کوردستان له سێبه‌ری " نه‌خۆشی هۆڵندی"دا
Thursday, 25/01/2024, 22:21
لای هه‌مووان ئاشکرایه چه‌ند ساڵێکه ، کۆمه‌ڵگه‌ی مه، توشی قه‌یرانێکی ئابووری قوڵ هاتووه. توێژینه‌وه‌کان له‌م بواره‌دا گه‌لێك هۆکاری جۆراوجۆر باس ده‌که‌ن، له‌وانه:
- بێ ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم.
- ناجێگیری په‌یوه‌ندیه پڕ کێشه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند له به‌غدا.
- نه بوونی ئابووری سه‌ربه‌خۆ.
- نه‌بونی پڕۆژه و پلانی درێژخایه‌ن و ستراتیژی ئابووری.
- کێشه و ئاسته‌نگیه‌کانی ئێران و تورکیا.....و هتد.
گومانی تێدا نییه هه‌ریه‌که له‌و هۆکاران ڕۆڵی بینیوه له خوڵقاندنی ئه‌و قه‌یڕانه، به‌ڵام گه‌ر ئه‌و هۆکارانه‌ش نه‌بوونایه ، کوردستان ههرتوشی ئه‌و قه‌یڕانه ده‌بوویه‌وه. هۆکاری سه‌ره‌کی قه‌یرانی ئابووری له ئێراقدا که کوردستانیش له ڕووی (ئیداری و ئابووری)یه‌وه به‌شێکیه‌تی،نه‌خۆشیه‌کی ئابووی ناسراوه که نێوی " نه‌خۆشی هۆڵندی"یه Dutch Disease . بۆ ئه‌وه‌ی له ڕیشه‌ی ئه‌و قه‌یڕانه ئابووریه بگه‌ین، ده‌بێت له سه‌ره‌تاندا تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌و نه‌خۆشیه بناسین.
نه‌خۆشی هۆڵه‌ندی دیارده‌یه‌کی ئابووریه تووشی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه دێت، که کۆڵه‌که‌ی ئابووری ئه‌و وڵاته پشت ده‌به‌ستێ به سامانێکی سروشتی دیاریکراو ( وه‌ك گاز یان نه‌وت) یان داهاتێکی سروشتی دیاری‌کرا.
میکانیزمی کارکردنی ئەم نەخۆشییە ئەوەیە کە داهاتی زیاتری سامانە سروشتییەکان،دەبێتە هۆی بەهێزبوونهوهی دراوی نیشتمانی بەراورد بە وڵاتانی دیکە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە تێچووی هەناردەکردن زیاتر بێت له هاورده‌کردن. واته به‌هۆی به‌رزی موچه،نرخی تێچوونی به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌کان به ڕاده‌یه‌که قازانج سه‌ری مایه ده‌خوات! پاره‌یی مفتی ئه‌و سامانه سروشتیانه وورده ووورده ته‌نگ به باقی که‌رته‌کان هه‌ڵده‌چنێت و کۆمه‌ڵگه ده‌کاته کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به‌کاربه‌ری ته‌وه‌زه‌ل. ئه‌م نه‌خۆشیه توشی هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بوو له ماوه‌ی که‌متر له دوو ده‌یه‌دا، ته‌واوی جومگه‌کانی توشی گه‌نده‌ڵی ئابووری، سیاسی ، کۆمه‌ڵایه‌تی ، حکومڕانی و ......هتد، ده‌کات .
نەخۆشی هۆڵەندی زاراوه‌یه‌که 47 ساڵ لەمەوبەر لە ئاستی جیهانیدا هاتە ناو فەرهەنگی زاراوەی ئابوورییه‌کان، یەکەم کەس کە ئەم زاراوەیەی بڵاوکردەوە گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بەریتانی بوو لە یەکێک لە ژمارەکانیدا کە لە ساڵی 1977دا . کاتێک باسی هۆکاره‌کانی قه‌یرانی گه‌وره‌ی ئابووری هۆڵندای کرد.چیرۆکه‌که به‌م جۆره ده‌ستی پێ‌کرد. تا ساڵی 1959 هۆڵندا یه‌کێك له وڵاتانی پیشه‌سازی ئه‌وروپایی خۆر ئاوابوو. له‌و ساڵه‌دا گه‌وره‌ترین کێڵگه‌ی گازی سروشتی له ئه‌وروپادا دۆزرایه‌وه که ده‌که‌وێته باکووری ئه‌و وڵاته، دوای که‌متر له چوار ساڵ ، به‌رهه‌مهێنان له‌و کێڵگانه‌دا ده‌ستی پێ‌کرد و ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ په‌ره‌ی ده‌سه‌ند.پێویستی بازاڕه‌کانی جیهان به گازی سروشتی تا ده‌هات زیادی ده‌کرد، به‌مپێیه‌ش تاده‌هات وه‌به‌رهه‌مهێنان له‌و کێڵگانه‌دا زیادی ده‌کرد که بویه هۆیی بوژانه‌وه‌یه‌کی ئابووری گه‌وره له‌و وڵاته‌دا. له سه‌ره‌تایی ساڵانی حه‌فتاکاندا حکومه‌تی هۆڵندی پێیوابووله ماوه‌یه‌کی که‌مدا وزه‌ی ئه‌تۆمی جێگه به وزه‌ی نه‌وت لێژده‌کات، بۆیه بڕیار درا ژماره‌ی کێڵگه‌کان و بڕی گازی به‌رهه‌م هاتوو تا ئه‌وپه‌ڕی توانا زیاد بکرێته‌وه. له سه‌ره‌تایی ساڵانی هه‌شتاکاندا داڕوخانی ئابووری ئه‌و وڵاته ده‌ستی پێ‌کرد. به‌رهه‌مهێنانی زۆری گاز و چونه‌سه‌ری خواست له بازاڕه‌کانی جیهاندا بویه هۆکاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دراوی هۆڵندی له به‌رامبه‌ر دراوه‌کانی تردا . هاوکات ته‌واوی پلانی ئابووری وڵات له‌سه‌ر بناغه‌ی په‌ره‌دان به پیشه‌سازی گاز و فه‌رامۆشکردنی باقی که‌رته پیشه‌سازیه‌کانی تر داڕ‌ێژرابوو. ئه‌مه وایکرد که جگه له پیشه‌سازی گاز، کاڵا پیشه‌سازیه‌کانی تری هۆڵندا توانای کێبڕکێی بازاڕیان نه‌ما. کاڵا به‌رهه‌مهاتووه‌کانی هۆڵندا به هۆی زۆری تێچونیان و به‌رزی نرخه‌که‌یان توانایی هه‌ناردنه ده‌روه‌یان نه‌ما، ئه‌مه‌ش بویه هۆکاری هاتنه‌خواره‌ی خێرای به‌رهه‌م له چه‌ندین که‌رتی پیشه‌سازی ناوخۆدا( جگه له که‌رتی گاز). هاوکات زیاد بوونی به‌رهه‌م هێنان له که‌رتی وزه‌دا، بویه هۆکاری هه‌ژموونی ده‌وڵه‌ت به سه‌ر ئابووری وڵات‌دا. تا ده‌هات خه‌رجی ده‌وڵه‌ت زیادی ده‌کرد و حکومه‌ت ناچار بوو جگه له‌وه‌ی ئاستی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی زیاد بکات ، ناڕاسته‌وخۆش زه‌مینه‌ی بۆ چونه سه‌ری موچه‌ی کرێکاران له که‌رتی تایبه‌تدا فه‌راهه‌م کرد. به‌رزی کرێ گوشارێکی گه‌وره‌ی خسته سه‌ر که‌رتی تایبه‌ت و زۆرێك له کارگه بچوك و مامناوه‌ندییه‌کان مایه پوچ بوون. ئاساییه له هه‌لومه‌رجێکی له‌و بابه‌ته‌دا جگه له‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێ‌کاری به خێرایی ده‌چێته سه‌ر، هاوکات ئاستی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆش به توندی داده‌به‌زێت. سه‌ره‌نجام کۆمه‌ڵگه‌یه‌کمان بۆ ده‌خوڵقێت که ئابووریه‌که‌ی پشت به یه‌ك سه‌رچاوه سروشتی ده‌به‌ستی که هیچ شتێك زامنی ئه‌وه ناکات که هه‌ره‌س نه‌هێنێت. به‌کورتیه‌که‌ی گرنگترین نیشانه‌کانی ئه‌و نه‌خۆشیه بریتین له:
- گه‌شه‌کردنێکی خێرای وه‌به‌رهه‌مهێنان له که‌رتی ئه‌و سامانه سروشتیهیهدا( بۆ نمونه نه‌وت) ، له به‌رامبه‌ر پاشه‌کشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی که‌رته پیشه‌سازی و کشتوکاڵییه‌کانی تری وڵات‌دا.
- به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دراوی خۆماڵی له به‌رامبه‌ر باقی دراوه‌کانی تردا.
- گه‌وره بوونی ناسروشتی قلشتی نێوان چینه‌کانی کۆمه‌ڵگه و دروستبوونی کێبڕکێیه‌کی تووند له نێوانیاندا، به‌ڕاده‌یه‌ك که‌س له به‌شی خۆی ڕازی نییه.
- دروستبوونی توێژێکی کۆمه‌ڵایه‌تی مه‌سره‌فگه‌رای بێکار و ناڕازی! ئه‌مانه وه‌ك چینێکی مشه‌خۆر، مۆدیلگهرا و لوتبه‌رزن، ته‌مه‌ڵ و بێکارن. کارکردن لای ئه‌مانه هیچ نرخ و بایه‌خێکی کۆمه‌ڵایه‌تی نیه.
- له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌و ئابووریه (ڕیعی)یه، هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ته‌واوی جومگه‌کانی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه‌ش نوقمی گه‌نده‌ڵی ده‌بن، به‌جۆرێك نه‌ك هه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی گه‌نده‌ڵ ده‌بێت، به‌ڵکو گه‌نده‌ڵی ده‌بێته ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حکومه‌ت پێکده‌هێنێت!
- ده‌وڵه‌ت بۆ ئیداره‌دانی کۆمه‌ڵگه و زاڵبوونی هه‌ژموونی خۆی، له‌شکرێك فه‌رمانبه‌ری بێکار ده‌خوڵقێنێت ( وه‌ك ئه‌وه‌ی له کوردستان پێیان ده‌ڵێن: بندیوار). ئه‌م دیارده‌یه واده‌کان زۆربه‌ی داهاتی وڵات سه‌رفی موچه‌یه‌ك ده‌کرێت که هیچ به‌رهه‌مێکی نییه.دامه‌زراندنی ژماره‌یه‌کی زۆری هاوڵاتیان له فه‌رمانگه حکومیه‌کاندا ( بۆ نمونه فه‌رمانگه‌یه‌ك پێوستی به 5 فه‌رمانبه‌ر هه‌یه بۆ ڕایکردنی کاره‌کانی ، که‌چی حکومه‌ت زیاد له 15 که‌س داده‌مه‌زرێنێت).
- له‌و جۆره کۆمه‌ڵگایانه‌دا پێچه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵگه سروشتییه‌کان ، حکومه‌ت له ڕێگه‌ی باجی کاری هاوڵاتیانه‌وه خه‌رجیه‌کانی دابین ناکات ، به‌ڵکه خۆی ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی داهاتی کۆمه‌ڵگه ! بۆیه حکومه‌ت که ده‌بێت ڕۆڵه‌ی میلله‌ت و کۆمه‌ڵگه بێت، ده‌بێته باوکی کۆمه‌ڵگه!به‌م شێوه‌یه داهاتی مفتی ( نه‌وت یان هه‌ر سامانێکی سروشتی تر) هاوکێشه‌که پێچه‌وانه ده‌کاته‌وه.
- ته‌واوی پیشه‌سازی و کشتوکاڵی ناوخۆ پاشه‌کشه ده‌کات، به‌جۆرێك کۆمه‌ڵگه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به پێداویستیه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌ی به ته‌واوه‌تی پشت به کاڵای هاورده ده‌به‌ستێت.
- ئه‌م ئابووری (ڕه‌یعی)یه ڕۆڵی تاك له گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری وڵات‌دا له‌ناوده‌بات یان له باشترین حاڵه‌تدا بۆجۆرێك لاوازی ده‌کات که هیچ ڕۆڵێك نه‌بینێت و به ته‌واوه‌تی ڕۆڵی چینی ناوه‌ند له نێو ده‌چێت.
- بچوکبوونه‌وه‌ی که‌رته پیشه‌سازی و کشتووکاڵیه‌کان که ده‌بێته مایه‌یی که‌مبوونه‌وه‌ی هه‌لی کار و به‌مپێیه چوونه‌سه‌ری ڕاده‌ی بێ‌کاری گه‌وره له ئاستی وڵات‌دا.
- ئەو حکومەتانەی پشت بە داهاتی سەرچاوە نابازاڕییەکان دەبەستن( بۆنمونه سامانه سروشتیه‌کان له‌وانه نه‌وت) پابەند نین بە جێبەجێکردنی بنەماکانی بازاڕی ئازاد بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو ، که تێیدا گەشەی ئابووری مسۆگه‌ر بکرێت. خواست لەسەر نەوت ئەوەندە زۆرە کە پێویست ناکات پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی بازاڕی ئازاد و ئازادی ئابووری لەسەر بنەمای سەروەری یاسا و ئاسایش و دادوەرییەکی شەفاف و دادپەروەرانە و گرنگیدان بە مافی خاوەندارێتی. لە ئەنجامدا ئازادی سیاسی گەشە ناکات و هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی گۆڕانی دیموکراسیانه بێ ئاکام ده‌بێت.
- ..........هتد.
ئێسته گه‌ر سه‌رنجی ئه‌و قه‌یرانه ئابووریه قوڵه‌ی کوردستان بده‌ین ، ده‌بینین هه‌موو نیشانه‌کانی "نه‌خۆشی هۆڵندی" تێیدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. ڕاسته کوردستان کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پیشه‌سازی نه‌بووه، به‌ڵام تا ساڵانی نه‌وه‌ده‌کانیش به‌رهه‌مه کشتوکاڵی و تاڕاده‌یه‌ك هه‌ندێك که‌رتی پیشه‌سازی ناوخۆش توانایی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی بازاڕه ناوخۆییه‌کانی هه‌بوو، ئه‌مڕۆ بۆ تور و پیازیش ده‌بێت له ئێران و تورکیاوه بۆمان بێت و به کرده‌وه کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له هه‌موو بواره‌کاندا بوه‌ته کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به‌کاربه‌ری تهوزهل. سه‌ر شه‌قام و چایخانه و شوێنه گه‌شتیاریه‌کان جمه‌ی دێ له مرۆڤی بێ‌کاری خاوه‌ن موچه‌ی دواکه‌وتوو! بێ‌کاری چ ڕازی و چ ناڕازی ڕێژه‌که‌ی به‌ڕاستی سامناکه. که چی خودی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه زۆرێك له خزمه‌تگوزارییه‌کانی له ڕێگه‌ی هێزی کاری کرێکاری به‌نگلادیشی و هندی و ئه‌فریقییه‌وه پڕ ده‌کاته‌وه! قه‌یرانه‌که به شوێنێك گه‌شتووه ، ئه‌وانه‌شی ئومێدێکیان به کشتوکاڵ و که‌رتی تایبه‌ت هه‌بوو ، خه‌ریکه به ته‌واوه‌تی بێ‌ئومێد ده‌بن. ئه‌وه‌ی که به‌رهه‌می جوتیارانی کوردستان ناتوانێت کێبڕکێی ئێران و تورکیا بکات. ئه‌وه‌ی که نرخی نه‌وت دابه‌زێ ، یان به‌غدا بوجه‌که نه‌نێرێت چ پشێویه‌ك له کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌خوڵقێت و خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتیش به چۆکدادێن ، ده‌ره‌نجامی ئه‌و نه‌خۆشیه ئابوورییه......
ڕاسته چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفت و قه‌یڕانه قوڵه ئاسان نییه، به‌ڵام مه‌حاڵیش نییه. له ڕوانگه‌ی ئابووری ناسه‌کانه‌وه ئه‌و نه‌خۆشی هۆڵندیه زۆر پێش قه‌یرانی ئابووی هه‌شتاکانی هۆڵندا له چه‌ند وڵات و سه‌رده‌می تردا ناسراوه: وه‌ك ئیسپانیا و ئوسترالیا له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا و هه‌ریه‌که له مه‌کسیك ، نه‌رویج، ئازرباینجان، نه‌جیریا و...هتد. دوای دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت .
چاره‌سه‌ری ئه‌و نه‌خۆشیه ئابووریه له وڵاتێکه‌وه بۆ وڵاتێکی تر ده‌گۆڕێت ، به‌ڵام گرنگترین خاڵه سه‌ره‌کیه‌کانی بریتین له:
- دامه‌زراندنی سندوقی پاشه‌که‌وتی نیشتمانی که به‌شی زۆری داهاتی کانزا و سامانه سروشتییه‌کانی تێدا کۆبکرێته‌وه . ئه‌م داهاته ته‌نیا له پڕۆژه گه‌وره و ستراتیژیه‌کانی وڵات‌دا خه‌رج بکرێت.
- گۆڕینی کۆڵه‌که سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌رچاوه‌کانی داهات به جۆرێك که ئابوری وڵات پشت به ته‌نیا که‌رتێك نه‌به‌ستێت. په‌یداکردنی سه‌رچاوه‌ی جۆراوجۆری داهات به‌جۆرێك له‌ماوه‌یه‌کی دیاریکراودا ئابووری وڵات ڕزگاربکرێت له‌وه‌ی پشت به ته‌نیا که‌رتێکی به‌رهه‌مهێنان ببه‌ستێت.
- کهرمکردنهوهی خه‌رجیه‌کانی حکومه‌ت به شێوه‌یه‌کی گشتی و له که‌رتی موچه‌خۆرانی ده‌وڵه‌تدا به تایبه‌تی.
- .......
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست