بۆچی بەناو شۆڕشگێڕەکان لە کەناڵە زۆڵەکانەوە دەردەکەون!؟
Tuesday, 02/01/2024, 20:34
لە نیشتمانی ئێمەدا، ڕاستر بڵێین هەرێمێکە ی ئێمە لەو بەرخە دەچێت لەناو گۆماوێدا بەچڵەدارێکی وشکەوە بێت و بلەرزێت و چوارپەلی توند کردبێت بۆ بەدبەختی خۆی بڵێت باع و چواردەووریشی بەتیمساحی دەمکراوە دەووری گیرابێت و چارەنوسی تەنها مردنێکی تراژیدیایە بێت و هیچی تر . لەگەڵ ئەوەشدا سەدان کەناڵی تەلەفیزۆنی تێدایە کە بەردەوام مەینەتێکانی خەڵک پشان دەدەن و هیچیش ناکەن ، تەنها شکۆی خەڵک تێکو پێک دەشکێنن ، لەسەرو ئەمانەشەوە چەند کەناڵێک هەیە وەک داگیرکەران هەمیشە ئەو کارانە دەکەن کە داگیرکەران ئاسودە دەکەن و لەوان نەجیب تر کارەکانیان بۆ مەیسەردەکەن کە نێتیانە داگیرکەران .
سەمەرە لەوەدایە هەندێک داماو دەیانەوێت لەوێوە جارێکی تر خۆیان نمایش بکەن و بەخەڵکی بڵێن ئەها ئێمە بەردەوامین و هێشتا دەژین و دەتوانین لەسەر ڕابردوو قسە بکەین. ئەم کەلا زۆڵ و بێژیانە زۆر بەپلان ئەمانە دادگایی دەکەن و سەدان کەیسی ترسناک دێنەوە سەر مەینەتێکانی خەڵکو خوێ دەکەن بەبرینەقوڵەکاندا ، کە هیچ سودێکی نییە کە ئەمڕۆ باس بکرێت بۆ خۆی ئەوە هیچ ناگەیەنێت تەنها داگیرکەران کەڵک لەو ڕووداوانە وەردەگرن کەمێژووی گەلێکە و گەلەکەش وەک حیکایەت و شەوچرە لێی دەڕوانێت .
گەورەترین لاوازی ئەو کارئەکتەرانە ئەوەیە کە دەیانەوێت کۆڵ بدەن کاتێک ژیان سەخت دەبێت. بەڵام یەکێک لە باشترین و دڵنیاترین ڕێگاکان بۆ سەرکەوتن ئەوەیە کە کوڵ نەدەیت و ڕێگەکە بگریتە بەر ،چونکە لەمێژە ئێمە فێر بووین کە هەموو هەورازێک نشێوی هەیە . دواجار خوارەوە بگرەو دووبارە هەوڵ بدە کە ڕێگەکە وون نەکەیت ، چونکە زەحمەتە کەسێک ببەزێنیت کە لەهەموو شتێک بوبێتەوە و دەزگایەکی سیخوڕی داگیرکەرانی لەپشتەوەبێت ، نەک لەبەر ئازایەتی بەڵکو لەبەر بێ ئابڕووی و سیخوڕی و کۆیلەبوونی . پرسیارێکی گەورەیە کە هەموو ڕۆژێک لەوێ یەو ئێمە دووبارەی دەکەینەوە لەخۆمان دەپرسین ، داخۆ کورد لەباشوردا شۆڕشگێڕی هەبووە ؟ هەر بەڕاستی ئێمە شۆڕشمان کردووە ؟
شۆڕشگێڕەکە ووتی : من بەهێزیم هەڵبژارد ، بۆیە بە درێژایی ساڵان فێربووم کە هەرگیز شەڕ لەگەڵ بەرازێکدا ناکەم
چونکە زانیم پیس دەبم ، جگە لەوەی کە بەراز حەزی لێیە لەقوڕاودا خۆی بگەوزێنێت و بەلایەوە نەنگی نییە بەڵکو زیاتر چێژ بەخشەبۆی .
ئەرکی تۆ ئەوە نییە کە ئەوانی تر لێی تێبگەن،کاری تۆ ئەوەیە لە خۆت تێبگەیت.
ماوەیەکە مۆدێلێک هاتۆتە پێشەوە ، کە کەناڵە زۆڵەکان ئەوانەی دەزگا داگیرکەرەکانی نیشتمان لە پشتیانەوە وەستاوە و گۆڕی ئەو مێژووە هەڵدەکەنن کە کۆمەڵێک مرۆڤ تێدا بوونەتە سمبوڵ ، یان دەیانەوێت لە هەموو قوربانێکان و کەسایەتی ناو ڕێخراوی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بدەن و بیانەوێت لەهەموو بەناو شۆڕشگێڕیەک بینن و لەوێ توشی هەڵەیان بکەن و بڵێن خۆ خۆفرۆشێک کاراتر بووە لەئێوە بەناوی پێشکەوتوو خوازەکانی شۆڕش. بۆمان دەردەکەوێت کە کەناڵەکان ڕێک ئەو مافەت دەدەنێ کە قۆشمەیەک ،یان کلاونێکی سەر شانۆ هەیەتی . لەڕێگەی تۆوە هەموو مێژوو کەسایەتێکان دەدات بەیەکداو ئیتر ئێوە سەرگەرمی سوک کردنی یەکترن و داگیرکەرانیش نیشتمان زیاتر دەدۆشێت . ئەم مرۆڤانەی کەدەچنە ئەو کەناڵانەوە ڕێک لەو دوپشکانە دەچن کە دوواجار بەتەپڵی سەری خۆیانەوە دەدەن .
لەم گفتو گۆیانەوە سوسەی هەڕەشەیەک دەکەیت کە خۆیان مەڵاس داوە ، ئیتر نەدسپلین هەیە نەباوەڕ بوون بەئایدیایەک لەگۆڕدایە ، بەڵکو خۆ نواندنێکی هەرزانە لەبەردەم کامێراکاندا و خستنە ژێر پرسیاری هەموو ئەو بیرەوەریانەیە کە تۆی داماو شانازی پێوە دەکەیت و لەوێ لەناو گفتوگۆکاندا مەرگی بیروەرەکانت ڕادەگەیەنی و دەڵێ من لەمەملەکەتی گومانەوە هاتووم وفەرموو ڕسوام کەن و هێلکەو تەماتە بارانم کەن . ئەم داماوانە ئەگەر ڕۆژێک خەڵکی بەباڵندەیەکی ئازادو چوست وچالاک وێنەیانی کردبێت . وەک پەندە یۆنانێکە دەڵێت : "کەباڵندەی چوست و زرنگ لوتی لەداو گیر دەبێت " ئەم کارەکتەری ناو مێژووە تازایانەشمان بەهەمان شێوە لەو کەناڵانەوە وایان بەسەردێت .
عاریفەکانی یۆگا تێڕوانینێکیان هەیە دەڵێن : ئەگەر مرۆڤێکیان دی لەناو هەڵەو کەم و کوڕێکاندا ، ئەوە ناچن پێی بڵێن ، بەڵکو لەناو خۆیاندا عاریفەکانی یۆگا بەدوایی هەمان هەڵەو کەم و کوڕیەدا دەگەڕێن " . لێرەوەیە ئەم داماوانە دێت بۆشاردنەوەی هەڵەو کەم و کوڕێکانیان باسی خەڵک دەکەن و دەست دەکەنەنەشتەرگەلی کەسانی تر ، بەبێ ئەوەی بزانن چۆن خۆیان بەو قسانە لەکەدار دەکەن و دەکەونە ژێر پرسیارە ترسناکەکەی گومانەوە.
هەندێک شت هەن مرۆڤ بەتێپەڕاندنی کات فێریان دەبێت ، بەڵام درەنگ حاڵی دەبێت کە یاری بەچ ئاگرێک دەکات .
کاتێک گوێ لەم گفتوگۆیانەدەگریت، مرۆڤ چی دیکە باوەڕی بەمرۆڤ نامێنێت ، هەمووی لەهەوڵی ئەوەدایە خۆی وەک پەپولە نمایش بکات، یان خۆی بکاتە قارەمانی ڕووداوەکان ، بێ ئاگا لەوەی ڕووداوەکان هەمووی واپیشان دەدەن کە شۆڕش سەرەتاو دوایی بەرامبەر یان دژی ئەو کۆمەڵگایە کراوە کە لەپێناویدا خەباتی بۆ ئازادی ئەوان کردووە .
ئەم جۆرە لەگفتو گۆو یان چوون بۆ ئەوکەناڵانەی کە دەزگا داگیرکەرەکان لە پشتێوەین وەک ئەوەوایە لەبەر دەم ئاوێنەوە گوزەر بکەیت و واخۆت دەربخەیت کە خۆت نابینی ، لەکاتێکدا لەوێ تۆ ڕووت بوویتەتەوە لەهەموو ڕابردوو بەڕووتی لەبەردەم داهاتودا دانراوی . لەسەیر کردنی ئەم گفتوگۆ مەهزەلانەدا دەزانی ئێمە کە لەناو درۆدا دەژین ، یان بەردەوام لەهەوڵی ئەوەداین خۆمان و ئەوانی دیکەش هەڵبخڵەتێنین .
کاتی ئەوەیە دانیشین لەپشتی ئەسپی ڕەسەنی حەقیقەتداو ئیتر خۆمان و یاداشەکانمان لەوە زیاتر لەگەڵ مێژووماندا لەکەدار نەکەین . دەزانین ئێوە خاوەنی حەقیقەتی ژیانی خۆتان نین ، بەڵام لەهەر بارو دۆخێکدا خاوەنی چیرۆکەکانن ، تکایە لەو کەناڵانەوە چیرۆکەکان لەکەدار مەکەن . لەم کەناڵانەوە ئەگەر هەموویان گێڕانەوەکانی خۆیان پێ حەقیقەت بێ ، لەو کاتەدا حەقیقەت دەبێتە تەنها گەمەیەک، دەبێتە تەرمێک کە هیچ ناوەڕۆکی نییە ، هەمووشمان دەزانین ناکرێ حەقیقەت موڵکی تاکە کەس بێت .
ئەم جۆرە لە مرۆڤ خۆشیان نازانن کە چۆن و لەکوێ تەماشای ڕابردووی خۆیان بکەن ، لەشوێنێکدا قسەدەکەن نە توانای گێڕانەوەیان هەیە کە باس لەڕابردووبکەن ، نەتواناشیان هەیە بیبەستنەوە بەئێستای داماویانەوە.
لەم جۆرە گفتوگۆیانەدا خاڵیە لەمرۆڤ بوون و لەناو هیچ وپوچی و گوماندا بەدۆڕاوی دێیتە دەرەوە و دەست دەکەیت بەستایشی دەسەلاتداران و پەنا دەبەیتە بەر درۆ کردن بۆ ڕازی بوونی دەسەلاتداران . یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی کە هەمیشە من حەزدەکەم بەبایەخەوە لی بڕوانم وانە وەرگرتنە لەمێژووی پڕ شکس و ئەو گێرمەو کێشەیەی تاکی کورد بەدرێژایی مێژوو نەیتوانیوە لێ قوتار بێت .
لەناو ئەم بەرنامە پوچانەدا هەموو ئەو شتە بێماناو لەرزۆکانە دەبینی و بەشەرمەوە سوتەمەنی دەکەن بە ژیلەمۆی ئاگرێکی لاوازو بەخۆڵەمێش تەنراوەوە ، بۆئەوەی ئێمە هەر خەریکی پارچە پارچە کردنی یەکتر بین و دەسەلاتداران و داگیرکەران شادمانی خۆیان لەو شەڕەسەگە هەڵهێنجن . لەناو ئەم گفتو گۆیانەدا کە لەکەناڵێکی زۆڵەوە نەخشەی بۆ دەکێشرێت . هەمیشە کۆمەڵێ بیانوی لا بەلا بۆ شکستەکانیان دەهێنەوە ، چونکە ئەمانە مرۆڤی لەناخدا پاک نین ، بەڵکو هەمان خەڵکی عەوامی ناو کۆمەڵگان . لەو شوێنەی تۆ نەت توانیوە لە کتێبێکی گەورەدا هەموو ئامانجەکەت بپێکی و قسەو چیرۆکەکانت تۆمار بکەیت ، بەتەمایت لەدەزگایەکی دوژمندا قسە نەوتراوەکانت بڵێت.... !؟
کاتی ئەوە هاتووە لەو بەناو شۆڕشگێڕانە بکۆڵینەوە کە تا ئەو دەرکەوتنە لەو کەناڵە بێژیانەوە خۆی نەناسیوەو دەیەوێت لێرەوە لەم سەکۆ پڕ گومانەوە حەقیقەتی لەرزۆکی خۆیمان بۆ نمایش بکات و تالەم ڕێگەیەوە ترس و بوردەڵەی خۆی بشارێتەوە .
مرۆڤێک بەو گەورەیە لەخۆی نەپرسێت ئەوێ کوێ یەو ئەو کەسەی کە دادگایم دەکات کێیە ؟ ئەو زەمینەیە کوێ بووە ڕووداوەکانی تێدا ڕووی داوە ، ئێستا من لەکوێ ئەوڕووداوانەم ؟ ئیتر چاوەڕێ چی لێ بکەین؟
بالێرەدا پرسیارێکی گرنگ بوروژێنین و بپرسین ئەرێ بەڕاست تۆ هاوڕێ و هاو خەباتی ئەو سەرکردوەو باوەڕە بووی کە مێژوو ناتوانێت بەو تەمەنە کەمەیەوە لەچیا هەڵەیەکی لێ بدۆزێتەوە ؟
جوانترین کارئەکتەری شۆڕشگێڕ ئەوەیە کە پاڵەوانێکی بیرکەرەوە بێت و خاوەنی پێگەو هزری سەربەست بێت . هەموودەزانین لەناو ڕێگە داخراوەکاندا دەبێت هەڵگری ڕۆحێکی یاخی بێت ، نەک لەکەناڵێکەوە دەرکەوێت کە میتی تورکی ووشە بەووشەی دەکەنە تورکی و وانەی ناڕەوشتی و داگیرکاری لەسەر دەخوێنن . ئێستا نیشتمانە ئەتک کراوەکەی ئێمە هەرێمە لاقەکراوەکەمان وەک جەنگەلستانێکی لێهاتووە ، بەئاشکرا یەکتری بەدڵی داگیرکەران پارچە پارچە دەکەین ، تا بڵێن ئێمە سەردەمێک تاقو تەنها خەمی هەموو کوردمان لەکۆڵ نابوو. هەموو ئەو مرۆڤانەی لەو کەناڵانەوە دەردەکەون گەر نێتی پاکیشیان هەبێت ، ئەوە ماسکەکانیان لە ڕوودادەماڵرێت و ڕووت دەبنەوە لەهەموو ڕابردوو. بۆیە گرنگە ئەوەی بەتەنگ شکۆی خۆیەوە بێت لەو کەناڵانە دەر ناکەوێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست