بەڵێ بۆ بەنیشتیمانی کردنی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش
Friday, 22/12/2023, 12:18
بەکورتی و بەکوردی بۆ کۆتایی هێنان بە زۆر گەلێک کێشەی کۆتایی نەهاتوو وە دەسپێکی سەرەتایەک بۆ بناغەی دامەزراوەیەکی سەردەمیانە لە هەرێمی کوردستاندا ،دەبێت بەنیشتیمانی کردنی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش, هەنگاوی لەپێشینەمان بێت.
کێشەکانی باشوری کوردستان هەر لە دوو زۆنی و دوو دەسەڵاتی و تاک ڕەوییەوە بۆ نەبونی دەستور بۆ گەندەڵی بۆ هێزی تایبەت بە هەموو ناو و جۆرەکانییەوە بۆ ناڕەوا بەکارهێنانی ئەم هێزانە بۆ قۆرغ کردنی بازرگانی و بازاڕ بۆ گوێ نەگرتن لە داخوازییەکانی هاوڵاتیان بۆ کەمی خزمەتگوزاری بۆ نەناردنی مووچە/بودجە لەلایەن بەغداوە بۆ دژایەتی کردنی یاسای نەوت وغاز بۆ جێبەجێنەکردنی مادەی ۱٤٠ بۆ ڕێگری گرتن لە ئەنجامی ڕیفراندۆم بۆ سەرلەنوێ تەعریب کردن بۆ تۆپ باران کردنی باشوری کوردستان لەلایەن دراوسێ خودا ناسەکانمانەوە!!! بۆ تەگەرە خستنەبەر ناردنی پارەی جوتیاران بۆ بێڕێزی بەرامبەر هاوڵاتیانی کوردستان هتد... هەمووی پەیوەندی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان بەگرفتی هێزی پێشمەرگەو ئاسایشەوە هەیە.
هاوکێشەکە زۆر ڕون و سادەیە هەبونی هێزی چەکداری واتە .،ناسەقام گیری، قۆرخکاری،،گەندەڵی،نایەکسانی،ناڕەوایی هتد
گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ پۆستەکەی نیشانەیەکی
ئەرێنییە وە دەسپێکێکی باشە بۆ گەڕێکی تر بۆ بەرەوپێش بردنی پڕۆسەکە، بەڵام تا ئێستا بڕیار نەدراوە کەی وە لە چ بەروارێکدا ئەم پرۆسەیە کۆتایی دێت وە بۆچی هەتا ئێستا هەریەک لە (پارتی و یەکێتی ) نە پێکەوە وە نە تاک لایەنانە هیچ جۆرە بەیان نامەیەکی فەرمییان دەر نەکردووە سەبارەت بەنیشتیمانی کردنی هێزی پێشمەرگە؟!؟ وەئایە ئەم یەکگرتنەوەیە هەموو هێزە تایبەتییەکانیش دەگرێتەوە بەهەموو ناو و جۆرەکانییەوە وە بەهەمان شێوەش ئایە هەمان بەرنامە هەیە بۆ دامەزراوەی ئاسایش و هێزەکانی؟
وەکەی ئەم باسە زۆر گرنگ و هەستیارە دەچێتە بەرنامەی پەرلەمانەوە وە بۆ تا ئێستا ئەم هەنگاوە پێویستە نەنراوە!؟
هەتا ئەم کێشەیە لە ناو هۆڵی پەرلەمانی کوردستاندا تاو و توێ نەکرێت وە بەپێی یاسا پارتی سیاسی لە باشوری گوردستاندا دانەبڕێت لە هێزی چەکداری، هیچ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی ڕونادات لەفەرمان ڕەوایی باشوری کوردستاندا...
خۆگێل کردن و پشت گوێ خستنی ئەم گرفتە گەورەیە نەک هەر هیچ لە بارودۆخەکە ناگۆڕێت بەڵکو بارودۆخەکە سەختتر و ئاڵۆز تر دەکات.
کۆشش کردن و هەوڵدانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی دۆخی گوزەرانیان چ لەڕێگای بایکۆت یا خۆد لەڕێگای خۆپێشاندان، دەرئەنجامەکەی کاتی و تەمەن کورت دەبێت بەبێ بەنیشتیمانی کردنی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش، بەهەمان شێوەش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، چۆن هەڵبژاردن کاریگەری دەبێت گەر بەدەست هێنان و بەدەست نەهێنانی کورسی پەرلەمان وەک یەک بێت?!؟
جێی داخە کە ئەزمونی ڕابردومان ئەم ڕاستییە تاڵە دەسەلمێنێت کەبەدەستهێنانی کورسی پەرلەمان هیچ لەبەرکەوتەو و بارودۆخەکە ناگۆڕێت ئەگەر هێزی چەکداری پاڵپشتی نەبێت !؟
ئەم دۆخە چەق بەستووە ئەستمە باشتربێت ،ئەستەمە بتوانین فەرمانڕەواییەکی سەردەمیانەمان هەبێت گەر ئێمە هێزی پێشمەرگە و ئاسایش بەنیشتیمانی نەکەین.
ئەمە جێی شەرمەزارییە
یەکەم بۆ هەریەک لە یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان کەوا بەم شێوەیە هێزی پێشمەرگەیان بێ ڕێز کردووە، بەهەمان شێوە بۆ هەموو پارتە سیاسیەکانی تری باشوری کوردستان بە ئۆپزسێۆن و لایەنگرانی حکومەتەوە، بۆ هەڵوێستی لاواز و لەرزۆکیان.
دووەم بۆ هێزی پێشمەرگە خودی خۆی کەوا دەهێڵن بەم شێوەیە بێڕێز بکرێن و بەکاربێن.
سێهەم بۆ هاوڵاتیانی باشوری کوردستان بەتایبەتی کە دەبینن/دەهێڵن ئەو هێزەی کە ڕۆژانێک بوو جێگەی شانازی و سەربەرزییان بوو وە وەک ئەفسانە دەبینران ئێستا بە میلیشیات دەکرێن.!؟
جێی سەرنج و تێ ڕامانە. کە بۆ ئەم کێشە زۆر گەورەو گرنگە بەو قەبارەیەی خۆی لەسەری نانوسرێ و هەڵوەستەی لەسەر ناکرێ لەلایەن ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنوسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە !؟
بە چارەسەرکردنی ئەم کێشە گەورەیە لێشاوێک کێشە و گیروگرفت بەدوای خۆیدا ڕادەماڵێ وەبەچەندها دەرگا واڵا دەکات بۆ داهاتوی ووڵاتەکەمان.
هەربۆیە من لێرەوە وەک تاکێکی ئەم ووڵاتە بە ئەرکی خۆمی دەزانم کە بانگەوازێک بکەم بۆ هەموو کوردێک و هەموو کورد دۆستێک لە کوردستان و یان هەرجێیەکی ئەم جیهانە کە هەرکەس لەجێی خۆیەوە فشار بخاتە سەر حکومەت و پەرلەمانی کوردستان بۆ بەخێرا کردنی پڕۆسەی بەنیشتیمانی کردنی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش.
پاراستن و پێشخستنی هەرێمی کوردستان لە بۆ بەرژەوەنی هەموو پارچەکانی کوردستانە،لە سەرو هەمووشیانەوە زۆر گرنگە بۆ هەرێمی(ڕۆژئاڤا) بەهێز بوونی باشور واتە بەهێز بوونی ڕۆژئاڤا پێچەوانەکەشی ئەوەیە کەدەیبینین دەیچێژین.
ئێمە دەتوانین چ لەناو کوردستان بەهەر چوار پارچەکەیەوە یان لەدەرەوەی کوردستان،هەموو بە گیانێکی نیشتیمان پەروەرانە بێینە پێشەوە دوور لە ڕق و کینە و زەبر و ئارەزوو، بەشێوەیەکی ئاشتییانەی سەردەمییانە لەچەند بەرەیەکەوە فشار بخەینە سەر حکومەت و پەرلەمانی کوردستان بۆ بەجێ هێنانی داواکارییەکانمان بەڵام زۆر مەرجە کە هێمنانەو و ئاشتییانە بێت.
بۆ نموونە
نووسەران،ڕۆژنامەکان،سایتە ئەلکترۆنییەکان دەتوانن لەڕێی نووسین و شڕۆڤەکردنی بێ وچان لەسەر ئەم بابەتە کۆمەڵگای کوردی ببزوێنن، پێویستمان بەشاڵاوێک لە ووتار و لێکۆڵینەوەیە، پێویستمان بەکەمپینێکی بەردەوامی سەر تاسەرییە بۆ بەردەوام وەبیرخستنەوەی هاوڵاتیان/حکومەتی و پەرلەمانی هەرێم کە دەبێت پێش هەڵبژاردن ئەم کێشەیە چارسەر بکرێت .
سۆشیال میدیا چەکێکی بەهێزی دەست هاوڵاتیانە ئەگەر بەژیری و چالاکی بەکاربێت، ئەگەر هەر کەسەو لەجێی خۆیەوە ڕۆژی (یەک) تەنها یەک کۆمێنت بنێرێ لەسەر بەنیشتیمانی کردنی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش ، جگە لەوەی ئەمە دەبێت بە هاندەرێک بۆ کەسانی تر هەروەها دەبێت بە پردێک بۆ بەیەکتر گەیشتن و بەیەکتر ئاشنا بوون و لێکنزیک بوونەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا، تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی زۆر لەمێژە لەیەک دابڕاو و پەرتەوازەن، هەر ئەمەشە هۆکاری سەرەکی بەرەوپێش نەچونمان، بەهەمان شێوە هەرئەمەشە وای لەدەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان کردووە بێ باکانە گوێ لەداواکارییەکانی هاوڵاتییان بگرن،، هەتا ئێمە پێکەوە ئەم هەنگاوە نەنێن ئەستەمە کێشەکانی باشوری هەر وا بەئاسانی چارەسەربێت.
(سیمبوڵ )
هاوڵاتییان دەتوانن پارچەیەک خامی سادە وەک سیمبوڵ بپۆشن یان هەڵواسن /بنەخشێنن وەک ڕێگەیەک بۆ نمایشکردنی هەڵوێست و داواکارییەکانیان بۆ حکومەت و پەرلەمانی کوردستان .
ماوەیەک لەمەوپێش ووتار/پێشنیارێکم نووسی لەژێر ناونیشانی (ووتە هەزارە بەڵام دوانی بەکارە)لەسەر هەمان بابەت ، کەپێشنیاری هەمان ڕێگە چارەم کردبوو کە چۆن هاوڵاتیانی کوردستان هەموو پێکەوە فشار بخەینە سەر حکومەت و پەرلەمانی باشور بۆ بە نیشتیمانی کردنی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش،جێی سەرنج بوو کە هەڵوێستی زۆرێک لەو کەسانەی ووتارەکەیان خوێندبووەوە نەرێنی و نێگەتیف بوو ، لەو ڕوانگەیەوە کە خۆم سەخڵەت نەکەم چونکە نە حکومەت و نە پەرلەمانی کوردستان گوێ لە ئێمەی هاوڵاتی ناگرن!؟
بە تێگەیشتنی بەندە ئەمە پێویستە هۆکاری سەرەکی سور بوون و بەردەوام بونمان بێت لەسەر ئەم بابەتە، وە ئەمە گەوهەری باسەکەیە، ئێمە دەبێت وا لە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان بکەین کە گوێمان لێ بگرن .. وە کەلتورێک بۆ نەوەی داهاتومان بەجێ بهێڵین کە چۆن هاوڵاتی دەتوانێت بڕیار بدات لەسەر باسە گرنگەکان وە چۆن لەڕێگەی مکوڕ بونمان دەتوانین وا بکەین کەگوێمان لێ بگیرێت.
ئەرک و فەرمانی گەل ، هاوڵاتیان ئەوەیە کاتێک فەرمان ڕەوا ناتوانێت بەئەرکی خۆی هەڵسێت، ئەوان ڕەخنەگر و ڕێگا نیشاندەر بن بەتایبەتی کە باسەکە پەیوەندی بەرژەوەندی و داهاتوی ووڵاتەکەوە بێت.
لەوەتەی بیرم بێت لەکوردستاندا هەزارەها جار پەند،چیرۆک، سەرگوزشتە هتد...بیستومانە لەسەر گرنگی یەکدەنگی و یەکگرتویی ....وە هەر وەک پەندی پێشینانمان دەڵێت
فەرموو ئەوە ئەرز و ئەوە گەز...شەو ڕۆژ خەریکی قسەی زلین بەڵام کەدێتە سەر کردار زۆرینەمان دەست دەکەین بەتەماشاکردن و ڕەخنەگرتن !؟!! تێناگەم ئەم مەتەڵە چییە.؟! تەمەڵین یا شەرم دەکەین یا بڕوامان بەخۆمان نییە..، دەترسین ....دەترسین لەشکست هێنان ..دۆڕاندن ..لەبوون بەگاڵتە جاری ئەم و ئەو.. یان ..یان...یان؟؟ ؟یان لەبەرئەوەی ئێمە لە دوای دابەشکردنی نیشتیمانەکەمان لەلایەن بەریتانیای گەورەی مرۆڤ دۆست؟!!!ئەمەندە تێکشکاوین ڕوخاوین، بەگشتی ڕەش بینین هەر بۆیە پێویستمان بە نەوەیەکی نوێ هەیە کە گەش بین بێت وە بڕوای بەخۆی بێت .
هەچ کامێک لەم هۆکارانە بێت ، چارمان نییە و کات درەنگە دەبێت تەنها ئێمەی گەل/هاوڵاتی ئەم پرۆسەیە بەرەو پێش بەرین وە ئەم کێشەیە چارەسەر کەین،پێویستە لەبیرمان نەچێت ئێمە پاشماوەی گەلی کۆنی زاگرۆس نشینین چەندەها سەردەممان بەڕێ کردووە ئایە هیچ لەو کەژ و شاخ و کێوانەوە فێرنەبوین!؟؟جێی شەرمە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هیوایەکە بۆ داهاتومان هێزی میلیشیاتی هەبێت نەک هێزی پێشمەرگە !؟؟؟!
جگە لەوەی وەک گەل چاری ترمان نییە دەبێت ئەم هەنگاوە بنێن لەهەمام کاتدا سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە دەبێت بەکڵپەیەک کەجۆش و خرۆش دەخاتە ناو جەماوەری باشوری کوردستان بەتایبەتی کە ماوەیەکی زۆرە خامۆش بووە /خامۆش کراوە.
پێویستە هەموو بەو هەست و جۆش و خرۆش و گەشبینییەی مامۆستا هێمن ڕوبەڕوی ئەم بەربەستانە ببینەوە هەر وەک چۆن لە هۆنراوەی ئیشق و ئازادییدا دەڵێت ...
هەتاکو دوا پشوو ڕێبواری ڕێی ئەشق و ئازادیم
ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم بەرهەمێکی تر
هەموو نیشانەکان ئاماژە بۆ گۆڕانکاری گەورە دەکەن لە ناوچەکەدا، کاتی خۆ ڕێکخستنە، کاتی پشت ئەستور بونە بەیەکتری، تەنها شتێک کە کارەساتە لەم کاتەدا دوو هێزی پێشمەرگە و ئاسایشە!؟ تەنها وون بوو و سەر لێشێواو بێ خەم لەم هەورازە دەدا.
ڕوداوی ۱٦ئۆکتۆبەری باشوری کوردستان وەبیر هێنانەوەی سینارێۆی هەمان مەترسییە بۆ کەسێک کە بە ئاگا و ژیر بێت .
بەندە ئەوەندەی تۆزێکیش گومانم نییە ئەگەر دوو لەشکری و دوو ئاسیش و دوو زۆنی نەبوایا نە عێراقی حەشدی شەعبی مەزهەبی فاشیست بە پشتیوانی ئێرانی خودا ناسی!؟! دژە کورد دەیتوانی بەوشێوەیە پەلامار بدات لە ۱٦ ئۆکتۆبەردا وە بەهەمان شێوە نە تورکیای لە خودا ترسی!؟! فاشیستی دژە کورد ئەفرینی بەو ئاسانییە داگیر دەکرد.!؟
تەنها کەسانی ژیر کەڵکی مێژوو دەزانن...
لەکۆتاییدا هیوادارم/ داواکارم لەهەر کەسێک کە ئەم ووتارە/پێشنیارە دەخوێنێتە لەجێی خۆیەوە دەستاودەستی کات شێر یا بڵاوی بکاتەوە .
بۆ من نا بۆ خۆت و بۆ گەلەکەت.
ئەگەر بڕوات هەیە سەرە ڕای جۆری فەرمان ڕەوایی باشوری کوردستان، ئێمە دەتونین بەڕێگەیەکی سەردەمیانە فشار دروست کەین ئەوا کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە بکە بۆ ناردنی ئەم ئیمێڵە بۆ پەرلەمان و حکومەتی کوردستان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست