سمکۆ ئیسماعیلێکی بەئازار کۆچکردوو
Tuesday, 30/01/2024, 21:03
هاوڕێیانە ڕەفتار بکە ئەودەم هاوڕیەتی لەسەر ڕووی ژیانت ڕەنگ دەداتەوە، دێتە یادم شەوێک لەشەقامێکی شاردا تەقە وەک برێشکە بەسەرماندا دەباری ، دەبوو شەقامەکە جێبهێڵین، ووتم سمکۆ ئاگات لێم بێت وادەڕۆم ، ووتی بووەستە و سمکۆ ڕۆی بەوردە تەقە کردن دوایی منیش ڕۆشتم پاشان یەک لەدوایی یەک شەقامەکەمان تەیکرد و تەقەکانی ئەوانمان بێدەنگترکرد ، تا تەقەوترس لەسەرمان نەما .
بۆ سبەینێ کە زۆر دوورکەوتینەوە لەشار و لەگوندێکدا بەماڵە جوتیارەکاندا دادەمەزراین تا نان بخۆین ، سمکۆ ووتی: پێکەوە دادەمەزرێین ووتم نا ، ووتی بۆچی ؟
ووتم کارێکی خراپت کرد شەو ، من ویستم بڕۆم تۆ پێش من ڕۆشتی بەناو تەقەکاندا ، ترسام بکوژرێیت .
پێکەنی پاشان ووتی: ئاخر من ترسام نەتوانم لاشەکەت دەرکەم ، بەڵام گومانم نەبوو کە تۆ لاشەکەم جێ ناهێڵیت . ئیتر لەو گفتوگۆیەوە سمکۆ نەک هەر هاوڕێ و خزم و بەڵکو بوو بە بەشێک لە ڕۆحم .
ژیان لەگەڵ خۆیدا هەندێک چرکەسات دەهێنێت کەتێیدا هەستکردن بەکات نامێنێ . من و سمکۆ و ئازاد ئیتر لەناو پێکەنینی ڕووداوەکاندا وونبووین و هەموو ڕۆژێک هەموو کاتێک و چرکەیەک چیرۆکی پڕ کۆمێدیایی ڕۆژەکانمان دەگێڕایەوەو دەسکەنەمان دەکرد تاڕۆژگارێک بێت گەرماینەوە ببێتە هەوێنی گێڕانەوە بۆمان .
کتێبەکەی بەحرعلوم و چیرۆکی کیا پیاز و شەڵا نەتهێنایەو گۆرانی کەلسوم و کەوتن لەتولەڕێگاکانداو نانم نەخوارد دوای ساجێ گۆشت خواردن و قەپاڵی سەگێکی هاوشار هتد... بووە کەرەسەی گێڕانەوەی هەموو ڕۆژێکمان .
ڕۆژێک لە جێگەیەک بووین پێڵاوە شەڕۆکەم دڕابوو گوندێکی ئاوادان و قەرەباڵغ بوو ووتمان لێرە پینەدۆزی لێیە ؟ ناونیشانێکیان داینێ کە پیاوێک لەبن ئەو دارتووە گەورەیەدا هەموو کارێک دەکات ، تفەنگ چاک دەکاتەوە دان دەردەهێنێ دەستی شکاو لەداردەگرێت ،کراسی دڕاو دوورمان دەکات هتد... ئێمەش چوین بۆلای پیاوێکی جوان بوو سمێڵەکانی لە چاری چاپلن دەچوو ، ووتم لالۆگیان ئەم شەوڕێیانەم بۆ چاک دەکەیتەوە کە دڕاوە ؟
سەیری کرد تاوێک ئەم دیوو ئەو دیووی کرد پاشان ووتی : "هەموو عەقڵی خۆمی تیا بەکار دەهێنم " من و سمکۆ هێندە پێکەنین ئاو لەچاومان هات . ئیتر دوایی ئەوە هەرچیەک بوایە دەمان ووت هەموو عەقڵی تیا بەکار دەهێنم . من زیاتر پێم دادەگرت و دەم ووت ئەنیشتاین لەچاو ئەوپیاوەدا هەر هیچی نەزانیوە . پێڵاوەکەی چاک کرد بۆم تا گوندی زارگەڵی چووین بەرگەی نەگرت و خراپتر دڕا . سمکۆ ووتی ئەو عەقڵەی نەخۆی..! جوتێ پێڵاوم کڕی ، کە عەقڵی نەدەویست ، قاچم هەمووی ببوو بەتلۆق و خوێن .
تەواوی ژیانمان ، گەڕان و تەقەلامان بۆ سامان کۆکردنەوە ، بۆ دەسەڵات ، یان هەیبەت و ماڵی جوان و شیکی و جلوبەرگ ، هیچ نییە ، جگە لەگەڕانمان بەدوایی کۆڵەکەو پشتیوانیدا بۆ بەردەوام بوونی چیرۆکە خەیاڵییەکە کەلەژیان بەردەوام دەبین بێگرفت. دەشزانین کە مردن لەڕێگەیەو هەمووئەو شتانەی بەدەستی دەهێنین ،دواجار مردن وێرانی دەکات ، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بێ ئومێد نین و هەر هەڵپەمانە ، چونکە واهەست دەکەین ڕەنگە هەموویان بمردن و ئێمە قوتار بین لەمردن .
ئەمە ڕاستیەکە زۆر تاڵ، چونکە بەردەوام خەڵکی لەدەووروبەرت دەمرێت و تۆ ژیان دەکەیت و نابینی کە تۆ خۆت بمریت . لەهەمووی سەرسوڕهێنەرتر ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ مردۆکاندا دەچین بۆ گۆڕستان وکە دووردەکەوینەوە ژیان دەست پێدەکەینەوە. مەرگی سمکۆ پێی ووتم ئیتر ڕامەکە ئێمە پێشتر هەڵهاتبووین ، ئەوە ڕاکردنە لەگەنجینەی ڕۆح و زۆر دوور دەکەویتەوە .
ئەمجارە سمکۆ کۆمەڵی قسەی سەیری کرد ، بۆ وا زوو دەگەڕێتەوە ،ناکرێ گەشتی گەڕانەوەکەت دوابخەیت ؟
من هەمیشە ووتوومە کاتێک کە سمکۆم بینیوە گەلێ کاتم لەژیاندا بە قۆشمە وەرم گرتووە و نەم زانیوە کە ئەمجارە سمکۆ لەگەڵ مردن شەڕدەکات و من بەجدی وەرم نەگرت چونکە پێم وابوو مرۆڤ لەدووجیهان پێک هاتووە ،جیهانی دەرەوە و جیهانی ناووەوە بۆیە مرۆڤ بوونەوەرێکی دوولایەنەیە ، هەم جەستەیەو هەم ڕۆحە . من تەها جیهانی دەرەوەی ئەوم دەبینی .
دەبینی جەستەیە لەگەڵتا پێدەکەنێت و وانیشان دەدات هەمووشتێک باشەو لەبەر دڵانە ، ئەوە ڕۆحە شەڕدەکات بۆ ژیانی مانەوە ، بەڵام حەز ناکات باسی بکات ، نایەوێت تۆ بەلاوزی بیبینی ، ئەمە وادەکات تۆش بەسانایی لەڕەفتارەکانی بڕوانی .
هاوڕێیەتی بەهاداریشەو ئازار بەخشیشە ، هەم موعاناتەو هەم نەشئەبەخشە . مەرگی سمکۆ زۆر ئازاری دام چونکە لەمەرگدا مرۆڤ هەست بەجۆرێک لەزەلیلی دەکات ، واهەست دەکات کە هەمووشتێک لەدەست دەدات ، هەر لێرەوەیە کەهەست بەئازار دەکەیت ، دەشزانی ساتی نەشئەو ژیان بەو درێژی و ئەو هەمووچیرۆکەی دەسکەنەت کردووە کەچی کورتە . نەشئە لەنەسیمێک دەچێت لەسەر لوتکە دێت و دەڕوات دوای خۆی تۆ لە حاڵەتێکی سەراب ئاسادا جێدەهێڵێت . ئێستا لەناو هزرمدا ئەلبومێک لەوێنەی سمکۆو ڕووداوەکان هەیە ، بەڵام گێڕانەوەیان چ سودێکی هەیە ، کەهاوڕێکەم نەخەمەوە پێکەنین ؟
ڕۆحت ئارام سمکۆی براو هاوڕێم ،بەهیوام لەدنیاکەی تر درێژە بەدەسکەنەکردنی چیرۆکەکانمان بدەین .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست