Thursday, 28/12/2023, 15:11
ئەگەرچی هەڵبژاردن لە عێراقدا بەگشتی، ململانێ و کاسپی دزەکانە، بەڵام هەڵبژاردنی کەرکوک، بۆ کورد زۆر دزانەتر بوو. دزەکانی پشتی شیعاری نەتەوایەتی، نەیانتوانی یەک لیستی نەتەوەیی دروستبکەن و هەریەک شیعارەکەی بۆ خۆی دزی. نەتەوە ئەگەرچی مانای کۆبوونەوەیە، بەڵام ئەوان کردیانە خیتابی پەرتبوون.
دزەکانی پشت بانگەشەی ناڕەزایی و دژایەتی گەندەڵی، کە خۆیان پرسیاری گەورەی گەندەڵییان لەسەرەو بەشێکی ناڕەزایی و بێئومێدی خەڵکیش لەوانە، ئەوانیش بەشێکی وێنەکەیان دزی و لە پشتی هەڵایەکی گەورەی فووکردنە درۆوە، هیچێکی گەورەیان چنییەوە.
دزەکانی پشتی بانگەشەی ئاینیش، لەپشتی وروژاندنی هەستی ئاینداری و دزینی ئاینەوە، ئەوانیش خۆیان خستە قوڕەکەوەو دوای شڵپەشڵپێکی بێتام و ناساز بە دۆخی شارەکە، ئەوانیش ئەسپی خۆیان تاوداو گلاند.
دەزەکانی شیعاری نەتەوەبازی و دژەگەندەڵی و ئاینبازی، کە خاڵی هاوبەشی هەرسێکیان دزینی پارەو گەیشتن بە پارەیە، پێش و دوای هەڵبژاردن، ئەونەی تر خوێیان کردە برین و قڵیشی ئەو شارەو ئەم گەلە، کە خۆی پەرت و پەرێشانی دەیان دەردە.
ئێستا هەمووی خەریکی هەڵپەڕکێ ی سەرکەوتنێکی وەهمی و لێدوانی سڕینی دەسە چەورەکەیە بەویتردا، ئەم فەوزایەی دزەکانیش بەشێکە لە کارو کاسپییەکەی خۆیان، کە هەمیشە زەرەری گشتییە. هاوپەیمانی سۆسیال سەلەفیش لەولاوە بوەستێ!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست