دادگاییکردنی سەرانی هەرێم
Thursday, 08/02/2024, 23:21
لەسەردەمی کۆندا کاتێک ئاشورییەکان بەسەر سۆمەریەکاندا سەرکەوتن هەرچی پادشاو دارودەستەکانیان هەبوون لەناویانبردن . بابلیەکان دوای رووخاندنی ئیمپراتۆریەتی ئاشوری هەموو حاکمو ئەعوانەکانیان لەناوبردن . عەباسییەکان دوای سەرکەوتنیان بەسەر ئەمەویەکاندا کون بە کون دەگەڕان بەدوای ئەمەویەکان و تەنانەت منداڵەکانی ناو بێشکەشیان سەر دەبڕی .
لەسەردەمی نوێشدا دوای رووخانی حوکمی مەلەکەی لەعیراق مەحکەمەی مەهداوی بەدوای دەسەڵاتدارانو وەزیرەکانی سەردەمەکە دەگەڕاو یەک بە یەک حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەردەکردن . دوای ئەوانیش حوکمی یەکەمی بەعس لەکۆڵانو شەقام و ماڵەکاندا دەگەڕان و شیوعیەکانیان گولەباران دەکرد . لەدوای رووخانی رژێمی صەدامیش نەک هەر خودی صەدامو دارودەستەکەی دادگاییکران و زۆربەیان لەسێدارەدران ، بەڵکو یاسایەکیش دەرکرا بە ریشەکێشکردنی حزبی بەعسەکەشیان .
دادگاییکردنی سەدام و لەسێدارەدانی لەسەر تاوانێک بوو کە بیستوپێنج ساڵ پێشتر ئەنجامی دابوو ئەویش تاوانی ( دوجەیل ) بوو . بێ لەویش دەیان کەیسی تری لەسەر بوو لەقەتلوعامی فەیلیەکان و ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەو زۆری تریش . ئێستاش دەیان سەرکردەی بەعس لەکونجی زیندانەکانن بە دەیان تۆمەتی کوشتوبڕی هاوڵاتیانی عیراقی و خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی حوکمی سەردەمی بەعس چاوەڕێی دادگاییکردنیانن .
لەسەرەتای بەناو شۆڕشی ئەیلولەوە تاکو ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ، دەیان و سەدان وبگرە هەزاران تاوانی دەسەڵاتی کوردی ( شۆڕشەکان شاخ وحکومەتەکانی هەرێم ) دژ بە هاوڵاتیانی کورد ئەنجامدراوە . سەدان کەس کوژراون کەیسەکانیان دێزەبەدەرخۆنە کراون . دەیان تاوان دژ بە خەڵکی ئەم هەرێمە کراوە ، هەزاران زوڵمووزۆرداری دەرهەق بەم میللەتەی ئێمە کراوە کەس لێپێچینەوەی بۆ نەکردووە ، تا ئەم دەسەڵاتەی ئـێستاش بەردەوام بێت زۆربەی دۆسیەکان بە شاراوەیی دەمێننەوە . بەڵام هەر وەکو تاوانەکانی بەعس کە زیاتر لەسی ساڵ شاردرانەوە دواتر وردە وردە کەیسەکان ئاشکرا بوون و ئەوراقەکان کەشفبوون . ئەم دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستانیش رۆژێک دادێ هەموو ئەو مەلەفانەی لێ ئاشکرا دەبن کە لەساڵانی شێست وحەفتایەکانەوە تاکو ئەمڕۆش هەرچی تاوانێکیان کردبێ ئاشکرا دەبن و هیچ دوور نیە وەکو سەرانی بەعس دەیان وسەدان دۆسیەیان بۆ بکرێتەوە و لەناو قەفەسی دادگادا بە ریز بوەستن و بە سەری سپییەوە دادگایی بکرێن .
عەدالەتی خوای گەورە قەت رێگا نادات خوێنی مرۆڤی بێ تاوان بە ناهەق بڕژێ ، بۆیە هیچ گومانمان لەوە نیە کە رۆژێک دادێ تۆڵەی کوشتنی ئەو هەموو گەنجە رۆژنامەنووسانەی دەکرێتەوە کە لەسەر بیروڕای ئازادیان کوژران . ئەو هەموو خەڵکەی لەناو زیندانە تاریکەکاندا ئەشکەنجە دران و گیانیان لێسەندرا ، ئەو هەموو دزیەی سامانی میللەت و برسیکردنی خەڵک ، ئەو هەموو سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان ، ئەو هەموو باجو سەرانەوغەدرەی لەمووچەخۆران و بڕینی قووتی منداڵەکانیان ، ئەمانە بەگشتی تاوانن دژ بە مرۆڤایەتی کراوە . کۆمەڵکوژی ئیزیدیەکان فرۆشتنی خاکی کوردستان ، جاسوسی بۆ وڵاتانی ئیقلیم ، بەهەدەردانی سامانی نەوت وغاز ، سپیکردنەوەی پارەی دزراو ، لەناوبردنی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی ، ئەمانەش تاوانن دژ بە میللەت . رۆژێک دادێ لەسەر هەموو ئەم تاوانانەش دادگایی دەکرێن . ئەوەش حەتمیەتی تاریخە و کەس لێی دەرباز نابێ . ئەوەی ئێمە ئێستا دەیزانین سەبارەت بە تاوانەکانی ئەم دەسەڵاتە دلۆپێکە لەدەریایەک تاوان ، کاتێک ئەم دەسەڵاتە نامێنی و ئەوراقەکانی کەشف دەبن ئینجا دەزانین بەدرێژایی حەفتا ساڵی رابردوو چ تاوانێک دژ بەم گەلە کراوە .
بە خۆشحاڵییەوە ئێستا چەند کوردێکی جوامێرو ئازاو نەبەرد لەئەمریکاوە خەریکی دادگاییکردنی سەرانی پارتی وبارزانین ، گومانم لەوەدا نیە بەیانی دادگای فیدرالی عیراقیش دەیان کەیسی تاوان دژ بەم دەسەڵاتەی پارتیدا بکاتەوە ، ئەمە جگە لەوەی لەگەڵ رووخانی ئەم رژێمە مرۆڤکوژەی ئێستای هەرێم دادگای گەلیش دەکرێتەوەو لەویش تۆڵەی ئەو هەزاران هەزار تاوانی کوشتوبڕی خەڵکی کوردستانمان بۆ دەکەنەوە .
خوای گەورە دەفەرموی " وسيعلم الذين ظلموا أي منقلب ينقلبون".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست