راپۆرتێکی گرنگ..
Saturday, 20/01/2024, 19:44
جەمیل بایک: هێشتا ناتوانین بڵێین ئەم پلانانەی نێوان تورکیا و ئێران دێنە ئاراوە یان نا!
دوێنێ شەو لە بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تیڤی، بەرێز جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە، لێدوانی گرنگ و باڵکێشیدا.
گوتی: ئەو کۆمەڵکوژییەی کرمان کە لەناو خۆپیشاندانێک بەبۆنەی قاسم سلێمانی روویدا، دەستکرد وبەرێوەبەردنی خودی دەوڵەتی تورکیابوو، هەرچەندە داعش تاوانەکەی خستە ئەستۆی خۆی، لێ دەزانرێت ئەوەی داعش بەڕێوەدەبات، خودی رژێمی تورکیایە، ئامانج لێی ناچارکردنی ئێرانە و لە رێگای ئێرانیش عێراقە بۆ دورستکردنی بەرەیەکی هاوبەش دژی پەکەکە (ئەمە دەقی لێدوانەکە نییە، بەڵکو ناوەڕۆکەکەیەتی).
- لێرەوە بە پرسیارێک و، دواتر شرۆڤەی بۆ لێدوانەکەی بەرێز جەمیل بایک دەکەم..
- - بۆچی ئەمەیکرد؟
پێش ئەو رووداوە، بڕیاربوو سەرۆکی رژێمی ئێران سەردانی تورکیا بکات، ئەم سەردانە بۆ ئەوە بوو کە ئێران و عێراق رابکێشنە ناو شەڕێک دژی تەڤگەری ئازادی. ویستیان رژێمی ئێران لەهەلومەرجی کۆمەڵکوژییەکە، ئێران ناچار بکەن بە رازی بوون بە مەرجەکانی تورکیا بۆ لێدان لە گەریلا، بەتایبەتی کە لەم دواییەدا سوپای داگیرکەر لێدانی گەورەی، لەسەر دەستی گەریلا خواردبوو.
لە ناوەراستی دەیەی دووەمی ئەم سەدەیە، بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی داعش، رژێمی تورکیا داعشی بەکارهێنا وەک باڵی سەربازی بۆ تیرۆر لە دەرەوەی سنورەکانی تورکیا، دژی گەلانی عێراق، سوریا، تەواوی ئەوروپا، بەکارهات وئێستاش بەکاردێت، لێ لەسەردەستی گەریلا وشەرڤان بە هەماهەنگی ئەمەریکا، لاوازکرا و پایتەختەکەی روخێنرا.
هەموو کۆمەڵکوژییەکەی شارلی ئەبدۆمان لە پاریس لە بیرە، کە داعش بە فەرمانی ئەردۆگان جێبەجێیکرد، بۆ دانانی فشار بۆ سەر فەرەنسا بۆ تەنازولکردن لە هەندێ دەڤەری گەرم کە بەرژەوەندییەکانی ناکۆک بوو لەگەڵ فەرەنسا.
لە ئەڵمانیا و سوێد بەهەمان شێوە ، گوتی: دەبێت خەڵکی لە ئەوروپا بەهاسانی لەسەر جادەکان هاتووچۆ نەکەن. دوای ئەم هەڕەشەیە، چەندین لۆری و ئۆتۆمۆبێل بە ناو حەشاماتی خەڵکی لەسەر جادەکانی ئەڵمانیا و سوێد و مەدرید کەوت، دەیان کەس بوونە قوربانی. تەنانەت ئەوکات ناوم لە ئەردۆگان نا، ئەردۆلۆری.
ئەردۆگان وەک تیرۆریستێک، داعش بەکاردەهێنێت بۆ مەرامە سیاسیەکانی و ناچارکردنی بەرامبەر بۆ تەنازولکردن.
کۆمەڵکوژییەکەی کرمان، دەکرێت لەو چوارچێوەیەدا بخوێندرێتەوە. ویستی پێش سەفەرەکەی رەئیسی سەرۆککۆماری رژێمی ئێران بۆ تورکیا، بە زەلیلی بێت و تەنازول بکات بۆ ئەوەی بەرەیەکی کارا بکەنەوە دژی پەکەکە لە ئاستی سەربازی و سیاسی و لۆجستی. ئەم حاڵەتەمان بینی لە سەرەتای ٢٠١١، لێ دیمان چۆن سوپای تیرۆریستی پاسداران لەبەردەم بەرخۆدانی گەریلا، شکا.
ئەم کۆمەڵکوژییەی کرمان، پەیامێک بوو بۆ رژێمی ئێران، کە چۆن هاوکار و هەماهەنگین لە لێدان لە ئیسرائیل لە رێگای حەماسەوە، پێویستە بۆ لێدانی پەکەکەش هەماهەنگ بین و، کاریگەر دابنێ بۆ بەشداریپێکردنی حکومەتی عێراق لەگەڵ سەرچەتەکانی پەدەکە بۆ لێدانی گەریلا.
پەدەکە هێشتا زاتی ئەوەی نەکردووە، سنگ بەسنگ شەڕی گەریلا بکات، لێ ئەگەر حکومەتی ناوەند بێتە ناو ئەو شەڕەوە، ئیدی جورئەت بەخۆی دەدا، بەناوی عێراقەوە، شەڕی گەریلا بکات.
تاوەکو ئێستا حکومەتی ناوەند ئامادە نییە بچێتە شەڕی گەریلا، رژێمی تورکیا وادەبینێت کە ئەوە ئێرانە رێگرە، بۆیە پەیامی بەداعش نارد، هەمان کردە تیرۆریستەکانی کە بۆ ئەوروپا رەوانەدەکرد، ئەوەتا بۆ ئێرانیشی نارد.
رژێمی ئێران لە رەوشێکی خراپدایە، بەتایبەتی دوای ٧ ی ئۆکتۆبەر، ناتوانێت بەرەیەک بکاتەوە دژی پەکەکە و ئەو هودنەیەی کە لەساڵی ٢٠١١ بە سەرشۆڕی لەگەڵ کەجەکەی ئیمزاکرد، هەڵبوەشێنێتەوە. ئەگەر ئەوەبکات رژێمی ئیران باش دەزانێت چۆن بە ماوەیەکی کەم ئازارێکی زۆری پێدەگات. کۆماری پەتوسێدارە دەزانێت کە پەژاک چتۆ ژێرخانی سەربازی و گەلەریی گەورەی دورستکردووە کە لە ئەقڵی هیچ هێزێکی سیاسی و سەربازیدا نییە. بەرێز قەرەیەڵان پێش دووساڵ لێدوانێکی گرنگی هەیە کاتێ دەڵێت: دەبێت ئەو زانست و تەکتیکانەی گەریلای مۆدرێن لە ئەکادیمیاکانی جیهان بخوێندرێن.
ئێستا وەک بەرێز جەمیل بایک گۆتەنی: نازانرێت رژێمی ئێران چی هەڵدەبژێرێت ئایا چوونە ژێرباری تورکیا بۆ دورستکردنی ئیتفاقێکی هاوبەش دژی پەکەکە، یا رەتیدەکاتەوە؟ لە ماوەیەکی نزیکدا یەکلادەبێتەوە.
گەلی ئێمە دڵنیایە، گەریلا و کەجەکە بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست