کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
Monday, 08/01/2024, 22:08
شرۆڤەیەک لە سەر ئیستڕاتژیەکی کارەساتباری ڕێبەرایەتی دە ساڵەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران(1978-1989)
"ڕەقیب لە هەر جێگایەک بێ، دەبێ پێشمەرگەی کۆمەڵە حزووری هەبێت"
لە مەیدانی شەڕان خێوی خەباتی چەرخی بیستەمدا سەرم سووڕما، کە ئەسپی سووکە سواری کوردی بۆ وەستان؟ وەڵامی دامەوە پیرێکی ئازادەی جیهان دیدە خەتای سواران نەبوو، پێش سواران قورس و ناوەستان (هێمن) |
کۆمەڵە ساڵی ١٣٥٨(١٩٧٩) لە سایەی ڕێبازی ڕیالیستی(واقیعبینی) و پڕاگماتیستی(عملگرایی) کاک فوئاد و هەڤاڵانی دا بووبوو بە خەزێنەی ڕووناکبیری، سەداقەت و شۆڕشگێڕی لاوانی کورد.
بووبوو بە ناوەندی یەکخستنی هەزاران کەسی خاوەن بەهرە و بە توانای کوردستان.
بەڵام ئەم ڕێکخراوە کەمتر لە هەشت مانگ دوای ڕووخانی ڕژێمی شای ئێران دوو ئەندامی گرنگی ڕێبەری لە دەست دا (کاک فوئاد و کاک حەمە حوسێنی کەریمی) بۆشایی نەمانی ئەم دوو کەسە هیچ کات پڕ نەبۆوە.
ڕێبەرایەتی کۆمەڵە کەوتە دەست بازنەیەکی داخراو کە ڕێگایان نەدەدا کەسانی خوار خۆیان بێنە سەرەوە.
ئەم ڕێبازە بوو بە هۆی ئەوەی کەسانی سادق، دڵسۆز، توانا و تازە نەفەس نەتوانن جێگای شیاوی خۆیان لە ڕێبەری دا ببیننەوە.
ڕێبەری کۆمەڵە بە تەواوی لە واقیعبینی و پڕاگماتیسم(عملگرایی) دوور کەوتەوە و توانای نوێبوونەوەی تێدا نەما.
ساڵی ١٩٨٠ مەلا خالید عەزیزی یەکەمین کەس بوو کە دروستترین شرۆڤەی لە سەر کۆمەڵە بەم شێوەیە دەربڕی:
"دڵسۆزترین و سادق ترین کەسانی کوردستان لە ناو کۆمەڵە دان. بەڵام کۆمەڵە لە ژێر فەرمانی نا شارەزاترین و خراپترین ڕێبەرایەتی دایە. وەک ماشێنێکە کە هەمو قەتعە و پێکهاتەکانی ئەسڵ و دەرەجە یەکن. بەڵام شۆفێر و وەستای نەشارەزای لە سەرە و لە مەسیری چەوت و هەڵە دا لێی دەخوڕن"
ڕێبەری کۆمەڵە لە ناو بازنە داخراوەکەش دا هیچ سووڕانێکی نەبوو. عەبدوڵڵای موهتەدی و عومەری ئیلخانیزادە قەتاری کۆمەڵەیان لێدەخوڕی. هەرچەند لە ناو باقی ئەندامانی ڕێبەرایەتی کەسانی سادق و توانای تێدا بوو، بەڵام بە گشتی گوێڕایەڵی عەبدوڵا بوون.
ئەم دوو ئاغایە نازانم لە کتێب دا یان لە زاری باوەگەورەکەیان فێری یەک ئیستڕاتژی کارەساتبار بووبوون. ئەم ئیستڕاتژیەیان بۆ ماوەی دە ساڵ بێ هیچ پێداچوونەوەیەک بە سەر کۆمەڵە دا سەپاند. ئیستڕاتژیەکە ئەوە بوو:
"ڕەقیب لە هەر جێگایەک بێ، دەبێ پێشمەرگەی کۆمەڵە حزووری هەبێت"
لە درێژەی وتارەکە دا حەوت نموونە لە ئاکامەکانی ئیستڕاتژیە کارەساتبارەکەی ڕێبەری کۆمەڵە دەخەینە ڕوو.
١- بازاڕی حەوتانەی قەرەداغی مەهاباد
لە بەهاری ١٣٦١ کۆمیتە ناوچەی مەهاباد، دوو فەرماندەی سیاسی و نیزامی مەهاباد بە ناوەکانی ڕەحیم قادری و سلێمان ڕەحیمی لە گەڵ چەند پێشمەرگەی کەم ناچار دەکەن بچنە بازاڕی قەرەداخ تا وەک حیزبی دێموکڕات خۆیان بە خەڵک نیشان بدەن.
پێشتر دیموکراتەکان هەڕەشەیان لێکردبوون کە نابێ بێنە ئەم شوێنە. کاک ڕەحیم و کاک سلێمان بە بەرپرسانی سەرووی خۆیان گوتبوو جارێ ناچین. کاتێک پێشمەرگەی زۆرترمان لە گەڵ بوو دەچین. بەڵام بە زۆر ناردیانن.
کۆمەڵەکان کەوتنە بۆسەی دیموکراتەکان بە فەرماندەیی یۆسف گوشوارە، جەعفەر گوشوارە و کەماڵی هاشمە کەچەڵ. لە ئاکام دا هەر دوو فەرماندەی سیاسی و نیزامی کۆمەڵە لە گەڵ پێشمەرگەیەکی دیکە دەکوژرێن. لە ناو کۆمەڵە کەس لێپرسینەوە لە بڕیاردەرانی ئەم هەڵە کوشندەیە ناکات. (هەر سێ کەسی کۆمەڵە دوای تەسلیم بوون لە لایەن دێموکڕاتەکانەوە ئیعدام کران)
٢- کارەساتی تەشکیلاتی تاران ١٣٦١
لە جۆزەردانی ١٣٦٠ دەوڵەتی ئێران دەستی کرد بە دەستگیرکردنی سەرتاسەری ئەندامانی هێزە سیاسییەکانی نەیار.
ڕۆژانە دەیان کەس ئیعدام دەکران. بە هیچ جۆرێک ئیمکانی درێژەدانی کاری سازمانی نەمابوو.
زۆرینەی خەڵکی ئاسایی ئێران سەرخۆش، مەدهۆش و هاوکاری دەوڵەتی ئیسلامی بوون. تا ڕادەیەک کە دایک و بابەکان، کوڕ و کچی ڕووناکبیری خۆیان ڕادەستی دەوڵەت دەکرد تا ئیرشاد یان ئیعدام بکرێن.
لەو زەمانە دا بەشی زۆری کوردستان بە تایبەت دێهاتەکانی ئازاد و دوور لە حوکمی دەوڵەتی ئیسلامی دا بوون. کوردستان لەچاو باقی ئێران جەزیرەی ئەمن و ئارام بوو.
عەقڵی واقیعبین و پڕاگماتیست (عملگرا) دەڵێت دەبێ لە لە وەها بار و دۆخێکدا پاراستنی گیانی ئەندامان وە پێش هەمو شتێک بخرێت.
بەڵام ڕێبەری کۆمەڵە نەک ئەندامانی خۆیان لەو زەبرە دوور نەکردەوە، بە پێچەوانە ژمارەیەکی زۆریان لە کوردستانی ئازاد ڕا ناردە تاران و شارە گەورەکانی ئێران.
لە ئاکام دا دەیان کەسایەتی ڕووناکبیر و فیداکاری وەک دکتۆر سەعید یەزدیان، ئەمین ڕەنجبەر، تەییب ڕوح الهی، ئێران خاکسار، جەمیل یارالهی، شەریف خودا مرادپور، بەهمەن دوستی، ماجد و ئەمجەد مستەفا سوڵتانی (برایانی کاک فوئاد) بوونە قوڕبانی سیاسەتی نەزانانەی ڕێبەری کۆمەڵە. ڕێبەرانی خود شیفتەی کۆمەڵە لە جیاتی ڕەخنە گرتن لە خۆیان دەستیان کرد بە شکاندنی شکۆی ئەم قوڕبانیانە و بە ترسنۆک و خیانەتکار وەسفیان کردن!
لە ناو ئەم قوڕبانیانە دا دەیان مرۆڤی خاوەن بەهرە و بە توانای تێدا بوو کە زۆر ئاگاهتر و سادقتر بوون لە ڕێبەرەکانیان. دەیانتوانی ببنە ڕێبەرانی گەورەی بزووتنەوەی ئازادی و دادپەروەری. ماجد و ئەمجەد مستەفا سوڵتانی خۆیان کاک فوئادی دواڕۆژ بوون.
مامۆستا هێمن هۆکاری شکستی بەردەوامی ڕزگاریخوازان لە مێژووی کوردستان دا دەگەڕێنێتەوە سەر ئەم سیستەمە ڕێبەرییە بەراوەژوویە. کەسانی گەوج، گەلحۆ و گەمژە لە تەختی ڕێبەری جێگەیان گرتوە و هەزاران شۆڕەسواری ئازا، جەسوور و فیداکاریان وەک مەڕی قوربانی ناردۆتە کوشتارگا.
لە مەیدانی شەڕان¬خێوی خەباتی چەرخی بیستەمدا
سەرم سووڕما، کە ئەسپی سووکە سواری کوردی بۆ وەستان؟
وەڵامی دامەوە پیرێکی ئازادەی جیهان دیدە
خەتای سواران نەبوو، پێش سواران قورس و ناوەستان(هێمن)
٣- کارەساتی بەردە سووری سەردەشت١٣٦٢
هاوینی ١٣٦٢ نزیک بە ٣٠٠ پێشمەرگەی دێموکڕات لە ناوچەی سوێسنایەتی سەردەشت بوون. ئەو کات بە بڕیاری ڕێبەرایەتی کۆمەڵە سێزدە پێشمەرگە ناچار کرابوون لە بەردە سوور بمێننەوە و گومرگی سەرسنووریش وەرگرن. چەندین جار بە نامە و بێسیم ڕێبەرانی سەرووی خۆیان ئاگادار کردبۆوە کە لە لایەن دێموکڕات هەڕەشەیان لەسەرە. داوایان کردبوو بۆ پێشگیری لە ڕووداوی نەخوازراو چارەیەک بۆ بدۆزنەوە. یان لانی کەم ئیزنیان بدەن جارێ با چیدی گومرک وەرنەگرن.
بەڵام ڕێبەرایەتی کۆمەڵە ناچاری کردن لەوێ بمێننەوە و درێژە بە وەرگرتنی گومرک بدەن. لە ئاکام¬دا کەوتنە بەر هێرشی دێموکڕاتەکان و پێنج مامۆستای قوتابخانە کە مووچە و ژیانی ئاسوودەی شاریان جێ هێشتبوو و بووبوونە پێشمەرگە و کادیری کۆمەڵە، ئەسیر و ئیعدام دەکرێن.
ڕووناکبیرانی سادە دڵ، سادق و شەیدای ئازادی و بەرابەری (حوسێن عەبداڵی، عەزیز بایزیدی، قادر بۆکانی، عەبدوڵا شاهینی و عەتا ئێراقی) بوونە سووتەمەنی ئیستڕاتژی نەگۆڕی"ڕەقیب لە هەر کوێیەک بێ، پێشمەرگەی کۆمەڵەش دەبێ حزووری هەبێت"
ئەو کات گەرمەی شەڕی ئێران و ئێراق بوو. سەددام حوسێن بۆ کەم کردنەوەی فشاری ئێران لە بەرەکانی شەڕ، چەک و ئیمکاناتێکی زۆری دەدایە هێزە چەکدارە دژبەرەکانی ئێران، بە تایبەت دێموکڕات و کۆمەڵە.
دەوڵەتی ئێراق بە پێی ژمارەی پێشمەرگە پوڵی بە دینار دەدانێ. ئەم پووڵە بۆ هەر پێشمەرگەیێک بەرابەر بوو لە گەڵ ٤٥٠ دۆلار. دێموکڕات و کۆمەڵە ئاماری دوو هێندەی ژمارەی ڕاستەقینەی پێشمەرگەکانیان دەدا بە دەوڵەتی ئێراق. لە نەتیجە دا بۆ هەر پێشمەرگەیێک ٩٠٠ دۆلاریان وەردەگرت. بۆ زۆر ئەرکی تەداروکاتی و کار و باری دیکە پارەی جیاوازیان دەدرایە.
ڕێبەرانی دێموکڕات و کۆمەڵە بەشی زۆری ئەم پوڵانەیان بۆ پێشمەرگە و ڕێکخراوەکانیان ئاشکرا نەدەکرد. بەشی کەمی بۆ پێشمەرگە خەرج دەکرا. پێشمەرگە دەچوونە ماڵی خەڵکی ڕەش و ڕووتی دێهاتەکان و لە سەر سفرەی کزی ئەوان نانیان دەخوارد.
سەرەڕای ئەمانە هەم دێموکڕات و هەم کۆمەڵە گومرک و یارمەتی زۆرەملیان لەو خەڵکە دەستاند.
نەتیجە وەردەگرین هیچیان پێویستیان بەم گومرکە نەبوە. بە تایبەت کۆمەڵە کە گیانی پێنج ڕووناکبیری سادق و دڵسۆزی کردە قوربانی.
ئەم قوڕبانیانە ئەگەر زیندوو بمانایە، دەیانتوانی هەزار هێندەی پوڵی ئەم گومرکە قازانج بە کۆمەڵە و ئاڕمانی چەپ، دادپەروەری و کاروانی پێشکەوتنخوازی بگەیەنن.
٤- نەوسوودی هەورامان
ڕێبەرایەتی کۆمەڵە لە پاییزی ١٣٦٣ نزیک بە٥٠ پێشمەرگەیان نارد بۆ نەوسوودی هەورامان. لەم ناوچەیە ٤٥٠ پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی لێ بووە. لە ناوەوە و دەرەوەی کۆمەڵە مەترسی ئەم بڕیارە بە ڕێبەرایەتی کۆمەڵە ڕا دەگەیەنن. بەڵام کەلە شەقی ڕێبەران ئەم پەیامانەی وەر نەگرت.
دوای چەند مشت و مڕ و پێک هەڵپژانێک، چەکدارانی دێموکڕات بە پێی نەخشە و پلانی داڕژاو لە بەرە بەیانی ٢٥ی خەزەڵوەر هەڵدەکوتنە سەر بنکەکانی کۆمەڵە لە سوێشمی و نەوسوودی هەورامان.
دیموکراتەکان سێ پێشمەرگەی کۆمەڵە دەکوژن و دە کەسی دیکەش ئەسیر دەکەن. دوایە هەر دە ئەسیرەکە ئیعدام دەکەن.
٥- شەڕی تۆڵەی هەورامان
ڕێبەرانی کۆمەڵە پلانی تۆڵە کردنەوە لە بکوژانی ١٣ پێشمەرگەکەی هەورامان دادەڕێژن. بە پێی ئەم پلانە ٧١ڕۆژ دوای کارەساتی یەکەمی هەورامان، هێزەکانی کۆمەڵە هێرش دەکەنە سەر دیموکراتەکان لە هەمان شوێنی پێشوو (هەورامان)
لەم شەڕە دا ٢٠ کەسی دێموکڕات و ١٤کەسی کۆمەڵە دەکوژرێن.
لە ئاکامی هێرشی تۆڵە سەندنەوەی کۆمەڵە دا، حیزبی دێموکڕات شەڕی سەرتاسەری دژی کۆمەڵە ڕادەگەیێنێ کە زیاتر لە پێنج ساڵ دەخایەنێت. هەشتسەد پێشمەرگە لە هەر دوو لا دەکوژرێن.
هەزاران کەس بریندار و کەم ئەندام دەبن و هەزاران پێشمەرگەی دژی شەڕی ناوخۆیی لە ڕێزی کۆمەڵە و دێموکڕات دەچنە دەر و زۆرینەیان خۆیان ڕادەستی دەوڵەتی ئێران کردەوە.
٦- کارەساتی گوردانی ٢٢ی ورمێ
لە سەرەتای پاییزی ١٣٦٤ ڕێبەرایەتی کۆمەڵە دیسان لە درێژەی ئیستڕاتژیە نەگۆڕەکەیان گوردانی ٢٢ی ورمێیان ناردە مەرگەوەڕێ ورمێ.
لەم ناوچەیە سەدان پێشمەرگەی دیموکراتی تێدا بوو. ڕێبەری دێموکڕات دەیویست زەربەیەکی کوشندە لە کۆمەڵە بدات.
دیموکراتەکان ئەم هەلەیان قۆستەوە و ٢٨ پێشمەرگەی کۆمەڵەیان کوشت کە نیوەیان دوای برینداری و ئەسیری ئیعدام کرابوون (ناوی ئیعدام کراوەکان: مەولوود جەوان مەردی، عەلی دەرماناوا، عەلی ئیراندوست، خەلیل فەتاحی، ئەشرەف حوسێن پەناهی، مونیرە مودەرسی، نەسرین حەسەن خاڵی، عادل باقری، لوقمان هیممەتیان، سلێمان ئەربابی، مەنسوور شەوکەتی، شەهرام عەلایی بەرزنجی، ئیبراهیم پورمەند). بە داخەوە قارەمانانی دێموکڕات دوای کوشتنی کچەکانی کۆمەڵە تەجاوزیا... پێ کردبوون.
لە گوردانە جەنگاوەرەکەی ٢٢ی ورمێ کەمتر لە سی کەس لە مەرگەساتی داسەپاوی ڕێبەرایەتی گەمژەی کۆمەڵە و ڕێبەرایەتی دڵ پڕ لە قینی دێموکڕات ڕزگاریان بوو.
٧- کارەساتی گوردانی شوان
ئاخرەکانی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی تەنیا بۆ ئەوەی ئایەتی نەگۆڕی ئیستڕاتژیە مەرگاویەکەئ ئاغایان" کاری پێ بکرێت، ڕێبەرانی مێشک وشکبووی کۆمەڵە گوردانی شوانیان لە بیارە، خەتەرناکترین سنووری ئێران-ئێراق جێگیر کرد. فەرماندە و پێشمەرگەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی و خەتەرەکانی مانەوە لەم شوێنەیان بە ڕێبەرایەتی ڕاگەیاند.
بەڵام ڕێبەرایەتی کۆمەڵە ئیجازەیان پێ نەدان ئەوێ جێ هێڵن. پێیان گوتن مادام حیزبی دێموکڕات لەم ناوەیە، دەبێ کۆمەڵەش حزووری هەبێت.
ئەمە لە کاتێک دا بوو کە لە لایەن یەکیەتی نیشتمانی و چەند کەسایەتی دیکە ڕێبەرانی کۆمەڵە ئاگادار کرابوونەوە کە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی هێرشی گەورە بۆ داگیر کردنی هەڵەبجە و هەموو ئەم ناوچانە دەست پێ دەکات.
لە ئاکامی ئەم هەڵە کوشندەیە دا ٧٢ کەس لە جەنگاوەر ترین و خاوەن ئەزموون ترین پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بوونە قوربانی. زۆرێک لەم ٧٢ کەسە خاوەن کەسایەتی بە هێز و پڕ زەرفیەت بوون. ئەگەر زیندوو بمانایە، دەیان توانی ڕێبەرایەتی ڕەوتێکی چەپ و مۆدێرن سەرکەوتوانە ببەنە پێش. بەڵام نەک وەک ڕێبەرەکانی ئەو ساتی خۆیان...
نەتیجەگیری
ئەگەر شوانێک هەڵەیەک بکات کە ببێتە هۆکاری مردنی یەک سەر مەڕ، دەرسی عیبرەتی لێ وەردەگرێت و ئەم هەڵەیە دووپات ناکاتەوە.
ئەگەر ڕێبازێک ببێتە هۆکاری زەرەر و زیانی چەرچیەک(دێوەرە)، ئەم چەرچیە دەرسی عیبرەتی لێ وەردەگرێت و ئەم ڕێبازە پەیڕەو ناکاتەوە و ڕێبازێکی دیکە دەدۆزێتەوە.
ئەگەر شێوازێکی کشت و کاڵی زەرەر بە جووتیارێک بگەیەنێ، جووتیارەکە دەرسی عیبرەتی لێ وەردەگرێت و ئەم ئیستڕاتژیە دە کار ناکاتەوە.
دەزانن بۆچی سانچۆ پانچای گێلۆکە لە دۆن کیشۆتی ئاغای عاقڵتر بوو؟
چونکە دۆنکیشۆتی پاک دڵ لە دونیای واقیعی بڕا بوو. بەڵام سانچۆ پانچای بێسەواد پەیڕەوی ڕێبازی ڕئالیسم و پڕاگماتیسم بوو.
ئەگەر لە جێگای ڕێبەرانی میراتخۆر و نەگۆڕی کۆمەڵەی دوای کاک فوئاد ڕێبەری کۆمەڵە ڕادەستی چەند کرێکار، چەرچی، جووتیار و شوانی بێسەواد بکرایە. ئەمانیش لە گەڵ بینش و ڕێبازی کاک فوئاد ئاشنا بکرانایە، کۆمەڵە بێ بڕانەوە درێژەی بە گەشە و گەورە بوونی خۆی دەدا. دەبوو بە مەشعەلی ڕووناکی و بزوێنەری کۆمەڵگا بەرەو فیکر و فەرهەنگی یەکسانی و دادپەروەری...
پەڕاوێز و سەرچاوەکان
- پراگماتیزم یان کردەوەخوازی یان کردارخوازی[ھۆرتەوبەرەیەکی فەلسەفییە کە وشە و ھزر بە ئامرازی پێشبینیکردن و چارەسەرکردنی پرس و دەستبەکاربوون دەزانێ و، ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە ئەرکی ئەندێشە گێڕانەوە و نواندنەوەی واقیعە. پراگماتیستەکان دەڵێن بۆ ئەوەی کە فەلسەفیترین مژارەکان - وەک سروشتی مەعریفەت و زمان و تێگەیشتەکان و مانا و باوەڕەکان و زانست - بە باشترین شێوە خۆیان نیشان بدەن، پێویستە بە کردەوە بە کار بگیرێن و ڕادەی سەرکەوتن یا پەککەوتنیان لە کردەوەدا ھەڵبسەنگێندرێ.[
پراگماتیزم لە ۱۸۷۰کاندا لە ویلایەتە یەکگرتووکاندا دەستی پێ کرد. سەرچاوەکەی زۆرتر دەگەڕێننەوە بۆ چارڵز سەندێرز پێرس و ویلیام جەیمز و جۆن دیوویی.
- مەلا خالیدی عەزیزی کوردێکی ڕووناکبیر و دڵسۆزی گەلەکەی بو. پێش شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران لەبەر دەستتەنگی بۆ بژیی ژیان لە دێیەکی مەهاباد مەلایەتی دەکرد.
دوای ڕوخانی ڕژێمی پاشایەتی بە هۆی بیری دادپەروەری کۆمەڵایەتی چۆ نێو ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی ئێران. ساڵی ١٩٨٠ دوای ئاشبەتاڵی چریکەفیداییەکان، بۆ درێژەی خەبات چۆ ناو حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران.
ساڵی ١٩٨٢ دەچێتە لای حەسەنی شەڕەفی و پێی دەڵێ کە دەمهەوێ بچمەوە مەهابا و وەک خەڵکی دیکە ئەماننامە وەرگرم و کار و کاسبیەک پەیدا بکەم تا ژن و مناڵم بەخێو بکەم.
حەسەنی شەڕەفی کە لەو کاتەدا لە لایەن حیزب پەڕاوێز خرابوو، دەست دەکا بە گلەیی کە قەدری نەزانراوە و دەڵی ئەمنیش دەمهەوێ خۆم ڕادەستی کۆماری ئیسلامی بکەمەوە. ئەتۆ کە خۆت تەحویل دایەوە، لە لایەن من بە کاربەدەستانی دەوڵەت ڕابگەیێنە کە ئەگەر عەفوم بکەن و شوغڵەکەی پێشوم(ڕەییسی قوتابخانە) بدەنەوە حازرم دەست لە حیزب هەڵبگرم و بێمەوە مەهاباد.
مەلا خالید خۆی ڕادەستی دەوڵەت دەکات و پەیامی حەسەنی شەڕەفی بە کاربەدەستانی دەوڵەت ڕادەگەیێنێ. ئەوانیش شەرتەکانی قەبوڵ دەکەن. مەلا خالید پەیامی کاربەدەستان بە حەسەنی شەڕەفی ڕادەگەیێنێ.
حەسەنی شەڕەفی خەریکی خۆ ئامادە کردن دەبێ بۆ خۆ ڕادەست کردنەوە بە کۆماری ئیسلامی. لەو کاتەدا لە لایەن ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکڕات پلەی حیزبی بەرز دەبێتەوە و دەکرێتە بەرپرسی یەکەمی حیزبی دێموکڕات لە ناوچەی مەهاباد.
ئەم پۆستەی حیزب حەسەن لە گەڕانەوە بۆ ناو شار پەشیمان دەکاتەوە. مەلا خالید بێخەبەر لە پاشگەزبونەوەی حەسەن، دیسان بە ڕاسپاردە پەیامی بۆ دەنێریتەوە کە با خۆی تەسلیم کات و دەوڵەت لێبوردنی بۆ دەرکردوە و شوغڵەکەشی دەدرێتەوە.
حەسەن بۆ پێشگیری لە ئاشکرابونی ڕازی خۆڕادەستکردنەوەی لە لای حیزب، پیلانێکی شەیتانی وەڕێ دەخات.
تیمێکی پێشمەرگە دەنێرێتەوە ناو شار و دەستور دەدات مەلا خالید بکوژن. ئەو زەمان شارەکان لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دا بوون، بەڵام زۆربەی دێهاتەکان لە دەست پێشمەرگە دا مابون.
حەسەن دەستور دەدا بە هیچ جۆرێک نابێ مەلا خالید بە زیندویی لە شار بێننە دەرەوە. دەڵێ دوای گرتن دەبێ بیکوژن.
پێشمەرگەکان شەو دەچنە ناو شار و لە دەرگای ماڵی مەلا خالید دەدەن. کە دەرگا دەکرێتەوە، دەچنە ژور. مەلا خالید دەسگیر دەکەن.
تیمی تیرۆر مەلا خالید لە ماڵ دەبەنە دەر لە نزیک ماڵەکەی دەیکوژن.
دوایە کە لە مەردنی خاترجەم دەبن، سەرکەوتوانە شار بەجێ دێڵن و دەچنەوە لای حەسەنی شەڕەفێ! مژدەی ئەنجامدانی سەرکەوتوانەی عەمەلیاتەکەیان پێ ڕادەگەیێنن.
حەسەن مەلا خالیدی ناردە بن گڵ. بەڵام ڕازی خۆ تەحویل دانەوەی حەسەن لە بن گڵ دا نەمایەوە.
پێشمەرگەکان لە گەڵ یەکتر دەدوان و ئەو باسەش بە گوێی زۆر کەس گەییشت، تەنانەت دوکتور قاسملو، شەڕەفکەندی و زۆربەی ئەندامانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکڕات پێیان زانی.
|
قاتڵ حەسەن شەڕەفی- تیرۆر کراو مەلا خالید عەزیزی |
- اسامی جانباختگان کومە لە بە نقل از کتاب ڕقاب کور- نوشتە محمد سیار:
١ - ادریس محمدی ٢- ڕحیم الهی ٣- محمد بهرامی ٤- طلیعە علیرمائی ٥- میرزا زاهدی
(علی) ٦- مدریک یوسفی ٧ - عبید صوفیە ٨- دارا اسعدی ٩- بختیار خالدی ١٠ - نصراللە
بهمنی ١١ - مسعود احمدی ١٢ - شیخ علی ١٣ - فرح آدمند. " دە نفر آخر لیست افرادی بودند
کە در اسارت پیشمرگان حزب دمکرات و تعدادی از آنها با زخمهای ناشی از گلولە در بدن، اعدام
شدند. سیار. محمد- کتاب ڕقابت کور- پی دی اف- چاپ اول- چاپ سوئد 2017- صفحە 88-87
ئادرەسی پی دی ئێف کتێبی ڕقابت کور- محمد سیار:
- ئازار و ئەزمون- نوسراوەی حاتەم مەنبەری
- جنگ داخلی و فاجعە مرگور- اسماعیل عجم- خاطرات یک سوسیالیست آذربایجانی
- برایم چووکەڵی- سایتی گیاڕەنگ
- دۆن کیشۆت یان دۆن کیخۆت (بە ئیسپانیایی: Don Quijote de la Mancha) ڕۆمانێکە کە بە دەستی نووسەری بەناوبانگی ئیسپانیایی سێرڤانتێس نووسراوە. پاڵەوانی ئەم داستانە ناوی دۆن کیشۆتە و ڕۆمانەکە سەبارەت بە ئەو و سانچۆی نۆکەری و ئەو ڕووداوانەیە کە بۆیان پێش دێت. دۆن کیشۆت دەیەوێ ڕیشەی ستەم و ناڕاستی وشک بکا و جیھان بەرەو دادپەروەری ببات. ڕۆمانی دۆن کیشۆت یەکێ لە پڕفرۆشترین کتێیەکانی وێژەی جیھانە. بەشی یەکەمی ڕۆمانەکە لەساڵی ١٦٠٥ بڵاوکرایەوە، بەشی دووەمیشی لەساڵێ ١٦١٥ بڵاوکرایەوە.
دۆن کیشۆت و سانشوای خزمەتکاری دەستدەکەن بە گەڕان بەناو شارو شارۆچکەکان و گوندەکانی ئیسپانیا و لەمەشدا رووبەروی کۆمەڵێک رووداوی سەیرو سەمەرە دەبنەوە. لە هەمووشی سەیرتر مێشك و دونیا بینینی دۆن کیشۆتە، کە دەتوانم بڵێم نزیکە لە شێتییەوە، لەم کاروانی گەڕانەدا رووبەروی کۆمەڵێک رووداو دەبێتەوە، لەهەموویان گرنگتر جەنگی لە دژی کۆمەڵێک ئاشی هەوایی پێی وایە ئەمانە کەسانی ئەفسوناوین و هاتون ئەم بکوژن، یان پەلاماردانی گاڕان و شوانەکانی پێی وایە ئەمانە سوارچاکن و هاتوون پەلاماری بددەن، یان ئازادکردنی کۆمەڵێک دزو چەتە، پاشئەوەی هەڵیدەخەڵەتێنن کە گوایە بەناڕەوا گیراوان، دواتریش کاتێک ئازادییان دەکات، دەستدەکەن بەدزین و رووتکردنەوەی ئەو. یان پەلاماردانی کاروانێکی پرسە ، پێی وایە پەلاماری لەشكرێک دەدات. یان هۆتێلێکی لێدەبێتە کۆشكی شاهانە و خۆشی بە ئیمپراتۆر دەبینێت، یان دەکەوێتە شەڕە شمشێر لەگەڵ دارودرەخت. هەموو ئەمانەش بەوپەڕی قەناعەتییەوە دەیکات و پێی وایە ئەمانە چیرۆکی هەقیقیین. لەمەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەو جەوە فەنتازیی و خەیاڵیەی دۆن کیشۆت تێیدا دەژی، هی کەسێکی ئاسایی نییە. ئەو هەمیشە لە خەیاڵیدا کۆمەڵێک شت دروست دەکات، کە زۆر دوورن لە راستییەوە، خۆی لەمەدا قارەمانە و سوارچاکی یەکەمە.
دواتریش چیرۆكێکی خۆشەویستی خەیاڵیئامێزی بۆ خۆی دروست دەکات لەگەڵ ژنە گوندیەکی ئاسایی، کە لێیدەبێتە شازادە خاتوونێکی مەزن، ئەویش “دەلسنیا دێل یویوسو” دۆن کیشۆت لەمەشدا بەشێوەیەکی خەیاڵئامێزی عاشقی ئەم ژنە لادێیە دەبێت و لێی دەبێتە شازادە خانمێکی جوان و ناسک و نازدار، لەحاڵەتێکدا ئەو ژنێکی ئاسایی گوندییە. خۆشی لە دیالۆگێکیدا لەگەڵ خانمە دۆق هرموسا دەڵێت: خۆشم نازانم ئایا دەلسنیا بوونی هەیە یان نا، ئایا راستییە یان خەیاڵییە، ئەم شتانەش پێویست ناکات هێندە لێی قووڵ بینەوە،بەڵام ئەوەی دەیزانم کە ئەو خانمە هەموو سیفاتکی جوانیی و باشی تێدایە کە دەبێت لە ژنێکدا هەبێت
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست