کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سوپاى عێراق

Saturday, 13/01/2024, 15:43


جەعفەر عەسکەرى هەموو تواناى خستە گەڕ، بۆ دروست کردنی سوپاى عێراق، لەسەرەتا دا (۹) ئەفسەرى کۆکردەوە، ((٥)) یان کورد بوون، بە دامەزرێنەرى سوپا دادەنرێن.  
لە (٦) ى کانوونی دووەمی (۱۹۲۱) دا، یەکەمین سوپای عێراق یان ، بەناوی فەوجی (امام موسى کاظم)، لە  بەغداد پێک هێنا.
دەوڵەتی عێراق لەلایەن بەریتانیاوە دامەزرێنرا، سوپاش بەهەمان شێوە، دواتر مەشق بە سوپاکەى کراو پەروەردەکرا، بۆئەوەى ڕۆڵى پۆلیس ببینێ، بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوەوەى عێراق و جێگیرکردنی دەسەڵاتی کاربەدەستان.
سوپا عێراق، ژمارەیان (۹۰۰) کەس بو و، بە بڕیاری  فەیسەڵى یەکەمی مەلیکی عێراق، بە هاوکارى هێزە چەکدارەکانی بەریتانیاى سلێمانی یان داگیرکرد، کورد بە سەرکردایەتی شێخ مەحمود رووبەرووی ئەو سوپایە بوونەوە. (۱)
بەریتانیا دەسەڵاتی سیاسی عێراقی بەخشى، بە کەمایەتیەکی قەومی_سوننی عەرەبی، خەڵکى چەند شارێکی دیارى کراو.
عێراق نیشتمانی چەند نەتەوەیەک و چەند مەزهەبێکی جیاوز ە، دەسەڵاتداران عێراق  سونی  بوو، سوپای عیراق یش سەربە سونی بوو، چەند کێشەیەکی مەزهەبی و نەتەوەیی سەریان هەڵدا، تا ئێستاش  ئەو کێشانە بەردەوامە.
سوپاى عێراق لەسەرەتاى دامەزراندنییەوەلە ۱۹۲۱ تا (۲۰۰٣ )، لە ۸۲ساڵی تەمەنی، وەک هێزێکى داگیر کەرى بێگانە، هەڵسوکەوتی  لە گەڵ کوردکردووە.
بەپێى هەلومەرجە جیاجیاکان، تەکنۆلۆژیای عەسکەریان، لە کوردستاندا تاقی کردۆتەوە، بێ ڕەچاوکردنی هیچ دەستوور و یاسا ودادگاییەک.
دوور لە پەیڕەوکردنی مافی نەتەوەیی ومافی مرۆڤ.
کوردیان جینۆساید کردووە، گوندوشارۆچکەکانیان بۆردومان و خاپور وسوتماک کردووە.
دەیان ئەفسەرى سوپاى عێراق، لەسەردەمی دەسەڵاتە، یەک لە دواى یەکەکانی عێراق دا، پلەو پایەى دەسەڵات و مەدالیاى سەرکەوتنیان ، بەهۆى ڕەشەکوژى ژن و منداڵ و پیاوی کوردەوە پێ بەخشراوە.

سوپا و کۆمەڵکوژى کورد:

*لە ۱۹۲۳- ۱۹۲۷سوپای عێراق، بە یارمەتی هێزى ئاسمانی و زەمینی بەریتانیا، دژى خەباتی گەلی کورد بە سەرکردایەتی شێخ مەحمود.
* لە ۱۹۳۰-۱۹۳۱ سوپای عێراق ، بە یارمەتی هێزى ئاسمانی بەریتانی دژى خەباتی گەلی کورد بەسەرکردایەتی شێخ مەحمود.
* لە ۱۹۳۱-۱۹۳۲ سوپای عێراق، بەیارمەتی هێزی ئاسمانی بەریتانی دژی شۆڕشی بەرزانی یەکان.
* لە ۱۹٤۲- ۱۹٤۷  سوپای عێراق، بە یارمەتی هێزى ئاسمانی بەریتانی دژى خەباتی گەلی کورد بە سەرکردایەتی بارزانی.
* لە ۱۹٦۱-۱۹۷٥سوپای عێراق دژ بە شۆڕشی ئەیلوول بوو.
لە١٩٧٦  -  ۹ / ٤/ ۲۰۰۳  سوپای عێراق دژبە  شۆڕشی نوێ بوو. (۲)

سوپای عێراق و کۆدەتاکانی 

سوپاى عێراق تایبەتمەندە، بە سوپایەکی کودەتاى سەربازی، رۆڵی  گرنگی لە  کاروبارى سیاسی وڵات، بۆ پارێزگارى  لەڕژێمێکى شۆڤێنی، هێنانه‌ کاری دەسەڵاتێکى میلیتاری عەسکەری دیکتاتۆری.
سوپاى عێراق، لەناو سەراپا سوپاى وڵاتانی عەرەبی دا، یەکەم سوپایە، بە نەریتی داهێنەرانەى ((إنقلاب)) ناسراوە، وەکو ناسنامەی کۆدەتا، عێراق خاوەنی (۱۱) هەوڵدانی سەرکەوتووە وسەرنەکەوتوی، کودەتای سەربازی بووە.
* لە ۱۹۳٥ کودەتای سەرکەوتووی بەکر سدقی.
* لە ۱۹۳٦ کودەتای سەرکەوتووى ئەفسەرانی قەومی، دژبە بەکر سدقی.
* لە ۱۹٤۱کودەتای سەرنەکەوتووی، (٤) عەقیدە قەومیەکە بەسەرکردایەتی ڕەشید عالی گەیلانی.
* لە۱٤ى گەلاوێژى ۱۹٥۸، کودەتای سەرکەوتووى عەبدولکەریم قاسم، دژ بە ڕژێمی پاشایەتی.
* لە۱۹٥۹ کودەتای سەرنەکوتووى، ئەفسەرانی قەومی(الشواف) ، دژبە قاسم.
* لە۸ى شوباتی ۱۹٦۳، کودەتاى سەرکەوتووى قەومی و بەعسیەکان، دژ بە عەبدولکەریم قاسم بەسەرکردایەتی عەبدولسلام عارف وئەحمەد حەسەن بەکر.
* لە ۱۹٦۳ کودەتای سەرکەوتووى عەبدولسلام عارف دژبە بەعسیەکان.
* لە ۱۹٦٥ کۆدەتای  سەرنەکەوتووی  عارف عەبدولڕەزاق.
لە ۱۹٦۸ کودەتای سەرکەوتووی بەعسیەکان، بەسەرکردایەتی ئەحمەد حەسەن بەکر.
* لە ۱۹٦۹ کودەتای سەرنەکەوتووی عەبدولغەنی الراوی.
* لە ۱۹۷۹ کودەتای سەرنەکەوتووی باڵێکی حزبی بەعس دژىە سەدام حسێن(۳).
ئەمە ئەزموونی  مێژووی دەسەڵاتدارانی عێراق بوو، لە بوارى کودەتادا، بە پاڵپشتی سوپاى عێراق، چەندان سیناریۆى پڕلە تراژیدیا یان دروست کردووە.
ئەم (۱۱) کودەتا یەک لە دواى یەکەى سوپاى عێراق، لەماوەى (٤٥) ساڵ دا، بوونە هۆى سەرهەڵدانی دەیان دیاردەى سلبی، لەناو کاربەدەستە باڵای عێراقەوە  شۆڕبونەتەوە بۆ ڕێزەکانی سوپا.  
هیچ شتێک لە ناو سوپادا بەهای سەروەری ومتمانە ودڵنیایی نەدەبەخشی 
سوپا ی  عێراق ئامێرێکى نوێ بوو، بۆ کودەتا یەک لە دواى یەکەکان، بۆ جینۆساید و بێ سەروشوێن کردنی کورد.
حکومەتەکانی عێراق، کە بەپێ ی کودەتاکانیان، دەسەڵاتیان دەگرتە دەست، هەموو توانای خۆیان دەخستە گەڕ بۆ گۆڕینی بارى دیموگرافی ناوچەکانی کوردستان.

سوپا و حوکمى عورفى:

لەو کاتەوەى دەوڵەتى عێراق پێکهێنرا، گەلى عێراق هەرگیز ژیانى دیموکراتى بەخۆیەوە نەبینیوە، بەهیج جۆرێک ماف وئازادى بیروباوەڕ وڕۆژنامە نوسین ودامەزراندنی ڕێکخراوی سیاسی وپیشەیی و خۆپیشاندان ومانگرتنى نەبووە.
مافی ئازادی هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانێکى نەبووە، کەنوێنەرى ڕاستەقینەى خەڵک بن.
هەرکاتێک خەباتی کۆمەڵانی خەڵک لە پێناوی مافە یاساییەکانی خۆیاندا گەیشتبێتە قۆناغێک، مەترسی بۆ سەر ڕژێم، گەر دەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەمن و پۆلیس نەیانتوانیبێت دایبمرکێننەوە، پەنایان بردۆتە بەر بەکارهێنانی سوپا، بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و پارێزگارى  لە دەسەڵاتەکەیان.
* لە (۱۹٤۸) خەڵکى عێراق لە پێناوى ئازادی و دیموکراتی، لە دژى پەیمانی عێراق-بەریتانی ڕاپەڕین، ڕژێمی پاشایەتی سوپای بۆ دامرکاندنەوەى ڕاپەڕینەکە بەکارهێنا، سوپا کاروبارى وڵاتی گرتە دەست،
حوکمی عەسکەرى ڕاگەیاند، دادگای عەسکەرى پێکهێنا، بۆ ڕاونان و گرتن و سزادانی ئازادیخوازان.
* لە ۱۹٥۲ دا کۆمەڵانی خەڵک مانیان گرت، خۆپیشاندانیان سازکرد، بۆ بەدەست هێنانی ئازادى ودیموکراتی، سەر لە نوێ سوپا بۆ پارێزگارى ڕژێمى پاشایەتی ڕژانە سەر جادە و کاروبارى عێراقیان کۆنترۆڵ کرد، حوکمی عەسکەریان ڕاگەیاند، ئازادیخوازانی عێراقىیان بۆ دادگاکان ڕاپێچ کردو بزووتنەوەکەیان سەرکوت کرد.
*لە ۱۹٥٦ خەڵکى عێراق پشتیوانیان لە میسر کرد، دژى دەست درێژى "۳"قۆڵى ئیسرائیل-ئینگلیز-فەرەنسی ڕاپەڕین، بۆ بەدەست هێنانی ئازادى و دیموکراتی، سوپا خۆى هەڵقورتاند بۆ دامرکاندنەوەى ناڕەزایی گەل، حوکمی عورفی ڕاگەیاند.
* لە ۱۹٥۸ لە دواى کودەتاکەى عەبدولکریم قاسم، سوپای عێراق خۆى هەڵقورتاندە کاروبارى گشتی وڵات وژیانی تایبەتی خەڵک، دادگای عەسکەرى و حاکمی عەسکەرى، توانیان کارکردن بە دەستوور و قانوون پێشێل بکەن، مافی قانوونی هاوڵاتیان ڕابگرن، ڕاونان و گرتن و سزادان و کوشتنی هاوڵاتیان لەلایەن سوپاوە بوو بەکارێکى ئاسایی ڕۆژانە، تا۹ / ٤ /۲۰۰۳هەر بەردەوام بوو، بەتایبەتی لە کوردستاندا(٤)
ئەرکی سوپا کوشتن و بڕین و بێ سەرو شوێن کردن بووە، لەو سەرەتای جینۆ سایدەوە گەیشتە رەشەبای ژەهرو ئەنفالی  (۱۹۸۸) و گۆڕەبە کۆمەڵەکان.

سه‌رچاوه‌ :


عەبدوڵڵا کەریم  مەحمود، ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفال، به‌رگی :دووه‌م. ل۳-٧

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە