مۆتەکەی ترس
Wednesday, 07/02/2024, 19:53
لە سەرەتای جەنگی عێراق –ئیران دا بوو ،( شیخ جەعفەر) ی پاریزگای سلێمانی ، داوای لە ( محەمەد رەفیق) ی سەرۆکی شارەوانی سلێمانی کرد ، ئاگاداری (ئەنجومەنی شارەوانی و بەڕێوەبەری فەرمانگە کان و کەسێتی یەکان )ی شار بکات ، سەعات ١٠ی بەیانی رۆژی داهاتوو ، بۆ کۆبونەوە ، لە هۆڵی نەقابەی کریکارانی سلێمانی ئامادەبن .
لە هەمان کاتی دیاری کرواو دا ، زیاتر لە ٣٠٠ کەسی خەڵکی شار و ئەنجومەنی شارەوانی ، لە هۆڵی نەقابە ئامادەبوون ، لێپرسراوانی حیزبی بەعس و بەرێوەبەری ( ئەمن وپۆلیس و نوێنەری دەزگای ئیستیخبارات و موخابەرات ،لە ریزی پێشەوە دانیشتبوون.
دوای دەقیقەیەک وەستان بۆ خوێنی شەهیدانی عێراق ، پاریزگای سلێمانی ، وتارێکی پێشکەش کرد و پێ ی راگەیاندن :
-بەخیربێن بۆ ئەم کۆبوونەوە یە ، ئەوە چەند مانگێکە ، جەنگ لە نێوان عیراق و ئێران بەرپا بووە، ئەم جەنگە پەیوەندی بە چارەنووسی هەموو گەلی عێراق، بە عەرەب و کوردو تورکمان و کەمایەتیەکانەوە هەیە.
ئەوەی مایەی نیگەرانییە ، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە سەربازە کوردەکان لە ریزەکانی سوپا هەڵدێن ، تکاتان لێ دەکەم ، ئێوە ئامۆژگاری کوڕەکانتان بکەن ، لە سوپادا خزمەتی سەربازی بە عێراق بکەن و هەڵنەیەن ، روونەکەنە چیاکان و ببن بە پێشمەرگە ، بۆ ئەوەی عیراق لەم جەنگەدا، بتوانێت بە سەر فارسی مەجوس دا سەربکەوێت .
گەر عیراق لە م جەنگدا نوشستی بهێنیت ،ئەوا ئێران ، هەموو گەلی عێراق ، بە کوردە وە دەکوژێت ، عێراق بە باکوورەوە خاپوور دەکات .
دوای ئەوەی وتارەکەی تەواو کرد ، بە دانیشتوانی هۆڵەکەی وت :
- کێ لێدوان و رەخنە و پێشنیاری هەیە ،دەتوانێت ، راو بۆچوونی خۆی ، بێ سڵ کردنەوە ، راشکاوانە بڵێت ، هیچ کەسێک ناتوانێت ، لێپرسینەوەی لە گەڵ بکات و سزای بدات .
لەو کاتەدا (عەلی بۆسکان )* دەستی بەرز کردەوە .
پێ یان وت :-فەرموو
وتی :- جەنگی عێراق و ئێران ،جەنگی عەرەب و فارسە ، جەنگی کوردو فارس نییە ،پەیوەندی بە کوردو جوگرافیای کوردستانەوە نییە، بەڵگەش بۆ قسەکانم ، لە هەموو سروودو گۆ رانی و وینەکانی راگەیاندنی جەنگی عێراق ، هەر باسی جەنگی عەرەب و فارس دەکەن ، دەڵین :
-(ئەولادی عەدنان )و (ئەولادی قەحتان)ی عەرەب ، ئەم دوو ناوە تایبەتمەندە ، رەچەڵەکی عەرەبە ، هیچ پەیوەندیەکی بە کوردەوە نییە ، هەردەو ناوەکە بە کورد نامۆیە .
لە هەموو میدیاکانی عیراق دا ، یەک سروودتان نییە ،باسی( ئەولادی شێخ مەحمود) ی کورد بکات
ئەم جەنگە ، هیچ پەیوەندیەکی بە کوردە وە نییە ، لێرەدا من بە خۆم و بە هەموو کەسایەتیەکانی شارەکەم رادەگەیەنم :
- با هەموومان بە یەک دەنگ و بەیەک هەڵوێست ، بە کوڕەکانمان راگەیەنین ، نەچن بۆ جەنگی (عەرەبی عیراق) و (فارسی ئێران) .
ئەم هەڵوێستە ی عەلی بۆسکانی، بروسکە ئاسا ، وەک مۆتەکەی تارمایی ترس ، بە روخساری هەموو( کەسایەتیەکانی شارو ئەمن وئیستیخبارات و موخابەرات وپۆلیس و بەعسییەکان )ەوە دەبینرا .
وتارە ژەهراوییەکەی ، پارێزگاری سلێمانی بە تاڵ کردەووە ، بێ دەنگی و خامۆشی هۆڵەکەی داگرت.
سەرچاوە :
١-دیدارێک لە گەڵ بەڕێز محەمەد رەفیق، لە ١٩٨١ -١٩٨٣ سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بوو .
*عەلی حاجی عەبدوڵلا بۆسکانی ، لە ١٩٣٣لە گەڕەکی حاجی حانی شاری سلێمانی لە دایک بووە ، لە گەنجێتیەوە پەیوەندی کردووە بە حیزبی شیوعی و ئەندامی ئەو حیزبە بوەوە ، بەشداری خۆپیشاندانەکان و چەندان چالاکی کردووە ، چەند جارێک دەسگیر کراوە و لە زیندانی ئەبوغرێب و نوگرە سەلمان ، ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە ، ماوەیەکیش لە بەدرە دەستبەسەر بووە ، کەسیتیەکی خاکی بووە ، یەکێک بووە لەو سەرمایەدارە رووناکبیرە ، خاوەن هەڵویستە دیارانەی شار ، هەموو کارو پرۆژەکانی لە خزمەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دا بوو ،بە بەردەوامی یارمەتی چەندان خویندکاری زانکۆکانی داوە، بۆ ئەوەی بتوان بەردەوام بن لە سەر خوێندن ، یارمەتی دەیان خانەوادەی نەداری داوە ، بێ ئەوەی باسی بکات و هەستیان بریندار بکات ، زۆربەی نووسەران و هونەرمەندان و هاوڕێکانی لە ئۆفیسەکەی دا ، لە بازاڕی عەسری کۆدەبوونەوە و کۆڕی گفتوگۆیان گەرم دەکرد ، کتێبی بۆ چەندان نووسەر، چاپ کردوە ،لە ساڵی ١٩٨٣ لەسەر ئەرکی خۆی. پەیکەری کاوەی ئاسنگەری دروست کردوە ، ئەمنی سلێمانی پەیکەرەکەیان بە شۆفڵ روخاند ، لە ١٩٨٨ قوتابخانەی عەلی بۆسکانی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی دروست کرد ، لە ٢٩/ ٩ / ١٩٩٣ لە شاری سلێمانی تیرۆر کرا ، ئەرشیفی شەهید
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست