وانەیەک بۆ هەموو جیهان
Tuesday, 16/01/2024, 18:17
ژاپۆنیەکان چۆن توانییان تەنگانەی کارەساتە گەورەکەی تەقینەوەی وێستگەی ئەتۆمی فۆکۆشیما تێپەڕێنن.
لە بەرواری ١١- ٣- ٢٠١١ زەمین لەرزەیەکی گەورە بە پلەی ( ٩ ) ی ڕێختەر ژاپۆنی هەژاند. سۆنامییەکی گەورەی لە سەر کەنارە ئاویەکانی ئەو وڵاتە لێکەوتەوە کە بەرزی شەپۆلەکانی دەگەیشتە ( ١٤) مەتر. ئەمەش بـوو بە هۆی پەککەوتنی سیستەمی سارکردنەوە لە کورە ئەتۆمیەکانی فۆکۆشیما و بەدوایدا بەرزبونەوەی پرێشەری کورەکان و چالاکی تیشکی و لەکۆنتڕۆڵ دەرچون و تەقینەوە.
ئەم کارەساتە ژاپۆنی خستە ناو قەیران و تەنگانەیەکــــــــی یەکجار گەورەوە.
بەڵام چۆن توانییان تێپەڕێنن و لێی دەرچن ؟
۱- ئارامی و بێدەنگی:
نە هاوارکردن و نەگریان. نە لەخۆدان و پاڕانەوە و کڕوزانەوە. هیچ لەمانە ڕوینەدا،
سەرەڕای ئەو کارەساتە گەورەی بەسەریان هات ئارامی و بێدەنگی خۆیان پاراست.
۲- ڕێزگرتن:
بۆ بە دەستهێنانی پێداویستی ڕۆژانەو خواردن و ئاو ڕیزیان دەبەست . بێئەوەی نۆڕەبڕی لەیەکتری بکەن و مافی یەکتری پێشل بکەن.بێ ئەوەی دەنگ بەسەر یەکتریدا بەرز بکەنەوەو قسەی ناشرین بەیەکتری بڵێن.
۳-توانا:
باڵەخانەو ئەپارتمانی کوالێتی بەرز. وایکرد زۆربەیان تەنها زیانیان بەرکەوێ و بەتەوای نەڕوخێن.
٤- سۆزو بەزەیی:
خەڵکی تەنها ئەو شتانەیان دەکڕی کە پێویستیان پێبوو . نەک پەچنین و پەزمەندە کردن . ئەوەش بۆ ئەوەی کەس بێبەش نەبێ و هەمووان بەشی خۆیان بەرکەوێ .
٥- سیستەم:
هیچ ئاژاوەو پشێویی وهەڵپەکردنێک لە ناو شارو لە مارکێت وفرۆشگاکان ڕوینەدا. لەسەر جادەکانیش یاساکانی هاتو چۆ وەک خۆیان جێبەجێ دەکران بێ ئەوەی هیچ سەرپێچییەک ڕوبدات.
٦- قوربانیدان:
پەنجا کارمەند لە ناو وێستگەکە مانەوە ( سەرەڕای مەترسی مردن ). بەردەوام بە ئاوی دەریا وێستگەکەیان سارد دەکرەوە بێئەوەی چاوەڕوانی ڕێزو سوپاس و پلە بەرزکردنەوەو خەڵاتکردن بن.
۷- گیانی هاوکاری:
چێشتخانەو فرۆشگاکانی خواردن نرخەکانیان دابەزاند. ئامێرە ئۆتۆماتیکیەکانی پارەڕاکێشان، وەک خۆیان مانەوە. بەهێزو لەشساغەکان یارمەتی لاوازو پیرو پەککەوتەو نەخۆشەکانیان دەدا.
۸-مەشق و ڕاهێنان:
گەنج و پیرو منداڵ، هەریەکەو دەیزانی دەبێ چی بکات و چۆن هەڵسوکەوت و ڕەفتار بکات.
۹-ڕاگەیاندن:
بەدانایی و بەرپرسیارێتیەوە کاری دەکرد. نەک چەواشەکاری و قۆستەوەی هەل.
هیچ پەیامنێرو ڕاگەیاندکارێکی سوک و چروک و بێ ویژدان دەرنەکەوتن بۆ ناودەرکردن و خۆ دەرخستن.
ئەوەی هەبووتەنها کارکردن بوو بەئارامی، لەپێناوی تێپەڕاندنی دۆخەکە بەسەلامەتی.
۱۰-ویژدان:
کاتێک کارەبا پچڕا. خەڵکی لە فرۆشگاکان و مارکێتەکان، ئەوەی لەناو دەستیاندا بوو گەڕاندیانەوە شوێنی خۆیان و چونە دەرەوە بێ ئەوەی بایی یەک (یەن) بدزن.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئەمە ئەو ڕەوفتارو ئاکارە بەرزانەی کۆمەڵگان کە دەکرێ قەیران و تەنگانەکانی پێ تێپەڕێندرێ.
ئاکارو ڕەفتارێک کە یابانیەکان گرتیانە بەرو پەیڕەویانکرد بێ ئەوەی لە وتارەکانی مزگەوت و پەرستگاکاندا ترسی دۆزەخ و مژدەی بەهەشتییان بەگوێدا درابێ.
وانەیەکیان فێری جیهان و مرۆڤایەتیکرد کە نابێ لە یاد بکرێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست