێت وێنای سروشت و ژیانێکی راستینەی بەهاداربکات. جا ئەو هۆش و فکرە کۆیلە و نەخۆشە هی یەک کەس بێت یان هی کۆمەڵگەیەک، هەمان کاریگەریی دەبێت.
نوێتری قەیرانی ئەمڕۆ بەتایبەتی باشوری کوردستان، شتێکی نوێ نییە، یان باشتر وایە بڵێین هۆکاری ئەو هۆش و فکرە کۆیلەکراوە و نەخۆشخراوەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ زەمانێکی دوور. هەرکاتێکیش هەلومەرجەکە لەباربووبێت بیرمەند و رۆشنفکر و رابەرانی کاریان لەسەر خۆ ئازادکردن و خۆ تەندروستکردن نەکردووە، بەڵکو بەو هۆش و فکرە لە گرێژەنە چووەی هەیانە خۆیان فڕێداوەتە ئەو هەلومەرجە لەبارەوە و لەباریانبردووە، بە هەموو تواناشیان رێگربوون لەکەسانێکی ئازاد و لێزانی مرۆڤدۆست کە ویستبێتی خۆبەخشانە چارەسەری گرەفتەکان بکات.
ئەم قەیرانە نوێیەی ئەمڕۆ هۆکاری کێشەیەی کۆنی نزیکەی نیو سەتەی نێوان دوو گروپی پڕ لەکێشەی ''کەسایەتی و فکرییە''. کەهەرچەندە ئێستا هەندێک لەکەسایەتییەکانی ئەم دوو گروپە لەژیاندا نەماون و هەندێکیان پیر و پەککەوتەی جەستەن، لەگەڵ ئەوەشدا نەک ئامادەنین دەستهەڵگرن، بەڵکو کار بۆ بەردەوامبوونی ئەو ناکۆکییە دەکەن و گەنجان و لاوەتازەکان تێوەدەگلێنن و، کردویاننەتە نەیار و دوژمنی یەکتری. هەر ئەم دوو گروپە هێزەکان و دەسەڵاتیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە و، ئەوەی لەو ''هزر و فکرە'' نەخۆشەیاندایە کە، بۆ خۆیان باشە؛ بۆ خەڵکیشیی بەباش دەزانن و بەسەریاندا دەیسەپێنن، بەقسە و وتافی بێمانا و بێبنەما خەڵکییان لە چاوەڕوانیدا راگرتووە. ئەوانەشی کە بەشێوەیەک لە شێوەکان توانای هەڵگرتنی ئەم بارە قورس و ناڕەواییەی نەماوە رێگەی هەڵهاتن و خۆدەربازکردن دەگرێتەبەر.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست