کەڵە شێرە بەزیوەکان بۆ لەو هەموو بۆردمانە بێدەنگن؟
Wednesday, 07/02/2024, 20:26
کەم ڕۆژ هەیە تورکی فاشی و ، ئێرانی تاوان کورد نەکوژن و سوکایەتی بەنیشتمان و خاکو خەڵکەکەی نەکەن ، دەسەڵاتی کوردی ، یان چاکتر بڵێین کەڵەشێرە بەزیوەکانی ناو دەسەڵات ، دەست دەکەن بە هاش و هوش و خۆ گیڤ کردنەوە ، بەڵام خێرا لیژنەیەک لەجوجکی تۆقیو پیک دەهێنن بۆ ئەوەی تورک و ئێرانێکان بەچاوی دوژمنەوە لییان نەڕوانێت و ئەوەی کە کوژراو خوێنی ڕژا بکەنە قوربانی بۆ درامایەکی فاسیدی تورک یان حەیرانی پازدارێکی ئێرانی بێت .
ئەو ساتەی کە تۆ بەرپرسیاریت لە هەموو شتێک لە وولاتدا، ئەو ساتەیە کە دەسەڵاتت هەیە بۆ گۆڕینی هەموو شتێک لە ژیانی ئەووڵاتەدا . بەختەوەریت بەندە بەوەی کە متمانە بەخۆبوونت چەندە گەورەیە بۆ بەرپرسیارێتی ژیانت و ووڵاتەکەت . ئێوە هەرچیتان بەسەردێت خەتای خۆتانە ، چونکە ناتوانن هەمیشە کاریگەری لەسەر ئەوە بکەیت کە بەسەرتاندا دێت چونکە ئێوە مرۆڤ گەلی پارە پەرست و لەرزۆکی دەسەڵاتدارن ، بەڵام دواجار ئێوە هەمیشە بەرپرسیاریتان هەیە لەوەی چۆن کاردانەوە دەکەن بەرامبەر ئەوەی بەسەرتاندا دێت و چۆن نیشتمان و خەڵکەکە دەپارێزن ؟ کەواتە دڵنیابن لەوەی کە پاڵەوانی ژیانتان بن نەک قوربانی دەستی دەسەڵات و کورسی و پارەی پیس و دزی و هەراجی ژێرخانی خاکەکەمان .
ئێمە گەلێکین مێژوویەکی زۆر ئاڵۆزمان هەیە ، هەرگیز نەمان توانیووە بچوکترین سود لە مێژووی لەخوێن هەڵکێشراومان ببینین . هەمیشە مرۆڤ گەلی چروکو ترسنۆکمان کردۆتە ڕابەری خۆمان ، یان بۆیان کردووینەتە ڕابەرو خەمی گەلێکیان کردۆتە سەر دەستیان . لەکاتێکدا ئەو کەسە لەرزۆکو بێ هزرو ترسنۆکانە هیچ نەبوون و هیچ نین، بەڵام هەر پێشرەوایەتی گەلەکەمان دەکەن.
کوردستان کونجی ئارامیمانە .نیشتمان حەرەمی نهێنی و ئاسودەیی و لانەی بەختەوەریمانە ، بەڵام ئێمە وەک دوژمن سەیری خاکو خۆڵ و خەڵکەکەی دەکەین و نامانەوێت ئەو بەرپرسیارێتیە هەڵگرین کە نیشتمان داوامان لێدەکات و بەرەنگاری ئەو هەموو نەهامەتیە ببینەوە .
ئێمە تاک بەتاکمان بەرپرسیارین لەو بەدبەختیەی بەسەر گەلەکاماندا دێت .
هەمیشە وا بیردەکەمەوە کە کەڵەشێرە بەزیوەکان شادمانن بەخوێن لەبەرچووی ئەم خەڵکە داماوە ، بەڵام هەر ئەوان واتە سیاسیە بێهزرەکان تاوان بارنین ، ئێمەش بەشێکین لە قبوڵکەرانی ستەم و بۆردومان وخاک سوتانمان ، ئەی ئەوە ئێمە نین کە شەو بەدیار درامای تورکێوە دەبەینەسەرو بەردەوام خۆراکی ئێرانی تورکی دەئاخنینە ناو ورگی داماومان ؟
کەواتە ئەمە ستایشی درۆن و بۆردمانەکان نەبێت چییە ؟
بەئازارترین مردن بۆ زیندوو ئەوەیە ، کە پێش بینی مردن بکەیت . لەو هەرێمەی ئێمەدا خەڵکی بەهەموو شێوەیەک دەمرن کە دەکرێ ئەو مردنە ڕاگیرێت ، بەردەوام بەڕووداوی هاتووچۆ ، بەخۆراکی پیس و نەخۆشی کە بازرگانە بەدڕەوشتەکان لە ڕێگەی ئێران و تورکیاوە دەیهێنن و دەرخواردی خەڵکی دەدەن ، نەخۆشی ترسناک و درۆنی تورکی و بۆردمانی ئێرانی و تیرۆرو ژن و کچ کوشتن و سوتاندن و سوکایەتی مەلاکان بەژنان و کچانی نیشتمان . دواجار ئێمە لەشوێنی خۆمان وەستاوین و ناتوانین بەرەو پێشەوە بڕۆین . هۆکارەکەشی دیارە ، ئەو دەسەڵاتەیە کە خۆیان تاک بەتاکیان لەبەر دەمی داگیرکەراندا وەک مشکی تاقیگان و ئەوانیش ئێمەیان کردۆتە مشکی تاقیگاکانی خۆیان . هەر بەڕاستی ئەم دەسەڵاتە نائومێدمان دەکات و نائومێدی کردووین هەربۆیە سەدان مرۆڤی داماوی لەرزۆک جوێن بەنیشتمان و خاک دەدەن و بەئازایەتی وێنەی دەکەن .
لەشەقامەکانی شارەکان دەڕوانی هەزاران خەڵک لەجوڵەدایە ، دەشزانین هەناسەدان مانای زیندوێتی نییە . تەنها ئەوانەی لەژیاندان پرسیاری ئەوەدەکەن کە ئەم بۆردمان و ڕەشەکوژیەی داگیرکەران دەبێت ڕاگیرێت .
کورد تاخاوەنی ئەم جۆرە لە دەسەڵات بێت هەرگیز ناتوانێت هێرشی پێچەوانە بکات ، چونکە هیچ ئامانجێک لە ژیانی داهاتوودا بوونی نییە. خوێنێکی بەهەدەر دراوی هەرزان ڕۆژانە دەڕێژرێت ، ترسێک کە لەمردنەکە خراپتر دەووری داوین ، ناتوانی دووکەس کۆکەیتەوە هەمووی سەرگەرمی سۆسیال مێدیایەو سوکایەتی بەیەک دەکەن ، هەواڵی مەمکدانێک و قومارچیەک و خۆراکێکی سەیران زیاتر دەنگ دەداتەوە لە بۆردمانی تاروماری تورک و ئێرانێکان . ئەم هەموو کەناڵە زۆڵە کە زەهر ڕۆدەکەن ، خەمێکی تری پشت کردنەلە خاکو نیشتمان .
دواجار شەڕ بەسەرکۆنەو واژۆ کۆکردنەوەو سکاڵا کردن ناکرێ و کەس و هیچ دادگایەک گوێ لەمرۆڤی لەرزۆک و خەڵکی داماو ناگرێت ،چونکە کەڵەشێرە بەزیوەکان لەبەردەمی مایکەکان و کەناڵەکاندا شتێک دەڵێن و لەبەردەمی داگیرکەرانیشدا لەژوورە داخراوەکاندا جۆرێکی تر خۆیان نمایش دەکەن ، هەر ئەم هۆکارەیە کە توکی فاشی و ئێرانی تاوان شوڵیان لێهەڵکێشاوە .
فەرمان ڕەوای ڕاستە قینە ووڵات لەترس و خۆفدا ڕاناگرێت ، بەڵکو ترس و خۆف وڕەشەکوژی بەر پێدەگرێت ، کەڵەشێرە بەزیوەکانی ئێمە ترس دەهێنن ، خێزان لەبەر یەک هەڵدەوەشێن و کردوویانە ،تۆوی نیفاق و بێحورمەتی لەکەناڵەکانیانەوە بڵاو دەکەنەوە ،نیشتمان سوک دەکەن و حورمەت بۆ هیچ بەهایەک دانانێن ،مێژوو تێک و پێک دەدەن و سوکایەتی بە بەهاکان دەکەن .
بەراستی ئێوە ئەتانەوێت تاکەی ئەم کەڵەشێرە بەزیو تۆقیوانە حوکمتان بکەن.... !؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست