ڕیسوایی و بنبەستی ئەمریکا و ئیسرائیل
Thursday, 04/01/2024, 22:00
غەززە تەواوی ململانێی چەند ساڵەی فەلەستین و ئیسرائیلی لەخۆگرت، تیشکی خستەسەر ئەو دژایەتیە بنەڕەتیەی دەوڵەتی ئیسرائیل کە لە بەرامبەر خەڵکی فەلەستیندا هەیەتی. پاکتاوکردنی دانیشتوانی غەززە بووە زیاترکردنەوەو نیشاندانی دڕندەیی و فاشیزمی ئیسرائیل لە بەرامبەر خەڵکی فەلەستیندا. لەدوای هێرشی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر شارۆچکەو بنکە سەربازیەکانی باشووری ئیسرائیل، هەڵوێست و کاردانەوەی دژە ئینسانی دەوڵەتی ئیسرائیل، شکاندنی دەرگای درۆی دیموکراسی و مافی مرۆڤیان نیشانداین. دڕندەیی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و گەورەیی زیانە مرۆیی و مادییەکان، خراپترین کابوسی نیشان داین. ئەو ململانێیە بووەهۆی گیان لەدەستدانی هەزاران منداڵ لە غەززە و بووە هۆی وێرانکاریەکی بەرفراوان بۆ کەرتی غەززە. لێکەوتەکانیش کاریگەریان لەسەر تەواوی جیهان دانا، بەو پێیەی پایتەخت و شارەکانی ڕۆژئاواو ئەمریکاو ووڵاتە عەرەبیەکان ڕێپێوان و خۆپیشاندانی بەرفراوانی بێوێنەیان نمایشکرد. ئەو نمایشەی کە دەوڵەتانی ڕۆژئاواو ئەمریکاو ئیسرائیل و بانگەوازی دیموکراتیەتەکەیان و شەڕەکەیانی تیا شەرمەزار کرا.
بەرزبونەوەی ئاستی ئێستای ئەم ململانێیەی فەلەستین و ئیسرائیل دەوری بینی لە قووڵکردنەوەی زیاتری ئەو بۆشاییە گەورەیەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر وڵاتانی ڕۆژهەڵات لەیەکتر جیادەکاتەوە. ڕۆژئاوا جگە لە سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و کاری هەرزان شتێکی تری لە ڕۆژهەڵات ناوێت. بۆ ئەمەش بەهەر بەهایەکی نامرۆیی بێت دەیانەوێت کاری لەسەرکەن. دەوڵەتی ئسرائیل بەو قەڵا پتەوە دەبینین کە لەلایەک بۆ پاراستن لە ململانێ و مەترسیەکانی شەڕی جەماوەری ڕۆژهەڵات بیان پارێزێت، لەلایەکی ترەوە هاوسەنگی هێز لەبەرامبەر جەمسەرە زلهێزەکانی بەرامبەریان راگرن، بەڵام لایەنگری ئێستای ئەمریکاو ڕۆژئاوا بۆ ئەو دڕندەییەی ئیسرائیل ئەنجامی ئەدات، بەرگریە لە ترسی هەرەس هێنانی قەڵاکەیان.
لەهەمانکاتدا ئەم شەڕە پرسی فەلەستینی کردە دەرەوەی بیرچوونەوە، جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە پێشەوەی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و مشتومڕی سیاسی، کە ناڕەزایەتیەکان و دۆستانی خەڵکی فەلەستین داوادەکەن، دەبێت بە ڕێگا چارەیەکی ئینسانی هەنگاو بنرێت بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەم کێشەیە، بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا بۆ ئەمریکاو ڕۆژئاواو ئیسرائیل ڕۆشنە کە ڕێگاچارەی ئینسانی مانای شکستی پێگەو نفوزی سیاسیانە لە ناوچەکەدا، مانای ڕۆشناییە لەسەر پوچەڵی ئەو دیموکراتخوازیەی کە سەدەیەک زیاترە جێگای شانازی سەرکەوتنی سیستمی سەرمایەداری و بازاڕی ئازادە بۆیان.
لایەنگرانی خەڵکی فەلەستین پێیانوایە ناتوانرێت ململانێی ئێستا لە چوارچێوەی گشتی خۆی جیابکرێتەوە، ئەمەش بۆ کۆمەڵێک هۆکاری ئاڵۆز دەگەڕێتەوە کە گرنگترینیان هەستکردنە بە ئیدانەکردن لە بەرامبەر کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی مەدەنی لە غەززەدا، بەو پێیەی فەلەستینیەکان دەیان ساڵە لەژێر قورسایی داگیرکاری و زەوتکردنی مافەکاندا دەناڵێنن، ئێستاش دانیشتوانی غەززە گەمارۆدراوە لە گەورەترین زینداندان، لەژێر ڕۆشنایی نایەکسانیەکی بەرفراوان لە هاوسەنگی هێزی سەربازیدان، نەبوونی هیچ ئاسۆیەکی سیاسی بۆ دەربازبون لەم شەڕو داگیرکاریەدا، ژمارەی کوژراوان بۆ زیاتر لە ١٩ هەزار کەس بەرزبووەتەوە، بۆیە بە پیرەوەچونی ئەم پرسە مەسەلەیەکی جدی جیهانیەو پیویستی بە بەرینترین فشارو ناڕەزایەتی بەردەوام هەیە، لەهەمانکاتدا پێویست دەکات بانگەوازی شانازیکردن بە دیموکراتیزمەوە ڕیسوا بکرێت.
ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە ئەنجامی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی بەرفراوان لە سەرانسەری ئەوروپادا، ئەمەش دابەشبوونی زیاتری نێوان دانیشتوان و حکومەتەکانی ئاشکرا کرد. حکومەتەکان لایەنگری ڕوانگەی ئیسرائیلن، لەکاتێکدا بیروڕای گشتی سۆزو لایەنگریە بۆ خەڵکی فەلەستین.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەستەکان و قووڵبوونەوەی دووبەرەکی، ئاسان نیە بزانین یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت چ ڕۆڵێک بگێڕێت، یەکێتی ئەوروپا هەرگیز لە دۆخێکدا نەبووە کە کاریگەری لەسەر پرۆسەی گەیشتن بە چارەسەری سیاسی ململانێکان هەبێت، بەڵکو لەبری چارەسەری ڕیشەیی، بەردەوام لە هەوڵی دیبلۆماسی و ڕێکەوتنی نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا بووە، ئەم جۆرەش لە مامەڵە بە پرسی فەلەستین بە دابڕان لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین ئاساییە شەڕێکی وێرانکاری وەک ئێستای لێبەرهەم بێت.
لەوکاتەی دەرکەوتی لاوازیەکانی ئۆکرانیا پێشهاتوە، دیمەنەکە بۆ ڕۆژئاواو ئەمریکا تاریکتر بووە، بەوپێیەی دەزانن شەڕی غەززە تاکە هۆکار نییە کە کاریگەری لەسەر بەردەوام بونیان بۆ پشتیوانی لە کیێڤ هەبێت. چونکە ئەو بڕیارەی دادگای دەستووری ئەڵمانیا سەبارەت بە خەرجکردنی پارەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ سندوقی کەشوهەوا تەرخان کرابو، کە لە سەرەتادا مەبەست لێی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا بو، بووە هۆی قەیرانێکی گەورە لە بودجە ئابووری یەکێتی ئەوروپادا.
جگە لە سەرچاوە مادیەکان، وا پێویست دەکات بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا کاتێکی بەرچاو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەرخان بکەن، لەسەر حیسابی ئەولەویەتەکانی دیکەیان، لەوانەش پشتکردنە ئۆکرانیا. ئەوکاتەی کە سەرۆکی ئەمریکاو سەرکردەکانی دیکەی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٢٢دا بۆ دۆخی ئۆکرانیا تەرخانیان کرد، یارمەتی کیێڤ بوو بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا. بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە جیاوازە، چونکە ئەم کێشەیە بەهۆی پێویستی گرنگیدانیان بە شەڕی غەززە، جگە لە پەرەسەندنی قەیرانە ناوخۆییەکانی وڵاتانی گەورەی ڕۆژئاوا، دۆخەکەیان بەرەو خراپتر دەچێت.
دوابەدوای ئەو هێرشانەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، ئیدارەی بایدن بە ڕوونی دەرکەوت کە لە پاڵ ئیسرائیل وەستاوە و گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرد بەناوی ئازادکردنی سەدان بارمتەی مەدەنی و ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی هێرشی هاوشێوەی حەماس لە داهاتوودا. بەڵام لە ماوەی چەند هەفتەی دوای هێرشەکە، هەڵمەتی ئاسمانی و زەمینی کە ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەستیپێکرد، شەرمەزارکردنی بەربڵاوی لە سەرانسەری جیهاندا بەدوای خۆیدا هێنا، تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگی لەسەردرا، بەهۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی، کە هەزاران منداڵی فەلەستینیان تێدابوو، بۆیە بەیاننامە فەرمییەکانی ئەمریکا لەوبارەیەوە بەناچار کەمێ گۆڕانکارییان بەسەردا هات، ئیسرائیلیش کە هاوپەیمانێکی دێرینی ئەمریکایە، وەها نیشان ئەدات شەڕی گروپێک دەکات کە واشنتۆن وەک تیرۆریست دەستنیشانی کردووە، بەڵام بەردەوامی پشتیوانیكردنی بایدن لە درێژەدان بە تاوانكاری و خوێنڕێژیی حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل لە غەززەدا، نیشاندانی شکستی میلیتاریزمی ئەمریکا و شکست و بنبەستی ستراتیژی حکومەتی ئیسرائیلە لەم ململانێیەدا، سەرەڕای کوشتنی دەیان هەزار کەس و كاولكردنی کەرتی غەززە. دژایەتیکردنی حکومەتی ئەمریکا بۆ ئاگربەست و هەر وهستانێك له تاوانكاریدا، هەوڵدانێکی بێ هودەیە بۆ قەرەبوکرنەوەی بن بەست و شکستەکانیان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا.
هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا كه پشتیوانی جینۆسایدی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیلن، دەبینین لەژێر فشاری ناڕەزایەتی جەماوەری و قەیران و دووبەرەکی كه لە نێو دەسەڵاتدارانی خۆیان و حیزبەکان و پەرلەماندا دەرکەوتوە، لە ژێر فشاری ئەوەی نەوەک نارازەیەتیەکان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی فهڵهستین بگۆڕدرێت بۆ بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی لەدژی خۆیان و نهبێتە قەیرانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوخۆی خۆیاندا، ناچاربوون یەک لە دوای یەک، بەڕواڵەت خۆیان لەم تاوانە و ئەنجامدەرانی بەدوور بگرن، ناچاربوون نمایشێک بکەن تالە پێش چاوی کامێراکان ئاماژە بەهەندێ لە تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل بدەن.
ڕیسوایی فاشیزمی ئیسرائیلی، بەدوای خۆیدا تەریک كهوتنەوە و بێبایەخی زیاتری ڕۆڵی ئەمریکا وەک جەمسەرێکی بالادەست بەسەر جیهاندا بەدوای خۆیدا نیشانداوە، ئەمەش لە ئاکامی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و مانگرتنی چینی کرێکارو ناڕەزایەتی جەماوەری ئازادی خوازە لەدژی تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل. ئەو ناڕەازایەتیەی کە بەرگری لە خەڵکی فهڵهستین دەکەن بۆ ژیانێکی ئازاد و ئینسانی.
بەردەوامی هەمەلایەنە و بەرفراوانی ئەم ناڕەزایەتیانە لەلایەن چینی کرێکارەوە لە سەرتاسەری جیهاندا، نەک هەر حکومەتی ڕەگەزپەرست و فاشیستی ئیسرائیل، بەڵکو ئەمریکا و هەموو ئەو وڵاتانەی پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن، پاشهكشه پێدهكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست