شێخی سەنعان چی بۆسەلماندین
Tuesday, 30/01/2024, 21:35
گەر وای دابنێین شێخی سەنعان باوەڕ و متمانەی بە ئایینی ئیسلام لاواز بوە و ئەوە بۆتە هۆکاری ئەوەی لە ئایین هەڵگەڕێتەوە کاتێ کچە گاووری ڕۆمی ئەبینێ و عەشقی ئەبێ،ئەوە شتێکی ئاساییە و کیشەکە تەواو ئەبێ هیچ قسە ولێکدانەوەیەك ڕەنگە پێوست نەبێ،،بەڵام گەر بۆچوونمان بەشێوەیەکی تر بێ و ئەمجارە وای دابنێێن کەوا عەشق وای لە شێخ کرد واز لە ئایین بهێنێ ئەوا دەرخەری ئەو ڕاستییەمان بۆ ئەسەلمێنێ کەوا شتێك نیە بەناوی (خوا)و یەزدان و ئایین و بیرو باوەڕ.
کاتێ شێخ چەندین موورید و دەروێش و پیاو چاك باوەڕی پێ ئەکەن و دوا کەوتەی ئەو ئایینی ئیسلام ئەبن لەڕێگای ئەوەوە و چەندین جار بەرەو کەعبە بەڕێ ئەکەون و ئامادەن هەموو ژیانی خۆیان بۆ ئەو ئایینە تەرخان بکەن، بەو مانایە دێت کە شێخ زۆر بە قووڵی لەو ئایینە شارەزا بوە و گشت بنەماکانی ئیسلام و قورئان و حەدیسەکانی پەیامبەری وەك ناوی خۆی زانیوە و هەر بۆیە چەندین کەسانی تر باوەڕیان پێکردوە و لەتەکیدا ئامادەییان بوە..تەمەنی شێخ ئەو ڕاستیەمان بۆ دەرئەخا کەوا زۆر بەچاکی و هزر و عەقڵێکی کامڵەوە باوەشی کردوە بەو ئایینە و هەستاوە بە جێبەجێکردنی گشت فەرمان و بیردۆزەکانی،،کەسێك وەك شێخی سەنعان ئەوەندە لەو ئایینە قووڵ بوو بێتەوە و ئەو هەموو ساڵ و مانگ و ڕۆژە سەراپای ژیانی خۆی بۆ تەرخان کردبێ ، بێشك هیچ جۆرە گومانێك لە سنگ و میشكیدا نەماوە بۆ ئەوەی لە پڕێکدا سەرمەقوولاتێکی ئاوا گەورە بدا و تەپت و تل بەو بیرو باوەڕە بدا کە چەندین ساڵە وەك کێوی قەندیل بەفرو باران و بوومە لەرزە ، نەیجوڵاندوە.
شێخی سەنعان کاتێ گوێی لە ناوی (خوا) و زیکر و ناڵاندنەوە و خوێندنەوەی قورئان بە دەنگی بەرز مزگەوت و دیوەخانەکەی قان ئەدا،،گشت گیانی ئەکەوێتە لەرزە لەرز و لێدانی دڵی بەشێوەك بەرز ئەبێتەوە کە ڕەنگە قەفەزەی سنگی شەقار شەقار ببێ،، کەچی ئەم هەموو خۆشەویستیە بۆ (خوا و پەیامبەر و ئایینی ئیسلام) وەك شێرە بەفرینەیەکی زەبەلاح بە بینینی (کیژە)گاورەکە و نیگایەکی نێو چاوانی لە پڕدا ئەتوێنەوە و ئاسەواری لەسەر زەمین نامێنێ، ئاخۆ ئەوە چ ئەفسانە و پەرجوویەکە ئەوەندە بەهێز بێ تا پاشقوول لەو ئیسلامە بگرێ و گازەرای پشتی لەزەوی بدا؟
شێخی سەنعان ئامادە بوو نەك هەر ببێ بە شوانی بەرازەکان، نەك تەنها شەراب بخواتەوە، بەڵکە ئامادە بوو ئاینەکەی بگۆڕێ و زۆر شتی تریش تەنها لەبەر چاوی کاڵی کچە گاوورەکە،،ئەبێ چ سحر و نهێنیەك هەبوبێ بۆ ئەوەی واز لە مێژووی دوور و درێژی خۆی بهێنێ تەنها بۆ ڕازی کردنی دڵی یارەکەی؟ بێ شك ئەوە عیشق و خۆشەویستی بوو بۆ شتێکی بینراو و هەست پێکراو. شێخی سەنعان واز لە ئیسلام دێنێ کە مانای ئەوەیە واز لە بەهەشت و حۆری و ڕووباری هەنگوینیشە،، بۆیە ئەبێ لەو ڕاستیە باش بگەین کەوا(عەشق) زۆر لە ئایین و خواو بیرو و باوەڕ و ئایدۆلۆژیا گەورەترە و ئەو کارەی شێخ سەنعانیش کارێکی درووست و بوە و دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کەوا پێمان ئەڵێ کاتێ خواو ئایین و ئیسلام هەبێ ئەوا عەشق نابێ و بە پێچەوانەوە گەر عەشق بوو ئەوا ئایین و خواو و ئیسلام تەنها لە خەیاڵ ئەندێشەدا بوونیان هەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست