کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کوردبوون حەماقەت نییە، بەڵکو ناسنامەی منە هەرچەندە تاڵیشە

Thursday, 25/01/2024, 20:23


سەرەتا ئەگەر تۆزێک لە وشەی حەماقەت وئەحمەقیی وردبینەوە دەبێ بزانین ئەو وشەیە عەڕەبیە بۆ لێکدانەوەو مانای ئەو وشەیەش دەتوانین بڵێن یانی: کەرێتی، بێ ئەقڵی، کەم ئەقڵ، نەفامی و بێ مێشک و... هتد

کوردبون تاڵە، راکردن لێی نامەردیە.

لەسەرفەیسبوکی رێزدار کەبوودوەند، بابەتێکی رۆژنامەوانیی تاقمێک لە مامۆستایانم بینی کە راگەیاندنێکیان بە دەنگ و کورتە ویدئۆ بڵاویان دەکردەوە، خوێنەریی ئەو بابەتە ویدئۆیە و دەنگی ئەو مامۆستایە ناڕازییە دەبینن ودەبیسن. ئەو شێوە قسەکردنە هیچ خەتای مامۆستایانی ناڕازی نییە، بەکارهێنانی ئەو وشەیە بۆنەتەوەی کورد لەو سەردەمەدا شەرمێکی مەزنە، کە تاکی کورد بەوجۆرە حاشا لە رەگەزی خۆی بکات و کوردبون و کوردایەتیی پێ شەرمبێ. بەڵام ئەورۆژگارەی کە ئەو دوو بنەماڵەیە بۆ باشووری کوردستانیان پێكهێناوە، بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بە دەگمەن بینراوە، مەگەر لەو وڵاتانەی کە دیکتاتۆڕەکان بە زەبریی چەک وپارەی دزیەتیی بەسەر خەڵكیاندا سەپاندبێ.
رابوردووی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی وامان پێ نیشان دەدا، کە ئەو دووبنەماڵەیە قازانجیان بۆ دوژمنی کورد زیاترە تا نەتەوەی کورد.

کوردایەتیی واتای چییە:

کورد بون و کوردایەتی یانی: خۆشەویستیی بەرانبەر بە نیشتمان، بە هێماپیرۆزەکانی خاک، ئەوینداریی بە گەڵ ودۆزیی رەوای گەل، تێکۆشان بۆ رزگاریی لە ژێر دەستەییدا. رێزلێنان لە کەسانی خۆنەویست کە فیداکارانە ژیانی خۆیان بۆ کورد و کوردستان تەرخان دەکەن. یەک نەتەوەم بۆ بدۆزنەوە لەو جیهانە پانوبەرینەدا کە رقی لە مێژوو،خاک وهەستی نیشتمان پەروەریی خۆی بێ.
مخابن، لە  دوای رووخانی حیزبی بەعس، مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی بەوپەڕی نەزانی و خۆ بەکەمزانیی لە بەرابەر داگیرکارانی کوردستان کەش و هەوایەکی ئاوایان خوڵقاندوە کە تاکی کورد بە ئاشکرا و بە دەنگیی بەرز حاشا لە بوونی خۆی بکا و بڵێ: کورد بون حەماقەتە!
ئەومامۆستایانە بەرادەیەک زەختی ئابووریان لەسەرە، کە رق وهەستی خۆیان بەرانبەربە نەتەوەکەیان بە جۆرە  دەردەبڕن. هیچ پاساوێک بۆ ئەو شێوە دەربڕینانە لە هیچ کوێی جیهاندا نایەتە قەبوڵكردن. مرۆڤی کورد لە هەروڵاتێک دەژی ئەو مافەی هەیە دژایەتیی دەگەڵ دەسەڵات و دامودەزگای سەر بە دەسەڵات و دەور و بەرەکەی بکا، تەنانەت ئەو مافەشی هەیە لە ئاست پاراستنی مافەکانی و بۆ رزگاریی و بۆ ئازادی چەک هەڵبگرێ وخۆی بپاڕێزێ. بەڵام هیچ تاکێکی کورد، بە هەرهۆیەک ئەو ئیزنەی پێ نادرێ کە رەگەزیی خۆی بە ئەحمەق ونەزان وگێل و... بزانێ. کۆمەڵگای هوشیار خۆی لەو جۆرە دەستەواژانە بە دوور رادەگرێ ولەوەش تێدەگا کە بنەماڵەی بارزانی تەنیا بۆ فریوی کۆمەڵگا باس لە کوردایەتی دەکەن. وەکی دیکەش هیچ باوەڕێکیان بە کورد و کوردستان نییە.
نیشتمان دایکە، کوردبون شیرینە ، سەربەرزیە، هێما نەتەوەیەکانی کورد و کوردستان جێگای رێزە. لە باشووری کوردستان ئەوانەی کە ئەحمەق و نەزان و بەکرێگیراون، بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانین.
تێبینی: سەبارەت بە پێناسەی کوردبوون و کوردایەتیی، کاک کەمال جەمال موختار ئاگاداری کردمەوە، کە ئیستا خەریکی نووسینەوەی بەشی شەشەمی (گەشتکردن بە ژیاندا)یە لەوێدا بە دوورودرێژی لەسەر ئەمە قسەی کردووە، وەکو نمونە  لە رووی زمانەوانییەوە  کوردایەتیی وەکو مەردایەتیی، پیاوەتیی، کە کوردایەتیی هاوەڵناوە و ئایدۆلۆژیایە بۆ  کوردبوون، کوردبوونیش واتا خەسڵەتی کارکردن بۆ پێناسەی کوردبونمان. چاوەڕوانین کە لەو بارەیەوە زانیاریی دیکە بخاتە سەر بابەتەکە، چیدی خەڵکی جنێو و سوکایەتیی بە کوردبوونی خۆی نەدات و دڵی دوژمنانی کوردی پێخۆش نەکات.
کوردایەتی پەیوەندیی بە پارتیی و یەکێتیی، یان بنەماڵەی بارزانی و تالەبانییەوە نییە، ئەوانە ناپاکن، کەسی ناپاک ناتوانێت هەڵگری پێناسەیەکی جوان بێت بۆ مرۆڤبوون و بۆ کوردبوون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە