پەیامێک بۆ نەوەی داهاتوو لە رێگای مامۆستا کەمالەوە
Tuesday, 19/12/2023, 20:32
وەک کەسایەیتێکی نەتەوەیی پڕ ئەزمون و شارەزا لە یاسای نێونەتەوەی، هاتوومە ئەو بڕوایە کە هەموو هەڵچونێک و پەنا بردن بۆ چەک و ناوهێنانی شۆڕش، کارێکی هەڵەیەو بێ دەسکەوت دەمێنینەوەو زەرەرمان زیاتر دەبێ لە قازانج.
من پێم وایە باشترین چارەسەر بەرەو پێش بردنی زانستەو ئێمە ئەگەر زانستی خۆمان پێش عەرەب و تورک و فارس بخەین، سەرکەوتوو دەبین و پێمان ناوێرن، ئێمە بەهۆی هەڵچون و شۆڕشی بێ دوا رۆژ، قوتابخانەو زانکۆکانمان بەداخستن داوەو قوتابیەکی زۆرمان لە خوێندن دوورخستۆتەوە، خۆ ئەگەر بڕوانینە سەد ساڵەی رابردوو و سەرژمێرێ دەرچوی زانکۆکانی عەرەب و تورک و فارس بکەین، دەبینن ئەوان بەدەیان هەزار خاوەن دکتۆرایان هەیەو خاوەن دکتۆراکانی ئێمەش بە پەنجە دەژمێررێن.
ئەوەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کەهەلپەرست و بێویژدانانی کورد، بەدرێژی مێژوو کوردیان فریوداوەو خۆیان بەو فریودانە بەخێو کردوە.
ئەگەر ئاوڕێک لەسەردەمی خێڵایەتی بدەینەوە، دەبینین چەند کەسێک ملیان بۆ داگیرکەرانی عەرەب و تورک و فارس شۆڕ کردوەو ئەوانیش ئەو ملشۆڕکەرانەیان کردۆتە کوێخاو چاوساغی خۆیان و فریودەری نەتەوەکەیان، ئەو مڵشۆڕکەرانەش بەناوێ خێڵایەتی و پاراستنی بەرژەوەندی خێڵایەتی، خەڵکەکەی خۆیانیان گێژ کردوەو لەشەڕەکاندا بەکاریان هێناون بۆ خزمەت بەو داگیرکەرەی کە ئەوی کردۆتە (ئاغا، بەگ، خان یان شێخ).
لەسەردەمی ئاینشدا، کە هەر سێک نەتەوەی عەرەب و تورک و فارس ئاینی ئیسلامیان کردە ئامێری داگیرکاری خاکی کوردستان، هەمان شێوە چەند ملشۆڕێکی کوردیان کردە شێخ بۆ بێهۆش کردنی کوردو چاوپۆشی لە داگیرکاری خاکی کوردستان لەژێر ناوی دین و دەروێشی و سۆفی گەراییدا، تەکیەو مزگەوتی گەورەیان بەخەڵکەکە دروست دەکردو پرچ و ریشیان پێ بەردەدانەوەو سەری خۆیان پێ رادەوەشاندن بەناوی خواو پێغەمبەرەوە کوردو کوردبوونی خۆیان و خاکی داگیر کراویان لەبیر خۆیان و خەڵکەکەی تر دەبردەوە، بەشێک لەو شێخانە تاکو ئێستاش ماون، زۆر چاپوکانە، ئەوەی بەدین هەڵبخڵەتێ، بەدین و دەروێشیەو خاک نیشتمانی داگیرکراویان پێ لەبیر دەبەنەوە، ئەوەی کەوتۆتە ناو گێژاوەی سیاسیشەو، هەمان شێوەی دەروێشە ئاینیەکان، بۆتە دەروێشی سیاسی ئەو شێخانەو هیچ شتێک بەگوێیان دا ناچێت بێجگە لە قسەی شێخەکەی.
لەلایەکی ترەوە هەرسێک لە عەرەب و تورک و فارس، بەشێک لەو(شێخ و ئاغاو خان و بەگانە) بەرانبەر بەیەکتر بەکار دەهێنن بە ناوی شۆڕشەوە بۆ بەهانە دروست کردن بۆ داگیرکاری زیاتری خاکی کوردستان کوشتن و بڕینی کورد، کەکاریشیان تەواو بوو، پێیان دەڵێن عاقڵ دانیشن و وەک بەلوعەی ئاو یان شێرەی ئاو، ئاوەکەیان لێ دەگرنەوەو ئاشبەتاڵیان پێ دەکەن.
وەک هەموومان دەزانین دوای جەنگی جیهانی یەکەم، سیستەمێکی تازەی بەرێوەبەرایەتی جیهانی دروست بوو، دەسەڵاتدارانی بەهێزی دنیا، دوای وەستانی شەری جیهانی یەکەم، بریاریان دا کە چوارچێوەیەکی یاسای نێونەتەوەی دروست بکەن بۆ بەرێوە بردنی وڵاتان و بەرژەوەندیەکانی خۆیان، ئەوبوو سەرجێخونێکی نێو نەتەوەییان دروست کرد بەناوی عصبەت و الامم، یاسایەکی نێونەتەوەیشیان داڕشت و کردیانە بەرنامەی عصبەت الامم، داخەکەم لەو سەردەمەدا کورد لەبەر دەروێشی و شێخ و ئاغاو بەگ و خان پەرستی، ئاگایان لە هەڵسوکەوتی نێونەتەوەیی نەبوو و نەیان دەزانی یاسا چیە، لەسەرو و خوارو و رۆژهەڵاتی کوردستان عەرەب و تورک و فارسە شکەست خواردوەکان، ئەو شێخ و ئاغاو بەگ و خانانەیان بەکاردێنا بۆ شەڕی بەرژەوەندی خۆیان، کۆمەڵگای نێونەتەوەیش دەستی کرد بە دابەشکردنی رۆژهەڵاتی ناوەراست و دروست کردنی ئەو دەوڵەتانەی کە ئێستا هەن، کوردیشان وەک نەتەوەیەکی بێخەبەری دەروێشی عەرەب و تورک و فارس هاتە بەرچاو و کردیاننە ژێردەستەی ئەوان.
لەدوای جەنگی جیهانی دوهەمیشدا هەندێ خاڵی تر لە یاسای نێونەتەوەیدا زیاد کراو ناوی عەصبەت و الاممەم گۆڕا بۆ نەتەوەیەک گرتوەکان.
کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی، لەناو دەستورەکەی نێو نەتەوەیدا، چەند خاڵێکی یاسای بۆ هەر چوار دەوڵەتی عێراق و سوریاو و تورکیاو ئێران نوسیوەتەوە بۆ ئەو کاتەی کە هەر یەک لەو وڵاتانە دەمی درێژ بوو و لەژێر کۆنترۆڵی کۆمەلگای نێونەتەوەیی دەرچون، ئەو خاڵە یاسایانەیان بەرانبەر بەکار بهێنن، کە هەموو خاڵە یاسایەکان بەبەرژەوەندی کوردن.
لەسەردەمی بێمنەتی صەدام حوسەین لەکۆمەڵگای نێونەتەوەی، دۆستەکانم یاسا ناسێکی نێونەتەوەییان پێ ناساندم کە بۆ نەتەوەیەکگرتوەکانیش ئیشی دەکرد، بۆ بەرێوەبردنی پڕۆژەکانم، ئەو یاسا ناسە وەک مامۆستایەکی یاسای بوو بۆ من و زۆر شتی لێ فێر بووم.
ئەو یاسا ناسە پێ وتم، لەناو یاسای نێونەتەوەی خاڵێکی تێدانیە بەناوی یاسای شۆڕشی نەتەوە ژێردەستەکان، عەصبەت و الامم و نەتەوەکان دەوڵەتەکان دەناسن و دەوڵەتەکانیش یاسای خۆیان هەیە، هەر گروپێک یان کۆمەڵێک بەهەر ناوێکەوە پەنا بۆ چەک و تەقەمەنی ببات دژی دەوڵەتەکەی خۆی، کۆمەڵگای نێونەتەوەی وەک یاخی بووێکی نایاسای تەماشای دەکات و هیچ پشتیوانی لێ ناکات.
لەلایەکی ترەوە یاسا گۆچانی دەسەڵات دارانەو بەبەژەوەندی خۆیان هەڵی دەسورێنن، ئەگەر بیانەوێت ئەلف بە با دەخوێننەوە.
هەر ئەوەش بوو لە سەردەمی ملهوڕی صەدام دا، دۆستەکانم و ئەو مافناسە پڕۆژەی ویلایەتی موصڵیان بۆ دارشتم، کە خاڵی یاساییان لەناو یاسای نێونەتەوەییدا دۆزیەوە و نوسرابوو ئەگەر دەوڵەتی عێراقی کوردەکان رازی نەکات، کوردەکان مافی جیابوونەوەیان هەیە لەچوارچێوەی ویلایەتی موصڵدا، بەڵام کاک مەسعود و مام جەلال کەلەو کاتەدا لەبەغدا لە باوەشی صەدام دابوون، رێگریان لەو پڕۆژەیەو هاوپەمانانیان دڵگران کرد کە کۆتاییەکەی هاتە سەر ئەوە کە هاوپەیمانان تۆڵەی خۆیانیان لێ کردنەوەو باوەڕیان بە رەفراندۆمەکە نەهێناو بەدەسەڵاتی بەغدا نیوەی کوردستانیان لەدەست دەرهێنان، وا خەریکە ئاگر لەنیوەکەی تریش بەر ببێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست